په‌یڤێک له‌ دامێنی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی سه‌رده‌شت ی جوانه‌مه‌رگ دا

Thursday, 16/09/2010, 12:00


نوقته‌ سه‌ری دێڕ!
من ئه‌م شه‌هیده‌ جوانه‌مه‌رگه‌م نه‌ ناسیبو، قه‌تیش وتاره‌کانیم نه‌ خوێندبوه‌وه‌، به‌ڵام ئێسته‌ له‌ هه‌موتان زیاتر ده‌یناسم، له‌هه‌موتان زیاتر هه‌ست به‌نزیکی ئه‌وده‌که‌م، ئه‌وێک که‌ له‌ناو ته‌ونه‌جاڵجاڵۆکه‌که‌‌ی داوده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانی حیزب دا ملی له‌چه‌قۆی تیرۆریستان ده‌سو! گه‌نجێکی وه‌ک سه‌رده‌شت که‌تازه‌ 23 به‌هاری له‌ته‌مه‌نی خۆی به‌ڕێکردبوو، خه‌ون وخولیاکانی زۆربون، زۆر وه‌ک فرمێسکی چاوی خوشک ودایکانی شه‌هیدان، زۆر وه‌ک ئێسک وپروسکی ئه‌نفاله‌کان، زۆر زۆر وه‌ک په‌تی سێداره‌ی به‌عسیه‌کان.

سه‌رده‌شت نه‌یه‌که‌م شه‌هیدی قه‌ڵه‌م ونه‌ دوا شه‌هیدیش ده‌بێت. کێتان یه‌که‌م شه‌هیدی (قه‌ڵه‌م)ی هه‌ولێرتان له‌بیره‌، کێ له‌ ئێوه‌‌ شه‌هید عه‌بدولخالق مه‌عروف نوسه‌رو نیشتمان په‌روه‌ری گه‌له‌که‌مان ‌ناناسێ ؟ ئه‌و که‌ له‌ ڕۆژی ده‌ی مانگی چواری ساڵی 1985 دا‌ له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس وله‌ پایته‌ختی هاوینه‌ی سه‌دام دا له‌سه‌ر نوسینی کتێبێک تیرۆرکرا. ئه‌و کات بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌وتاوانه سه‌رداری پێشمه‌رگه‌ی جوانه‌مه‌رگ ده‌مانچه‌که‌ی له‌ناوده‌می به‌عسیه‌ک دا خاڵی خاڵی ‌کرده‌وه‌ !

یه‌که‌مین شه‌هیدی قه‌ڵه‌م له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی دا ، تێکۆشه‌ری دێرین ڕه‌وف کامیل ئاکره‌یی سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ڕیگای ڕه‌نجده‌ران بوو، کاتێ ‌زانیان کونجی زیندان، قانع گوته‌نی بۆئه‌و بۆته‌ قوتابخانه‌ و،په‌ی به‌ ئازایه‌تی وکۆڵنه‌دانی نابه‌ن به‌ناچاری ئازادیانکردو، دوای ئازادکردنیشی به‌عس ئاسا له‌ ئێواره‌ی 26 له‌سه‌ر 27ی مانگی 5 ساڵی 1993 زۆر دڕندانه‌ له‌ ڕیگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵه‌وه‌دا له‌ باژێڕی دهۆك به‌چه‌کی به‌عسیه‌کان تیرۆریانکرد!.

دوێنیش له‌ که‌رکوکی قومارله‌سه‌رکراودا ، ده‌ستی تیرۆری خۆماڵی گه‌یشته‌ وه‌ گه‌ردنی سۆرانی مامه‌حه‌مه‌و، جه‌سته‌ی ماندوی دکتۆری زانکۆی که‌رکوک عه‌بدولستار تایه‌ر شه‌ریف . ئه‌مرۆش له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی دا ، له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی حکومه‌تی کوردستان دا ، له‌به‌ر ده‌می یه‌کێ له‌گرنگترین ده‌زگای مه‌عریفی وڵاته‌که‌مان زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین و،له‌کاتی ده‌وامی ڕه‌سمی وبه‌به‌رچاوی زێره‌ڤانی وپاسه‌وانه‌کانی به‌رده‌رگای زانکۆکه‌ی خۆیه‌وه‌ باندێکی تیرۆریست به‌زه‌بری تفه‌نگ و به‌شه‌ق وزۆره‌ملێ سه‌رده‌شتی گه‌نج وسه‌رکێش به‌ ئۆتۆمۆبیلێکی ژماره‌ شینی حکومه‌ته‌که‌مانه‌وه‌ ! ده‌فڕێنن و له‌پاش که‌متر له‌ 48 سه‌عات ته‌رمی سه‌رده‌شت وه‌ک جه‌سته‌ی مه‌سیح له‌ گه‌ڕه‌کێکی شاری موسڵ فڕێ ده‌درێت!

سه‌رده‌شت وسۆرانه‌کان بۆ تیرۆرده‌کرێن وکێ ده‌یانکات ؟ له‌ هه‌ڵێنانی مه‌ته‌ڵێ ئاسانتره‌. سۆران و سه‌رده‌شت وره‌وف و ستاره‌کان له‌سه‌ر ده‌ستبردن بۆ ئه‌منی بنه‌ماڵه‌کان تیرۆرکران ! ‌

وه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه‌ گوتم من سه‌رده‌شت م نه‌ ناسیبوو به‌ڵام ئێسته‌ وه‌ک خۆم ده‌یناسم، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند وتارێکی ئه‌م لاوه‌ سه‌رکه‌ش، ئازا، چاونه‌ترس وسرکه‌م خوێنده‌وه‌ ئێسته‌ به‌ئه‌رکی خۆمی ده‌زانم که‌ وه‌سیه‌ته‌که‌ی جێ به‌جێبکه‌م ، ئه‌و وه‌سیه‌ته‌ی که‌ له‌کۆتایی وتاری (یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێیدا) دا نوسیوێتی و ده‌ڵێ " له‌و شوێنه‌ش، كه ‌ته‌مه‌نمان كۆتاییهات با هاوڕێكه‌م خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته‌ سه‌ر دێڕێكی نوێ و سه‌ر له‌نوێ ده‌ستپێبكاته‌وه‌."

بۆیه‌ منیش بڕیارم دا په‌یڤێکی کورت له‌سه‌ر نوسینه‌کانی بنوسم. سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ له‌ سێ نوسینیدا (من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم 13-12-2009)، (نە سەرۆك خوایە نە كچەكەى 2-1-2010)، (یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێیدا21-1-2010) زۆر شتمان پێ ده‌ڵیت .

ئه‌م گه‌نجه‌ یاخیه‌، یاخیه‌ له‌و هه‌موو ناحه‌قی ونادادپه‌روه‌ری و فه‌رهوده‌ی له‌ کوردستان ده‌کرێ ، ئه‌و هاتوه‌ له‌ژێر سه‌ردێری وتاری (من عاشقی کچکه‌ی بارزانیم) به‌زمانێکی پاراو باسی ئه‌وه‌ ده‌کات گه‌ر که‌سێک ببێت به‌ زاوای بارزانی نانی ده‌که‌وێته‌ ڕۆنه‌وه‌.

سه‌رده‌شت زۆر ڕاستگۆیانه‌ له‌م نوسینه‌یدا هاتوه‌ باسی ژیانی نه‌هه‌ر شاهانه‌ی ماڵی بارزانی ده‌کات به‌ڵکه‌ پێمان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بویت به‌زاوای بارزانی ئه‌وا نه‌ک به‌ته‌نها خۆت به‌ڵکه‌ حزم وکه‌سوکار و ده‌وروبه‌ره‌که‌شت ده‌بن به‌ هاووڵاتی پله‌یه‌ک!!. سه‌رده‌شت به‌ته‌وسه‌وه‌ ده‌نوسێت ئه‌گه‌ر ببی به‌زاوای بارزانی ئه‌وه‌ مانگی هه‌نگوینی له‌ یه‌کێ له‌خۆشترین هۆتێله‌ نایابه‌کانی پاریس داده‌که‌یت.

دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌کیش له‌مانگی هه‌نگوینی بۆ سه‌یران وسه‌فا وهه‌ر بۆ فیز سه‌رێک له‌ یه‌کێ له‌ کۆشک وته‌لاره‌کانی مامی ئه‌ده‌یت له‌ ئامریکا، هه‌تا له‌و سه‌فه‌روسیاحه‌ته‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ماڵه‌ هۆده‌وهه‌یوانییه‌که‌ی له‌گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژار نشینه‌که‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ سه‌ری ڕه‌ش(به‌قه‌ولی خۆیان سه‌ری بڵند!!) و شه‌وانه‌ش سه‌گی ئه‌مریکی وپاسه‌وانی ئیسرائیلی له‌چاوی ناحه‌زان ده‌یانپارێزن!

سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ له‌ دوتوێێ ئه‌و نوسینه‌یدا زۆر بوێرانه‌و ڕاسگۆیانه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ چۆن بێ ڕیزی به‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانی پارتی ده‌کرێت و،گه‌ر که‌سێک له‌ بنه‌ماڵه‌ یان به‌رپرسێک نه‌ناسیت ئه‌وه‌ مافی پێشمه‌رگه‌بونیشی پێ ڕه‌وا نابینن! به‌ڵام هه‌ر چویته‌ ناو بازنه‌ی خێڵه‌وه‌ ئه‌وا بازی بون به‌وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر شانته‌وه‌ ده‌نیشێته‌وه‌! گه‌لۆ،کێ ده‌توانیت له‌ئاست ووتنی ئه‌م ڕاستییه‌دا ده‌ستی ئه‌شهه‌دوبیللا له‌ لامل نه‌دا؟

هه‌رله‌م وتاره‌یدا باس له‌‌و مه‌حسوبییه‌ت ومه‌نسوبێت وخزمخزمێنه‌یه‌ ده‌کات وده‌نوسێ ئه‌گه‌ر ببی به‌زاوای بارزانی ئه‌وا بێ سێودوو له‌هه‌ر شوێنیک بته‌وێت داده‌مه‌زرێیت، پۆست وپله‌ت زامنکراوه‌و، له‌ هاوڵاتی پله‌ سێ وچواره‌وه‌ ده‌بیته‌ هاونیشتمانی پله‌ یه‌ک !!. چاوی شه‌هید هه‌موو گۆشه‌ نیگاکانی دیوه‌، بۆیه‌ باس له‌وه‌ش ده‌کات گه‌ر بویت به‌خزمی ئه‌وان ئه‌وا بۆ په‌نجه‌ گه‌رم بونێکیشت دکتۆری ئیتالی وحه‌کیمی نێوده‌ڵه‌تیت بۆ ده‌هێننه‌ ماڵه‌وه‌، خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوت وپله‌ نزمه‌کانیش چش با له‌چاوه‌ڕوانی، ده‌رمانێکی ئازارشکین دا سه‌ربنێنه‌وه‌! کێ ده‌توانێت نکۆڵی له‌وه‌ بکات که‌ خۆیان بۆ ئازارێکی ده‌م ودانیان ئه‌وروپا ته‌ی ده‌که‌ن و! لێره‌ش منه‌تی پێشکه‌وتنی خزمه‌ت گوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌کانمان به‌سه‌ردا ده‌که‌ن که‌چی خۆیان متمانه‌یان پێیان نییه‌و بۆ سه‌ریه‌شه‌یه‌ک دکتۆر له‌هه‌نده‌رانه‌وه‌ ده‌هێنن!

سه‌رده‌شتی چوانه‌مه‌رگ پێمان ده‌ڵێت سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌مان وه‌ک ئه‌ستێره‌ی سیوه‌یل ئه‌م ساڵ بۆو ساڵ خۆی ده‌رده‌خات وپێمان ده‌ڵێت سه‌رۆکتانم !، شه‌هید زۆر ئازایانه‌ سه‌رۆک ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌و لێی ده‌پرسێت تۆ که‌خۆت به‌سه‌رۆکی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته‌ ده‌زانیت ، ده‌توانیت پێمان بڵییت له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌ژده‌ ساڵه‌دا چه‌ندجار سه‌ردانی گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژارنشینه‌کانی هه‌ولێرو سلێمانیت کردوه؟! ئه‌و

به‌هه‌موومان ده‌ڵیت چۆن ده‌بێت ئێوه‌ سه‌رۆکێکتان قبوڵ بێت که‌ له‌سه‌ری ڕه‌شه‌وه‌ به‌دوربین ته‌ماشای ڕه‌عیه‌ته‌که‌ی خۆی بکات! گه‌لۆ کێ هه‌یه‌ ئه‌م ڕاستیه‌ نه‌سه‌لمێنی!

یه‌کێ له‌ته‌وه‌ره‌ هه‌رگرنگه‌کانی تر که‌ نوکی خامه‌و چاوه‌ تیژه‌کانی شه‌هیدی قه‌ڵه‌م دیوێتی پرسیارێکی زۆر سه‌ر‌نج ڕاکێشه‌ ئه‌ویش ئه‌و داخرانه‌ی خێڵی بارزانه‌ و له‌ڕیی وتاره‌که‌یه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت مه‌گه‌ر ببی به‌زاوای بارزانی ئینجا ده‌توانێت هاوسه‌ره‌که‌ی ببینی! گه‌لۆ بنه‌ماڵه‌یه‌کی واداخراو ده‌توانێت له‌گه‌ڵ ئه‌م کرانه‌وه‌ی سه‌رده‌م دا ڕێ بکات ؟!

خاڵیکی تر که‌ سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ مه‌به‌ستی بوه‌ له‌ڕێێ نوسینی (من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم) وه‌ک ڕۆژنامه‌نوسێک بیوروژێنێ مه‌سه‌له‌ی جاش وئه‌نفال چییه‌کان بووه‌! له‌و حیواره‌دا که‌ شه‌هیدی جوانه‌مه‌رگ دای ڕشتتوه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌گه‌ر بنێرێته‌ خوازبێنی کچه‌، کێ بنێریت باشه‌؟ له‌گه‌ڵ هاوڕیکانی ده‌که‌وێته‌ ده‌مه‌ته‌قێ و سه‌ره‌تا خۆی پێی باشه‌ ‌ کۆمه‌ڵیک له‌ مەلا و ریش سپى و پێشمەرگەی کۆن بۆ ئه‌م کاری خێره‌ بنیرێت. به‌ڵام هاوڕیکه‌ی قسه‌که‌ی له‌ده‌م وه‌رده‌گریته‌وه‌و پێی ده‌ڵی کوڕی باش به‌قسه‌ی من ده‌که‌یت هه‌ندێک جاش وئه‌نفالچی بدۆزه‌ره‌وه‌ و، بیانێره‌ بۆ خوازبێنی چونکه‌ ئه‌و که‌یفی به‌وان دێت! کێ پێی وایه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ ئیهانه‌و نادروسته‌ با بچێت سه‌یرێکی لیستی ناوی شه‌هیدان بکات تا بزانێت ناوی چه‌ند سه‌ره‌ک جاش وتاوانباری ئه‌نفالی تیایه‌ و به‌ پله‌ی زۆر به‌رز ، به‌رزتر له‌باڵای پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌یلول خانه‌نشینکراون‌ ! هه‌ر ئه‌وه‌نا کێ ده‌توانێت چاوی خۆی له‌ ئاست دیوه‌خانی کۆنه‌جاش وکۆنه‌ به‌عسی وشێخ زاناکان بنوقێنێ! ئێسته‌ سه‌رده‌شت ته‌نها نییه‌‌، سه‌رده‌شته‌کان هه‌زارانن .

ڕه‌نگه‌ ئه‌م وتاره‌ سه‌ری شه‌هید سه‌رده‌شتی خواردبێ. ئه‌م نوسینه‌ که‌ به‌زاندنی هه‌موو هێڵه‌سوره‌کانی خێڵه‌ ئاگری به‌ردایه‌ که‌وڵی بنه‌ماڵه‌و، ئیتر که‌وتنه‌ سوسه‌کردن وجێپێ هه‌ڵگرتنی ئه‌و نوسه‌ره‌ سه‌رکێشه‌. هه‌فته‌یه‌ک دوای ئه‌و وتاره‌ که‌سێک بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رده‌شت ‌ له‌ڕۆژی 13-12-2009 له‌ڕیی تۆری ئینته‌رنێت وله ‌ماڵپه‌ڕی کوردستان نێت به‌ناوی (ئه‌ڤین عومه‌ر) ێک ه‌وه‌ وتارێکی له‌ژیر ناوی (وه‌ڵامێک بۆ نوسه‌ره‌ جنێوفرۆشه‌كه‌ی كوردستان پۆست) بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و داوا له‌ سه‌رده‌شت ده‌کات گه‌ر مه‌ردی ناوی ڕاستی و، وێنه‌ی خۆت بڵاو بکه‌ره‌وه‌ ! له‌ڕاستی دا ئه‌م جۆره‌ کارانه‌ ئیشی داوده‌زگا موخابه‌راتیه‌کانن !

سه‌رده‌شت ی جوانه‌مه‌رگیش بێ باک له‌مردن و، وه‌ک ته‌حه‌دایه‌ک له‌ڕۆژی 2/1/2010 واته‌ دوای 18 رۆژ له‌ وتاره‌که‌ی ده‌زگانهێنیه‌کان وتارێک له‌ژێر ناوی (نه‌سه‌رۆک خوایه‌ ونه‌کچه‌که‌ی) له‌ کوردستان نێت به‌ وێنه‌و ناوی خۆیه‌وه‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌ ! ئیتر ئه‌مه‌ ،ئه‌م ته‌ونه‌یه‌ که‌ بۆ سه‌رده‌شت هه‌ڵده‌به‌سترێت و پیلانی له‌ داونانی سه‌رده‌شت ده‌کرێته‌ ئامانج!

شه‌هید سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ له‌به‌شێک له‌وه‌ڵامه‌که‌ی دا بۆ (ئه‌ڤین) که‌ ده‌شێ کۆدێک بێت بۆ بانده‌ مرۆڤ کوژه‌کان ئاوا ده‌نوسێت" ئێرە ئەم وڵاتەیە كە نابێت بە سەرۆكەكەت بڵێى موچەكەت چەندە؟ بۆ كوڕو نەوە و خزم و كەسوكارت ئەم هەموو پۆستە سەربازى و حكومییەیان پێدراوە؟ نەوەكانت ئەم هەموو سامانەیان لەكوێ بوو؟ جا ئەگەر یەكێك جورئەتى ئەوەى كرد و ئەم پرسیارانە بكات، ئەوا سنوورى ئەمنى قەومى وڵاتەكەى بەزاندووە و دەكەوێتە بەر رەحمەتى تفەنگ و قەڵەمەكانى ئەوان، بۆ منیش كە لەیەكێك لە نووسینەكانما ناوى كچەكەى بارزانیم هێناوە ئەوا یەكێك لە هێڵە سوورەكانى وڵات و ئەخڵاق و ئەدەبیاتى راگەیاندنم بەزاندووە.
دیموكراسییەتەكەى ئەم وڵاتە وایە نابێت لە جامانەى سور و گۆچانەكان بدەیت، ئەگەر هات و كەوتیتە هەڵه‌یەكى ئاواوە ئەوا ئەوانیش رێگەچارەى خۆیان هەیە كە زۆربەمان ئەزانین چین. نازانم كچەكەى سەرۆكى ئەم هەرێمە ئه‌بێت راهیبە بێت، كە نابێت كەس عاشقى بێت، یان ئەویش موقەدەسە و دەبێت وەك سیمبوڵێكى نەتەوەییمان بمێنێتەوە؟ ئەبى مەترسییەكانى نووسینێك چیبێت كە بە شێوەیەكى كۆمیدیا که‌رەگەزێكى گرنگى ئەدەبیات و هونەرە باس لە سەرۆك بكەین؟ هەر هەموومان فیلمى دیكتاتۆى مەزنى چارلى چاپلینمان بینیوە كە بە كۆمێدیا چ ئازارێك نیشانى دونیا دەدات.".

سه‌رده‌شت له‌ کۆتایی نامه‌که‌شی دا نوسیوێتی" لە ئێستاوە من وەك كوڕێكى بێ موبالاتى شەقامەكانى هەولێر ببینە، كە یاخییە لەم هەموو بت و پەیكەرانەى سوڵتەى ئەم وڵاتە، وەكوو ئیبراهیم چاوەڕوانى دەرفەتێكین تا هەموویان خاپووربكەین، دڵنیاش بە من ئەهلى ناوى درۆینە نیم. ئەم بابەتە وەڵامێكە بۆ یەكێك لەم نووسینانەى لە كوردستان نێت ئەڤین ناوێك نووسیبووى لەژێر ناوى وەڵامێک بۆ نووسەرە جنێوفرۆشەكەى كوردستانپۆست". شه‌هید سه‌رده‌شت زانیوێتی مل له‌چه‌قۆی بانده‌ پیاوکوژه‌کان ده‌سوێ، به‌ڵام بۆ به‌رقه‌رارکردنی ئازادی باکی به‌ مردن نه‌بوه‌. ئا ئه‌مه‌یه‌ لوتکه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌م ڕۆژنامه‌نوسه‌ جه‌ربه‌زه‌یه‌و ، ده‌بێت ئه‌م کاروانه‌ درێژه‌ی هه‌بێت.

له‌دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی وتاری نه‌سه‌رۆک خوایه‌ونه‌کچه‌که‌ی ئیتر کۆدی بانده‌ مرۆڤ کوژه‌کان (ئه‌ڤین) شوێن پێی سه‌رده‌شت هه‌ڵده‌گرن و ده‌که‌ونه‌ هه‌ڕه‌شه‌کردنو تۆڵه‌کردنه‌وه‌ ، شه‌هید له‌ دوانامه‌ی بلاوکراوه‌ی خۆی دا له‌ژێر ناوی (یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێیدا) که‌ له‌ کوردستان پۆست بڵاویکردۆته‌وه‌. بێ باک له‌مردن و، بێ باك له‌ هه‌ڕه‌شه‌وگوڕه‌شه‌ وبێ باک له‌ پیلانی بانده‌کانی تیرۆر ده‌نوسێت " زۆر به‌ساده‌ییش تاكه ‌هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه ‌ئه‌وه‌یه، ‌كه ‌هێشتا زۆرشت ماون قسه‌یان له‌سه‌ربكه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان بهێڵین. به‌دبه‌ختی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ‌ئه‌وه‌یه، ‌كه ‌باكی به‌مردنی نه‌وه‌كانی خۆی نییه‌".

سه‌رده‌شت وه‌ک ڕێوشوینێکی ئسولی و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌هدیدوهه‌ڕه‌شانه‌دا هه‌م راگرایه‌تی کۆلیژه‌که‌ی ، هه‌م به‌ڕێوه‌ربه‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ئاگادار ده‌کاته‌وه‌، سه‌رده‌شت ده‌نوسێت " دوێنی راگری كۆڵێژه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه، ‌كه ‌شه‌وی رابردوو ئیهانه ‌و ته‌هدیدی كوشتنیان كردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه‌ كێشه‌ی پۆلیسه‌، نازانم ئه‌بێت له‌م سه‌ر زه‌مینه ‌وڵاتێك هه‌بێت، كه‌ خوێنكارێكی زانكۆکه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كووشتنی بكرێت و زانكۆش بێموبالاتانه ‌به ‌دیار ریسوایی خۆیه‌وه ‌دابنیشێت؟ ده‌بوو راگره‌كه‌م كه‌یسی من بكات به‌ كه‌یسی خۆی، یان خوودی زانكۆ، چونكه‌ من له ‌ئێستادا به‌شێكم له‌م زانكۆیه‌، به‌ڵام هه‌رگیز تووشی شۆك نه‌بووم، چونكه ‌ده‌مێكه ‌ده‌زانم كه ‌زانكۆی ئه‌م وڵاته ‌ماڵی ئاسووده‌یی ئێمه ‌نین. دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به‌عمید عه‌بدولخاڵقی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ كرد پێمی گووت" له‌وانه‌یه ‌ئه‌م ژماره‌ی مۆباییله‌ هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت، یان كێشه‌یه‌كی شه‌خسی بێت، له‌وانه‌یه ‌چه‌ند جارێكی دیكه‌ش دووباره ‌بێته‌وه، ‌به‌ڵام هه‌ولێر ئارامه‌ و شتی ئاوای لێڕوو نادات".

مایه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ به‌ڕیوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولیر له‌باتی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی توندو، ئاگادارکردنه‌وه‌ی سه‌رده‌شت که‌ به‌وریایی هاتوچۆبکات وئاگای له‌خۆی بێت. جه‌نابی به‌ڕیوه‌به‌ری

پۆلیس به‌ پاساوی ئارامی هه‌ولێر سه‌رده‌شت ئارام ده‌کاته‌وه‌ !، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی کاکی به‌ڕێوه‌به‌ر زه‌ینی خوێنه‌ر بۆ گومانێکی گه‌وره‌ ده‌بات!.

سه‌رده‌شت که‌له‌وه‌ڵامی زانکۆ و جه‌نابی به‌ڕیوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولیر نا ئومید ده‌بیت ، له‌ به‌رواری 21-4-2010 نامه‌یه‌ک بۆ بنار هیدایه‌تی هاوڕێی ده‌نوسێ و داوای لێده‌کات وه‌ک رۆژنامه‌نوسان که‌مپینێکی بۆ ڕیک بخه‌ن وئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیانه‌ بکه‌ن که‌ بونه‌ته‌مایه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی، ئه‌مه‌ ده‌قی نامه‌که‌یه‌تی:

" سڵاو هاوڕێیان، ئه‌دیبان، نوسه‌ران و رۆژنامه‌نوسان من(سه‌‌رده‌شت) خوێنكاری‌ زانكۆ و رۆژنامه‌نوس كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردودا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن و ئازاردانم لێكرا ئه‌گه‌ر تا نه‌ورۆزی‌ ئه‌مساڵ ئه‌م شاره‌ جێنه‌هێڵم، له‌شاری‌ هه‌ولێر. بۆیه‌ پاڵپشتی‌ و ده‌نگی‌ به‌ڵێی‌ ئێوه‌ له‌ پاڵ هه‌ڵمه‌تی‌ ئیمزاكۆكردنه‌وه‌ی‌ خوێندكارانی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ زانكۆ بۆ من جێگه‌ی‌ گرنگی‌ و بایه‌خی‌ منه‌ و ده‌نگێكه‌ له‌ كۆتاییدا بۆ ئازادی‌ تاك و ئازادی‌ راده‌ربڕین له‌م وڵاته‌".

به‌ڵێ 25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌عسیه‌کان نوسه‌روڕوناکبیری گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مان عه‌بدولخالق مه‌عروف یان له‌ هه‌ولێردا له‌سه‌ر نوسینی کتێبێک شه‌هیدکرد. له‌دوای 23 ساڵ له‌شه‌هیدکردنی عه‌بدولخالق له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی دا ره‌وف ئاکره‌یی ،سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌و عه‌بدولستار تایه‌ر شه‌ریف له‌ که‌رکوک و،له‌دوای 25 ساڵیش له‌ یه‌که‌م شه‌هیدی قه‌ڵه‌م ی هه‌ولێر، دیسان له‌هه‌ولێردا ئه‌م جاره‌یان به‌جلوبه‌رگ وزمانی کوردی یه‌وه‌ له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی دا، ، سه‌رده‌شت عوسمانی رۆژنامه‌نوس وخوێندکاری زانکۆ ده‌فرێندرێ وده‌کوژرێ.! به‌داخه‌وه‌ تائێستا‌ بیرکردنه‌وه‌ی به‌عسیانه‌، که‌لتورو،ڕه‌فتاری به‌عسیانه‌ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردی دا ئاماده‌ییه‌کی ترسناکی هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌م ترسناکییه‌ یه‌ که‌ سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌کانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تیرۆره‌ ڕێکخراوه‌دا هێناوه‌ته‌ سه‌رجاده‌ تا سنورێک بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی دابنێت. وا چل ڕۆژ به‌سه‌ر تیرۆرکردنی سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ دا تێ په‌ڕی ولیژ‌نه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم یش له‌ کوته‌ کاغه‌زێکی سه‌ر ته‌نور زیاتر هیچی تری پێ نه‌گوتوین !

ئه‌مڕۆش دوای زیاتر له‌ چوارمانگ له‌ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نوسی چاونه‌ترس سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ ، لیژنه‌که‌ی که‌ سه‌رۆکی پارتی دروستیکردوه‌ به‌یاننامه‌یه‌کی بڵاوکردۆته‌وه‌و ، شه‌هیدی به‌ لایه‌نگری ئه‌نساروئیسلام به‌مانایه‌کی تر به‌ تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌م داوه‌و، درۆیه‌کی ناقۆڵایان داوه‌ته‌ پاڵ ئه‌م سیمبولێ ئازدی یه‌. ئه‌م چه‌ندێره‌ی پاراستنی پارتی هێنده‌ی تر گومانه‌کانمان ده‌کات به‌ یه‌قین که‌ سه‌ره‌بۆگه‌نه‌کانی ده‌زگای پاراستن ئه‌م کاره‌یان کردوه‌ و، نابێ خه‌ڵکی ئازادی خوازی کوردستان به‌م درۆوده‌له‌سانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی فریوبخۆن. ئه‌و داد وه‌رانه‌ش که‌ له‌م سینارێۆیه‌دا به‌شدارن ، هیچ نین جگه‌ له‌ کوێله‌یه‌کی ملکه‌چی به‌ر ماڵی بنه‌ماڵه‌! نه‌فره‌ت له‌و که‌سانه‌ی به‌ناوی دادگاوه‌ سوکایه‌تی به‌دادگا ده‌که‌ن... به‌ری خۆر به‌ بێژه‌نگی بنه‌ماڵه‌ ناگیرێ وڕاستیه‌کان ئاشکرا ده‌بن.

دوێنێ گوله‌ وه‌ڵام بوو بۆ به‌عسیه‌کان ، ئه‌مڕۆ له‌جیاتی چه‌ک به‌ ئیعتیسامی مه‌ده‌نی ونوکی خامه‌ ده‌چینه‌وه‌ به‌گژ زه‌وتکه‌رانی ئازادی وبانده‌ مرۆڤ کوژه‌کاندا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە