کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


نەجیبەعومەر: گرنگ بوو لەكاتی پەسند كردنی یاسای قەدەغەكردنی توندوتیژیدا، هەموو ئەو كەسانەی خاوەن پرۆژە بوون ئامادە بن

Saturday, 25/06/2011, 12:00


گرنگبوو لە دانیشتنی پەرلەماندا هەمووئەو ڕێكخراو كەسایەتیانە بانگهێشتی پەرلەمان بكرانایە كەخاوەن پرۆژەیاسابوون لەدەربارەی قەدەخەكردنی توندوتیژیدا
پەسەندكردنی پرۆژەیاسای قەدەغەكردنی توندوتیژی خێزانی لەپەرلەماندا كارێكی ئەرێنییەو پێویستە بە زوترین كات بكەوێتەواری جێبەجێكردنەوە.
نەجیبە عومەر جێگری سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان پەسەندكردنی پرۆژەیاسای قەدەغەكردنی توندوتیژی خێزانی بە كارێكی ئەرێنی نرخاند و گوتی سەرەرای ئەوەی گفتوگۆكردن لەسەر یاسای قەدەغەكردنی توندوتیژی خێزان زۆردرەنگ كەوت و پێویست بوو لە خولی ڕابردووی پەرلەماندا پەسەند بكرایە، بەڵام جارێكی تر بەپێویست بینینی بڕیاردان لەسەرپرۆژكە لەلاین پەرلەمانەوە گرنگ بوو. وەك هەموو لایەك ئاگادارە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانمان تەشەنەكردنی دیاردەی توندوتیژییە كە تەواو باڵی بەسەركۆمەڵگاكەماندا كێشاوە. لە دەرئەنجامی توندوتیژی جەستەی و دەرونی و سێكس كە لە بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خێزان و یاسا و ئابوریدا بەڕێوە دەچێت ڕۆژنیە ژنێك نەبێـە قوربان و نەكوژرێت یان خۆی نەسوتێنێـت. پێویستە ئەم كێشەیە وەك ناوەندی هەموو كێشەكان ببینرێت. هەتا ئێستا لەبواری یاسا و دادوەری و جێبەجیكردندا جیاكاری رەگەزی لە ئاستێكی بڵندا پەیرە دەكرێت. لە ئەنجامدا تاك و كۆمەڵگایەكی توندوتیژی بەرهەم هێناوە و ژنان قوربانی یەكەمی ئەو توندوتیژیانەن. ئەمەش بۆخۆی سەرچاوەی هەموو كێشە و قەیرانانەی هەرێمی كوردستانن كە ئەمرۆ بەشێوەیەكی ئاشكرا دەبنرێـت لەبواری سیتەمی ئیداری و سیاسی و نەبوونی دادپەروەری و زیادبوونی چینایەتی و نادیموكراتییەت. گرنگەبڵین كە چارەسەركردنی كێشەكان بەبێ چارەسەركردنی كێشەی ژنان نابێت و بەبێ بەشدارییەكی ئاكتیڤانەی ژنان ناتوانین باس لەگۆرانكارییەكی ڕیشەی بونیاتنانی كۆمەڵگایەكی دیموكرات و جێگیركردنی داپەروەری و ئاشتی كۆمەڵایەتی بكەین. نەجیبەعومەر ووتی؛ سەرچاوەی چارەسەرییەكان ئەگەر بەشێكی گۆرینی زهنیەت و گۆرینی سیستەم و بەڕێوەبردن بێت ئەوا بابەتێكی گرنگیش گۆرانكارییی لەو بەندو ماددە یاسایانەیە كە بەزهنیەتێكی جیاكاری رەگەزی نوسراوەتەوە. لەپێناوی چارەسەركردنی دیاردەی توندوتیژی بەگشتی و لەناویدا توندوتیژی خێزانی ژمارەیەك لەڕێكخراوەكانی ژنان و كەسایەتی یاساناس پرۆژە یاسایان پێشكەش كردووە. ئێمەش وەك ئەنجومەنی ژنانی ئازاد لەگەڵ رَێكخراوی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان و لەگەڵ چەند كەسایەتی چالاكی بواری ژنان و یاساناس لە میانەی كارو چالاكی و لێكۆلینەوەمان لەو بوارەدا لەسەرەتای مانگی ئاداری ساڵی 2007دا پرۆژە یاسایەكمان بەناوی پرۆژەیاسای قەدەغەكردنی توندوتیژی پێشكەشی پەرلەمان و وەزارەتی كاروباری ژنانمان كرد. لەو باوەڕەدام پرۆژەیاساكەی ئێمە یەكەم پرۆژەیاسا بوو و بە باشترین پرۆژە نرخیندرا لەلایەن ئەندام پەرلەمانەكانی ئەوكاتەوە. ئەوەی لەم چەند رۆژەدا بینیمان لەڕۆژانی (21و22)مانگی حوزەیراندا لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسایی قەدەغەكردنی توندوتیژی خێزانی كرا. كە خۆشبەختانە زۆرێك لەبەند و ماددەكانی بەوانەشەوە كە بۆی زیادكرا لەپرۆژە یاساكەی ئێمە وەرگیرابوو بەتایبەتی گرنگی دان بە هەموو جۆرەكانی توندوتیژی و دانانی دادگای تایبەت بە توندوتیژی و دانی ماف بەكەسێكی تر لەدەرەوەی كەسی قوربانی توندوتیژی بتوانێت سكاڵا تۆماربكات لەو كەسەی هۆكار یان بكەری توندوتیژییەكەیە و هەروەها بە هەموو شێوەیەك ڕێگەگرتن لە خەتنەكردنی مێینە. بەڵام ئەوەی تێدا كەم بوو كە ئێمە بۆ چارەسەركردنی دیاردەی توندوتیژی و بنیاتنانی خێزانێكی دیموكرات و بەختیار جگە لە سزادان لە بەندێكی تایبەتی پرۆژەكەماندا باس لە ئاوابوونی دەزگای راوێژكاری خێزانیمان كردووە. بۆ ئەوەی خێزان لەسەربنەمایەكی راست دابمەزرێت ئەوانەی دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە پێویستە پێشوەخت لەلایەن دەزگای ڕاویژكاری خێزانەوە پەروەردە بكرێن و لەدەربارەی یاساكان هۆشیار بكرێتەوە. عومەر ووتی؛ هیوادارم لەكاتی دانانی پرۆژەی تایبەت بۆ ڕێگەگرتن لە توندوتیژی خێزانی لەواری جێبەجێكردندا هەوڵبدرێـت بۆ دامەزراندنی دەزگای ڕاوێژكاری خێزانی و هەروەها گرنگە كە لە دادگای تایبەت بە توندوتیژیدا كەسانی شارەزا لە چارەسەركردنی كێشەكانی خێزاندا جێگە بگرن و لەو دادگایەدا و جگە لە كەسانی یاسایی كەسانی كۆمەڵناس و دەرونناس پێویستە هەبن بۆئەوەی لە نزیكەوە كاربكەن بۆ چاكردنەوە و پەروەردەكردنی ئەو كەسەی ڕووبەروی توندوتیژی بووە.
هەروەها نەجیبەعومەر لەبەردەوامی لێدوانەكەیدا ووتی، گرنگ بوو لە دانیشتنی پەرلەماندا هەموو ئەو ڕێكخراو كەسایەتیانە بانگهێشتی پەرلەمان بكرانایە كە خاوەن پرۆژە یاسابوون لەدەربارەی قەدەخەكردنی توندوتیژیدا. ئەمەش یەكێكە لە مافە رەواكانی ئەو كەسایەتی و ڕێكخراوانەی كە خاوەن پرۆژەبوون كە بەدەوام هاوكار دەبن لەگەل َپەرلەماندا هیوادارم لەداهاتوودا ئەم كەم وكورتیە لە كاتی بڕیارگرتن لەسەر یاساكانی تر دووبارە نەبێـەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە