کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ نێچیرڤان

Wednesday, 03/06/2009, 12:00


نازانم پێت بڵێم سه‌رۆکی به‌ڕێز یان سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ڕێز، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ده‌بێت لێم ببوری که‌ نه‌ناوی خۆته‌وه‌ باگت ئه‌که‌م و پێت ئه‌ڵێم نێچیرڤان، ده‌مێکه‌ و ساڵانێکه‌ گوێمان لێتان ده‌بێت، خۆتان و وه‌زیره‌کانتان و حیزبه‌کانتان، تا ده‌گاته‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ کارمه‌نده‌کانتان، به‌ ڕۆژنامه‌ نووسی سه‌ربه‌خۆ ده‌ڵێن ده‌ستی ده‌ره‌کی، هه‌ر جاره‌ و شتێکیان ناو لێ ده‌نێن، جارێک ده‌ستی ده‌ره‌کی، جارێک تابوری پێنج و جارێک ده‌ستی ئه‌م حیزب و جارێک جاشی ئه‌مه‌ریکا و جارێک ده‌ستی وڵاتانی درواسێ، دیاره‌ که‌ به‌ڕێزت باسی میدیاکان ده‌که‌یت و به‌ پیلانی ئه‌جندا‌ی وڵاتانی درواسێیان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌یت، مه‌به‌ستت خوانه‌خواسته‌ میدیا حیزبییه‌کانی خۆتان نییه‌(یه‌کێتی و پارتی) به‌ڵکو ڕون و ئاشکرایه‌ که‌ مه‌به‌ستتان ئه‌و میدیایانه‌یه‌ که‌ ئه‌هلین و ڕکێفی خۆیان نه‌خستۆته‌ ده‌ست حیزبه‌ ئازاکانی ئێوه‌وه‌.
نێچیری به‌ڕێز تکایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌توانیت تۆمه‌تی ترمان بخه‌ره‌ پاڵ، به‌ڕاست ئێمه‌ش و خه‌ڵکیش بێزار بووین له‌م تۆمه‌تانه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌رجاره‌و به‌ ناوێکی تازه‌وه‌ ئه‌م تۆمه‌ته‌مان بۆ زیندووده‌که‌نه‌وه‌، وه‌لێ هه‌موو تۆمه‌ته‌کان کورد وته‌نی جاشی هینێکه‌ و ناوه‌رۆکی تۆمه‌ته‌کان‌ یه‌کێکن، بۆیه‌ من لێره‌وه داوا‌ له‌ به‌ڕێزتان و ڕۆژنامه‌نووسه‌ کارمه‌نده‌کانتان ده‌که‌م، که‌ ئیتر به‌سه‌، ئه‌م قه‌وانه‌ سواوه بگۆڕن و تۆمه‌تی تازه‌مان بخه‌نه‌ پاڵ، چونکه‌ هه‌م ئێمه‌ و هه‌م میلله‌تیش تاقه‌تمان چوو له‌و تۆمه‌تانه‌، تکایه‌ ئه‌گه‌ر ده‌کرێت تۆمه‌تێکی تازه‌مان بۆ بدۆزنه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕێزتان کاتتان نییه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تۆمه‌تی تازه‌، ئه‌وا ئه‌و ئه‌رکه‌ بسپێرن به‌و له‌شکره‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ی که‌ موچه‌خۆری حیزبه‌که‌تان و له‌‌ ڕۆژنامه‌کانتاندا کارده‌که‌ن، به‌ڵکو ئه‌وه‌ خوایه‌ بتوانن تۆمه‌تێکی تازه‌، ئیبداعێکی ڕۆژنامه‌ خه‌وتووه‌کانی حیزب بتوانن شتێکی تازه‌مان بۆ دروستبکه‌ن، ئه‌و کات ئێمه‌ش وه‌ک چۆن ساڵه‌هایه‌ له‌ بودجه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ خێرله‌خۆنه‌دیوه‌ ڕۆژمانه‌کان ده‌ژیه‌نین و هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسه‌کانی ڕۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌کان له‌سایه‌ی بودجه‌ی میلله‌ته‌وه‌ بونه‌ته‌ خاوه‌نی قه‌سر و قه‌مه‌ره‌، بتوانین به‌رگرییه‌ک له‌ خۆمان بکه‌ین، چونکه‌ تۆمه‌ته‌کانتان ئه‌وه‌نده‌ سواون، وه‌خته‌ بێزارده‌بین و تاقه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه‌مان نامێنێت.
ئا‌زیزم نێچیرڤان ئێوه‌ خۆتانتان لێبووه‌ به‌ شتێکی زۆر گه‌وره‌، بۆیه‌ وا زوو زوو ئیدیعای ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ مو‌خابه‌راتی دونیا خه‌ریکی پیلان دانانه‌ بۆ ئێوه‌، من نازانم ئه‌م ئیلهامی خۆ قه‌به‌ کردنه‌تان له‌ کوێ وه‌ بۆ هاتووه‌ و بۆچی وا خۆتان به‌ گه‌وره‌ ده‌زانن، له‌ کاتێکدا ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ دراوسێی هه‌رێمی کوردستانن و ‌ ئێوه موخابه‌راته‌کانیانتان‌ کردۆته‌‌ نبێشته‌ خۆشه‌ی سه‌ر زمانتان، هیچ کاتێک پێویستیان به‌ که‌س نه‌بووه‌ که‌ سیخوڕییان بۆ بکات، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر کاتێک ویستبێتیان به‌به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ کوردستان و هه‌موو ئیشێکی خۆشیان کردووه‌، بێئه‌وه‌ی هیچ حیسابێک بۆ ئێوه و بۆ ئێمه‌ش‌ بکه‌ن، مه‌گه‌ر حکومه‌تی به‌عس نه‌هاته‌ کوردستان؟ ئه‌ی سوپای پاسداران؟ ئه‌ی کێ سوپای تورکیای هێنایه‌ کوردستان به‌ ناوی ناوبژیوانی نێوان ئێوه‌ و یه‌کێتی ئه‌وسا؟ ئه‌مه‌ ڕۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌کان کردیان؟
پاشان بڕوات هه‌بێت نێچیرڤان ئێوه‌ زۆر له‌وه‌ بچوکترن که‌ خۆتان ته‌سه‌ور ده‌که‌ن، چ وڵاتێک ئیشی به‌وه‌ هه‌یه‌ سیخوڕ به‌سه‌ر ئێوه‌ وه‌ دانێت؟ خۆ ئێوه‌ سۆڤێتی جاران نین، تا سی ئای ئه‌ی جاسوسیتان به‌سه‌ره‌وه‌ بکات، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ناوتان له‌ کوله‌که‌ی ته‌ڕێش دا نایه‌ت، ئیتر ئه‌م ده‌هۆڵکوتینه‌تان له‌چی؟
ئه‌گه‌ر به‌ گریمانه‌ داینێین بڵێین ئه‌گه‌ر به‌ڕێزتان ئه‌وه‌ ده‌زانن و ئاگاهی ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ که‌ میدیاکان بۆ‌ ئه‌جندای موخابه‌راتی وڵاتانی دراوسێ کارده‌که‌ن، ئه‌دی باشه‌ ئه‌وه‌ بۆ نایخه‌نه‌ ڕوو؟ بۆ ده‌ستی میدیا ئه‌هلییه‌کان(دیاره‌ که‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت مه‌به‌ستی میدیای ئه‌هلییه‌)‌ که‌شف ناکه‌ن و نایه‌ن ده‌نه‌ دادگا و پابڕویان به‌رن و بیانکه‌نه‌ عیبره‌ت؟ چونکه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕێزتان به‌ڵگه‌تان به‌ده‌سته‌وه‌ بێت که‌ میدیای ئه‌هلی به‌ئه‌جندای ده‌ره‌کی دژی حکومه‌تی هه‌رێم کارده‌که‌ن و خۆتان بێده‌نگ کردووه‌، ئه‌وا ئێوه‌ش ده‌بنه‌ به‌شێک له‌و‌ خیانه‌ت کردنه‌‌، چونکه‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌یاسادا که‌سێک ئه‌گه‌ر ئاگاداری تاوانێک بێت و چاوی خۆی لێبنوقێنێ و ئاشکرای نه‌کات، به‌پێی یاسا شایه‌ته‌که‌ وه‌ک تاوانباره‌که‌، تاوانباره‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌شتان نیه و ته‌نها ئیجتیهادی شه‌خسی به‌ڕێزتانه‌، ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ته‌شهیر و ناو زڕاندنه‌وه به‌ ڕۆژنامه‌نووس‌، که‌ له‌مه‌شیاندا هه‌ر به‌پێی یاسا ده‌کرێت لێتانبپرسرێته‌وه‌، دیاریشه ‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خوا ده‌ست به‌باڵییه‌وه‌ بگرێت یه‌که‌م حکومه‌ته‌ له‌ دونیادا بۆ جێبه‌جێ کردنی یاسا به‌سه‌رهه‌مووان دا بێ جیاوازی، ئه‌وه‌نییه‌ زوو زوو ده‌بینین که‌ پۆل پۆل وه‌زیر و ئه‌ندامی مه‌کته‌ب سیاسی حیزبه‌کانن ده‌درێنه‌ دادگا به‌ هۆی لادان له‌ یاسا و به‌فیڕۆ دانی ماڵی میلله‌ت و دانی ده‌یه‌ها ده‌فته‌ر دۆلار به‌ گۆرانیبێژێکی فارس له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی ، جا بۆیه‌ من وه‌ک دڵسۆزێکت داوات لێده‌که‌م که‌ تۆمه‌ته‌کان بگۆڕن، نه‌وه‌کو خوانه‌کرده‌ ڕۆژنامه‌نووسێکی پشتئه‌ستور به‌ ئه‌جندای موخابه‌راتی ده‌ره‌کی داوات له‌سه‌ر تۆماربکات و ڕاتکێشێته‌‌ به‌رده‌م دادگا.
تێبینی، ئه‌م وتاره‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ ژماره‌ 175ی 2.6.2009 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه ‌له‌ لاپه‌ڕه‌ 14
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە