گرێیەکی ونبوو لە شارێکدا ...
Monday, 03/11/2014, 12:00
ئەو شێتانەی لەسەر شەقامەکان خەڵکان بێتاقەتی خۆیان پێ بەسەردەبەن و گاڵتەیان پێ دەکەن، ڕۆژگارێك بوو دووچاری گرفت و ئاستەنگگەلێك بوونەوەو لە بێدەسەڵاتیاندا هەر خۆیان دەخواردەوە، ئەوەش دەیناسین و لە باوی کۆمەڵایەتیدا بە دڵسۆزو پشت و پەنایان لە قەڵەم دەدران، خۆیان و کێشەکانیان بە هێند وەرنەدەگرتن، تەنانەت هەر وەك مرۆڤێك تەماشایان نەکردن کە شایستەی بەزەیی پیا هاتنەوە بن، بەڵکو سوکایەتییان پێدەکرا و بە خودان کەسایەتی لاوازو بارگرانیی لێکدەرانەوەو تەماشا دەکران، چونکە خاوەنی مۆدیلی ماشێن تازە و ڤێللای کەشخەو پۆشاکی گرانبەهاو گزیرو ماستاوچی نەبوون و زەنگین و درۆزن و فشەچی نەبوون کە کەس ناپرسێت چۆن ئەو سامانانە بە دەستکەوتوون!
لەو شارەی ژیان لەسەر کێشەو زۆران و گاڵتەپێکردن و ئیرەیی و دوژمنایەتی و چاولێکەریی و قسەوقسەڵۆك بنیاتنراوە، گەر تەماشای ڕێبوارێك یان نامۆیەك بکەن سەدو هەشتا پلە دیوە تاریکەکانی کەسایەتی ژیانی بە بەردا دەدورن و بێ ئەوەی تەنانەت لەگەڵیشدا ئاخافتبن، وەك ئەوەی ناودڵیان هەڵکۆڵیبێت، لە ناخی خۆیاندا خراپترین و ناشرینترین کونیەی بۆ دەردەهێنن و ئەویش مەحکوم دەبێت بەو حوکمە پێشینە دڵڕەقانەیەو هێڵێکی راستو چەوتی بەسەردا دەهێنرێت و سەدان چەپەر بۆ ئەم وتانەش پەیدا دەبن، بێ ئەوەی ژیرمەندێك بڵێت کەمێك بووەستن و بەهایەك بۆ ویژدان دابنێن، بە خۆتان و لێکدانەوەکانتاندا بچنەوەو بەراوردی بکەن بە مەبەستەکانی ژیان و جوڵەی ئیجابی هەموو بوونەوەرانی دەوروبەرو ئەو مرۆڤە وشیارانەش لە دەرەوەی سنوورەکان شەو و ڕۆژیان تەرخان کردووە بۆ خزمەتی ژیان و مرۆڤایەتی و لە سەر بنەما زانستی و ئەزمونگەرییەکان گەشتوونەتە ئەو ئاستی تێگەشتنە لە مامەڵەی شایستە.
لە ژینگەیەکی ناتەندروستی ئاوهادا مرۆڤە بۆشەکان دەبنە دەمڕاست و خاوەن ڕێزو پلە و پایە و گوێ لە قسەکانیان دەگیرێت و کەسانی لەخۆبایی هەموو شتێکی تریان پێ کەمە و نەك جگە لە خۆیان دانی خێر بەکەسی تردا نایەنن ، بەڵکو خۆیان لەسەروو هەمووانەوە دەبینن و ئامادەن هەموو ناڕێپێدراوێك بۆ خۆیان بکەنە ڕێپێدراو و بۆ گەشتنە مەرامەکانی خۆیان هەموو شتێك دەکەنە پەیژە بۆ سەرکەوتن پیایدا، گەر لەسەر ئێسک و پورسکی هەست و بەرژەوەندی و کەسایەتی و بوون و مانای تۆش بێت، بۆ ئەم مەبەستە زۆر ماکیاڤیللیانە ئامادەن بەرزت بکەنەوە بۆ دوا ئاستی پیرۆزیی و بڵندی لە بواری تێۆریدا، بەڵام تەنیا بە ڕوو وەرچەرخاندنیان لە تۆ- زۆر دڵرەقانەو بە شێوەیەکی ئاساییانە نزمت دەکەنەوە بۆ سوکترین بەها کە بەمرۆڤ درابێت لە مێژووی ئادەمیزادا، تەنانەت ئەو شتانەی کە خۆشیان باوەڕیان نیە وا بێت، ئامادەن سوێندی لەسەر بخۆن و پێتەوە بلکێنن.
لە کۆمەڵگایەکی پڕ لە دووفاقیی، دوور لە چاوکردنەوە بۆ دنیای هاوچەرخ و نیگا بە ئاکارە جۆراوجۆرەکان و کۆمەڵگاپێشکەوتووەکان و ئاستی ژیاریی و جیهانگەرایی و تێگەشتن و بیرکردنەوەی لۆژیکی ئادەمیزاد... منداڵەکان زوو پیر دەبن و سەریان سپی دەبێت، دیوارەکان دەبنە گوێ بێ ئیشەکان، پرسەکان خێرا تەواو دەبن و ئازیزان زوو بیر دەچنەوە، هەڵهاتنی خۆر لە گزنگێکی زەردباوی هێمندا هیچ تامێکی نامێنێت، متمانەت بە دارتەلەکانی سەرشەقامیش نامێنێت و ئەترسیت لە چاوتروکانێکدا ببنە پاشقولێك و بتخەن بە زەویدا، مەخابن تەنانەت پێوەری هەڵسەنگاننی پەڕتووکەکانیش بۆ شێوەو ناو و دیزاینی دەرەوە دەبێت، رەسەنایەتی و داهێنان و جیاوازیی و بێلایەنیی دەبێتە بارێکی گران بەسەر شانی خاوەنەکەیەوەو کەس پولێکی پێ نادات، مرۆڤە بۆشەکان دەبنە پێوەردانەری ئەفراندن و ناوبانگ و بەهادان، ئێدی کوکوختیەکان زوویر دەبن و چیدی بەیانیان لەسەر گوێسوانی حەسارەکەمان نابینرێن و بە ئاوازی ککوککو خوێندن بە ئاگامان ناهێننەوە، هەموویان لە هەڕەشەو کاولکاریی وەحشیگەرانە سڵ دەکەنەوەو لەگەڵ پاسارییە سرکەکاندا دوور دوور لە مرۆڤ هەڵدێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست