لە پەرلەمانی ئەوروپا حکومەتی هەرێم خۆی لە بەرپرسیارێتی چارەسەری کێشەی ژنان دەدزێتەوە
Wednesday, 06/11/2013, 12:00
دوێنێ سێ شەمە ٥ - ١١ - ٢٠١٣ لە بارەگای پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا فیلمێکی دۆکۆمێنتاری 22 خولەکی سەبارەت بەکێشەکانی ژنان لە ژێر ناونیشانی (شەش رۆژ، سێ ژن ، سێ جەنگ ، یەك خەون) پێشکەشکرا. فیلمەکە سەبارەت بە کارو چالاکیەکانی سێ چالاکوانی ژن لە هەریەك لە هەرێمی کوردستان، لیبێریا، هەرێمی ئەبچازیا لە جۆرجیا ئامادە کرابوو.
ئەو بەشەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و هەلومەرجی ژنانی کوردستان بوو لە لایەن لەنجە عەبدولڵا - بەرپرسی دەزگای وارڤینەوە ئامادە کرابوو. ئەوەی جێگای سەرنج بوو دەرکەوتەکانی 15 خولەکی تایبەت بە کوردستان ئاوێنەی واقیعی کوردستان و ژنان نەبوو، بەڵکو وا پیشان درابوو کە دەزگاکانی پۆلیسی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارو خەمخۆری پرسەکانی ژنانن و هاوکاری ڕێکخراوەکانی داکۆکیکەرن لە مافەکانی ژنان.
فیلمەکە وای دەخستە ڕوو کە کێشەکانی ژنان لە کوردستان، تەنها کێشەی نەریت و کۆمەڵایەتی بن. هاوکات فیلمەکە بە جۆرێك بوو کە گومانی ئەوە دەکرا بەکۆنترۆڵ و سانسۆری دەزگا ئەمنیەکاندا تێپەرێندرابێت.
رۆژێك بەر لە پیشاندانی ئەم فیلم و گفتوگۆیە، خاتوو (لەنجە عەبدولڵا) لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نوێنەری رێکخراوەکەمان (رێکخراوی کوردستان فۆروم)، پێی راگەیاندین کە ناکرێت هیچ کەس و لایەن و رێکخراو و رەوەندی کوردی ئامادەی ئەم چالاکیە بن. هەروەها لەنجە عەبدولڵا وای دەربڕی کە ئەو چالاکیە بۆ بازنەیەکی داخراوەو تەنها چاوپێکەوتنی ئەوە بە کەسانی پلەبەرزی تایبەت بە جێندەر لەناو پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام بەداخەوە وەك رێکخەری چالاکیەکە ئاماژەی بۆ کرد، جەنابیان بەهۆی کێشەی ڤیزاوە نەیانتوانی ئامادە بن، بەڵام خۆشبەختانە پاش پەیوەندیمان بە ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا خاتوو (ئانا گۆمێز) سەرپەرشتیاری چالاکیەکە، ئێمە توانیمان ئامادەی چالاکیەکە بین.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل و وەفدی یاوەری ئامادەی چالاکیەکە بوون. یەکێك لە ئامادەبوانی وەفدەکە پاش بینینی فیلمەکەو لە کاتی دێباتەکەدا بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەنجەی بۆ کێشەی ژنان راکێشاو سەرجەمی کێشەکانی تەنها و تەنها بۆ نەریت و کولتورو ئاین گێرایەوە. هاوکات دەستەوەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردە بیانویەك بۆ خۆدزینەوەی ئەو حکومەتەو دەزگاکانی لە بەرپرسیارێتیان. لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو کە ئەو ئامادەبووەی وەفدی حکومەتی هەرێم داوای لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کرد کە یارمەتیدەریان بن لە چارەسەری کێشەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان.
لەبەرامبەر ئەم دەربڕینانە وەفدی ڕێکخراوەکەمان لە بەلجیکا بە توندی روبەرووی دوانەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بوویەوەو بە پارێزەری شەیتان لە قەڵەمی دان.
هەروەها لە بەشداریەکەماندا باسی ئەوەمان کرد کە کوشتن و زەبروزەنگ و زیادبوونی رێژەکەی لە دوو دەیەی رابردوودا دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی سەروەری یاساو سزانەدانی ئەنجامدەرانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە. هەروەها ئاماژەمان بۆ ئەوەش کرد کە تەنها ئاین و نەریت هۆکار نین، بەڵکو هۆکاری سەرەکی دەسەڵاتی ئەو لایەن و کەس و پارتە سیاسیانەن کە خۆیان بەشێکن لە پێکهاتەی دواکەوتوویی و زەبروزەنگی خێڵەکیانەی پیاوسالاری.
لە چوارچێوەی دێباتەکەدا خاتوو ئانا گۆمێز پشتگیری بۆچوونی کوردستان فۆرومی کرد، کە چاوپۆشین بەهەر بیانویەك بێت بۆ سزانەدانی تاوانباران یان سزای سووکی تاوانباران هۆکارێکی سەرەکیە لەزیادبوونی تاوان و هاوکات بەشداریە لەتاوان. هەروەها خاتوو گۆمێز ئەندام پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاو ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بە عێراقەوە داوای لەوەفدی رێکخراوەکەمان کرد کە هاوکاریان بین و بەڵگەو زانیاری وردو بێلایەنیان سەبارەت بە پێشێلکاریەکانی سەر مافی ژنان لە هەرێمی کوردستان بۆ بنێرین.
تێبینی// لینکی فیلمە دیکۆمێنتاریەکە:
رێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا
6 - 11 - 2013 برۆکسل
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست