کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ترس لە هەڵبژاردن

Sunday, 28/02/2010, 12:00


یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەو حیزبەی هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا هەنووکە نە سەرکردایەتییەکی هەماهەنگ و هاوکاری یەکتری هەبووە، نە خاوەنی بەرنامەیەکی تۆکمە و تەبابووە،
تەنها شتێک، هەمیشە و لە هەموو کات و ساتێکدا یەکێتی نیشتیمانی بەیەکەوە بەستبێتەوە توانیبێتی وا بکات کە سەرکردایەتییەکەی چاوپۆشی لە یەکتر بکەن، بوونی "نەیار و دوژمن" بووە. واتا هیچ کاتێک ئەم هێزەی کە ناوی یەکێتییە هێزێک نەبووە کە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و بونیاتنان و دنیای ئاشتی و ئارامی ڕێکبکەون، بە پێچەوانەوە هەمیشە ئەم حیزبە لەسەر شەڕ و شۆڕ ژیاوە، لەسەر نائارامی هاوڕا بوون، بوونی نەیار و خەتەر بۆسەر حیزبەکەیان وایکردووە، ئەگەر ناچاریش بێت، بەیەکەوە هەڵبکەن و نەیار و دوژمن بوەتە خاڵی هاوبەشی سەرکردایەتی و باڵەکانی یەکێتی.
بۆیە لە بونیادی دروستبوونی ئەم حیزبەدا و شەڕ و نائارامی، نەیار و دوژمن پانتاییەکی درێژی داگیرکردووە، سروشتی ئەم حیزبە واهاتووە کە بێ شەڕ و نائارامی ناتوانێت بژی، سووڕی ژیانی ئەم حیزبە بەندە بە نائارامی و دروستکردنی تەماهی نەیار و دوژمنەوە.
هەموو مێژووی یەکێتی نیشتیمانی بخوێنیتەوە، کەم ڕێکدەکەوێت ئەم حیزبە توانیبێتی لە کاتی ئارامی و ئاسایش دا گەشەبکات ، بە پێچەوانەوە هەمیشە لە کاتی ئارامی، نەبوونی شەڕ، نەبوونی نەیار و دوژمن، بەرکەماڵبوونی ئاسایش دا ئەم حیزبە لە داخزان و خۆخواردن و کەمبونەوەدا بووە.
ئەگەر ئەو تیۆرییە بۆ سەرمایەداری ڕاست بێت کە دەڵێت "سەرمایەداری هەمیشە پێویستی بە دوژمن هەیە، بۆ ئەوەی بەردەوامی خۆی بدات و گرفتەکان لەبیر خۆی بباتەوە، بە هۆی دوژمنی دەرەکییەوە، جا ئەم دوژمنە ئەنفلۆنزای بەراز بێت، تەنگەژەی ئابووری جینهانی بێت، یان تیرۆری ئیسلامی بێت، گرنگ ئەوەیە کە سەرمایەداری دوژمنی هەبێت، هەتا ئەگەر خودی سەرمایەداری یارمەتی دەری دروستکردنی دوژمنەکەشی بێت"، ئەوا ئەم تیۆرییە پڕاوپڕە بە پێناسەی یەکێتی نیشتیمانی، تەنها بۆ ئەوەی بەردەوامی بە خۆی بدات و خۆی لە پوکاندنەوە و داتەپین بپارێزێت.

کەم سووچی مێژووی شەڕوشۆڕی بزووتنەوەی کوردی هەیە یەکێتی بەشی شێری بەرنەکەوێت، یان لانیکەم یەکێتی بەشێک نەبوبێت لێی، تا ئەو ئەندازەیەی کە ساڵانی نەوەدەکان نووکتەیەک دروستکرابوو لەسەر شەڕ دەیووت، کە ئەگەر شەڕ دروست بوو لە کوردستان دا، ئەوە دەبێت ڕاستەوخۆ بپرسیت یەکێتی و کێ شەڕیانە، ئەمەش بواتا یەکێتی لایەنێکی مسۆگەری شەڕەکەیە.
ئەم بوونی نەیار و دوژمن، نائارامی و شڵەژان وایکردووە کە یەکێتی نیشتیمانی ترسی هەبێت لە هەڵبژاردن و ویستی خۆ دزینەوە لە هەڵبژاردن ببێتە کلتورێکی ئەم حیزبە، ئەگەر بۆشی بکرێت ئاواتەخوازە هیچ کاتێک نەچێتە کێ بڕکێی هەڵبژاردنەوە، چونکە ئەوە دیارە کە هەڵبژاردن تەنها لە کاتی ئاشتی و بەرکەماڵبوونی ئاسایشدا ئەنجام دەدرێت، دۆخی ئەم حیزبەش پێچەوانەی ئەوەیە، واتا کاتێک کە ئاسایش لە ژینگەی سیاسی دا هەبێت، یەکێتی لە دۆخی نائاسایی دایە، کاتێک کە دۆخی نائاسایی و شڵەژان لە ژینگەی سیاسی دا هەبوو، واتای بوونی ئاسایش و دۆخی ئاسایی یەکێتی یە.

هەر ئەمەشە وایکردووە کە یەکێتی هەمیشە بیەوێت لە هەڵبژاردن دووربکەوێتەوە، مێژووی ناوخۆی ئەم حیزبە پێمان دەڵێت، کە یەکێتی لە کاتی نائارامی ژینگەی سیاسی دا ئازاتر و بوێرانەتربووە بۆ بەستنی کۆنگرە و هەڵبژاردنی سەرتاسەری سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی یەکێتی، خۆ ئەگەر دوو کۆنگرەی یەکێتی و دوو پلینۆم یەکێتی وەرگرین وەک نمونە، ئەوا دەبینین کە لە هەردوو کۆنگرەی یەکێتی دا پایە ئەساسییەکان و دەسەڵاتدارە خاوەن نفوزەکانی یەکێتی بێ هەڵبژاردن دادەنرێنەوە، خۆ حاڵی هەڵبژاردن لەناو هەردوو پلنیۆمەکەی یەکێتی دا لە حاڵی کۆنگرە باشتر نییە، بەڵکو لە پلنیۆمی یەکەم دا بێ هەڵبژاردن کۆمەڵێک سەرکردە دەخرێنە ناو سەرکردایەتیەوە و لە کۆمەڵێکی تریش خۆش دەبن، بێ ئەوەی کە بگەڕێنەوە بۆ ڕای کادێرو ئەندامانی یەکێتی، لە پلئنۆمی دووەمیشدا بە چەپڵە ڕێزان، بێ ئەوەی شوێنە بەتاڵەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پڕبکەنەوە، کۆتایی هات، واتا ئەم حیزبە هەمیشە دوور لە هەڵبژاردن و کێبڕکێ بڕیاردەدات و خۆی نوێ دەکاتەوە.

خۆ ئەگەر لەسەر ئاستی ناوچەییشدا سەیری ئەم حیزبە بکەین، دوو نمونەی نزیکمان لەبەر دەستدایە کە ئەم حیزبە کار بە هەڵبژارن ناکات و پێشێلی هەڵبژاردن دەکات، ئەمەش وەک وتم بووەتە کلتوری ئەم حیزبە کە ناتوانیت لەگەل هەڵبژاردن و کەسی هەڵبژێرداودا مامەڵە بکات، پارێزگاری سلێمانی و لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی سلێمانی یەکێتی دوو نمونەی زیندوون، کە یەکەمیان پاش دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری سلێمانی، یەکێتی نەیویست کە پارێزگارێک دابنێت لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگا، کە هەڵبژێردراوی خەڵکن، بە پێچەوانەوە یەکێتی هات و کەسێکی تری لەدەرەوەی هەڵبژێردراوەکانی حیزبەکەی دا کردە پارێزگاری سلێمانی، نمونەی دووەم دانانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە بۆ بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتیمانی لەبری بەرزان ئەحمەد کوردە، کە دووەمیان کەسێکی هەڵبژێردراوی یاسایی خودی ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانییە، هەر هۆیەک لە پشت دانانی کەسی دووەمەوە بێت لەبری کەسی یەکەم، ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە کەسی یەکەم بە هەڵبژاردن هاتووە و کەسی دووەم بی هەڵبژاردن، کە ئەمەش مانا شاراوەکانی کلتوری حەزنەکردنی یەکێتی لە هەڵبژاردن دەسەلمێنێت.

ئەگەر لەسەر ئاستی ژینگەی سیاسی کوردستان ترسی یەکێتی لە هەڵبژاردن بدوێین، ئەوا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت، کە لە هەڵبژاردنی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دا، لەگەڵ ئەوەی یەکیتی نیشتیمانی خاوەنی خەباتێکی چڕوپڕی چەکداری بوو لەچاو ڕکەبەرەکەی دا کە پارتی یە، بەلام هاوکێشەکان پێچەوانە بوونەوەو پارتی بەو هەموو داخراوەییەی و عیابی لە شۆڕشی نوێی چەکداری دا، بەڵام دەبێتە هێزی یەکەم و لە یەکێتی زیاتر دەنگدەر متمانەی دەداتێ، ئیتر لێرەوەیە یەکیتی لەوە تێدەگات کە هەڵبژاردن ترسناکە، هەڵبژاردن تەمێکە دەشێت خەباتی شاخی یەکێتی بکاتە سێبەر، بۆیە ئەم هێزە لە مێژووی ئەزموونی حکموداری هەژدەساڵی ڕابردوودا، کەمترین پێداگری کردووە لە هەڵبژاردن، هەرکاتێک بۆی لوابێت و ژینگەی خۆدزینەوە لە ەهڵبژاردن ئامادە بێت، یەکێتی ئەو هەلەی قواستۆتەوە بۆ ئەوەی کە خۆی لە هەڵبژاردن بدزێتەوە، بوونی کەمترین هەڵبژاردن لە ئەزموونی هەرێم دا، ئەو ڕاستییە دەخاتە پێش چاو، کە یەکێتی وەک یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، کەمترین پێداگری لە هەڵبژاردن کردووە، هەموو جارێک کە ئەم هێزەش بەشداری هەڵبژاردنی کردبێت، یان لە ترسی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی دا بووە، یان بە ناچاری بووە.

کلتوری ترس لە هەڵبژاردن لای یەکێتی وایکردووە، کەم جار ڕێککەوتووە کە ئەم حیزبە بتوانێت بە ئاشتی بەشداری هەڵبژاردن بکات، یان دوای هەڵبژاردن ئاشتییانە لێی بێتە دەرەوە. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم حیزبە بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەستیارەی ٧/٣ بە ئاشتییانە دێتە ناوەوە و لێشی دێتە دەرەوە، یان هەتا ئێستا تەماهو ترس لە هەڵبژاردن وەک کلتور لە حیزبە بەنۆتەوە و ئەگەرەکانی پشێووی دەخاتەوە ناو ژینگەی سیاسی هەرێمی کوردستان؟ چەند هەفتەیەکی تر بەسە بۆ ئەوەی کە تاقیکردنەوەی یەکێتی نیشانی بدات کە تا ئێستا ئەم حیزبە ترس لە هەڵبژاردن لە کلتوری دا ماوە، یان وەک هێزێکی مۆدێرنی سۆشیال دیمۆکرات هەڵبژاردنی کردۆتە پێوەر بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات.
[email protected]
ئەم وتارە لە ڕۆژنامەی ئاوێنە ژ. ٢١٠ دا بلاوکراوەتەوە
/دانیمارک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە