بەیاننامەى ناڕەزایەتى (دەستەى بەدواداچوون و داكۆكیكردن لەمافەكانى خەڵكى بازیان) دواى بێبەڵێنى سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان
Wednesday, 27/07/2011, 12:00
بۆ ڕای گشتى:
دواى بەدواداچوون بۆ كێشە و كەموكوڕییەكانى هاولاتیانى بازیان و هەستكردنمان بە زەوتكردنى مافە سەرەتاییەكانى ژیانمان، 3مانگ پێش ئێستا و لە دوو یاداشتى جیادا داواكارییەكانى هاوڵاتیانى بازیانمان پاڵپشت بە كۆكردنەوەى چەند هەزار واژۆ گەیاندە (د.بەرهەم) سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان، ئەویش بەڵێنى بەدواداچوون و چارەسەركردنى كێشە و گیروگرفتەكانى خەڵكى ناوچەكەیدا بۆ ئەو مەبەستەش (بەهرۆز قەشانى) پارێزگارى سلێمانى ــى ڕاسپارد لەماوەى لە 10 ڕۆژ سەردانى ناوچەكە بكات و لەنزیكەوە ئاگادارى كێشە و كەموكوڕییەكان بێت، هەروەها بەڵێنیشدا لەنزیكترین دەرفەتدا خۆى بە تایبەتى سەردانى بازیان بكات.
بەڵام بەداخەوە دواى تێپەڕینى 3مانگ و چاوەڕوانییەكى زۆر، هێشتا هیچ هەنگاوێكى كردارى بۆ جێبەجێكردنى هیچ لە داواكارییەكانى هاوڵاتیانى ناوچەكە نەنراوە و هیچ كام لەو بەڵێنانەش كە لە ڕێگەى دەستەكەمانەوە بە خەڵكى ناوچەكە دران هەنگاو بۆ جێبەجێكردنیان نەنراوە.
بەڕێزان: دواى لێكۆڵینە و بەدواداچوون، بۆمان دەركەوتووە كە پەراوێزخراوترین و بێخزمەتترین ناوچەى هەرێمى كوردستانین بە لەبەرچاوگرتنى ژمارەى دانیشتووان و ڕووبەڕى جوگرافى و گرنگى پێگەى پیشەسازى و كشتوكاڵى و گەشتیارى ناوچەكە. بەجۆرێك ئەو خزمەتەى كە لە 3ساڵى ڕابوردوودا بە ناوچەكەمان كراوە هێندە بێبایەخن شیاوى باسكردن نین!.
ئەگەرچى لەهەموو ڕوویەكەوە شایستەى ئەوەبووین ناوچەكەمان لە ناحیەوە بكرێت بە قەزا بەڵام بەهۆى نەبوونى پاڵپشتێك لەناو سەركردایەتى حیزبە باڵادەستەكان، ئەو مافەمان لێ زەوتكراو درا بە چەند شوێنێكى تر كە لەڕووى شایستەییەوە زۆر لە دواى ناوچەكمانەوە بوون.
حكومەتى هەرێم و كەرتى تایبەت لەڕێگەى بنیاتنانى چەندین پڕۆژەى پیشەسازى زەبەلاحەوە كە بە هیچ شێوەك كردنەوەیان لەناوچەى نیشتەجێبووندا بەپێى پێوەر جیهانییەكان ڕێگەپێەدراو نییە چاویان لەماشینەوە و لوشدانى سامانى سرووشتى ناوچەكەیە بەبێ گوێدانە هیچ پێوەرێكى زانستى ژینگەیى و تەندرووستى و حسابكردن بۆ دواڕۆژى هاوڵاتیانى ناوچەكە كە سەرجەمیان لە قوربانیانى سیاسەتى ڕاگواستنى ڕژێمى بەعسى ڕووخاون، ئێستاش دەیانەویـَت ژیانى هاوڵاتیانى ناوچەكە بخەنە مەترسییەكەوە كە هیچى لە ئەنفال و چەكى كیمیایى كەمتر نییە.
بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە پشتگوێخستنى ناوچەكەمان بێ كاردانەوەى هاوڵاتیانى هۆشیار و گرووپەكانى فشار نابێت و لەئەگەرى وەڵامنەدانەوە و جێبەجێنەكردنى داواڕەواكانى هاوڵاتیانى ناوچەكە ناچاردەبین بیر لە شێواز و ڕێگەچارەى تر بكەینەوە.
بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونى، ئەمەش داواكارییە هەنووكەییەكانى خەڵكى بازیان ــە:
1.قیرتاوكردن و شۆستەكردنى سەرجەم كۆڵان و شەقامەكانى بازیان و بەردەقارەمان كە چەندینجار لەلایەن بەرپرسانەوە بەڵێن لەوبارەیەوە دراوە.
2.فشارخستنەسەر كارگە و كۆمپانیاكانى وەبەرهێنان لەناوچەكە بەمەبەستى پابەندبوونیان بە پێوەرە زانستییەكانى ژینگە و تەندرووستى و دابینكردنى پشكى هاوڵاتیانى ناوچەكە لەكاركردن لەو كارگە و كۆمپانیایانەدا، هەروەها قەدەغەكردنى كردنەوە و بنیاتنانى كارگەى تر كە زیانى هەیە بۆ ژیانى هاوڵاتیان و ژینگەى ناوچەكە.
3.هەڵگرتنى ئەو نادادپەروەرییەى كە چەندساڵە لە بودجەى هەرێمدا بەرامبەر خەڵكى ناوچەكە دەكرێت.
4.چارەسەركردنى كێشەى كارەبا و گۆڕین و تازەكردنەوەى هۆیەكانى گەیاندنى كارەبا، هەروەها لابردنى ئەو پڕۆژانەى كەرتى تایبەت كە كارەبا لەسەر بەشە كارەباى هاوڵاتیانى بازیان دەبەن.
5.كردنەوەى خانەیەكى داد یان فەرمانگەیەكى دادنووسى لە ناوچەكەدا.
6.تاپۆكردنى ئەو زەوییە نیشتەجێیانەى هاوڵاتیانى ناوچەكە كە تا ئێستا تاپۆ نەكراون بەتایبەتیش لەشارۆچكەى تەیناڵ.
7.چارەسەركردنى كێشەى ئەو زەوییانەى كە بەهۆى بڕیارە سەیر و سەمەرەكانى وەزارەتى دارایى و وەزارەتى شارەوانى ناتوانن سوودمەندبن لە وەرگتنى پێشینەى خانووبەرە.
دەستەى بەدواداچوون و داكۆكیكردن لەمافەكانى خەڵكى بازیان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست