شێوازی پێشوازی کردنی پزیشکان و زانایانی کورد له‌ کوردستان : زوڵمێکی بێ ڕه‌وای تر به‌رامبه‌ر پڕۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر شێخه‌

Saturday, 03/04/2010, 12:00


پاش ڕاپۆرته‌ پڕ سۆزه‌که‌ی دلێر سلیم، دانا قه‌شانی له‌ ژێر ناوی ئامانج ئه‌سعه‌د دا به‌ چه‌ند خاڵێکی ناڕاست و هیچ و پوچ هیستیریانه‌ که‌وتۆته‌ وێزه‌ی ڕاستیه‌کان و هه‌ر‌ وه‌کوئه‌وه‌ی زه‌وت کردنی ئه‌رکی شه‌ش حه‌وت ساڵی مه‌ردانه‌ی ئه‌نوه‌ر شێخه‌ و ده‌رپه‌ڕاندنی له‌ سه‌نته‌ری میدیا ی هه‌ولێرو ده‌ست به‌سه‌راگرتنی پرۆژه‌ی سه‌نته‌ری شێرپه‌نجه‌ی هه‌ولێر به‌س نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ نرخترین گه‌نجی پزیشکی کوردستان زویر و دڵشکاو بکات.
دانا قه‌شانی ده‌ڵێت"‌ ئه‌نوه‌ر شێخه‌ له‌ هیچ کاتێکدا په‌یوه‌ندی به‌ زانکۆی مسیسیپیه‌وه‌ نه‌بووه‌ و پله‌ی پرۆفیسۆری نیه‌ "! ماڵی ئینته‌رنێت ئاوا بێت ئه‌م جۆره‌ ناهه‌قی و درۆیانه‌ زوو ئاشکرا ده‌کات و گه‌ر قه‌شانی ئه‌و لینکانه‌ی خواره‌وه‌ بکاته‌وه‌ ده‌زانێت ئه‌نوه‌ر شێخه‌ پرۆفیسۆری ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌و بوو که‌ توانی یاداشتنامه‌ی لێک گه‌یشتن (مژکرە تفاهم) له‌ نێوان مسیسیپی و هه‌ولێردا دروست بکات و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌وه‌ هێنده‌ی هه‌موو دنیا که‌ڵک له‌و په‌یوه‌ندییه‌ وه‌ربگیرێت بۆ کوردستان، ئه‌گه‌ر هێشتا بڕوای نیه‌ با ته‌ماشای ئه‌م وێنه‌یه‌ بکات که‌ ئیمزای ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ده‌کات، یان ده‌توانێت پرسیار بکات کێ تاقیگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش (پێشمه‌رگه‌)ی بوژانۆته‌وه‌؟! ئه‌م بوختان و بێ ڕه‌واییه‌ به‌ ئاسانی پوچه‌ڵ ده‌کرێته‌وه‌ گه‌ر له‌ ئینته‌رنێتدا گوگڵی ناوی ئه‌نوه‌ر شێخه‌ بکرێت و ده‌ لاپه‌ڕه‌ بڕوانامه‌ و توێژینه‌وه و وه‌سف وه‌کو شانازیه‌ک بۆ هه‌موو کوردستان ببینرێت.
(پرۆفیسۆر شێخه له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی زانکۆی هه‌ولێر و سه‌رۆکی زانکۆی مسیسیپی‌ له‌ کاتی ئیمزاکردنی مژکره‌ی تفاهم له‌ نێوان مسیسیپی و هه‌ولێر)
ناهه‌قی دووهه‌‌م ئه‌وه‌یه‌ گوایه‌ سه‌نته‌ری میدیا و نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌که‌لی و ڕزگاری و هه‌موو شاری هه‌ولێر کۆتاییان به‌ گرێبه‌ستی ناوبراو هێناوه‌!؟
پرۆفیسۆرئه‌نوه‌ر شێخه گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێک نه‌بووه ‌و ئه‌وه‌ پتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ هاتۆته‌وه‌ با نه‌خۆشێک بێت بڵێت پاره‌ی لێ سه‌ندووه‌، هه‌فتانه‌ نێوان سلێمانی و هه‌ولێر ده‌کات و بێ وچان وانه‌ی تیۆری و پراکتیکی به خوێندکاران و قوتابیانی‌ کۆلێژی پزیشکی هه‌ولێرو ده‌یان قوتابی دکتۆرا و ماسته‌رو دبلۆمی باڵا ده‌ڵێت بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ی به‌نزینی ڕێگاکه‌ی بدرێته‌وه‌..ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ خزمه‌ت له‌ هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌‌ی خوێنی نانه‌که‌لی هه‌ولێر و نه‌خۆشخانه‌ی شێرپه‌نجه‌ی هیوای سلێمانی و بێ وچانیش نه‌خۆش له‌ هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستانه‌وه‌ ده‌بینێت بێ پاره‌ و به‌ زانیاری و ئه‌زموونی پرۆفیسۆرێکی خاوه‌ن هه‌شت بڕوانامه‌ی جیهانی و چل و چوار باشترین توێژینه‌وه‌ی زانستی‌ له‌ باشترین گۆڤاره‌کانی شێرپه‌نچه‌ و خوێنی جیهاندا.

ناهه‌قی سێهه‌م ئه‌وه‌یه‌ گوایه‌ ئه‌نوه‌ر شێخه له‌ یه‌مه‌ن زیاترله‌ هیچ شوێنێک ئیشی نه‌کردووه‌!! ئه‌نوه‌ر شێخه‌ پێنج ساڵ له‌ باشترین نه‌خۆشخانه‌ی له‌نده‌ن بوو وه‌ له‌ شاری سیاتڵ له‌ واشنتۆن له‌گه‌ڵ خاوه‌نی خه‌ڵاتی به‌ناوبانگی نۆبڵدا کاری کردووه‌و له‌ ئوسترالیاش تاقیکردنه‌وه‌ی کردووه‌ و یه‌که‌م نه‌شته‌رگه‌ری زه‌رعی مۆخی ئێسقانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌نجام داوه‌ و نزیکه‌ی سێ ساڵ عه‌وداڵی چاره‌سه‌رکردنی دایکی دانا قه‌شانی بوو که گیرۆده‌ی شێرپه‌نجه‌ی خوێن ببوو وه‌ له‌ له‌نده‌ن پێیان گوتبوو ته‌نها سێ مانگ ده‌ژی!!

چوارهه‌م خاڵ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌وڵدانی ‌ ئه‌نوه‌ر شێخه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ بونه‌ پرۆفیسۆر له‌ هه‌ولێر... ئه‌وه‌ی ئه‌و بیستویه‌تی که‌ زانکۆی هه‌ولێر ناتوانێت ئه‌و پله‌یه‌ به‌ هیچ که‌سێک ببه‌خشێت چونکه‌ به‌ پێی یاسای زانکۆی هه‌ولێر ئه‌م زانکۆیه‌ ناتوانێت‌ پله‌ی پرۆفیسۆریی بدات وه‌ ده‌بێت بهێنرێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ بوو پله‌ی پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر درایه‌ پرۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر شێخه‌ و ئه‌ویش ڕه‌خنه‌ی توندی لێ گرت و قبوڵی نه‌کرد..
پرۆفیسۆر دلاوه‌ر علاوالدین،وه‌زیری خوێندنی باڵا، هه‌مان گرفتی دێته‌ ڕوو وه‌ هه‌ردوو پرۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر شێخه‌ و دلاوه‌ر علاوالدین خاوه‌نی بڕوانامه‌‌ی جیهانی به‌رز و توێژینه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نن و شایانی گۆڕرانی یاسای زانکۆی هه‌ولێرن بۆ ئه‌وه‌ی زانایانی کورد ته‌ره‌ نه‌بن.
جێی خۆیه‌تی لێره‌دا هه‌ندێک باسی ئه‌و دکتۆر زریانه‌ بکه‌ین که‌ دانا قه‌شانی له‌ کوردستانپۆستدا تاوانباری کردووه‌ که‌ پشتی پرۆفیسۆر شێخه‌ی گرتووه‌ و ویستویه‌تی پله‌ی پرۆفیسۆری بداتێ!؟ دکتۆر زریان پێش بونه‌ وه‌زیری ته‌ندروستی پرۆفیسۆر شێخه‌ی نه‌ده‌ناسی به‌ڵام هێنده‌ متمانه‌ی به‌ زانست و زانیاری و شاره‌زایی و ئه‌زموونی پرۆفیسۆرشێخه‌ هه‌بوو هه‌میشه‌ ده‌یگوت (ئه‌نوه‌ر شێخه‌ بایبڵی گبه‌!) وه‌ک ئاشکراشه‌ وه‌زیری ته‌ندروستی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک په‌یوه‌ندی به پێدانی پله‌ی پرۆفیسۆریی نیه‌ چونکه‌ ئه‌وه‌ کاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵایه‌.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ ئه‌م ناکۆکیه‌ په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ نێوان پرۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر شێخه و حکومه‌تی هه‌رێم‌ وه‌کو دانا قه‌شانی باسی لێوه‌ ده‌کات..به‌ڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی له‌ دوا چاوپێکه‌وتنی پرۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر شێخه دا دڵنیای کردۆته‌وه‌ که‌ پاڵپشتی ده‌بێت و هه‌رگیز پشتی به‌رنادات..ئه‌م کێشه‌یه‌ هه‌تا ئێستاش له‌ دادگادایه‌‌ و گوناهه‌ ئه‌م ڕۆڵه‌ کورده‌ هه‌قی خۆی وه‌رنه‌گرێته‌وه‌ و وازی لێ نه‌هێنرێت خزمه‌تی کوردستان بکات.
پێش کۆتایی هێنانیش به‌م باسه‌ی که‌ ڕواڵه‌تی ژیان له‌ کوردستان نیشان ئه‌دات به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕۆڵه‌ دڵسۆزانه‌ی ده‌یانه‌وێت بێ به‌رامبه‌ر خزمه‌تی وڵاته‌که‌یان بکه‌ن،
ئێمه‌ ده‌ڵێین پرۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر شێخه زۆر به‌ دڵ و گیان هاته‌وه‌ بۆ کوردستان و خۆی یه‌کلا کرده‌وه‌ بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌ی و بۆ ته‌نها چرکه‌ ساتێکیش له‌م خزمه‌ته‌ درێغی نه‌کردووه،‌ شۆڕشێکی زانستی له‌ کوردستان وعێراقدا به‌رپا کردووه‌‌ به‌جۆرێک که‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌م شۆڕشه‌ شایانی خۆی بێت وه‌ پێویسته‌ وه‌ک سیمبوڵێکی زانستی ڕێزی لێ بنرێت و شایانی په‌یکه‌رێکه‌ له‌ ئاڵتون نه‌ک چه‌ند دێڕێکی بێ نرخ له‌ بوختان. بۆیه‌ ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌ دوور له‌ دکتۆر ئه‌نوه‌ر و بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاگای لێ بێت له‌ بابه‌تی داهاتوودا له‌ گه‌نده‌ڵییه‌کانی دانا قه‌شانی بدوێین به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌ زانکۆی کوردستانه‌وه و شێوه‌ی وه‌رگرتنی بیست و شه‌ش ملیۆن دۆلار ته‌نها له‌ یه‌ک حسابیدا وه‌ چۆنیه‌تی تاپۆکردنی هه‌موو که‌ره‌سته‌ی گه‌وره‌ترین سه‌نته‌ری پزیشکیی به‌ ناوی خۆیه‌وه‌!!!
‌ ‌‌
له‌ کۆتاییدا به‌ ناوی سه‌دان نه‌خۆش و ده‌رچووی دکتۆرا و ماسته‌ر و دبلۆمی باڵا و پزیشکی موقیمه‌وه‌ به‌ گیانی هه‌ست کردن به‌ به‌رپرسیارێتی ویژدانی و ئه‌خلاقی و پیشه‌ییمان بۆ ئه‌م زانا کورده‌ داوا ده‌که‌ین هه‌ق بۆ پرۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر شێخه بگێڕرێته‌وه‌ و نیازپاکی و له‌خۆبردویی و خزمه‌تی بێ به‌رامبه‌ری پرۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر شێخه نه‌گۆڕدرێته‌وه‌ بۆ کابرایه‌ک که‌ ته‌نها پاره‌ هه‌موو ژیانێتی.

تێبینی/ بۆ دڵنیابوون له‌ پله‌ی پرۆفیسۆریی ئه‌نوه‌ر شێخه له‌ زانکۆی مسیسیپی و‌بڕوانامه‌ و پێگه‌ و شوێنی کارکردنی ئه‌م پرۆفیسۆره‌ ئه‌توانن سه‌ردانی ناوی ئه‌نوه‌ر شێخه‌ بکه‌ن له‌ سایتی گوگڵدا یان سه‌ردانی ئه‌م لینکانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن :

www.umc.edu/bulletin/4_SOM06-07.pdf
See Page 69 for Anwar Sheikha M.D.,
Clinical Professor of Pathology

www.umc.edu/bulletin/2007-2008/Adm_and_Fac_07-08.pdf
See Page 310 for Anwar Sheikha MD (2004),
Clinical Professor of Pathology

www.umc.edu/bulletin/2007-2008/SOM_07-08.pdf
See Page 75 for Anwar Sheikha M
Clinical Professor of Pathology

www.umc.edu/bulletin/TitleTOC.pdf
See Page 94 for Anwar Sheikha MD),
Affiliate Professor of Pathology

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە