بەرهەم ساڵحیش پێی نەکرا
Saturday, 25/09/2010, 12:00
نزیکەی ساڵێکە بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆکی حکومەتی گرتۆتە دەست، بەڵام تا ئێستا جگە لە قسە فڕێدان و دروشمی قەبە، هیچ کردارێک نەبینراوە کە مایەی دڵخۆشی و ئومێد بێت. بەرهەم ساڵح نەک تا ئێستا سوودی نەبووە بۆ خەڵک، بەڵکو خەڵکی هەژار هەر هەژارن، خەڵکی ڕەشووڕووت هەر ڕەشووڕوتن، وەک ساڵانی کابینە یەک لەدوایەکەکانی تر، کۆمەڵێک کۆمپانیا و مەسئول و بەچکە مەسئول دەیخۆن بێ ئەوەی کەس بزانێت چۆن و بۆ. نەک هەر ئەمە، بەڵکو واهەستدەکرێت کە گەندەڵی و پارە لوشدان ڕیتمێکی سیستەمییانەی وای وەرگرتووە، کە بەرەو باندی مافیایی ڕێکخراو و مونەزەم دەچێت.
لەگەڵ ئەمانەشدا کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی نزیک لەبەرهەم ساڵح، زوو زوو خدوکەی میللەت دەدەن بەوەی کە ئەم کابینەیە دەبێت پشتگیری بکرێت، بۆ ئەوەی ڕێگرییەکانی بەردەمی تێپەڕێنێت، وەک ئەوەی کە میللەت تا ئێستا هیچی بەدەست بوبێت و نەیکردبێت.
هەر لەم ڕۆژنامەیەوە (هاوڵاتی ژ. ٦٤٧) پێش چەند هەفتەیەک باسی ئەوەمان کرد، کە هەناردەکردنی گازی سروشتی هەرێم لە پرۆژەی "نابۆکۆ" دەبێتە هۆی دابەشکردنی سەروەتوسامانی کوردستان لە نێوان یەکێتی و پارتی دا، نەوت بۆ دەسەڵاتی زەرد و گازی سروشتیش بۆدەسەڵاتی سەوز، لەبەر ڕێزگرتنی خوێنەرەکانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی و نەبادا دەسەڵاتی کوردی بەتەشهیر تاوانبارمان بکات، لە وتارەکەماندا دابەشکردنی نەوت و گاز بۆ یەکیتی و پارتی وەک بۆچون دەربڕی، کە دەشێت ڕاست بێت و دەشێت هەڵە، بەڵام دوای ئیمزاکردنی پرۆژەی نابۆکۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەداخەوە حکومەتی هەرێم بۆچونەکەیان کردینە یەقین.
هەر ئەوکات و لە هەمان بابەتدا بە بۆچون دەسەڵاتمان لەوە ئاگادارکردەوە، کە هێشتا مەسەلەی نەوت لەگەڵ حکومەتی ناوەند یەکلانەبۆتەوە، مەسەلەی ناردنە دەرەوەی گازی سروشتی، نەک هەر کێشەیەکی تر بۆ خەڵکی کوردستان دروستدەکات، بەڵکو بەنزینکردنە بە ئاگر دا و باجی ئەو ئاگرەش تەنها و تەنها خەڵکی کوردستان دەیدات، بە داخەوە ئەم بۆچونەشمان بوو بە یەقین، ئەوەتا حکومەتی ناوەند لە بەغداد لەبری سزادانی ئەو کۆمەڵە سیاسسییەی کە بێ ئەوەی کەس بزانێت چۆن و بە چ میکانیزمێک ئیمزا و گرێبەستی نەوت و گاز ئەنجام دەدەن، سزای خەڵکی کوردستان دەدات و بەشە نەوتی دانیشتوانی هەرێم کەمدەکاتەوە(پێدەچێت کە حکومەتی ناوەند هەر بەوەشەوە نەوەستێت و دوور نییە لە بەشە بودجەی خەڵکی کوردستان ببڕێت لەبری ئەو پارەیەی کە سیاسییەکان لە نەوت و گازدا دەستییان دەکەوێت)، لە کاتێک دا کە خەڵکی هەرێم خۆی قوربانی گرێبەستە نەوتی و گازییەکانە، نە ئاگای لە نەوت و گازی هەناردەکراوی هەرێم هەیە، نە تا ئێستا سوودی لێبینیوە، کەچی دەبێت باجەکەی، قوربانییەکە کە هاووڵاتییانن، بیدات.
بۆیە ئەگەر لە کابینەکانی پێشووتردا و بەتایبەتی تر لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێم دا، ئاسایشی دانیشتوانی هەرێم خرابێتە بەر مەترسی بە هۆی گرێتەستە نەوتییەکانیەوە، ئەوا بە داخەوە کابینەی شەشەم نەک نەیتوانی چارەسەری ئەو کێشانە بکات، بەڵکو بە هۆی گرێبەستە گازییەکانەوە لە جەبهەیەکی ترەوە ئاگرەکەی خۆشکرد و ئاسایشی خەلکی هەرێمی بارگاویترکرد بە کێشە بۆ ماوەیەکی دوورمەودا و چڕتر، کە ئەمەش وا دەکات بڵێنن ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار.
گرێبەستە گازییەکان، لە تاریکیدا و بێ ئەوەی پێش ئیمزاکردنی لە دەرهاویشتەکانی بکۆڵرێتەوە، کارێکی وایکرد، کە هەم قسە باقوبریقەکانی ڕۆژنامەنووسەکانی نزیک لەبەرهەم ساڵح بێمانا بکات، وە هەم هیچ ئومێدێکیشمان بە بەرهەم ساڵح نەمێنێت بۆ چاکسازی لە هەرێم و چارەکردنی قەیرانەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند، بگەینە ئەو ڕاستییەی کە بڵێین بەرهەم ساڵحیش فت.
[email protected] لە ژ ٦٦١ ی ڕۆژنامەی هاوڵاتی دا بڵاوکراوەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست