هەولێر پایتەختی سعودیەیە یان كوردستان ؟

Thursday, 13/09/2012, 12:00






سەرەتا پێش هەموو شتێك دەمەوێت بڵێم داوای لێبوردن لەخەڵكی دانیشتوی شاری هەولێر دەكەم سەبارەت بەم بابەتەو داواكارم خەڵكی ئازیزی هەولێر بەهیچ شێوەیەك هەستیان بریندار نەبێت، بەڵكو ئەم بابەتە ببێتە هۆی پێداچوونەوە بە شێوەی بیركردنەوەی خۆیان.
نزیكەی بیست ساڵە راپەڕین كراوە، پەرلەمان وحكومەت ودامەزراوە سیاسی وبڕیاردەرو كارگێڕیەكانی كوردستان هەموی لە شاری هەولێرە، ئەم شارە پایتەختی كوردستانە؟ كوردستانێك هێشتا بۆنی ئەنفال وعروبە وكیمیاباران وكاولكاری لێدێت؟ كوردستانێك ملیۆن شەهیدی داوە تاوەكو بتوانێت قەوارەیەكی نەتەوەیی دروست بكات وپایتەختێك وئاڵایەك وسنورێكی هەبێت؟ هەولێر شەرەفی هێجگار گەورەی پێبڕاوەو شوناسی هەموو ئەمانەی سەرەوەیە.. بەڵام؟؟ ئیدی كێشە جەوهەریەكە لێرەوە دەستپێدەكات؟ ئەمڕۆو دوێنێ وپێرێ ساڵیادی لەدایك بونی پێغەمبەری ئیسلام (محمد) بوو(د.غ) .
 ئەگەر بێیت وبەناو شاری هەولێردا گوزەر بكەی، وا هەست ناكەی لەشارێكی كوردی، یان لەپایتەختی كوردستانی؟ بەڵكو شارێك بەهەموو رەمزەكانی ئاینی ئیسلام داپۆشراوە، تەواوی بازاڕ رازاوەتەوەو لافیتەو دروشم چاوی مرۆڤ كوێر دەكەن، نوقلأ وشیرینی وشەربەت تەواوی شاری داگرتووە.. لەوەش گەرمتر مولود خوێندنەوە تەواوی شاری سەرقالأ كردوە، مزگەوت وكۆڵان وجاددە و مالأ وهەموو شوێنێكی ئەم هەولێرە مولود خوێندنەوەو هاوارو دەنگی ئاینی ئیسلام ورمزەكانیەتی؟ بۆیە جێگای خۆیەتی راشكاوانە بڵیێین لەم شارە هیچ جۆرە هەستێكی نەتەوەیی زۆر گرنگ نابینین كە بتوانێت ئامێز بگرێتەوە بۆ تەواوی هاوڵاتیانی كوردستان، هاوڵاتی شاری هەولیَِر، ماوەی بیست ساڵە نەیانتوانیوە هاوڵاتی پایتەخت بن؟ خەڵكی كوردستان سۆزی تەواوی بۆیان هەبێت نەوەكو كورد بەڵكو وەكو هاوڵاتی پایتەختی وڵاتەكە؟ پەیوەندی خەڵكی هەولێر لەگەلأ سلێمانیی ودهۆك و گەرمیان وشارەكانی دیكەی كوردستان، پەیوەندیەكی تەقلیدی وكۆمەڵایەتی وپیشەیی وئاینیە، واتە خەڵكی هەولێر نەیانتوانیوە هیچ جۆرە سودێك لە بونی شارەكەیان بكەن لەبەپایتەخت بونیانەوە، من دڵینام ئەگەر شارێكی دیكە پایتەختی كوردستان بوایە، ئێستا دەیان كەمپین و گروپ وچالاكی مەدەنیان بەناوی شوناسی پایتەخت بونەوە هەبوو، پەیوەندیان لەگەلأ تەواوی شارەكانی كوردستان رێكدەخست، تەنانەت چالاكی زۆر جیاواز و زیندویان رێكدەخست بۆ ئەوەی گەرموگوڕی خەڵكی پایتەخت نیشانی دەرەوەی خۆیان بدەن. بەڵام هەولێر ئەوەندەی پایتەختێكی ئاینیە؟ ئەوەندە پایتەختێكی نەتەوەیی نیە، من بۆ خۆم گوێم لەسەدان وهەزاران جنێو بووە كە دراوەتە ئەو گەنجانەی شەوی سەری سالأ ئاهەنگیان لەناو بازاڕی هەولێر سازداوەو پێیان گوتون ئەمانە مەسیحیەت وجولەكەیی دێنن بۆ ناو هەولێر؟ لێرەوە گرنگە پرسیار بكەین بۆچی گروپ وچالاكی ورێكخراوی هەماهەنگی نێوان مەسحیەكان وتوركمانەكان وموسوڵمانان نیە..؟ بۆیە هەولێر هەست ناكەی پایتەختی سیاسی ونەتەوەیی بێت، لەگەلأ ئەوەی خەڵكی ودەشتی هەولێر خاوەنی هەزاران شەهیدو تێكۆشەرو پێشمەرگەی قارەمان بوونە، بەڵام بەداخەوە فەزای شاری هەولێر تەواو تەقلیدی وئاینیە. ئەمەش گورزی ترسناك لە كامڵ بونی پرۆسەی سیاسی ونەتەوەیی كورستاندا هەیە. بۆیە لێرەدا بۆ ئەوەی حكومەت وپەرلەمان ودەزگا نەتەوەیی ونیشتمانیەكانی كوردستان لەوە زیاتر رۆنەچن بەناو تەقلیدی ئاینی و پیاوانی ئاینی ورەمزەكانی ئاینی لەشاری هەولێر ئەوا پێیوستە ستراتیژیانە بیربكرێتەوەو سەركردایەتی سیاسی كوردستان چەند هەنگاوێكی گرنگ بنێت لەوانە:
یەكەم: گواستنەوەی پایتەختی كوردستان لەهەولێرەوە بۆ كۆیە یان شەقڵاوەو یان شارێكی دیكە، هەول بدرێت بینای تازەی پەرلەمان وحكومەت ووەزارەتەكان وقونسولأ ودەزگا پەیوەندیدارەكان لەچەشنی كۆمەڵگایەك لەشاری كۆیە دروست بكرێت وهەموو دەزگاكان بگوازرێنەوە بۆ ئەوێ. چەندین ئوتێل وماركێتی لێدروست بكرێت ولەگەلأ دوو تا سێ هۆلأ ، شاری كۆیە روبەرێكی زۆر فراوان وگەورەی لەبەردەمە، دەتوانرێت ببێتە یەكێك لەپایتەختە زیندوو چالاك ورۆشنبیرانی كوردستان وناوچەكە. یاخود بیر لەشەقڵاوە بكرێتەوە بەم جۆرە.. كە پێم وایە دەتوانرێت شتێكی لەم جۆرە بكرێت.
دووەم: گواستنەوەی زۆرێك لەناوەندو دەزگا ئابوریەكانی كوردستان بۆ پایتەختی تازە.
پێم وایە هەولێر شارێكی تەقلیدی كۆمەڵایەتی وئاینیە وناكرێت وزەی سیاسی ونەتەوەیی لەكوردستان بەم هۆیەوە بەفیڕۆبدرێت، لەهەولێر رۆژانە دوو مزگەوت دروست دەكرێت، بەڵام هەست ناكەی دەزگاو رێكخراو گروپ وشتێكی دیكەی مەدەنی دروست بكرێت، بۆیە جارێكی دیكە وێڕای ئەوپەڕی رێزم بۆ خەڵكی تێكۆشەرو بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەكانی هەولێرو دەشتی هەولێر، داواكارم بیرێكی جدی لە گواستنەوەی پایتەخت بكرێتەوە، چونكە ئەگەر هیچ سودێكی نەبێت ئەوا شوێنەواری دوو حكومەتی هەولێرو سلێمانی وئیدارەیی كۆتایی پێدەهێنێت وپایتەختی تازە تەواو كوردستانی ونیشتمانی ونەتەوەیی دەبێت. بەراستی گەڕان بەناو بازاڕی هەولێر پێتدەڵێت ناكرێت پایتەخت بەم جۆرە بێت. من شانازی بەیەكە یەكەی خەڵكی شاری هەولێرەوە دەكەم ووەكو كوردێك، بەڵام هەست ناكەم ئێمە بتوانین لەئاستی ناسیۆنالیستی دا بتوانین لەهەولێر سەركەوتووبین. گواستنەوەی پایتەختیش لەزۆر وڵات ودەوڵەت رویداوەو چەندین جار دووبارە بۆتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە