بۆچی سەرۆکی هەرێم نەچوو بۆ هەڵەبجە؟
Wednesday, 16/03/2011, 12:00
پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە کەس نییە تا ئێستا بە خودی سەرۆکی هەرێم، حیزبەکەی، یەکێتی، گۆڕان و ئیسلامییەکانیشەوە بزانێت، ئەرک و کارەکانی چییە، کە ئایا پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم پۆستێکی تەشریفاتییە، یان پۆستێکی تەنفیزی و سیاسییە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مادام سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردراوی خەڵکە، دەبوایە سەرۆکی هەرێم بە فیعلی سەرۆکی هەمووان بوایە و بەتەنگ هەمووانەوە بهاتایە، جا چ لە ناخۆشی و کارەسات و نەهامەتییەکاندا، یان لە خۆشی و شادییەکاندا بێت.
مادام سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند کە ئەو خۆی بەسەرۆکی هەمووان دەزانێت، چ ئەوانەی کە دەنگیان پێداوە و چ ئەوانەشی کە دەنگیان پێ نەداوە، لەو ڕوانگەیەوە وەک هاوڵاتییەک مافی خۆمانە کە قسە لەسەر سەرۆکی هەرێم و هەموو سەرۆک و سەرکردەکان بکەین.
ئایا دەکرێت ئێمە خاوەنی سەرۆکێک بین، کە لە ناخۆشی و یادەکاندا لەگەڵماندا نەبێت؟ ئایا دەکرێت سەرۆکێکمان هەبێت کە بۆ ساڵیادی یەکێتی قوتابیانی حیزبەکەی خۆی(کە ئەم یادە بە هەموو پێوەرێک یادێکی حیزبی و لۆکاڵی یە) ئامادە بێت و وتار بخوێنێتەوە و لە میدیاکانەوە دەرکەوێت، کەچی بۆ یادکردنەوەی کارەساتێکی نەتەوەیی وەک هەڵەبجە سەرۆک ئەزیەتی ئەوە نەکێشێت تە تەشریفبێنێتە ئەو شارۆچکەیە؟ لە کاتێکدا هەڵەبجە پێش ئەوەی کارەساتێکی لۆکاڵی بێت، کارەساتێکی نەتەوەییە، پێش ئەوەی هی شارێک بێت، هی هەموو کوردستانە، پێش ئەوەی هی حیزبێکی دیاریکراو بێت، کارەساتێکە کە ئەگەر خاوەنی سەرکردە و سیاسی لێهاتوو بوینایە، دەکرا ئەو کارەساتە بکرایەتە خاڵی وەرچەرخانی مێژووی میللەتی کورد، هەروەک چۆن جولەکە هۆلۆکۆستی (سیاسییەن)قۆستەوە بۆ خزمەتکردن بە نەتەوە، بەشیوەیەک کە ئێستا کەم کەس هەیە لەدونیادا ناوی هۆلۆکۆستی نەبیستبێت و بە بۆنەی ئەوکارەساتەوە سۆزێکی بۆ یەهودییەکان نەبێت. ئایا بۆ دەبێت سەرۆک لە ڕۆژی ساڵیادی هەڵەبجەدا نەتوانێت بێتە هەڵەبجە، کەچی لەهەمان ڕۆژدا کاتی خۆی بۆ چاوپێکەوتن بە وەفدی(برا عەرەبەکان)ەوە سەرفبکات؟
ئاخر کارەساتە کارەسات کە نوێنەری زیاتر لە ٢٠ دەوڵەت ئامادەی یادی کارەساتی هەڵەبجە ببێت، کەچی سەرۆکی هەرێم، کە بەرزترین دەسەڵاتە لە هەرێم دا، وەک ئەوەی کە هەڵەبجە سەر بە قاڕەیەکی تر بێت، بە نوێنەر بەشداریبکات لە یادەکەدا، کەچی سەرۆک دیدار لەگەڵ کۆنە وەزیرێکی حکومەتی عێراقی دا ئەنجام بدات.
ئایا مافی خۆمان نییە بپرسین، جەنابی سەرۆک هۆی چییە کە ناتەوێت هەر هیچ نەبێت لە ساڵیادی کارەساتەکدا خۆت پیشانی ئەو خەڵکە داماوەی هەڵەبجە بدەیت، کە تا ئێستا نە جەنابت، نە حکومەتی هەرێم، و نە حیزبە باڵادەستەکان و نە ئۆپۆزسێۆنیش، نەتانتوانیوە بە ئەندازەی سووتانی جگەری دایکێکی هەڵەبجەیی خەمی ئەو کارەساتە لەسەر خەڵکەکەی بڕەوێننەوە؟
ئایا خەڵکی هەڵەبجە شایەنی ئەوە نین کە سەرۆکی هەرێم بچێتە خزمەتییان و لەنزیکەوە ئاگاداری ئەو خەڵکە بێکەسە بێت؟ ئایا سوێی تاوانی هەڵەبجە ئەوەی نەدەهێنا کە ئەگەر هەر بۆ ڕوکەشیش بێت، سەرۆک، لە یادی کارەساتەکەدا، ئەگەر بۆ چەند دەقیقەیەکیش بوایە، بهاتایەتە هەڵەبجە، لەبەر هیچ نا لەبەر ئەوەی کە سەرۆکی هەرێم گومانی ئەوانەی بڕەوانایەتەوە کە گومانی لۆکاڵیبوون دەخەنە پاڵ سەرۆکی هەرێم، یان پێیان وایە سەرۆکی هەرێم بە چاوی تۆڵەکردنەوە لەو خەڵکانە و ئەو ناوچانە دەڕوانێت کە دەنگێکی ئەوتۆیان نەداوەتێ لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم دا.
یان بەداخەوە پێدەچێت سەرۆکی هەرێم تا ئێستاش ناوچەی سەوز بە ئەمارەتی ژێردەستی خۆی نەزانێت، ئەگەر نا هیچ هۆکارێک نییە کە وابکات سەرۆکی هەرێم نەتوانێت لەیادی کارەساتێکی وەک هەڵەبجەدا، کە نوێنەری زیاتر لە ٢٠ دەوڵەت ئامادە بێت، کە کورسییەکەی سەرۆکی هەرێمش بەری ڕەنجی خوێنی هەموو ئەوانەیە کە لە هەڵەبجەدا بوونە قوربانی، بێتە ئەو شارە و لە نزیکەوە لەگەل خەمی خەڵکەکەیدا بێت؟
هەرچەند هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان ئەوەندە پێویستیان بە دەستێک هەیە کە ڕەحمەت و خۆشییان بەسەردا ببارێنێت، نیو هێندە پێویستیان بە یادکردنەوە و هاتنی سەرکردەکان نییە، بەڵام یادکردنەوەی هەڵەبجە و چوونی سەرۆکی هەرێم، ئەگەر بۆ ڕوکەشیش بێت، یادکردنەوەیەک و سەردانێکی پڕبایەخ دەبوو و دەکرا بکریەتە جێی سەرنجی میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ئامادەنەبوونی سەرۆکی هەرێم لەویادەدا(لەکاتێکدا سەرۆکی هەرێم لە کوردستانەو سەفەری دەرەوەی هەرێمی نەکردووە)، گومانی ئەوە دروستدەکات، کە ویستێک هەبێت لە پشت بەکەمگرتنی ئەو یادەوە، کە خۆزە دەخوازین هەڵەبین لەم بۆچونەدا.
ئەم وتارە ساڵی پار لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی ژ ٦١٢ دا بڵاوکراوەتەوە، لەبەرئەوەی کە ئەم ساڵیش، سەرۆکی هەرێم نەچوو بۆ یادی هەڵەبجە، بۆیە پێم باشبوو کە دووبارە بڵاوبکرێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست