کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


15ی شوبات دێینه‌وه‌ مه‌یدانه‌كانی ئازادی

Tuesday, 05/02/2013, 12:00



جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی كوردستان
گه‌نجان ولاوانی به‌ئومێدی كورد
هاوخه‌م وهاوبیرانی شه‌هیدانی حه‌ڤده‌ی شوبات ورۆژانی دواتر
دوو ساڵ پێش ئێسته‌ وله‌م ساتانه‌دا سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان به‌شێوازێكی هێمنانه‌ ودوور له‌ توندوتیژی و گێره‌شێوێنی هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان وله‌ مه‌یدانه‌كانی ئازادیدا بۆ كۆتایی هێنان به‌و حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵ و بێ به‌رنامه‌ وپلانه‌ كه‌وتنه‌ خۆپێشاندان,به‌ڵام له‌جیاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاریه‌كان و به‌ده‌مه‌وه‌چونیان به‌فیشه‌ك وه‌ڵامی خۆپێشانده‌ران درایه‌وه‌ گه‌نجانی كورد خه‌ڵتانی خوێن كران.دوای ئاڵۆزبونی كێشه‌كان وبه‌رده‌وامی وسوربونی خۆپێشانده‌ران له‌سه‌ر داواكاریه‌كانیان ده‌سه‌ڵاتی بێ به‌ڵێنی كوردی بۆ دامركاندنه‌وه‌ی توڕ‌ه‌ییه‌كان كۆمه‌ڵێك په‌یمانی داو هیچیانی نه‌برده‌ سه‌ر,سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بێ منه‌تانه‌ هیچ كام له‌ته‌قه‌كه‌رانی راپێچی دادگا نه‌كردوه‌و هه‌مووی داڵده‌ داوه‌,دوای دوو ساڵ له‌و به‌رواره‌و تائێستاشی له‌گه‌ڵ بێت نه‌ك هه‌ر ده‌ستی نه‌كردوه‌ به‌چاكسازی وگۆرانكاری,به‌ڵكو له‌خه‌وی غه‌فڵه‌تیش به‌ئاگا نه‌هاتۆته‌وه‌و ملهوڕانه‌ درێژه‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ده‌ن كه‌ میلله‌تی لێ هێنانه‌ سه‌ر شه‌قام,گه‌لانی ناوچه‌كه‌ به‌هه‌موو چین وتوێژه‌كانه‌وه‌و به‌جیاوازی بیروڕاوه‌ هاتونه‌ته‌ سه‌رشه‌قامه‌كان وبریاریانداوه‌ تا ده‌سه‌ڵاته‌ به‌زۆر سه‌پێنراوو دیكتاتۆره‌كانیان نه‌گۆرن ناچنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان,به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی ناوچه‌كه‌ی هێناوه‌ته‌ له‌رزه‌و عه‌رشی زه‌ینه‌لعابدین بن عه‌لی وحوسنی موباره‌ك وعه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح وموعه‌مه‌ر قه‌زافی تێك وپێكداو خستنیه‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌,وا زیاتر له‌دوو ساڵیشه‌ گه‌لی سوریای قاره‌مان خوێنیان لێ ده‌چۆڕێت بۆ سه‌ره‌وژێركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی خوێنمژ,سه‌ره‌ڕای ئه‌و ژماره‌ بێ شوماره‌ له‌شه‌هیدو بریندارو ئه‌و كاولكاریه‌ی ئه‌سه‌دی خوێنرێژ و پشتتێكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هێشتا ئه‌و گه‌له‌ له‌شۆرش به‌رده‌وامن وتا كۆتایی به‌ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د نه‌هێنن ناسره‌ون.ئه‌وان ده‌زانن ئازادی چه‌ند مه‌زنه‌ بۆیه‌ قوربانی گه‌وره‌ی بۆ ده‌ده‌ن,له‌ سه‌ره‌تای مانگی دیسه‌مبه‌ری رابورده‌وه‌ گه‌لی عێراقیش بۆ كۆتایی هێنان به‌ حوكمی تائیفیانه‌ی نوری مالیكی له‌مه‌یدانه‌كانی كه‌رامه‌ت وئازادیدا كۆبونه‌ته‌وه‌و درێژه‌ به‌ خۆپێشاندانه‌كانیان ده‌ده‌ن تا نوری مالیكی ته‌سلیم به‌داواكاریه‌ ره‌واكانیان ده‌بێت,جێی خۆیه‌تی ئێمه‌ی گه‌لی كوردیش بۆ ده‌ربازبونی هه‌میشه‌یی له‌ كۆیلایه‌تی وژێر ده‌سته‌یی دوو بنه‌ماڵه‌ وفه‌راهه‌م هێنانی ژیانێكی ئازاد وبه‌كه‌رامه‌ت بۆ خۆمان ونه‌وه‌كانمان بێینه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان وله‌مه‌یدانه‌كانی ئازادی كوردستاندا داواكاریه‌ ره‌واكانمان جارێكی تر بده‌ینه‌وه‌ به‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمداو چیتر چاوه‌ڕێ نه‌كه‌ین به‌بیانوی نامه‌نتیقی و دروستكردنی سیناریۆی وه‌همی له‌مه‌ زیاتر یاری به‌چاره‌نوس وموقه‌ده‌راتمان بكرێت,مه‌سعود بارزانی وه‌ك به‌رپرسیاری یه‌كه‌می ئه‌م ووڵاته‌ له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه‌ یان ئه‌وه‌تا نایه‌وێت كۆتایی به‌م گه‌نده‌ڵی وناعه‌داله‌تیه‌ بهێنێت چونكه‌ پایه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ قایم كردوه‌و كۆتایی هێنان به‌گه‌نده‌ڵی واته‌ كۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی وبنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌مه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه‌ جێی قبوڵ نیه‌,یان ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كه‌سدا نیه‌و توانای لێپرسینه‌وه‌ی له‌كه‌س نیه‌.بۆیه‌ ته‌نها یه‌ك رێگه‌ له‌به‌رده‌م مه‌سعود بارزانیدا هه‌یه‌ بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه‌و كۆتایی هاتن به‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی له‌ئارادایه‌,ئه‌ویش پێشكه‌شكردنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌تی له‌ماوه‌یه‌كی كورتداو ته‌سلیم كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانێتی به‌ ده‌سته‌یه‌ك له‌كه‌سانی بێ لایه‌ن وپسپۆر بۆ تێپه‌راندنی قۆناغی ئینتیقالی وسه‌رپه‌رشتی كردنی هه‌ڵبژاردنێكی پاك ونوسینه‌وه‌ی ده‌ستورێكی نوێ بۆ كوردستان,جارێكی تر هیچ په‌یمان وبڕیارێكیش نامانخه‌ڵه‌تێنێ و نامانه‌وێت جگه‌ له‌ گوێبیستی بریاری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی له‌سه‌ر بریاره‌كانتان بنیاتنراوه‌ هیچی ترتان لێ ببیستین.
تاوه‌كو14ی شوبات ماوه‌ ده‌ده‌ین به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان وحكومه‌ت وپه‌رله‌مان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م داواكاریه‌,به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رۆژی 15ی شوبات یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكردنی خۆپێشاندانه‌ له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان وبه‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی ئه‌و سێ ده‌زگایه‌(سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم,حكومه‌ت,په‌رله‌مان)هیچ ره‌سمیه‌تێكی جه‌ماوه‌ریان نیه‌و مافی موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتیان نیه‌ به‌ناوی گه‌لی كوردستانه‌وه‌,پاراستن وسه‌لامه‌تی گیانی خۆپێشانده‌رانیش له‌ئه‌ستۆی پۆلیس وپێشمه‌رگه‌دایه‌ وئاواته‌خوازین كه‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی عاقڵانه‌ به‌ده‌م داواكاریه‌كانه‌وه‌ بێت وچاره‌نوسی خۆی وه‌كو بن عه‌لی وموباره‌ك وهاوشێوه‌كانیان لێ نه‌كات.
خوای گه‌وره‌ كوردستان وگه‌له‌كه‌ی له‌ پیلانی پیلانكاران بپارێزێت.
ئه‌نجومه‌نی سه‌رپه‌رشتیاری به‌هاری كورد
5ی شوباتی 2013


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە