کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راگەیاندن نامەی یەكەم "بایكۆتكردنی كۆرەك تیلیكۆم"

Tuesday, 29/03/2011, 12:00


جەماوەری ستەمدیدەی كوردستان ، شۆڕشگێڕانی دژ بە گەندەڵی و ناعەدالەتی .........
نزیكەی 40 رۆژە رۆڵە بەئەمەك و دڵسۆزەكانی ئەم وڵاتە لەتلەتەمان لە سەر شەقامەكانی سلێمانی و ناوچەكانی تر سرودی نا بۆ گەندەڵی و نادادپەروەری و دزی و بڕۆی حزبەكان بەیەك ریتم دەڵێنەەوە. نزیكە بەو ماوەیەش دەسەڵاتدارانی پارتی و یەكێتی شارەكانیان كردوە بە سەربازگەی هەمیشەیی و پڕیان كردوە لەو گەنجە چەكدار كراوە خێر لەخۆ نەدیوانەی وڵات كە هەموو ژیانیان بەخشیە شۆڕش و بەرهەمەكەشی تەنها بۆ دەستەیەكی بازرگانی چاوچنۆكی ئەو دوو حزبەیە، بەتایبەتی هەولێری پایتەخت و شارەكانی تری ژێر دەسەڵاتی پارتی "دیموكراتی" كوردستان كە تا ئەمڕۆش لە ژێر باری نائاسایی رانەگیێنراو تەنگە نەفەس بووە و هەموو دەرفەتێكی ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان بە شێوەی یاسایی و نا یاسایی هەتك كردوە.
ئێمەی گەنج و رۆشنبیرانی شاری هەولێر و شارۆچكەكانی تر كە بە شێوەیەكی كاتی فەیسبووكمان كردووە بە مەیدانی ئازادی هەولێری پایتەخت، رایدەگەیێنین كە وەك نارەزایی لە بەرامبەر ئەو ئابلوقە سەپاوەی سەر شاری هەولێر و ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی پارتی، لە رۆژی 31 ی ئازاردا كە دەكاتە ساڵیادی كۆچڕەوە ملیۆنیەكەی 1991 و سیمبوڵی رەتكردنەوەی دەسەڵات و حوكمی فاشیزمانەی بەعسە لە كوردستان، لە كاتژمێر 11:00 ی پێش نیوەڕۆ و بۆ ماوەی "3" سێ كاتژمێر هێڵەكانی كۆڕەك تیلیكۆم دادەخەین و بەكاری ناهێنین، داواش لە جەماوەری خۆشەویستی هەولێر و سەرجەم كوردستان دەكەین بەدەنگ بانگەوازەكەمانەوە بێن و بە داخستنی مۆبایلەكانیان بۆ هەر ماوەیەك كە دەتوانن نارەزایی خۆیان دەرببڕن و پشتگیری ئەم هەڵمەتی بایكۆتكردنە بكەن.
بەمەش پێكەوە پەیامێكی نارەزایی ئاراستەی دەسەڵاتەكانی هەرێم و پارتی دەكەین لە بەرامبەر بێدەنگ كردن و رێگریان لە ئازادی بیروڕا و مافی گردبوونەوە و خۆپیشاندان و سیخوڕیكردن بەسەر پەیوەندی تەلەفۆنیە تایبەتیەكانمان. هەروەها ئیرادەی خۆمان بەكاردەهێنین بۆ بڕینی بەشێكی ئەو پارانەی لە گیرفانەكانی ئێمەوە لەرێگای كۆڕەك تیلیكۆمەوە دەچێتە گیرفانی دەسەڵاتدارە باڵاكانی حزبی فەرمانڕەوا. راشیدەگەیێنین ئەمە سەرەتای دەستوەشاندنمانە لە بەرژەوەندیەئابووریەكانی حزب و كەسە دیارەكانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی ئەو دوو حزبە لە ناوە و دەرەوەی كوردستان. بەتایبەتی كە گومانێكی زۆر گەورە لەسەر ئەمنیەتی هێڵەكانی كۆڕەك تیلیكۆم هەیە وبەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە دوای هەبوونی دەنگی ناڕازی لە هەولێر و ناوچەكانی تری هەرێمی پارتی و ئەگەری خۆپیشاندان، چاودێری و سیخوڕی بەسەر پەیوەندیەكانمانەوە دەكرێت و ئەم پرۆسەیەش لە لایەن دەزگایەكی ئەمنی تایبەت بە پارتیەوە جێبەجێ دەكرێت.
هاونیشتیمانیانی دڵسۆز ....
ئەم شێوە خەباتەی رامانگەیاندووە، دەچێتە چوارچێوەی خەباتی ناتوندوتیژ كە لە زۆر وڵاتی دونیادا وەك پەیامی نارەزایی و سەرخستنی ئیرادەی گەل پەیڕەوی لێكراوە، جۆرێكیشە لە چالاكی رەمزی بۆ رەتكردنەوەی هەر شێوە زوڵمێك لەسەر چین و توێژە جیاوازەكانی وڵات.
ئەم تێكۆشانەمان راگەیاندوە و لەسەریشی بەردەوام دەبین تا هاتنەدی سەرجەم ئامانجە هەنووكەیی و هەمیشەییەكانی شۆڕشی سپی گەلەكەمان لە پێناو كوردستانێكی ئازاد و سەروەری بۆ یاسا و دادپەروەری و ئارامی بۆ گەلەكەمان. لە كاتی گوێ نەگرتنی سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و دەسەڵاتدارانی هەولێر بۆ داخوازیە رەواكانمان، سەقفی بایكۆتكردنەكەمان بۆ كۆڕەك تیلیكۆم بەرزتر دەكەینەوە تا دەگەینە بایكۆتی یەكجارەكی سەرجەم خزمەتگوزاریەكانی ئەم كۆمپانیایەی نزیك لە پارتی و سەرۆكی هەرێم و دوای ئەویش كۆمپانیا و بەرژەوەندیە ئابووریەكانی تری هەردوو حزب و بنەماڵە دەسترۆیشتوەكانی كوردستان دەكەینە ئامانج.
ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو ئازادی




لیژنەی بایكۆتكردنی بەرژەوەندیە ئابوریەكانی پارتی و یەكێتی
هەولێر 29 / ئازار / 2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە