کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


که‌رکوک: شێری زێڕین... شێری ته‌نه‌که‌!

Monday, 23/05/2011, 12:00


!


ده‌نگ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ریکا هێزێک له‌ که‌رکوک به‌ ناوی هێزی زێڕین له‌ قه‌ومه‌ ڕه‌گه‌ز جیاوازه‌کانی که‌رکوک دروست بکا. سه‌رانی کورد بێ ده‌مه‌ته‌قێ خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ و نه‌ ده‌یانه‌وێ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هێزه‌ بکه‌ن نه‌ مه‌رجیان له‌ سه‌ر ڕێژه‌ی به‌شداریکردنی سوپای عیراق و عه‌ره‌به‌کانی ته‌عریب هه‌یه‌. به‌شێ باشه‌ خوا بیدا و ئه‌مه‌ریکا مۆری بکا.
به‌ڵام تورکمانه‌کان ده‌یانه‌وێ ڕۆڵی کورد له‌و هێزه‌دا ئه‌وه‌نده‌ سنووردار بکه‌ن وه‌ک نه‌بن، ده‌نا هه‌ڵوێستیان ده‌بێ و خواش ده‌زانێ هه‌ڵوێستیان چۆن ده‌بێ. عه‌ره‌بی ته‌عریبچی، به‌ قه‌ولی خۆیان، هه‌م کرێچین و هه‌م له‌ سه‌ربان هه‌ڵده‌په‌ڕن، له‌ سه‌ر ئه‌وه‌شه‌وه‌ ته‌عریبچی و ده‌ هه‌زاری به‌عس و بیست ملیۆنی پارتی و یه‌کێتین و هه‌میشه‌ش نرخیان له‌ سه‌ره‌، ڕازی نابن پێشمه‌رگه‌ له‌ هێزی شێردا هه‌بێ و ته‌نها ئه‌وه‌یان ده‌وێ له‌ که‌رکوک بچنه‌ ده‌ره‌وه‌،
له‌ ڕاستیدا هه‌ڵوێستی عه‌ره‌به‌کان، ئه‌گه‌رچی داگیرکه‌ر و ته‌عریبچین، ناچارم ده‌کا ڕێزیان بگرم و هه‌رچی ڕێزێکیش بۆ سه‌رانی کورد هه‌مبووه‌، وه‌ک کانی ده‌مه‌وپایز وشک بێ. ئه‌مانه‌ چ به‌ڵایه‌کن به‌ سه‌ر کورددا هاتوون؟! ئه‌مانه‌ چ په‌تایه‌کن ئه‌م میلله‌ته‌یان گرتووه‌. به‌رانبه‌ر هه‌رچی ناکورد بێ، گورگ بێ سه‌گ یا هه‌رچییه‌ک و هه‌رکێیه‌ک بێ، کلک له‌ ناوگه‌ڵ و سه‌ر شۆڕ و مل خوار! که‌جی له‌ کورد بوونه‌ته‌ ئه‌میر و میری سه‌رپه‌ڕاندن و له‌ناوبردن و به‌ قه‌حپه‌کردن. شیر و تیر هه‌ڵده‌کێشن و له‌ په‌ناوه‌ له‌ناو دبه‌ن و زمان ده‌بڕن!
به‌ ڕاستی له‌ تام ده‌رچوو. وایان کردووه‌ کوردی که‌رکوک تف له‌ خۆی و له‌ چاره‌نووسی خۆی بکا. به‌ڵێ، دۆمه‌ ، قه‌ره‌جه‌ میسرییه‌! بێده‌سه‌ڵاتیی و ده‌سته‌پاچه‌یی کوردی که‌رکوک له‌ پیلانی گڵاوی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ په‌یدا بووه‌. ئه‌وه‌ی لێی بوه‌شێته‌وه‌ نووزه‌یه‌کی لێوه‌ بێ به‌ پاره‌ ده‌یخه‌سێنن و له‌ کوردبوون و مرۆڤبوونی ده‌خه‌ن و ده‌یخه‌نه‌ بن باڵی خۆیانه‌وه‌. هه‌رچی که‌رکوکی ناو ئه‌و دوو حیزبه‌ هه‌یه‌، له‌ پیلانی دۆڕاندنی که‌رکوک و هه‌موو ئه‌و قه‌سابخانانه‌دا به‌شدارن که‌ له‌ که‌رکوک ئه‌نجام ده‌درێ. ئه‌وانه‌ له‌ ژنفرۆشتنی گه‌رمیانیشدا به‌شدارن.
به‌م سه‌رانه‌وه‌، قه‌ت پێویست ناکا عه‌ره‌بی شوێنه‌کانی تری عیراق بێنه‌ که‌رکوک چونکه‌ ته‌نها دوو عه‌ره‌ب ده‌توانن ببنه‌ حوشتره‌وانی هه‌موو کورد و ڕامانبده‌ن! ده‌توانن، چۆن سه‌رانی کورد یخ ده‌ده‌ن، یخمان بده‌ن. هه‌موو کوردی که‌رکوک و وه‌ک ڕانه‌مه‌ڕ ده‌باڕێنن! ئێمه‌ی که‌رکوکی، له‌ سای سه‌ری سیاسه‌تمه‌داره‌ بازرگانه‌کانه‌وه‌ له‌ مرۆڤایه‌تی که‌وتووینه‌ و بووینه‌ته‌ ئه‌و ژنه‌ له‌شفرۆشانه‌ی له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌کیاندا بایده‌ده‌ین و سوێند به‌ سه‌ری پوووتیان ده‌خۆین! ئێمه‌ی که‌رکوکی، له‌ هه‌موو هه‌ڕاجخانه‌یه‌کدا ئاڵووێرمان پێوه‌ ده‌کرێ. که‌چی بێده‌نگ و کز و ڕازین و هێنده‌ی گوێره‌که‌یه‌ک غیره‌تی بۆڕانندنمان نییه‌! من قێزم له‌ خۆمه‌. قێزم له‌ ڕابردوومه‌! قێزم له‌ هه‌ڵوێستی خۆم ده‌بێته‌وه‌! ئاخر به‌ به‌ر چاومه‌وه‌ ئه‌مانه‌ سه‌ددامیان ماچ کرد و هیچم نه‌کرد! ئێمه‌ که‌رکوکی ده‌سته‌مۆی بازرگانانی ژنه‌ کوردی گه‌رمیانین! ئێمه‌ی که‌رکوکی ئه‌وه‌نده‌ به‌ سه‌رماندا کێراوه‌ هه‌ر دوبێ وه‌ک تووتکه‌ سه‌گ به‌ دوای ئه‌م و ئه‌وه‌ بین! ئێمه‌ خۆمان ئه‌وه‌نده‌ پێ بچووکه‌، دۆمینه‌یان له‌ سه‌ر سینگ و مه‌مکی کیژه‌کانمان ده‌کرد، که‌چی هاوارمان ده‌کرد: وه‌رن قودس ڕزگار که‌ن! وه‌رن دڵی ڕزیو و بۆگه‌نبووکه‌ی کوردستان ده‌رباز که‌ن! ده‌بوو هاوار بکه‌ین: که‌ به‌ گاندانمان ده‌ده‌ن وه‌رن سه‌ریشمان بگرن!
من تف له‌ خۆم ده‌که‌م که‌ که‌رکوکییه‌کی کۆیله‌ی مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانیم. من نه‌فره‌ت له‌ خۆم ده‌که‌م خوێنم له‌ پێناوی ده‌روونی په‌ست و خیانه‌تکاری ئه‌واندا ڕژاوه‌! من هاشا له‌و شه‌هیدانه‌ش ده‌که‌م که‌ ئه‌وه‌نده‌ گێل بوون، به‌ درۆ و پیلانی ئه‌وان به‌ کوشت چوون!
ئێمه‌ نه‌ سه‌رۆکمان هه‌یه‌ و نه‌ به‌رۆک. نه‌ پێشمه‌رگه‌ پشتمانه‌ و نه‌ جاش. ئێمه‌ خه‌ڵکانێکین هه‌تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ ده‌کڕدرێین و ده‌فرۆشرێین. له‌ مه‌یدانی حه‌یواندا ده‌کڕدرێین و ده‌فرۆشرێین. نێره‌به‌رانی پێشره‌ومان به‌ره‌و قه‌سابخانه‌، که‌مال که‌رکوکی و عارف ته‌یفوور و ڕزگار عه‌لی و سه‌رۆکی مه‌مله‌که‌تی هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان، نه‌جمه‌ددین که‌ریمه‌... ده‌ڵاڵی فرۆشتنی شه‌ره‌فمان کاکه‌ڕه‌ش و نه‌جات حه‌سه‌ن و جه‌لال جه‌وهه‌ر و هه‌موو ئه‌وانی تری لق و مه‌ڵبه‌ندن که‌ ژماره‌ی لایه‌نگره‌کانیان به‌ عه‌ره‌بی ته‌عریب زیاد کرد و جێیان بۆ ته‌عریب خۆشتر کرد.
تا ئێستا نه‌متوانیوه‌ ئه‌م دوو حیزبه‌، ته‌نانه‌ت به‌رهه‌ڵستکاره‌کانیش، وه‌ک به‌عسییه‌کان ببینم. به‌ڵام ئێستا، دوای قه‌سابخانه‌کانی که‌رکوک به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم: خۆزگه‌ به‌عس نه‌ڕووخابا. خۆ له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا کوردی که‌رکوک غیره‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌بوو. خۆ ده‌یتوانی به‌ به‌عس بڵێ نا! خۆ کوردایه‌تیی کوردی که‌رکوک هه‌رگیز له‌ کزیی نه‌ده‌دا. به‌ڵام ئێستا، هه‌موو شتێکمان، خاک و شه‌ره‌ف و هه‌ڵوێست و کوردبوونمان به‌ پاره‌ به‌و دوو حیزبه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی فرۆشتووه‌!
کوردی که‌رکوک شێره‌ ته‌نه‌که‌ش نییه‌ چجای شێری زێڕ. که‌ هه‌ندێ به‌رپرسی که‌رکوکی له‌ ناو حیزبه‌کاندا ده‌بینم، شه‌رمه‌زارم که‌رکوکیم و شه‌رمه‌زارم ته‌نانه‌ت کوردیشم. ئه‌مانه‌ چ خۆفرۆشگه‌لێکن که‌ ئاوها بازرگانی به‌ خۆیان و خاکیانه‌وه‌ ده‌کرێ و خۆشیان ده‌ڵاڵی ئه‌و جامبازییه‌ن؟! ئه‌مانه‌ له‌ کام کارگه‌ی خیانه‌تکاری پێگه‌یشتوون که‌ بازرگانی به‌ نامووسی خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن؟!
به‌ داخه‌وه‌ بۆ کورکوک و که‌رکوکییه‌کان! به‌ داخه‌وه‌ بۆ خوێنی به‌ هه‌ده‌ردراوی خه‌ڵکی که‌رکوک. به‌ داخه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوێستی خه‌ڵکی که‌رکوک که‌ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوانه‌ بۆمبای پێدا بته‌قێته‌وه‌، که‌چی وه‌ک مه‌ڕی به‌ر ده‌ستی قه‌سابیش ناباڕێنێ!
ده‌مانه‌وێ چی ترمان پێ بکه‌ن تا ڕاچه‌نین! هیچ ماوه‌ پێمان نه‌کرێ؟! پێویسته‌ باش بزانین که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی ڕۆڵی مه‌یموونی ناو قه‌فه‌زی عیراق ده‌بینێ و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی کۆمه‌ڵێ کۆیله‌یه‌. ئه‌گه‌ر خۆی به‌ سه‌رۆک ده‌زانێ بۆچی بۆ خوێنی غه‌یری کورد ده‌شێوێ و لافاوی خوێنی کورد نایبزوێنێ؟ خۆ سه‌رۆکی بزنگه‌لیش بوایه‌ به‌ فه‌وتانی بزنێکی خه‌م دایده‌گرت! هاشا نه‌ سه‌رۆکه‌ و نه‌ مه‌رۆک. ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیای فرۆشتنی که‌رکوکه‌ و هیچی تر. ئه‌وانه‌ش له‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپاوه‌ دێنه‌ سه‌ردانی هه‌ر بۆ ئه‌و خێروبێره‌ دێن که‌ له‌ فرۆشتنی که‌رکوکدا ده‌ستیان ده‌که‌وێ. ئه‌وانه‌ بازرگانن!
به‌رانبه‌ر به‌ سیاسه‌تمه‌دارانی کورد من ده‌ڵێم: شه‌رمه‌زار بن! ڕووتان ڕه‌ش بێ! چیتان هێشت؟! ئێوه‌ شێرن به‌ڵام له‌ ته‌نه‌که‌ی ژه‌نگنی موخابه‌راتی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر دروست کراون و ناتوانن له‌ خه‌تی موخابه‌راتی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ لابده‌ن!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە