کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ هاوڕێی زیندانم ئامینه‌ گه‌رمیانی له‌ بارزان

Saturday, 17/04/2010, 12:00



بۆ هاوڕێی زیندانم ئامینه‌ گه‌رمیانی له‌ بارزان

ئێواره‌ بوو له‌ ناو‌ڕاستی مانگی نیسان
جه‌للاده‌کان
سێ گوڵاڵه‌ی کوردستانیان به‌ پێ ڕزاند
سه‌دامێکان . . ئه‌نفالچێکان
چۆن دڵیان هات گوڵه‌ سپێکه‌ی گه‌رمیان هه‌ڵوه‌رێنن
داره‌ گوێزه‌که‌ی هه‌ورامان بسووتێنن
گوڵی سووری که‌رکووکی جوان بفه‌وتێنن
ئامینه‌ گیان من نازانم ئه‌نفال چیه‌ ... بۆچی کرا
تۆ پێم بڵێ
له‌و مانگه‌دا، گۆزه‌ جوانی ناو خه‌یاڵی کچی کو‌ردیان بۆچی شکاند
په‌رده‌ی سپی من و تۆیان وه‌حشیانه‌ بۆچی رفاند
خوایش ده‌یزانی ئه‌وه‌ زوڵمه‌ ، بۆ بێده‌نگ بوو
من کافر نیم ته‌نیا پرسیاره‌و هیچی تر
ئه‌ی تۆ نه‌بووی به‌ خوێنی برینی سه‌رت نووسیت کوردم
ئه‌ی تۆ نه‌بووی که‌ هه‌ڵواسرای به‌ ده‌ست شکاو وتت کوردم


ئامینه‌ گیان هاورێی خه‌مم
دڕنده‌کان بۆچی ئاوا به‌ڕق چووبوون
هاوڕێی زیندان له‌ نیساندا تۆ چی ئه‌که‌ی؟
بۆ کێ ئه‌گری ؟
ئه‌وه‌ی تیا چوو من و تۆ بووین
سه‌رکرده‌ی کورد له‌ بیریان چوو نه‌یاندیبوو
من بێ که‌س بووم ، تۆ بێ که‌س بووی ، عیسمه‌ت به‌ ته‌نیا مایه‌وه‌
ئامینه‌ گیان، جه‌للاده‌کانی تۆپزاوه‌ و نوگره‌ی سه‌لمان
له‌ کوردستان ئه‌مڕۆ لیوان


هاوڕێی زیندان به‌سه‌ ئیتر به‌ جێی بێڵه‌ ، جێی تۆ نیه‌
بۆچی ئه‌یکه‌ی ؟ بۆ کێ ئه‌یکه‌ی؟ له‌ پێناو چی؟
چییان بۆت کرد ؟ چیت بۆ ئه‌که‌ن؟ به‌ته‌مای چیت؟
تۆ خۆت فه‌رمووت ئێمه‌ی ئه‌نفال هه‌ر ئه‌نفالین
ئامینه‌ گیان ، له‌ کوردستان عه‌جاج زۆرن ، شه‌مخی زۆرن
جه‌للاده‌کان خاوه‌ن پۆستن، زۆریان لیوان


هاوڕێی ته‌عزیب و شه‌ق لیدانی ناو زیندان
ئه‌وه‌ی تیا چوو من و تۆ بووین
به‌ برسێتی ، به‌ بێ به‌رگی خه‌باتمان کرد
خه‌ونی خۆشمان کوردستان بوو
ئازاد کردنی گه‌رمیان بوو
به‌رزی سه‌فین له‌ نێوچه‌وانی تۆدا بوو
پاکی نێرگزی کوردستان له‌ روخساری عیسمه‌تدا بوو

ئامینه‌ گیان
کوا وڵاتمان ؟ کوا کوردستان؟
ئێمه‌ بۆچی هه‌روا نامۆین؟
عیسمه‌ت له‌ که‌رکووک ده‌ناڵێ
تۆیش له‌ بارزان ، ناوقوڕ ده‌ژی به‌ ته‌نیایی
منیش له‌ رقی به‌رپرسانی کوردستان بۆ هه‌نده‌ران وا کۆچم کرد


ئامینه‌ گیان
بۆ بێ ده‌نگی ؟
ده‌ پێم بڵی ئه‌نفال ماوه‌ ، یان نه‌ماوه‌؟
ئیمه‌ راست بووین ؟ ئێستا راستین؟
یان تۆ بڵێ ، راستی چیه‌؟


تۆ خۆت فه‌رمووت : ئێمه‌ی ئه‌نفال هه‌ر ئه‌نفالین
راسته‌ هاوڕێم ، ئه‌وه‌ی تیا چوو من و تۆ بووین







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە