کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


لەشاری كەركوك هێرشەكانی رژێمی ئێران شەرمەزار كرا

Thursday, 21/07/2011, 12:00


رۆژی 20/7/2011 لەشاری كەركوك، لەگردبوونەوەیەك و لێدوانێكی راگەیاندنیدا وێرای شەرمەزاركردن و ریسواكردنی پەلامارو دەستدرێژییەكانی رژێمی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و گەریلاكانی پارتی ژیانی ئازاد، داوا لەحكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا كەلەئاست دەستدرێژییەكانی ئێران، هەڵوێستیكی كرداریانە هەڵێنن و بێدەنگی خۆیان بشكێنن و پەیوەندی و دانووستاندنەكانی خۆیان لەچوارچێوەی كۆتایی هێنان بە دەستدرێژییەكان و شەڕ بەبنەما بگرن.
دوێنی بەرواری 20/7/2011 لەشاری كەركوك كۆمەڵێك پارت و رێكخراووكەسایەتی لەگردبوونەوەیەكدا لێدوانێكیان لەمەڕ هێرشەكانی رژێمی ئێران بۆ سەر باشووری كوردستان و گەریلاكانی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیاند. لەسەرەتای لێدوانە راگەیاندراوەكەدا، خوڵەكێك راوەستان بۆ گیانبەختكردووانی رێگای ئازادی و بەتایبەتی بۆ ئەو پۆلە گەریلا شەهیدەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە بەرگری لەخاك و نیشتمانی كوردستان لەبەرامبەر بە هێرشەكانی رژێمی داگیركەری كوردستان، ئێران شەهید بوون دەستی پێكرد و پاشان لەسەر ناوی كۆمیتەی چالاكی لەدژی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان، نەوزاد كەركوكی لێدوانەكەی خۆیندەوە، لەلێدوانە هاوبەشەكەی پارت و لایەن و رێكخراوەكاندا هاتبوو، ئەو دەستدرێژیانە تەنها بۆ سەر هێزەكانی پەژاك نییە، بەڵكۆ هێرشێكە لەدژی هەموو كوردستان و هێرشێكە لەسەر كەركوك بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و لەدەرەوە هێشتنەوە كەركوك و لاوازكردنی پێگەی كورد لەئێراقە، بۆیە وەڵامدانەوەی هێرشەكانی دەوڵەتی ئێران، پێویستی بە هەڵوێستێكی نەتەوەیی هەیە، بۆیە ئێمە وەكو بەشداربووانی ئەم چالاكییە وێرای شەرمەزاركردن و ریسواكردنی دەستدرێژییەكانی رژێمی ئێران بۆ سەر سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان، داوا لەهەموو لایەنە سیاسی، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كەسایەتی رۆشنبیر و سیاسەتمەدار و جەماوەری گەلەكەمان دەكەین، بە هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییانەی خۆیان لەئاست ئەم پەلاماردانە، بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێست بن، هاوكاتیش داوا لە حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرا كە هەڵوێستێكی كرداریانە لەبەرامبەر بە دەستدرێًژییەكانی رژێمی ئێران نیشان بدەن و لەبەرامبەر بە پیلانگێڕی داگیركەری دەوڵەتانی ئێران وتوركیا لەسەر كوردستان بێدەنگ نەبن.
پاشان لەسەر ناوی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، ئەندامی مەكتەب سیاسی هاوڕی شوانیش بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی ئامێزی لەدژی هێرشەكانی ئێرانی خۆێندنەوەو ووتی؛ پێش هەر شتێك داوا لەجەماوەری گەلەكەمان دەكەم، بۆ مەسەلەیەكی بەم شێوازە هەستیارو چارەنووسساز پێویستە بێ دەنگ نەبن، ئێمە وەكو حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەم دەستدرێژییەی رژێمی ئێران بۆ سەر هاوڵاتیانی سیڤلی ناوچەكەو لەناوبردنی سامان و ئاژەڵ وكشتوكاڵی گوندنیشینان. ئەگەر ئەو هێرشانە لەدژی پەژاك بێت، ئەی وشككردنی ئاوی ئەلوەن لەسەر دانیشتوانی خانەقین خۆ ئەوەش لەسەر بیانوی بوونی هێزەكانی پەژاك نییە، تۆپبارانكردنی ناوچە سنووریەكان لەم كاتەدا جگەلە دەستدرێژی وداگیركەری كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ مانایەكی تری نییە. هاوكات داوایان لە دامەزراوەكانی مافی مرۆڤ و دەزگا نێودەوڵەتیەكانیان كردبوو كە لەئاستی ئەم هێرشانەدا بێدەنگ نەبن و هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ رێگرتن لە بەرامبەر ئەو جۆرە كردەوانەو ئیدی با بەس بێ بێدەنگی لەبەرامبەر بە پێشلكردنی مافی هاوڵاتیانی كوردستان.
لەگردبوونەوەكەدا، لەتیف فاتح فەرەج، ئەندامی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانیش ووتەیەكی پێشكەش كرد و ووتی؛ ئێمە ئێستا گەنجانی قارەمانمان وەكو گەریلاكانی پاراستنی كوردستان هەیە، بۆیە هیچ خەمێكمان نییە، ئەو گەریلایانەی كە لەهێرشەكانی رژێمی ئێراندا شەهید بوون، شەهید پاراستنی روومەتی كوردایەتی و پاراستنی نیشتمانن. پێویستە ئێمە ئەو سەنگەرە بەتەنیا نەهێڵین و پشتیوانی ئەو گەریلایان بین لەپاراستنی خاك و نیشتماندا.

ناوی ئەو كەس ولایەنانەی بەشداری چالاكی شەرمەزار كردنی رژێمی ئێران بوون:
1ـ پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
2ـ رێكخراوی ئەنجوومەنی ژنانی ئازاد
3ـ ناوەندی هۆنەری دیجلە
4ـ ناوەندی ژنی ئازاد
5ـ كۆمەڵەی هیوای ئێراقی
6ـ رێكخراوی كۆردۆساید (چاك)
7ـ حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
8ـ مامۆستایانی زەحمەتكێشان لقی كەركوك
9ـ پارتی كرێكااران و رەنجدەرانی كوردستان
10ـ لەتیف فاتح فەرەج
11ـ پارتی پارێزگارانی كوردستان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە