گروپی گەنج بۆ شانۆ گواستراوەتەوە بۆ چێشتخانەى لادێ
Wednesday, 28/04/2010, 12:00
سەرۆكى گروپی گەنج بۆ شانۆ ئێستا هەموو ئێواران لە چێشتخانەى لادێیەو لەجیاتى ئیش و كارى هونەرى خەریكى نیسكافە خواردنەوەو چاى تاڵە لەگەڵ قسەى خۆش و نەستەق، ئەندامەكانیشی لە بارەگاى گروپ خەریكى نێرگەلە كێشانن، كەچی كە كار دەگاتە سەر تەختەى شانۆ و چاوپێكەوتن و راگەیاندنەكان ئەمان گروپێكى ئەكادیمى و پرۆفیشناڵن، دەمەوێ بپرسم گروپێ خەریكى نێرگەلەكێشان و چا خواردنەوە بێت دەتوانێت چ داهاتوویەكى لێ چاوەڕوان بكەین یان بە شێوەیەكى دیكە ئایا دەتوانین ئەم ناوە گەورەیەى پێ ببەخشین، لەهەمان كاتدا بودجەى مانگانەى ئەم گروپە "3 ملیۆن" دینارە، كەچی نە ئەندامانى دەستەى كارگێڕی دینارێ وەردەگرن و لە سەرماى ئەم زستانە ئەندامەكان لەماڵی خۆیان نەوتیان بۆ زۆپاى گروپ دەهێنا، كرێی بارەگاى گروپی گەنج بۆ شانۆ تەنها یەك ملیۆن دینارە، دەكرێ بپرسین دوو ملیۆن دینارەكەى تر دەچێتە گیرفانى كێ، لەكاتێكدا ئەم گروپە جگە لە مەسرەفی شەكر و چا هیچ شتێكى تر دیار نییە، دەشڵێن گروپ قەرزارە، لە كاتێكدا ئەوان لە كارەكانیان رەخنە لە دەسەڵات دەگرن و دەڵێن ئەم كۆمەڵگایە سەقەتەو دەسەڵاتیش گەندەڵە، بەلاى منەوە هەركەسێك خۆی هەڵەبێ و باسی هەڵەى خەڵكى بكات ئەوا ئەو گەندەڵترین كەسی ئەم كۆمەڵگایەیە، چونكە ئەوان لەناو 30 كەسدا غەدر لەیەكترى دەكەن و مافی یەكتر دەخۆن، ئەى دەسەڵات لەناو كۆمەڵگایەكى چەند ملیۆن كەسیدا چ بكات.
لە لایەكى دیكەوە لە هەڵبژاردنى سەرۆك گروپ و ئەندامانى دەستەى كارگێڕی گروپ، خودى سەرۆك گروپ كۆمەڵێ لە ئەندامەكانى راسپارد كە ئەو كەسانە هەڵبژێرن كەجێی رەزامەندى ئەون و دەنگ بدەن بەوان، روونیشە ئەگەر ئەوان ئەو كارە نەكەن ئەوا دەبێت لەپشت ئەو پەردە رەشەدا بڕزێن و سەرتەختەى شانۆ نەبینن، كەواتە من دەمەوێ بزانم كێ گەندەڵە؟ دەسەڵات یان گەنج بۆ شانۆ؟ كۆمەڵگا یان ئەم گروپە ئەكادیمى و پرۆفیشناڵە؟
گومانى تێدا نییە هەندێ لە ئەندامانى ئەم گروپە گەنجى هونەرمەند و چالاكن، بەڵام بەنوێژی نیوەڕۆ پاداشتى "مكافئە"ى ئیشەكانیان لف دەكرێ و بەكۆمەڵێ قسەى بریقەدار هەڵیان دەخەڵەتێنن و پێیان دەڵێن لە داهاتوودا تۆڵەتان بۆ دەكەینەوە، كەسێ نییە لێپیچینەوە لەم كارە نا شایستانە بكات، ئایا خەڵكى دەزانن كە ئەم گروپە سەردانى دەرەوەى وڵاتیان كرد؟ دوو ئەندامیان مانیان گرت و وتیان تا نەچینە ماڵی براكەمان ناگەڕێینەوە كوردستان، بۆیە تێكتى تەیارەكەیان بەسەرچوو، كۆمەڵێ پارەى زۆریان بەهەدەر دا، لەپێناو گەشت و حەزى خۆیان سەرفیان كرد، لێرەش ئەندامەكانى تر بۆ گیرفانى خۆیان ئاخیان هەڵدەكێشا، ئەو دوو ئەندامە كە گەیشتنەوە كوردستان داواى "1000" دۆلار گرێبەستیان دەكرد.
لە نووسینى ئەم بابەتەدا دەمەوێ حەقیقەتى ئەم بارەگایە روون بكەمەوەو بزانم راستى و حەقیقەت لەكوێدا ونە، لە كاتێكدا ئەم شوێنە بە شوێنى رۆشنبیران و زمانى خەڵك دەناسرێ، من بەو كەسانە دەڵێم كە رۆژێ چەپڵەیان بۆ كارى ئەم گروپە لێداوە ئەوە ئەوان بەهەڵەدا چوونە، هیوادارم هەڵسانە سەرپێی ئەوان بۆ ئەو كۆمەڵە گەنجە ماندووە بەش خوراوانە بێت، نەك بۆ ئەو كەسانەى خۆیان گەندەڵن و باسی گەندەڵی دەكەن، چونكە ئەوەیە حەقیقەتى ئەو كەسانەى بەناوى هونەرەوە غەدر لە كۆمەڵێ گەنجى هەست ناسك و بەتوانا دەكەن و لەمەش زۆر خراپتر، هەموو ئەو ناعەدالەتیانە وایانكرد دەستلكاركێشانەوەى خۆم لەو گروپە رابگەیەنم.
* ئەندامى پێشووى گەنج بۆ شانۆ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست