سواره‌ی ئێسکۆرت چی بو ؟
Friday, 10/04/2009, 12:00
به ناوی کوردستانی گه‌وره
به ناشکوری بێ یا نه‌بێ ، گه‌لی کوردی بن ده‌ست بێگاری بۆ زۆر که‌س کردوه و هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێک هاتوه‌ته سه‌ر کار، به چه‌شنیك چه‌وساندویانه‌ته‌وه و به ویستی خۆیان گوشاریان خستوه‌ته سه‌ر - هێنژیک به ناوی پادشا بوون و سێبه‌ری خودا له سه‌ر زه‌وی ، هێندێک به ئامرازی خه‌رافی و فڵان و فیسار . بۆیه ماموه‌ستا ی گه‌وره و بزان ئه‌حمه‌دی خانی چه‌ند سه‌د ساڵ پێش وتویه‌تی " ئه‌گه‌ر کوردیش پادشایه‌کی ببوایه ، خودا تاج و ته‌ختێکی به‌و دابایه ، گه‌لی کورد وا کز و بن ده‌ست نه‌ده‌بو و هتد " .
یه‌کێک لهوکارهساتانهی که تا ئێستا که‌م تیشک خراوه‌ته سه‌ری و له نێو تارمایی و تهموتمان دا ماوه‌ته‌وه ، " سواره‌ی ئێسکۆرت" ه . سواره‌ی ئێسکۆرت ، له کاتی پادشایه‌تی قاجاره‌کان له ئێران، له گۆرێ دا بوه و چه‌شنه سهربازگیریهک بوه ، که ته‌نیا کوڕه ئاغا ، به‌گله‌ر و مرۆڤه ده‌سته‌ڵات داره‌کانیان بردوه بۆ ئه‌م خزمه‌ته بێگاریه ، نه‌ک وه‌ک سه‌ربازی شتێکی گشتی بێ .
پێویسته به‌مه ئاماژه بکه‌م ، له سه‌رده‌می قاجاره‌کانیش دا ، ئێران هه‌ر راوێژکاری فه‌ڕه‌نگی بوه ، که بۆ ماوه‌یه‌ک پوڕتهقاڵیه کان ، له ده‌رباری قاجار ئه‌م ئه‌رکه‌یان ئه‌نجام داوه و بوونه‌ته ده‌مڕاستی میری (ده‌سته‌ڵات) . ده‌ڵێن سواره‌ی ئێسکۆرت ، به راوێژکاری فهڕنگیهکان (با بڵێین پوڕتهقالیهکان) ، دامه‌زراوه و ئه‌م کاره دو ئامانجی سه‌ره‌کی خوراهوی تێدا بوه :
- ئه‌و کوڕ (یا پیاوانه‌ی) که بردویانن بۆ سواره‌ی ئێسکۆرت ، وه‌ک بارمته‌یه‌ک له ده‌رباری شا که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتوون ، تا میر و به‌گله‌ر و سه‌رۆک هۆزه‌کان له ئێران شۆرش نه‌که‌ن ، له ترسی ئه‌وه‌ی که‌سێکیان له تاران بارمته‌یه ، ئارام دابنیشن و دژی ده‌سته‌ڵات هه‌ڵ نه‌ستن! .
- به‌م کاره ، هێندێکیش دڵی میر و به‌گله‌ر وسه‌رۆک هۆزه‌کانیان خۆش کردوه ، که هه‌رچۆن بێ له دڵی خۆیان دا بڵێن ، گۆیا که‌سێکیان ها له ده‌رباری پادشا دا و له ده‌سته‌ڵات دا به‌شدارن ! .
بنه‌ماڵه‌ی قاجار ئه‌م کاره‌یان ته‌نیا له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌نجام نه‌داوه ، به‌ڵکه له زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که مه‌ترسی شۆڕش و هه‌ستانیان بوه ، ئه‌م کاره‌یان کردوه . بۆ وێنه له ناوچه‌ی خۆزستان ، له سیستان و بلووچستان و ئازربایجان و هتد . بۆ وێنه ده‌ڵێن له خۆزستان که‌سێکی شێخ ئهسغهل ، له سیستان و بلووچستان له بنه ماڵه‌ی ریگی و له ئازربایجان کوڕی سه‌رداری ماکۆ یان بردوه بۆ سواره‌ی ئێسکۆرت .
له ناوچه‌ی کورده‌واریش ئه‌م کاره‌یان بنه‌وه‌شت تر ئه‌نجام داوه و بۆ وێنه له ده‌ڤه‌ری بۆکان ، ئه‌م که‌سانه‌یان به زۆره‌ملێ بردوه :
- برایماغای قاره‌مانی کوڕی خاوه‌ن مڵکی گۆلێ ، له هۆزی دێبۆکری .
- عه‌زیز خانی کرمانج ، له هۆزی فه‌یزوڵڵابه‌گی .
- برایم خانی سه‌لاح (بابم) ، له هۆزی فه‌یزوڵڵا به‌گی .
چه‌ند که‌سی دیکه‌ش .
برایمی سه‌لاح(بابم) ده‌یگێڕاوه ،که ئه‌و کاته ئۆتۆمۆبیل نه‌بوه ، به سورای چاره‌وێ چوون بۆ تاران و نزیکه‌ی چل رۆژ به‌ڕێوه بوون . ده‌یوت ئه‌و کاته ، چون ئێمه سواره‌ی ئێسکۆرت بووین ، ده‌بو هه‌میشه له کۆشکی پادشای قاجار ، به ناوی کۆشکی ساحێبقهڕانیه ، له سهلتهنهتابادی ئێستا له تاران بین و هه‌ر کات ئه‌حمه‌د شا ده‌چو بۆ مه‌جلیس یا جێگه‌یه‌کی فه‌ڕمی ، ئه‌و سواری کالسکه ده‌بو و ئێمه‌ش به سواری ، وه‌ک " گارد " ، هه‌تا مه‌یدانی بهههرستان له‌گه‌ڵی ده‌چووین و ئێسکۆرتمان ده‌کرد . ته‌نانه‌ت وتی ، که ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌حمه‌د شای قاجار رۆیی بۆ فه‌ڕه‌نگستان و ئیدی نه‌گه‌ڕاوه، ئێمه‌ش وه‌ک ئێسکۆرت ، تا فڕگه(فڕۆکه‌خانه) ی "دهوشان ته‌په " له‌گه‌ڵی چووین . بابم گێڕایه‌وه ئه‌و کاته ره‌زا شا ، سه‌رداری سپه بو و ئه‌ویش هات بۆ به‌رێکردنی ئه‌حمه‌د شا . ئه‌حمه‌د شا پرسی " ره‌زا زخان ! ئه‌م فڕۆکه‌یه‌ت له کوێ په‌یدا کردوه ؟" . ره‌زاخان وه‌ڵامی داوه " خاوه‌ن شکۆ !به کرێمان گرتوه تۆ به‌رێ بۆ فه‌ڕه‌نگستان ، بۆ چاره سه‌ری نه‌خۆشیه‌که‌ت " ، به‌ڵام بابم نه‌یوت نه‌خۆشی ئه‌حمه‌د شا چی بو ؟ .
هه‌ر چۆن بێ ، ره‌نگه خۆتان بزانن ، ئه‌حمه‌د شا ئیدی نه‌گه‌ڕاوه و ره‌زا خانی میر په‌نج (ره‌زاشا) که ئه‌و کاته سه‌ردار سپه بو ، له رۆژی سێی ره‌شه‌مه‌ی 1299 ی هه‌تاوی دا ، کودێتای کرد ، بو به پادشا و بنه‌ماڵه قاجاری له پادشایه‌تی خست .
ده‌ڵێن قسه، قسه ده‌هێنێ : بابم کوتی " ئێمه که سواره‌ی ئێسکۆرتی ئه‌حمه‌د شا بوین و وه‌ک سه‌رباز به زۆر هێنابوومانیان ، ره‌زاشا فرمانی دا (ده‌نگیان له‌گه‌ڵ مه‌که‌ن و رێ‌یان بده‌ن هه‌رکه‌س ویستی بچێته‌وه بۆ وڵاتی خۆی).من له باتی هاتنه‌وه بۆ ماڵه‌وه ، چوومه فێرگه‌ی ئه‌فسه‌ری تاران (ئه‌و کاته ناوی ده‌بیرستانی نیزام بو) و له‌وێ وانه‌ی ئه‌فسه‌ریم ته‌واو کرد و چوومه سپای ئێرانه‌وه ، به‌ڵام چون به هۆی کورد بوون قه‌ت له‌گه‌ڵم باش نه‌بوون ، دووریان خستمه‌وه بۆ ناوچه‌ی سیستان و بلووچستان ، که زۆر گه‌رم ، هه‌ره دوور و قاقڕ بو . له پاشان که له جه‌نگی جیهانی دووهه‌م دا ، ده‌سته‌ڵاتی ئێران تێکچو و داری به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه نه‌ما ، بیستم له مه‌هاباد خه‌ریکه ده‌سته‌ڵاتێکی کوردی پێک دێ . بێ ئه‌وه‌ی به‌که‌س بڵێم و به فه‌ڕمی رێم پێ بده‌ن (ئیجازه‌م بده‌ن) ، له سپای ئێران هه‌ڵ هاتم و گه‌ڕامه‌وه بۆ مه‌هاباد و چون من له‌فێرگه‌ی تاران ، وانه‌ی ئه‌فسه‌ریم خوێندبو ، به پلله‌ی سه‌رهه‌نگی دامه‌زرام (له ده‌ورانی سه‌رۆک سمکۆش دا ، پێشمه‌رگه بووم و ده نه‌فه‌رم به‌ده‌ست بو) ، کاتێکیش نه‌مر کاپیتان م. نانه‌وا زاده له فڕۆکه خرا خواره‌وه و کۆچی دوایی کرد ، من چوومه جێگه‌ی ئه‌و و بوومه فه‌رمانده‌ی هێزی کۆماری دێمۆکڕاتیکی کوردستان له مه‌هاباد . به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌کانی دیکه‌ی کۆمار ، بێجگه له‌وانه‌ی له باشووره‌وه هاتبوون ، زوربه‌یان بێ ئه‌وه‌ی وانه‌ی ئه‌فسه‌ریان خوێندبێ ، ببوونه ئه‌فسه‌ر و ره‌نگه ئه‌مه به خاڵێکی زۆر نه‌رێی دابنرێ ! . به‌ڵام ، کۆمار چاره‌یه‌کی دیکه‌ی نه‌بو ، ئه‌و کاته ئه‌فسه‌ری کورد که وانه‌ی سپایی (نیزامی) خوێندبێ به ده‌گمه‌ن گیر ده‌که‌وت .
[email protected] تاران 19/1/ 2709
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست