مژدە .. مژدە جەنابى دكتۆر بەرهەم كەمتەرخەمەكانى سوتانى ئوتیل سۆماى بەتوندى سزادا
Monday, 23/08/2010, 12:00
لە فەزاى ئەوپەڕى بەرەڵایى و بێسەروبەرەیدا .. لە مەمەلكەتێكدا كە نرخ و بەهاى ژیانى هاوڵاتى لە لووتكەى بێنرخیدایە .. پێوەرى كاركردن و بەهەدەردان تەنها سەروەت و سامانى میللەتى خێرنەدیوى نەگرتۆتەوە بەڵكە بەهەدەردانەكە ژیانیشیانى بێنرخكردووە ، ئەى ئافەرین جەنابى دكتۆر بەرهەم سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران .. ئەى ئافەرین ئەى بەناو كەسە رۆشنبیرەكەى حكومەتەكەمان كە بڕوانامەكەت لە پێشكەوتوترین وڵاتدا لەرووى زانستیەوە بەدەستهێناوە و دێرینتریان لەرووى دیموكراتى و مافى مرۆڤەوە ، ئەى ئافەرین كە قسە و پەیمانەكانت بە كۆمەڵانى خەڵكى مەترێك رێى نەكرد ، زۆرێك بوون ئەو ساویلكانەى باوەڕیان بە پەیمانەكانت كرد كاتى وتت ئەو كەس و لایەنەى لە راپۆرتى لیژنەى لێكۆڵینەوەى بێلایەندا كە دادوەرێك سەرۆكایەتى دەكات ناویان بێت گۆڕان لە پۆستەكانیانا ئەكرێت و سزاى یاسایى دەدرێن ، ئێمە هێشتا پرسەباربوین بەڵام پەیمانەكانت سەبوریەكى بەخشیەوە پێمان ، ئەوە بوو پاش كارەساتەكە و پاش لێكۆڵینەوەى بێلایەنى لایەنێكى دادوەرى دەركەوت هەندێ دەزگاى حكومەتى وەك پۆلیس و هاتوچۆ و بەرگرى شارستانى تاكو سەر ئێسقان گەندەڵ و كەمتەرخەم بوون .. ئادەى جەنابى دختۆرى دختۆران كوا وادە و پەیمانەكانت بۆ میلللەتەكەى خۆت .. ئەرك نەبێ با وتەبێژى حكومەتەكەى بەڕێزتان ناوى تەنها یەك كەس و لایەنمان پێ بڵێ كە پاش ئاشكرابوونى گەندەڵى و كەمتەرخەمى لەپەڕى گوڵ كاڵترى پێوترابێ .. ئەى باشە ئێوە و مانان كەى شەرم دەكەن و كەى هەست بە بەرپرسیارێتى رەوشتى و ویژدانى دەكەن و لەهەمووى گرنگتر كەى تەریق دەبنەوە ؟؟ ، باشە ئەم پۆست و تەخاشان و پەخشانەى بودجەى گشتى كەى تێرتان دەكات و كەى دەڵێن بەسە ؟؟ ، ئێمە چاوەڕێ بووین سەرە گەندەڵ و كەمتەرخەمەكانى سوتانى ئوتیل سۆما كە تیایاندا نزیكترین كەسانى ئێمەى تیابوو بدرێن بەدادگا یان دووربخرێنەوە و بەمەش بكرێنە پەند و عیبرەت بۆ هاوشێوەكانیان ، بەڵام دیارە وەك پرسیارمانكرد لەنزیكەوە زۆر راستى حاشاهەڵنەگرمان بۆ روونبۆوە كە ئەمانەن :
1. بەڕێوبەرى پۆلیس بەفەرمانى شێخ جەعفەرى وەزیرى پێشمەرگە و تەزكیەیى ئەو بووە بە بەڕێوبەر و وتویەتى یا شێخ مەعرەكەم لەسەر ئەكات بۆیە كەس خۆى تێنەگیاندووە ، جوانە ئێمەش كە ئەم جەژنە ئەبێ لەسەر گۆڕى خۆشەیستەكانمان لەبرى خۆشى جەژن ئەبێ شین و فۆغان بكەین قیرمان بەقەرەج .
2. بەڕێوبەرى هاتوچۆ بەئاشكرا لە زۆر شوێن وتویەتى من جائیزەى بلەم وەرگرتووە و هیرۆخان وتویەتى با دكتۆر بەرهەم بۆخۆى بڵێ كەس نیە بتوانێ تۆ لەپۆستەكەت لابەرێ ، راست ئەكات ئێمەى رەشپۆشیش سەرمان بەگۆڕى بابمان .
3. دكتۆر رێكەوت وتویەتى من دلێرى سەى مەجید كردومى بە بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى و كەس لەو زیاتر بۆى نیە موحاسەبەم بكات ، دەستخۆش میللەتیش بابۆ خۆى بیخولێنێتەوە .
4. بەریۆبەرى بەرگرى شارستانیش وتویەتى من پشتەكەم زۆر لەوە بەهێزترە بكرێمە قوربانى ئەم مەهزەلەیە ، ئافەرین پۆست بۆ تۆ ئاگریش با ئەم كوردستانە بسوتێنێ .
بێگومان ئەمە راستى و دروستى سزادان و موحاسەبەكردنەكەى جەنابى دكتۆر بەرهەم بوو ،، ئەگەر دكتۆریش دكتۆر بێت ئەم سووكایەتى كردنە بە سەر و ماڵى هاوڵاتیان قبوڵ ناكات .
لەكۆتایشدا من وەك كۆست كەوتویەكى ئەو كارەساتە تەنها یەك پرسیارم لە جەنابى دكتۆر بەرهەم هەیە و سوێندى ئەدەم بەگۆڕى هەموو شەهیدەكان كە وەڵامم باتەوە .. ئەویش ئەوەیە : جەنابى دكتۆر ئەكرێ و ئەبێ پاش بە قەقنەسبوونى ناڕەواى بیست و هەشت كەسى بێتاوان بە منداڵى ورد و ئافرەتى دووگیانەوە كەسێك سزا نەدرێت و بكرێتە عیبرەت بۆ ئەوانەى عیبرەت وەرناگرن و تاكو رۆحى قوربانیەكانیشى پێ ئاسوودە بێت ، بــــــــــۆ وەڵامى ئەم پرسیارە ئــیـتر خۆت و شـــــیـــرت ....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست