پەیامێك بۆ ویژدانە سڕبوەكان
Tuesday, 18/05/2010, 12:00
بۆ سالار عوسمان بكوژى سەردەشت عوسمان
سیستەمى ژیان وا بونیاد بوە حەزى دەسەڵات و خۆدەرخستن و غەریزەكان و بەگشتى هەست و پێوانە ئاژەڵیەكان لەزۆر كات و شوێندا جێگا بەپێوانە مرۆڤیەكان لەق بكەن.
هەست و پێوانە ئاژەڵیەكان لەزەتێكى زۆر دەدەن بەمرۆڤ لەهەمان كات دا بێزارى و خەمۆكیش دەبێتە نەخۆشیەكى دەرونى. كۆمەڵگاى مرۆڤى بەوە لەگاڕانە ئاژەڵیەكان جیادەكرێتەوە كەبەو هۆیەى مرۆڤ بونەوەرێكى ئاقڵە و خاوەن هزرە پێویستە یاسایەك پەیڕەو بكات بۆ هەڵسو كەوتى لەنێوان تاكەكانى، ئەم یاسایە بناغەى خۆى لە ویژدانەوە وەردەگرێ و دواتر لەڕێگاى كۆمەڵێ دەزگاى دۆگماوە دەسەپێنرێ.
بەڵام مێگەلە ئاژەڵیەكان بەهۆى ئەوەى نائاقڵ و هێزى بیر كردنەوەیان وەك مرۆڤ نیە لەچوار چێوەى پرەنسیپێك لەدەورى یەك كۆدەبنەوە لەسەر بنەماى هاو ڕەگەزى و مەترسى یەكتر قڕكردن لەئارادانەبێ.
سالار عوسمان تۆ لەڕۆژى 14\5\2010 لە بەرنامەى نێرین لەكەناڵى زاگرۆس هەڵساى بەو ئەرك و ڕۆڵەى پێت بەخشرابو وەك ڕۆبۆتێك. ئەم ڕەوشە پێویستى دەكرد تۆ و چەندین كەسانى وەك تۆ بەئەركەكانتان هەڵسێنێ و پەلكێشى سەر شاشەتان بكات. من لەو بەرنامەیەدا تۆم وەك ڕۆبۆتێكى بەرمەجە كراو بینى ئەوەى دركاندت هەستى خۆ دەرخستن و غەریزەكانى خۆتێر كردنت پێى كردى هەستێك لەسەر بنەمایەك كارت پێدەكات ویژدان تیایدا لەكارخراوە.
لەگەڵ ئەوەى خواستە هۆڤانیەكان تۆیان كردوە بە ڕۆبۆت؛ داردەست، بەڵام تۆ مرۆڤى ئەگەر بەقەد ئەتۆمێك ویژدان لەنێو خانەكانى هەستى تۆ دامابێ، ئەم ئەتۆمە دەتوانێ شۆڕشێك بەرپا بكات دەرئەنجام تۆ لەدەست ئەم سیستەمە ناپاكە دەرباز دەبى، ئاسۆى ویژدانت ڕۆناك دەبێتەوە، لەو تەلیسمە ڕزگارت دەبێت و ئەوكاتە دەزانى تۆ خزمەتت بەكێ و بەچ پەیڕەوێك كردوە.
هەمو مرۆڤێك دەخوازێ بەئابڕومەندانەترین ئابڕو ژیان بگوزەرێنێ و هەڵسو كەوت بكات، بەڵام ئەمڕۆ فەلسەفەى لیبڕالیزم كەحاكمى سەرهەمو زهنێكە واى لەمرۆڤ كردوە داكۆكى كردن لەبێ ئەخلاقى و لەستەمى كۆمەڵایەتى بەئابڕو مەندى و خزمەت و دیمۆكراسى بزانێت.
لەكاتێكدا تیرۆركردنى (سەردەشت عوسمان) بۆتە ڕۆژەڤى جیهان و جەماوەرى كوردستان ئیدانەى دەكەن و ناوى تاوان بار دەهێنن .......... تۆ دەتەوێ ئەم ڕۆژەڤە بەچەواشەكردنى بۆخۆت بقۆزیتەوە و لەلایەن بەرپرسەكانت ببیتە جێگاى ئاماژەو ئافەرینێكى تر كەڵەكە بكەیت.
من نەلایەنگرێكى كاراى بزوتنەوەى گۆڕانم، نە چاڵاك وانێكى نەوشیروانم، خۆشەویستى ڕۆژنامە وانى و ئازادى و داخ لەدڵێكم بۆ سەردەشت عوسمان.
میژوو پڕە لەناوى ئەودەسەڵات دارانەى ستەم كارو بكوژ بونەو دەسەڵاتیان لەسەر خوێن بنیات ناوە چیڕۆكى دەرئەنجام دەسەڵاتیان هاوتا لەگەڵ ژیانیان بەتراژیدیا كۆتایى هاتوە و ڕوداوى كۆتایى هاتنیان بۆتە سەربردەو ئامۆژگارى بەر ئاگردان. هیوادارم ئەم پەیامەت پێ بگات و شۆڕشێك لەناو خۆت دا بەرپا بكەیت و ئەجارە لەسەر شاشە ئەوەى لەم بارەیەوە ئەیزانى بیڵێى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست