لە بارزانیەوە بۆ تاڵەبانى مێژوى خۆى دوبارە دەكاتەوە.. !
Saturday, 18/04/2009, 12:00
نازانم بۆ یەكەم جار كەى بوە كە مرۆڤ پەی بەوە بردوە كە ڕەوڕەوەى مێژوو هەندێ جارخۆى دووبارە دەكاتەوە ، پەى بردنى مرۆڤە بە دووبارە بونەوەى مێژوو پەیوەندى بە ئیرادە و حەزە دەرونیەكانى مرۆڤەكانەوە هەیە .
تۆ سەیرى مێژووى ڕەشى ئێمەى كورد بكە پڕیەتى لە و جۆرە دووبارە بونەوەیە و هەرگیز ئەزمونیشى لێوەر ناگرین .
ئاخر خۆ هەمومان ساڵانى (60) نیوەى دوەمى سەدەى رابردوومان لەبیرە .
با وەك ئەوەى كە باڵى (م/س) ئەوكاتەى پارتى دیموكراتى كوردستان كە كەسە دیارەكانیان پێكهات بوون لە (ئیبراهیم ئەحمەد ، مام جەلال ، عەلى عەسكەرى ، عومەر دەبابە ، هەمزە عەبدوڵڵا و ...هتد) بانگەشەى ئەوەیان دەكرد بەهۆى ئەو تاكڕەوى و دیكتاتۆریەت و نەخوێندنەوەى ئەوانەوە ئیتر تەحەمولى (مەلامستەفا)یان نەماوە بۆیە باڵى (م/س) یان جیا كردەوە لە پارتى و ئیتر ئەو ئاوەى لەو كاتەوە رژاندیان تائێستاش گەلى كورد باجى ئەو جیابونەوەیە دەدات .
بە راستى ئەوە لەكاتى خۆیدا هەڵیەكى كوشندە بو كە باڵى (م/س) ئەوكاتە پەنایان بۆ برد .
لەو ئەندامانەى (م/س) ئەوكاتەى پارتى كە تەنها (مام جەلال) یان لەژیاندا ماوە ، ئەگەر ئەمڕۆش هۆكارى ئەوو ئینشیقاقەى لێ بپرسیت ئەگەر بەڕاستى وەڵام بداتەوە ئەوا هەرهەمان وەڵامى پێشودەداتەوە ، كە بەهۆى تاكڕەوى سەرۆكى ئەوكاتەى پارتى (مەلا مستەفا)وە بوە.
بەڵام جارێكى تر مێژوو خۆى دووبارەدەكاتەوە ، ئەویش لە لایەن خودى ئەو كارەكتەرەوە كە نزیكەى (50 ساڵ) لە مەوپێش تاكڕەوى پی َقبوڵ نەكرا .
ئەوا ئەمڕۆ خۆى هەمان سیناریۆ بەرامبەر دەكرێ و خۆى هەمان تاكڕەوى و دیكتاتۆریەت و نە خوێندنەوەى خەڵكى تر و دەستگرتن بەسەر پارە و پولى حیزب و نەبونى شەفافیەت و پیادە نەكردنى پەیڕە و پڕۆگرامى حیزب و بە چەندین تۆمەتى تر تاوان بار دەكرێت ، بێئەوەى گوێ لەكەس بگرێت.
لێرەدا حەقى خۆیەتى پرسیارێكى مەنتیقى لە بەڕێز (مام جەلال) سەرەك كۆمارى قێراق و سكرتێرى گشتى (ى.ن.ك) بكەین و بڵێن ئەگەر كاتى خۆى بارزانى باوك هێشتا هەر لەسەردەمى خەبات دا بوبێت بۆیە ئامادەى سەر دانەواندن نەبوبێت بۆئێوە ئێوەش ئاوا وەڵامتان دایەوە ، ئەى ئێستاكە جەنابت بەدوا مەرامى رامیارى خۆت گەیشتویت كە دواپلەى حەزى مرۆڤە لەژیانیدا پێى بگات ، ئیتر بۆچى جەنابت دەست لە پۆستەكەت هەڵناگریت بۆ هاوكارەكانت جەنابى سەرۆك ؟ بەتایبەت كە نە تەمەنت و نە تەندروستیت یارمەتیت نادەن بۆ درێژەدان بە خەبات ....! بە پێچەوانەوە وا لە خەڵكى دەكەیت كە بە گومان بن لە خەبات و هەوڵ و تێكۆشان و ماندوبونى جەنابت ؟ ئاخر مێژوو لێت خۆش نابێت! چونكە ئەوە مێژو نیە خۆى دوبارە دەكاتەوە ، ئەوە كەسەكانن مێژو ئاوا دادەڕێژن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست