ئاینى ئیسلام بۆتە ئاینى پارتى و یەكێتى
Monday, 02/02/2009, 12:00
ئەمەوێت لە سەرەتادا بپرسم ئایین چۆن توانیویەتى دەسەڵاتى خۆى بسەپێنێ بەسەر دەسەڵاتەكانى تردا؟ چونكە ئایین مەعریفەیەكە هەمیشە لە بێ دەسەڵاتییەوە سەرى هەڵداوەو هەوڵى داوە خۆى بگەیەنێتە لوتكەى دەسەلات، چۆن لهوێشهوه بە تێپەڕبوونى زەمەن بۆته دەسەڵاتدارێكى سەرسەخت؟
لە ئێستادا كە گۆڕانكارییەكان تەنها گۆڕانكارییەكى دەستاودەستى كورسى دەسەڵاتە و بنەما جەوهەرى و بنەڕەتییەكەى خۆى لەدەستداوە و لە هەموو بیركردنەوەكان لە كاراكتەرو ئەوانەى ڕەوتى گۆڕینى سیستەم و پێكەوەگرێدانى ئایینێكى ئاسمانى بە سیاسەت توشى جۆرێك لە شۆكمان دەكات. كاتێك جۆرە هاوپەیمانییەكى لەم شێوە بێدەنگ و ئارامە لەنێوان دەسەڵاتێكى وەك دەسەڵاتى ئایینى و دەسەڵاتى سیاسى ڕوو دەدات، ئیدى هەردوو لایلایەى مانەوە بۆ یەكدى دەكەن و دەسەڵاتى سیاسى خۆى دەهاوێتە ناو ئایین و ئایینیش لەسەرجەم ڕوە لادان و توندوتیژیەكان پیاوانى ئایینى هیچ كات ڕووبەڕوى دادگا نابنەوە. لەم جۆرە سیستمە خەڵەتێنەرەدا هیچ بنەماو پێوەندێكى ئەخلاقى ئەوتۆ نامێنێتەوە تا دادگایەكى سەربەخۆو دادوەرێكى بوێر بخولقێت، دەبوو زانایانى ئایینى لەجێگەى ئیسلامى سیاسى ئیسلامێكى مەعریفیان بخولقاندایە گەر مەبەستى ئەوان چاكسازى و گۆڕینى ڕەوتە بەرەو ئیسلاح بوون، چونكو مەعریفە هەمیشە هەوڵى داوە بۆ دەستبەسەراگرتنى سروشت و ژیان و مرۆڤ تەنها لەڕێگەى مەعریفەوە پێگەى خۆى لەژیاندا قایم كردووەو هەر لەم پێگەیەشەوە گوزە رانى خۆى بەرەو ئاسودەیى بردووە كە میتۆدى ئەفسانەو میتۆدى میتافیزیكاو زانست و دواتر تەكنەلۆژیاش دێنێتە ئاراوە.
سیاسیەكان بۆ دەرچوون لە سەرجەم گیروگرفتە دەرونى و كۆمەڵایەتییەكان خۆیان بە عیلمانى دەناسێنن، بە پێەوانەوە ئیسلامیەكان ڕەوڕەوەى ئایینێكى خورافانە لە كۆمەڵگادا برەو پێ دەدەن، (مەبەستم لە ئاینى خورافى ئەو ئیسلامەیە كە خەڵكى سادەو ڕەش و ڕووت پێوەى كەلەپچەبوون نەك ئەوەى مەبەستى من تێكڕا ئیسلام ئایینێكى خوافى یە) بەم ڕوەشەوە زانین و تێگەیشتن چەمكێكى گرنگە و دەتوانرێت لێرەوە دەست پێبكرێت و بكرێتە هەنگاوى یەكەم بۆ گۆڕانكارى، گۆڕینى چەمكى خوایەتى، گۆڕینى چەمكى ئایین، گۆڕینى چەمكى سیاسەت و گۆڕینى چەمكى مرۆڤ. ئەمانە پرۆسەو هەنگاوگەلێكى باشن بۆ كەمكردنەوەى سیحرى پیاوانى ئایینى، چونكو لەئێستەدا پیاوانى ئایینى بە ئایین گەمژەمان دەكەن و سیاسەتمەدارانیش بە سیاسەت بەڕێمان دەكەن، كاتێك ئێمە دەستەمۆ بوین پێویستمان بە هۆشیاربوونەوەیەكى زۆر قوڵ هەیە تا بگەینە ڕزگاربوون، لەوانەیە وتارێك یان بیروباوەڕێكى تاكەكەسى كۆمەڵێك دەنگى دژ دروست بكات و دەنگى كۆ بگەیەنێتە ئاستى دیكتاتۆرى، بە خوڵقاندنى ئەم كۆ دەنگە ئیتر دەنگى (تاك) كپ دەبێت تا ئەو ئاستەى دەنگى تاك وەك (تاكێكى كۆمەڵ) دەخنكێت، لەم كاتەشدا دەسەڵاتى سیاسى بۆ ئەوەى زیاتر تواناى مومارەسەكردنى دەسەڵاتەكەى خۆى هەبێت سود لەم لاوازییەى (تاك) دەبینێت، چونكە (تاك) دەورێكى باڵاو كاریگەرى هەیە لە مانەوەى دەسەڵات یاخود لاوازبوون و زۆرجار بەرەو دارمان.
ئەم بۆچونەى سەرەوە ئەوە دەگەیەنێت لەنێوان ئایین و سیاسەت كارلێكێكى گرنگ هەیە و هەمیشە بەیەكدى خۆیان زێدە پتەوتر دەكەن و تادێ مرۆڤەكان زیاتر گیرۆدە دەبن لەژێر سانسۆرى ئەو دوو چەمكەو هەمیشە بەدەستیانەوە دەناڵێنن، و ئەم بۆچوونە ئەوە ناگەیەنێ سەرلەبنى ئەو ئایینە كەڵكى نەماوەو دەبێ بیگۆڕین، چونكە دابڕانى ئەو دوو توخمە لە یەكدى تابێت بەرەو ئاقارێكى فكرى مەعریفى جدیمان دەبات و دەنگى (تاك) وەك دەنگێكى بوێر دەمێنێتەوە و كورسى دەسەڵاتیش پشتاوپشت و كوڕاوكوڕى پێ ناكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست