کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان لەچیدا بكەین؟

Monday, 13/07/2009, 12:00


ئەوەى جێگاى بۆ هیچ گومانێك نەهێشتۆتەوە ئەوەیە كە جەستەى حكومەت جەستەیەكى نەخۆشو هیلاكە كەبەردەوام ڤایرۆسی حزب لەم جەستەیەدا تەراتێنێتى و لەگشت جوڵەو هەنگاوێكیشیدا پەكى خستووەو لەجێدا خستوویەتى كەزۆر شوێنى ئەم جەستەیەشی توشى كرمەڕێسی كردووە.
 
 هەستانەوەى ئەم جەستە نەخۆشە لەئانو ساتى هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەى كوردستان جێگاى گومانە چونكە دەستە ڤایرۆساوییەكان پشتى جەستەیەكى ماندوویان گرتووەو بەزۆر دەیانەوێت لەسەر پێی خۆى راگیرى بكەنو بارێكى لەخۆى گەورەترى پێ هەڵبگرن، بەشی هەرەزۆرى خەڵك هەست بەم حاڵەتە دەكەنو دەزانن ئەمە تەنها ئارایشتو نمایشێكى كاتىو تێپەڕە چونكە تا ئەو ڤایرۆسە بوونى هەبێت جەستەیەكى ساغ و سەلیم بەخۆیەوە نابینێت.
 
 پێویستە لەسەر سەرجەم خەڵكى كوردستان ئەو راستییە بزانن كە تاكە پزیشكێك بۆئەوەى بتوانێ ئەو ڤایرۆسە بنبڕ بكاتو لەخوێنى ئەم حكومەتەى دەربهێنێ گۆڕانە واتە گۆڕانكارى لەسیستەمى بەڕێوەبردنى ئابوورىو سیاسیى وكۆمەڵایەتى و سەرجەم بوارەكانى ژیان لەهەمان كاتیشدا  قرتاندنى دەستە ڤایرۆساوییەكانە.
 
 لەسەرەتادا ڤایرۆسەكان زەلیلانە خۆیان دەنوێنن دەیانەوێت ئەو شوێنانەى جەستە نەخۆشەكە نیشان بدەن كە هێشتا پەكى نەكەوتووەو  سندان لێی نەداوە، لەبانگەشە سەرەتاییەكانیانەوە بۆ هەڵبژاردن وا دەرى دەخەن كە هەرئەمان دەتوانن تیمارى زامەكانى بكەن، بەڵام كوا دەستێكى پڕ لەڤایرۆس  دەتوانێت زامێك ساڕێژ بكات؟؟
 
 سەرانى نەخۆشی حزبی ئەم هەرێمەى كوردستانى باشور بەهەوڵى بەردەوامیان ژینگەى كۆمەڵایەتىو سیاسیو ئابوری كوردستانیان پیس كردووە، بۆیە حكومەت لەتەنگە نەفەسییەكى بێوێنەدا دەژىو لەسەرەمەرگى خۆى نزیك بووەتەوە.
 
 كێشەى سەرەكى بەرپرسە گەندەڵو مافیاكانى حزب ئەوەیە كە حكومەت بەحزبێكى تر دەزانن لەدەرەوەى حزبەكانى خۆیان كەلەرووكەشدا دەیانەوێت وەك حكومەت پێناسەى بكەن، بەڵام لەناوەرۆكدا هەڵگرى هەمان خاسیەتى حزبەكانى خۆیانە، بۆیە هەرنەخۆشییەكى ناو جەستەى یەكێتىو پارتى زۆر بەئاسانىو بەبێ هیچ مەناعەیەك لەكەمترین ماوەدا دەگاتە جەستەى حكومەتو نەخۆشی دەخات، بەشێوەیەك كەزۆرجار ئەو نەخۆشیەى توشی حكومەت دێت زۆر كاریگەرترە لەونەخۆشیەى كەتووشی یەكێتیو پارتى بووە، چونكە حكومەت لەدوو سەرچاوەى زەلكاوى پڕ ڤایرۆسی حزبەوە میكربو ڤایرۆسی بۆ دەگوازرێتەوە كەیەكێتیو پارتین.
 
 پارتیو یەكێتى گرنگترین كارگەى بەرهەمهێنانى ژەهرى گەندەڵىو دزىو پاوانكردنى دەسەڵاتن، ئەم ژەهرە بەدوا دەمارەكانى جەستەى حكومەتدا شۆڕبووەتەوە بۆیە هەر هەوڵێك بۆ گۆڕینو باشكردنەوەى جەستەى حكومەت پێویستى بەوە هەیە دوا قەترەى خوێنى ئەم حكومەتە بگۆڕدرێت نابێت بەهێچ شێوەیەك خوێنى یەكێتىو پارتى لەجەستەی حكومەتدا هاتوچۆ بكات چونكە مانەوەى هەرقەترەیەك لەوخوێنە بەماناى سەرهەڵدانەوەى نەخۆشیە ترسناكەكانى تاعونى گەندەڵىو شێرپەنجەى دزىو ...... هتد دێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە