کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەنى بەردەم هەواى شێدار وەڵامێكى ساكار بۆ (ئازا حەسیب قەرەداغى)

Tuesday, 28/04/2009, 12:00


لەوەتەى (نەوشیروان مستەفا ئەمین) كە ئەگەر هیچ نەبێت چەند ساڵێكە داواى ڕیفۆڕم و چاكسازى دەكات و بەم دواییەش بۆ گەیاندنى ئەو پەیامانەى بڕیارى دروستكردنى لیستێكى بۆ بەشداریكردنى هەڵبژاردنى پەرلەمان داوە, هەردوو حزبى دەسەڵاتدارى كوردستان خۆڵ و غوبارێكى فراوان ئاسمانى بەرژەوەندى تەسكى سیاسیانى گرتووە و كەوتونەتە تەنگە نەفەسییەكى گەورەوە..
ئەوان كە هەمیشە و لەسەرەتاى بونیانەوە لە كێبڕكێیەكى نامەردانەدان بۆ پاراستنى بەرژەوەندى و باڵادەستى خۆیان بەسەر ئەوى تردا هیچ كات خۆشیان بە هەڵبژاردن و كێبڕكێى مەردانەى دیموكراسى نایەت و بەمەترسى گەورەى دەزانن و لەم هەڵبژاردنەشدا ئەو مەترسیە بە تەوێل و ناوچەوانى هەریەكەیانەوە بەڕوونى دەردەكەوێت..
لەو چوارچێوەیەدا نوسەرگەلێكى هاوشێوەى كاك (ئازا) یان كەوتونەتە هەمان تەنگە نەفەسى و چاویان بەوە هەڵنایەت تاك و گروپەكانى ئەم كۆمەڵگایە بێنە مەیدان و داواى گۆڕان بكەن و خەمى چاكسازى و هەنگاو بەرەو ئایندە هەڵبگرن..
كاك (ئازا) لە نوسینێكیدا كە لە ڕۆژنامەى هەولێر لەژێر ناوى (دوكەڵى دارى تەڕ) بڵاویكردوەتەوە و لەسەر سایتى (pukmedia) ش بڵاوكراوەتەوە هەر لەسەرەتاى نوسینەكەى وەك هەمیشە و بێئاگایانە كەوتوەتە هەڵەوە و پێى وایە تا ئێستا ئەوانەى دەیانەوێت كێبڕكێى یەكێتى و پارتى بكەن هێزى ئەوتۆى كۆمەڵایەتى و سیاسى نین, لەكاتێكدا ئەوەى لەیاد كردووە كە ئەو یەكێتى و پارتیەى ئەو هەمان ئەو هێزانە نەماون كە خاوەن هێزى گەورەى كۆمەڵایەتى و سیاسى بن و ئەمەش نەك تەنها ناڕەزاییەكانى خەڵك و جەماوەر بەڵكو جیابوونەوە و دەست لەكاركێشانەوەى بەلێشاوى كادر و ئەندامانى خودى ئەو حزبانە هەمان ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێن و بەڵگەش (نەوشیروان مستەفا و جەوهەر نامق و عوسمانى حاجى مەحمود و عەبدولمەسرو بارزانى....هتد) و ناڕەزایەتى هەندێكى تریان لەماوەى جیاجیادا كە بەهۆكارى جودا لەنێو پێكهاتەى حزب و حكومەتدا ماونەتەوە مرۆڤ ناتوانێت خۆى لێى غافل بكات..
جگە لەوەى هەمووان جگە لە كاك (ئازا) ئەو ڕاستیە باش دەزانن كە زۆرینەى خەڵك بەو هۆیەى تامەزرۆى گۆڕان و چاكسازین بەهەمان تامەزرۆیى و ئومێدەوە لەو لیست و پێكهاتانە دەڕوانن كە بانگەشە بۆ گۆڕینى ئەم واقیعەى ئێستا دەدەن و دەنگیشى پێدەدەن و تەنها داهاتووش دەتوانێت ڕاستى تەوامان پێنیشان بدات..
لەبەشێكى ترى نوسینەكەیدا كاك (ئازا) هاوشێوەى سەرانى سیاسى كەوتوەتە بێنرخكردنى هەموو ئەو دەنگ و قەلەمانەى ڕۆژانە لەسەر كێشە و گرفتەكانى ئەم كۆمەڵگایە دێنە هاوار و نوسین و بە دووبارەبوو و دور لە سیما و خەسڵەتى گۆڕان ناوى دەبات, بەڵام ئەوەى لەبیرچووە كە هەر ئەو عەقلیەت و بێنرخكردنانە بوو شەپۆلێكى گەورەى ناڕەزایەتى لەبەرامبەر سەرانى سیاسى هێنایە ئاراوە.
پێشموایە ئەو دەنگانە بۆ داواكردنى گۆڕانە نەك دەنگێك بۆ گەڕان و دۆزینەوەى ئەو هەوایەى كە بۆ (شەن) ەكەم باشە, وەك ئەوەى كەسانێك كە تا ڕۆژانێك خۆیان بە شیوعى و پێشەنگى كرێكاران دادەنا تەنها لەبەر شێنەیى هەواى شیوعیەكان و لەبەرژەوەندى خودى رێڕەوى شەنكردنى خۆى گۆڕى..
دەشكرێت ئەوە بڵیین لەمەودوا مەرج نییە لە هەر شوێنێك هەوا هەبوو شوێنى گونجاو بێت بۆ شەن كردن چونكە ڕەنگە هەندێك هەوا شێداربن و نەك (گەنم و كا) كەمان بۆ لەیەك جیانەكاتەوە بەڵكو كەڕو بە گەنمەكەش بهێنێت..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە