کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاگەیاندنێك و په‌یامێک له‌ ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادیەوە

Saturday, 26/03/2011, 12:00


ڕاگەیاندنێك لە ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادیەوە:
 جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان
 مەیدانەكانی ئازادی كوردستان
 دەزگاكانی ڕاگەیاندن 
 ئێمە وەك ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی دوای گفتوگۆ و ڕاوێژكردن لەگەڵ خێزان و بنەماڵەی شەهیدانی خۆپیشاندانەكانی كوردستان لەرۆژانی 17 ورۆژانی دواتردا، رایدەگەیەنین كە كاتژمێر 2 ى پاشنیوەڕۆ ڕۆژی 28ى ئازار دەكەینە "ڕۆژی ماتەمینی" بۆ شەهیدانی خۆپیشاندانەكانی كوردستان.
 لەم رۆژەدا خیزان و بنەماڵەی شەهیدان وتار  و وتەكانیان پیشكەش دەكەن و ئێمەش بەپێداگری  لەسەر خواستەكانی خۆپیشاندان كە ئەو شەهیدانە گیانیان لە پیناو بەختكرد ڕێز لە یادی ئەو شەهیدە ئازیزانەمان دەگرین و بەڵێن دوپات دەكەینەوە تا گرتن و بەدادگا گەیاندنی تاوانبارن و بردنە دەرەوەی مقەری چەكدار لەناوشارەكان و لابردنى ئابڵوقەى سەربازى سەر شارو شارۆچكەكانى كوردستان بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندانەكانمان.
 داوا لە هەموو جەماوەری كوردستان دەكەین لەم ڕۆژەدا بەشداری فراوان بكەن و جارێكی تر ئەو پەیامە جەماوەریە بەدەسەلاتداران بدەینەوە كە درێژە بەخەباتی شەهیدان دەدەین. بەشداریتان لەو رٍۆژەدا ماناى بەرز ڕاگرتنى گیانى پاكى شەهیدانە.
 ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی
 ‏26‏/03‏/2011
 ----------------------------------------------------------


پەیامێك لە جەماوەرى خۆپیشاندەرى كوردستانەوە بۆ هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆنى ناو پەرلەمان
سڵاوى ئازادی وخۆڕاگرى خۆپیشاندەرانى كوردستانتان لێبێت.....
لاى هەمووان ئاشكرایە كە زیاتر لە مانگێكە لەگەڵ ڕوداوە خوێناوییەكانى 17/ 2 و ڕۆژانى دوایى جەماوەرى كوردستان لە خۆپیشاندانى بەردەوامدایە و داواكارییەكانى پێشكەش بە دەسەڵاتەكانى هەرێمى كوردستان كردووە و تا ئێستا پەرلەمان وحكومەتى هەرێمى كوردستان و سەرۆكى كۆمار وەڵامەكانیان بۆ داواى خۆپیشاندەران لە ئاستى ووتارى پشتگیرى زیاتر نییە و تا ئێستا هیچ هەنگاوێكى عەمەلى نەنراوە بۆ لانى كەم جێبەجێكردنى داواكارییە هەنوكەییەكان، لێرەوە ئێمە دوپاتى دەكەینەوە كە دەسەڵات لە هەرێمى كوردستان شەرعیەتى یاسایى و نیشتمانى خۆى ئەو كاتە لەدەستدا كە هاوڵاتیانى لەسەر مافێكى سروشتى خۆیان كە خۆپیشاندانە دایە بەر دەستڕ ێژى گولە. ناكرێ وناشێت دەسەڵاتێك كە بەرپرسە لەخوێنڕشتنى هاوڵاتیان بە نوێنەرى شەرعى خەڵكى كوردستان دابنرێت، وە دڵنیایین كە هەموو مرۆڤێكى خاوەن ویژدان لە ئاست ئەو تاوانانەدا بێهەڵوێست نابێت. لێرەوە ئێمە لەم قۆناغە مێژوویە پڕبەرپرسیارێتیەدا بانگەوازى نیشتمانپەروەریتان ئاراستە دەكەین كە وەك چۆن تا ئێستا پشتیوانى داواكارى خۆپیشاندەرانتان كردووە ، بازنەى ئەم پشتگیرییەتان بە هێزتر و فراوانتر بكەن ئەویش بە:-
1-هەڵپەساردنى ئەندامێتیان لە پەرلەمانى كوردستان وە دەستلەكاركێشانەوەى هەموو ویژدان زیندوان كە هەر پۆست و وەزیفەیەكیان لەناو ئەم دەسەڵاتەدا هەیە.
2- ڕەتكردنەوەى هەر دانوستانێك لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا وەك هەڵوێستێكى نیشتمانى و مێژوویى بەرامبەر بێباكى دەسەڵات لەمەڕ ئەم دۆخە مێژوویەدا تا بەدیهێنانى داواكاریە هەنوكەییەكانى خۆپیشاندەران.
ئەمانەش وەك فشارێكى ڕاستەقینە لەپێناو ملكەچكردنى دەسەڵات بۆ جێبەجێكردنى لانى كەمى داواكارییەهەنوكەییەكان كە دیارترینیان:
1- دادگایكردنى تاوانبارانى كوشتن و برینداركردنى خۆپیشاندەران.
2- گواستنەوەى هێز و بارەگا حیزبیەكان بۆ دەرەوەى شارو شارۆچكەكان.
3- هەڵگرتنى ئابڵوقەى سەربازى و بارى نائاسایى سەر شار و شارۆچكەكانى كوردستان بەمەبەستى دەستەبەركردنى مافى ئازادى ڕادەربڕین وداواكردنى مافە ڕەواكانیان.
ئەم هەڵوێستە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە هاندەرێك دەبێت بۆ كەسانى ویژدان زیندووى نێو دەسەڵات كە ئەوانیش هەنگاوى عەمەلى هەڵبگرن بۆ داكۆكیكردن لە داخوازیەكانى شەقامى ناڕازى لە كوردستان.
ئەو كات ئەگەر دەستەڵات نەیەتە پاى جێبەجێكردنى ئەم داواكاریە هەنوكەییانە، ئەوا خەڵك ناچار دەبێت دروشمى بڕوخێ بەرزبكاتەوە، لەو كاتەشدا هەموو لایەنەێكى سیاسى لە بەردەم گەل و مێژو و یاسادا لێپرسراو دەبن بەرامبەر بەرئەنجامەكانى.

چاوەڕێى هیمەتى نیشتیمانیتانین

ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
62\3\2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە