كاندیدى یەكێتى , عادل ئیمامە موبتەسیمەكەى دادگاى رانیەیە!
Saturday, 11/01/2014, 12:00
سەمەرەیە ئەم هەرێمە خنجیلانەیەى ئێمە كە چۆن بۆتە وێستگەى پەڕینەوەى گەندەڵكاران و مشەخۆران , بە تایبەت لەو زۆنەى كە بەسەوز دەناسرێ , ئینسان سەرى دەسوڕمێ كاتێك دەبینێ ئەوانەى كە دوێنێ لەسەر خواردنى مومتەلەكاتى حكومى و بەكارهێنەرانى ئەموالى دەولە لەلایەن قەزاوە سزا دەدرێن و تەجمید دەكرێن , ئەمڕۆ لە بەرگێكى نوێدا بە خەڵك و هاوڵاتیان دەفرۆشرێنەوە و هەرزان بازاڕ دەكرێن , بێ پەروا لەوەى كە ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر مەحوی واتەنى شكور هۆشیارە خەڵك تێدەگا چ خەراباتێكە !
لەوەش گاڵتەجارتر ئەوەیە كەلەو زۆنە سەوزەدا حزبێكى وەك یەكێتى دەرس لەو شكست و نوشست و شۆڕبوونەوەى دەنگەكان و كێرڤى خۆى وەرناگرێ و لەسەروبەندى بەستنى كۆنگرەدا كەسانێك دەهێنێتە پێش بۆ پەرلەمانى عێراق كە لەناو خەڵكیدا بە دەسەڵاتدار و نا بەرپرس و بەرتیل خۆر و كاسەلێس ناسراون و فایلەكانیان لاى خەڵكى رەش و ڕوت داتاكراون و لەهەر ئان و ساتێكدا بێ ئەم خەڵكە خێر لەخۆنەدیووە تۆڵەیان لێ ئەسێنێتەوە ...بەتایبەتیش لە پرۆسەیەكى وەك هەڵبژاردندا ...من نازانم ئەم یەكێتیە زەبەلاحەى دوێنێ چۆن جورئەت دەكا ئاییندەى سیاسى خۆی بخاتە بەردەستى كەسانێك كە سواون و رۆژ لەدواى رۆژ دەیانەوێ خۆڵ لە چاوى خۆیان و ئۆرگان و ئەندامانى حزبەكەشیان بكەن ...ئەوەتا لە نوێترین داهێنانیاندا لە سنورى مەڵبەندى 24 ى راپەڕین رێكخراوێكى نامۆ دروست دەكرێ بەناوى راپرسیەوە كە لەلایەن چەند كەسێكەوە تەوجیهات وەردەگرێ , گوایە ئەمجارە جیاواز لە جارانى تر پێش هەڵبژاردن كاندید بە راپرسى دیارى دەكەن ..بەڵام خۆزگە وابایە و ئەم مەبەستە بێ دەستە و دەستەگەرى بەڕێوەچووبا لەلایەن دەزگایەكى پرۆفیشناڵى بوارى راپرسیەوە ئەمە ئەنجام بدرابا,نەك وەك ئەوەى كە جەنابى كاكە عەدنانى حەمەى مینا دەستى داوەتێ و گاڵتە بە شعورى نەوەى دواى راپەڕینى دەڤەرى راپەڕین دەكا , ئەوەتا بۆ مەبەستى شەخێى كەسێكى وەك سامان فەتاح كە خۆى خەڵكى كۆیەیە و فڕى بەسەر پارێزگاى سلێمانیەوە نیە , دێنێتە مەیدانى خەباتى پەرلەمانیەوە كە ناوبراو رۆژێك لە رۆژان نەپێشمەرگایەتى , نەدڵسۆزی , نە خەمخۆریەكى بۆ یەكێتى دەربڕیوە و دەریشی دەبڕێ, بەڵكو وەك دادوەرێكى گەندەڵ كە پێشتر لەسەر خواردنى بەرتیل بۆماوەى ساڵێك تەجمید (سڕكراوە) و بەبڕیاریش وەرگرتنى هەر پۆستێكى ترى لێ قەدەغە كراوە لەناو وەزارەتى داد دا , كە ئەمە بە بەڵگە لە ئەرشفى وەزارەتى داد و لیژنەى پێكهاتوو لە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەى جەنابى دادوەر بە ئاشكرا هەیە و دیارە ! لەوەش سەیرتر ئەوەیە چ كارەساتێكە لەم دەڤەرەى راپەڕینەدا داوەرێك لەلایەن سەرۆكى عەشرەت و خێڵەكانەوە بەیعەتى پێ بدرێ و جەنابى عەدنانیش ئیمزا و موسادەقەى لەسەر بكا و هەروەك كاندیداكانى پێشووترى كە وەك گەڵاى پایز هەڵوەرین بە خاتر و خاترانە كوتكێكى تر لە سەرى یەكێتى بوەشێنێ و مەكتەبى سیاسى حزبەكەى پێ فریو بدا..
نایشارمەوە كە من یەكێتیم و خۆم بە دڵسۆزى ئەو حزبە دەزانم , هەربۆیە وویستم ئەم دەردە دڵەى خۆم بخەمە سەر رووپەرى میدیا , چونكە هیچ دەروازەیەك نابینم لە حزبەكەمدا گوێ لەو راستیانە بگرێ و بڵێ بەرژەوەندى حزبێكى خاوەن مێژوو بە كەسانێك ناگۆڕینەوە كە لە پۆستەكانیاندا دەسەڵاتەكانیان بۆ مەرامى شەخێى و فولكردنى گیرفان و دروست كردنى ڤیللا و كۆشكەكانیان بەكارهێناوە ..نمونەى ئەو حاكم سامانە بەڵگەیەكى زیندووى مشتێك لە خەروارێكە كە بە بەڵگە ئۆتۆمبێلى دادگاى بە ژمارە (137 دادوەرى) بەكاردێنێ بۆ خزمەتى ماڵ و حاڵ و منداڵ هێنان و بردنیان و كار و خزمەتى ئەو ڤیللایەى كە بە پارەى خەڵك لە شارۆچكەى كۆیە دروستى كردووە و بە دەیان دەفتەر دۆلارى تێچووە ! ئاخر بۆ ئەو غەدرە لەم یەكێتیە قوربەسەرە دەكرێ ! كەسێك بكرێتە نمایندەى ئەو حزبە كەلەبەرامبەر داخستنى دۆسێى سەرۆك عەشرەتێك لە رابردوودا پارچەیەك ئەرزەى 450 مەترى و باخێكى یەك دۆنمى وەرگرتبێ! لە ساڵى 2005 یش لە خزمەت راگیرابێ بە بڕیارى سەرۆكى دادگاى پارێزگاى سلێمانى بەهۆى وەرگرتنى بەرتیل و خواردنى مومتەلەكاتى دادگاى بەرایى رانیە, كەچى بلێن فەرموو ببە بە پارێزەرى مافى كورد لە پەرلەمانێك كە پڕە لە دووژمنى سەرسەختى كورد ! ئاخر ئەو یەكێتیە لەخۆى نەپرسیوە كە ئەگەر سبەى جەنابى مالیكى و هاوشێوەكانى بچوكترین ئیمتیازى بداتێ , وەك كۆترى كێوى جەنابى دادوەر ئامادەیە لەشەقەى باڵ بدا و نكۆڵى لە كوردبوونیشى بكات ! ئاخر وتیان لیژنەیەكى نەزاهە لە حزبدا پێك دێ بۆ ئەوەى بەدواداچوون بۆ سەروەت و سامانى بەرپرسان بكا , ئەى بۆ رۆژێك ئەو لیژنەیە پێش ئەوەى بیكاتە كاندیدى حزبەكەى ,لەم بەڕێز دادوەرەى نەپرسیوە كە چۆن توانى ڤێللاكەى كۆیە تەواو بكات بە بڕى زیاتر لە 50000 هەزار دۆلار و ئەم هەموو زەویەشى چۆن لە شارى رانیە كڕى و دەستكەوت ؟!حەق نیە بپرسێ كە ئەم سامانە :ئەو پارە و سامانەى لەكوێ هێنا ؟بە موچەیەكى دوو ملیۆنى دەكرێ؟یا سولفەى كردووە ! نانا دیارە یانسیبى بۆ دەرچووە ! راستیەكەى پارە و پولى حەرامى وەرگرتووە و دوور نیە ئێستا لە حەوشەى ماڵەكەیا باعەباعى بەخۆلە بێ ! زۆر ناخۆشە شۆڕش بۆ ئازادى كرابێ كەچى لەسایەى ئەو ئازادیەدا كەسانى ئاوا بەدوور لەچاوى یاسا وەك ئەوەى لویسى شانزەیەم بن خۆیان دەوڵەت بن و دەوڵەتیش ئەوان گەورە بن و قەڵەو بن و خۆڕەپێشدەریش بێنە بەرهەم ! ئاخ چەند ویژدانم ئازارم ئەدات كاتێ ئەو ناهەقیانە دەبینم لەناو حزبەكەمدا كە تا ئێستاش لێى بێ هیوا نەبووم ..بۆیە وەك دڵسۆزی و وەفایەك بۆ یەكێتى, روو لە بەرپرسانى بە ئەمەكى حزبەكەم دەكەم كە دڵنیام ژمارەیان كەمینەن لە كۆنگرەدا دەست لەسەر ئەو برینانە دابنێن و نەهێڵن كەسانێك وەك مەوقیفى پاسەكە سەیرى حزبەكەیان بكەن و بپەڕنەوە بۆ ئیمتازاتێكى تر لەسەر حیسابى خەڵكانى شیاو..وەڵى بۆ ئاییندەش بە مەترسى دەبینم كە ئەگەر ئەم حزبە ووردتر كاندیدەكانیان دیارى نەكەن بۆ هەڵبژاردنەكان و گۆڕانخوازانى وەك كاكى دادوەر بكەنە پاڵێوراو كە لەو دیو كورسیەكەى تواناى تەنها دوو دەقە قسەكردنى نیە بۆ خەڵك ! , دوور نیە ,بەڵكو راستیەكى حاشاهەڵنەگریشە كە دەبێ یەكێتى پاڵێوراوەكانى بكاتە گەواهیدەرى پێشوەختەى بچوكبوونەوە و شكستى چەندبارە و زیاترى قەڵا سەوزەكەى خۆى لە دەڤەرى راپەڕین و پارێزگاى سلێمانیدا ! هیواخوازم كە یەكێتى بەخۆیدا بچێتەوە و لەو خەوە خۆشە رابێ و هەلپەرست و خۆپەرست و كاسەلێس و عاشقانى كورسى و هیچ لەباراندانەبووەكان لەفلتەر بدا و دوور و نزیك نەیانخاتە بەردەم ویژدانى خەڵك , چونكە ئەوسا خەڵك وەك جەنابى دادوەر نابێ , بەڵكو حاكمێكى راست و دروست دەبن بۆ ئاییندەى سیاسی ئەو حزبە و نوكى قەڵەمەكانیان تۆڵەى ئەو جەفاو بێ وەفایی و بێ دەربەستیە لەو حزبە دەكەنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست