وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوان پەیمانی چارەسەركردنی كێشەكە دەدات
Sunday, 22/11/2009, 12:00
براى پێنچ پێشمەرگەی شەهید: داواكارین جیاكارى لە نێوان شەهیداندا نەكرێت
ئەندامێكى كەمپینى داكۆكیكردن لە خانەوادەى شەهیدانى حزبى شیوعى:تاكو ژیانو گوزەرانو تەواوى مافى خانەوادەى شەهیدان چارەسەر نەكرێو فەراهەم نەبێ كەمپینەكەمان درێژەى دەبێ
بەدواداچوون :
كەمپینى داكۆكیكردن لە مافى خانەوادەى شەهیدانى حزبى شیوعى, وێڕاى دەركردنو بڵاوكردنەوەى یادداشتنامەیەك, ئاراستەى سەرۆكایەتى هەرێمو پەرلەمان حكومەت كراوە تیایدا ئاماژە بەبێ مافىو جیاكارى زەق كراوە لە هەمانكاتدا ناهەقىو ستەم بەو خانەوادانە كراوە بە بەراورد لەگەلأ خانەوادەى شەهیدانى (پارتىو یەكێتى) لەو سۆنگەیەوە رایانگەیاند چیتر بێ دەنگ نابن تا شەهیدەكانى ئەوانیش وەك ئەوان سەیر نەكرێن, بەدواى ئەوەدا وەزیرى شەهیدانو ئەنفالكراوەكان د.مەجید حەمەد ئەمین داواى لێكردن هەڵسوڕاوانى كەمپینەكە سەردانى بكەن لە نزیكەوە گفتوگۆ لەسەر ئەو مەسەلەیە بكرێت, (لاوە عەبدوڵڵا) كەسێكى كاراى كەمپینەكەیەو بۆ داكۆكیكردن لە نایەكسانىو بێ مافى خانەوادەى شەهیدانى حزبى شیوعى گەرچى ئەو نیشتەجێى وڵاتى نەرویجە, بەڵام ئێستا هاتۆتەوە كوردستانو پێشمەرگەیەكى دێرینى حزبى شیوعییەو لە ساڵانى 1984ەوە سێ جار برینداربووە سەبارەت بە دامەزراندنو ئامانجو بیرۆكەى كەمپینەكە وتى: ئەم كەمپینە دوو هەفتە دەبێ دەستمانداوەتێ گەرچى بیرۆكەى دروستبوونى لەمێژە هەیە بۆ داكۆكیكردن لەبێ مافى خانەوادەى شەهیدانى حزبى شیوعى, ئەو دەستپێشخەرییەش دەگەڕێنمەوە بۆ خودى خانەوادەى شەهیدان, بەتایبەت بنەماڵەى شەهیدان, كۆچەرو سەفەرو دكتۆر عادل... شەهیدانى دیكە منیش بە حوكمى ئەوەى پێشمەرگەیەكى دێرینو هاوڕێى دێرینى ئەو شەهیدانەم پێشووتریش ئاگادارى ئەو بیرۆكەیە بووم ئەمەش لە ئەنجامى نایەكسانىو بێبەشى خانەوادەى شەهیدانى حزبى شیوعییەوە سەریهەڵدا.
هەروەها رزگار كۆچەریش كە باوكى ساڵى 1985 لە نێو شارى هەولێر لە رووبەڕبووبوونەوەیەكى بێ وێنەدا شەهید بوو لەگەلأ ئەوەشدا دوو كوڕە مامىو دوو پورزاو كوڕە ئامۆزایەكى شەهیدى حزبى شیوعین, كەسێكى كاراو بەرچاوى كەمپینەكەیە وتى: ئەم بیرۆكەیە منو سامان شەهید سەفەرو شڤانو كوڕى شەهید د.عادل سەلیمو هاوڕێ لاوە قەرەچوغییەوە كە پێشمەرگەیەكى دێرینى حزبى شیوعییە سەریهەڵداوە, ئەو بیرۆكەیە هیچ پەیوەندییەكى بە حزبى شیوعییەوە نییە, ئێمە وەكو خانەوادەى شەهیدان هەرسێكمان كوڕى سێ كەسایەتى ناسراوو تێكۆشەرى شەهیدى شیوعیین بەتایبەت لە شارى هەولێر كاروچالاكییان زۆربوو كاتى خۆىو ئێستاش هەستمان كرد جیاوازییەكى زۆر زەق لە بنەماڵەى شەهیدانى حزبى شیوعى هەیە, چەندین بنەماڵەى شەهیدى شیوعیمان بینى كە لەوپەڕى خراپییدا دەژیان, لەولاشەوە شەهیدانى هەردوو پارتى سەر بە دەسەڵات ژیانێكى باشیان بۆ فەراهەم كراوە, هەر لە مەسەلەى خوێندنەوە بگرە تا دەگاتە مەسەلەى دابینكردنى خانوو شوققەو زەوىو مووچەى باشو كۆمەڵێك ئیمتیازاتى تر, پاشان سەبارەت بە داواكارى كەمپینەكەیان هاوڕێ لاوە وتى: داواى ئەم كەمپینە ئەوەیە چیتر شەهیدانى حزبى شیوعى پلە دوو نەبن وەكو شەهیدانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێو چى بۆ خانەوادەو شەهیدەكانى خۆیان كراوە بە هەمان شێوە بۆ شەهیدانى حزبى شیوعىو لایەنەكانى دیكە بكرێ ئەویش وەكو (مووچەى باش, زەماڵەى خوێندن بۆ منداڵەكانیان, شوققەو خانوویان بۆ دابین بكرێت, دامەزراندنى كەسو كارەكانیان لە دەزگا فەرمییەكان, وەرگرتنى منداڵەكانیان لە قوتابخانە نموونەییەكان... تد) وەنابێ بێ بەشبن لەو مەسەلانە چونكە پێمان وایە شەهیدانى حزبى شیوعى وەكو شەهیدانى پارتىو یەكێتى لە سەنگەرى بەرەنگاربوونەوە گیانى خۆیان بەختكردووەو هیچ جیاوازییەكیان نییە, هەروەها رزگار كۆچەریش پێى وایە لەو بارەیەوە كەمپینەكەیان داوا دەكات شەهیدانى حزبى شیوعى چیتر پلە دوو نەبن وتى: پێمان باشە شەهیدانى كوردستان ئەوانەى خوێنى خۆیان بەخشیوە بە ئازادى كوردستان بەتایبەت شەهیدەكان بەیەك چاو سەیر بكرێن لە مافو ئیمتیازاتو بەبێ جیاوازى, دواتر لەبارەى ئەوەى هەفتەى رابردوو سەردانى وەزیرى شەهیدانتان كرد هەڵوێستیان چی بوو لەو بارەیەوە چى پێ راگەیاندن كە مایەى دڵخۆشى بێ؟ لاوە لەو بارەیەوە وتى: دەستخۆشى لێكردینو لە هەمانكاتدا نیگەرانىو ئامادەیى نیشاندا لەو بارەیەوە بەڵێنى پێداین بە جددى بەدواداچوون لەو مەسەلەیە بكات, جەختى لەوەش كردەوە نابێ جیاكارى لەنێوان شەهیدانى هیچ حزبو لایەنێك بكرێ, هەروەها لەو بارەیەوە رزگاری شەهید كۆچەریش بە گەرمو گوڕییەوە وتى: دەمەوێ زۆر سوپاسى د.مەجید وەزیرى شەهیدان بكەم كە بەڕاستى لەو بڕوایەدا نەبووم بەو شێوەیە پێشوازیمان لێ بكا چونكە خۆى ئاماژەى بۆ ئەو یاداشتنامەیە كرد كە لەو 35 ناوەى شەهیدانى تێدابوو وتى: گوناهە هەندێكیان شەهیدى ئاسایى بنو هەروەها وەزیرى وتى: هەقە لەم شارە قوتابخانەو شەقامو شوێنى گشتى شیاویان بەناو بكرێو پاشان وتى: بەداخەوە ئەو چەند چەند ساڵە بەو شێوەیە سەیرى ئەم خانەوادانە كراوە هەر بۆیە وتى: هەوڵدەدەمو دڵنیاتان دەكەم لە ئایندەیەكى نزیكدا چارەسەرى ئەو كێشانە دەكەمو داكۆكى لە داواكاریەكانتان دەكەنو خۆمیش پێش هەموو كەس ئەڵێم با جیاوازى لە نێوان شەهیدان نەكرێ, دواتر لە بارەى ئەوەى ئایا كەمپینەكەتان سەردانى لیژنەى شەهیدانى پەرلەمان ناكەن؟ هاوڕٍێ لاوە لەو بارەیەوە وتى: كەمپینەكەمان بەرەوپێش دەچێ دەبێ ئەو پەیامە بگەیەنینە هەموو شوێنێك تاكو ئەو مەسەلەیە بە زووترین كات چارەسەر بكرێ بەنیازین لە نزیكترین كاتدا سەردانى پەرلەمانیش دەكەین, هەوڵدەدەین یاداشتنامەكە بگەیەنینە جێگاى خۆى چونكە بەرنامەى دیكەمان هەبوو, بەڵام بەهۆى ئەوەى وەزیر دڵخۆشى كردینو بەڵێنى چارەسەرى پێداین بەو هۆیەوە هەندێ لە بەرنامەى كارەكانمان راگرتووە, بەڵام كەمپین بەردەوامە لە كارى خۆى تا دەگاتە ئەو ئاستەى هەموو مافەكانى شەهیدانى حزبى شیوعى بەدەست دێت هەر لەو بارەیەوە رزگار كۆچەر وتى: كەمپینەكەمان كۆتایى پێ نەهاتووە لەو رۆژەوەى رامانگەیاندووە لیستەكە بەناوى 35 شەهید بووە كەچى پاش بڵاوكردنەوەمان لە سایتە ئالكیترۆنییەكان, رۆژ دواى رۆژ لە زیادبووندایەو رەنگبێ لە ئایندەیەكى نزیكدا سەردانى پەرلەمانو سەرۆكى پەرلەمانیش دەكەین, دواتر لە بارەى ئەوەى ئایا هیچ حزبو گروپو ناوەندو لایەنێك بە حزبى شیوعیشەوە بەشدارىو پشتیوانى ئێوەیان كردووە, هاوڕێ لاوە قەرەچوغى وتى: وەك حزب, حزب بەشدارى تیانەكردووە, بەڵام حزبى شیوعى كوردستان پشتیوانیمان لێدەكات, هەروەك ئاماژەم بۆ كرد ئەم بیرۆكەیە هى كەسو كارى شەهیدان بووەو منیش وەكو ئەندامێكى حزب بەشدارم ئەویش لەسەر داواى حزب نەبووە, خۆم بەشداریم كردووە هەروەها لەبارەى ئەوەى ئایا بەنیازنین لە ئایندەدا ئەم كەمپینە ببێتە ناوەندێك بۆ داكۆكیكردن لە بێ مافى بۆ زیندانیانى سیاسىو كۆمەڵە پێشمەرگە دێرینەكان؟ لاوە وتى: دەمانەوێت بەو ئاراستەیە بیبەینو گەشە بكاتو ببێتە كەمپینى پێشمەرگە دێرینەكانى حزبى شیوعى وەهى لایەنەكانى دیكەش كە مافیان زەوتكراوە هەروەها بەنیازین وا گەشە بكات تەنانەت لەنێو دامو دەزگا حكومییەكانیش دیاردەى تەزكییەى حزبى نەمێنێ كە هیچ جۆرە جیاكارییەك نەمێنێ دەرهەق بەو خەڵكە خەباتگێڕانەى حزبو لایەنە سیاسییەكان, پاشان رزگار كۆچەریش وتى: رەنگبێ لە ئایندەدا ناوى كەمپینەكە بگۆڕدرێو ببێتە ناوەندێك بۆ داكۆكیكردن لە زیندانیانى سیاسىو پێشمەرگە دێرینەكان كە ئەوانیش جیاوازیان دەرهەق كراوە لە كۆتاییدا لەبارەى ئەوەى ئایا پێت وایە مەسەلەكە لاى حزبى شیوعییەوە بێ یاخود دەسەڵات لەو مەسەلەیە بەرپرسە؟ لاوە وتى: پێم وانییە ئەو جیاكارییە لەو لیستەى حزب پێشكەش كردووە لاى حزبەوە بێ, بەڵكو ئەوەى ئێمە باسى لێوە دەكەین شەهیدانى حزبى شیوعى بەشێوەیەكى گشتى جیاوازییان پێكراوە لەگەلأ شەهیدانى پارتىو یەكێتى, هەروەها رزگار كۆچەریش پێى وابوو حزب لە پاش راپەڕینەوە دەیتوانى پێش ئەوەى بەشدارى لەهەر دەسەڵاتێكى حوكمدارێتى كوردستاندا كرد, پێشینە داواى باشتركردنى بارودۆخى خانەوادەى شەهیدانو ژیانى پێشمەرگەی دێرینو زیندانییە سیاسییەكانى بكردایە, دواتر رزگار زۆر بە حەماسەتەوە جەختى كردەوە وتى: ئەم كەمپینە بەردەوام دەبێ بۆ داكۆكیكردن لە تەواوى بە یەكسانیكردنى مافى خەڵكانى زیندانیانى سیاسىو پێشمەرگە دێرینەكانى تەواوى حزبو لایەنە سیاسییەكان كە لە مافدا نایەكسانیان دەرهەقكراوە.
هەروەها لەلایەكى دیكەوە كوڕە شەهیدى حزبى شیوعى كوردستان (سەنگەر عەبدولرەحمان حاجى) كە خاوەنى چوار شەهیدە لەوانە باوكىو مامى كە بە مەلا نەفتە ناسراون بەو بۆنەیەوە پشتیوانى لەو كەمپینە دەربڕى وتى: داواكارم جیاكارى لە بەشە مافى شەهیدانەیان نەكرێ بەتایبەت شەهیدانى شیوعى چونكە لەسەردەمێكدا لە بەرەنگاربوونەوەى سیستەمى بەعسدا گیانى خۆیان بەختكردووە, سەنگەر بەشێوەیەكى وا باسى لە تەنگەژەو موعاناتى ژیانى ئەو خانەوادانە كرد كە ئێستا بە مووچەیەكى زۆر كەم خانەنشین كراون هیچ ئیمتیازێكیان پێ نەدراوە, داواكاربوو چیتر شەهیدانى حزبى شیوعىو لایەنە سیاسییەكانى دیكە بە پلە دووو سێ ئەژمار نەكرێنو لە تەواوى مافو ئیمتیازات بێبەش نەكرێن هەروەها دواتر هاوڕێ محەمەد رەحمان كە ئەویش خاوەنى چوار براو بڕازایەكو ئامۆزایەكە كە سەرجەمیان شەهیدى ئەو رێبازەنو لە داستانە مەزنو بێ وێنەكاندا گیانیان بەخت كردووە وتى: وەكو بنەماڵەیەكى كە زیاتر لە 70 ساڵە لە شارى هەولێرین لە ساڵى 1988 برایەكم شەهید بوو دواتر چوار براو ئامۆزایەكم شەهید كرانو ئێستا شەهیدانى ئێمە وەكو شەهیدانى پارتىو یەكێتى نییە لە مافو بژێوى مالأو منداڵیان, هەروەها بە هەنسكو فرمێسك رشتنەوە هاوڕێ محەمەد وتى: كە برا گەورەكەم شەهید بوو خاوەنى دە سەر خێزان بوو, بە سواڵكردن منداڵەكانیانمان گەورەكرد, تا ئێستا سەرو پارچە زەوییان پێ بەخشراوە لەبەربێ تواناییان پێیان نەكراوە بە بینا دوو بنەماڵەمان لە كرێچییەتیدا دەژینو بەشبەحاڵى خۆم براى پێنج شەهیدم بە پلەى پۆلیس دامەزراوم ئەمە كەى رەوایە؟ هەر لە شۆڕشى ئەیلولەوە تاكو ئێستا بێ پچڕان پەنجا سالأَە خەبات دەكەین كەچى جیاكارى بە مافى شەهیدەكانمان كراوە باشە بۆ؟
لە كۆتاییدا وتى: داواكارین بە هیچ جۆرێك جیاكارى لە نێوان شەهیدانى رێگاى ئازادى كوردستاندا نەكرێت لە مافو ئیمتیازدا چونكە شەهید بوون دوا ترۆپكەى قوربانیدانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست