کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كڵاوێكى دیكەش لەسەر حوكمەت نرا..!

Monday, 20/04/2009, 12:00


حكوومەتى هەرێم لەبەر ئەوەى كۆمەڵێك كەسى نەشارەزا و ناشایستە و گەندەڵ و خاوەن بڕوانامەى ساختە و منداڵە جاش و بێچووە بەعسى راوێژكارن و بەڕێوەى دەبەن، بۆیە رۆژ نیە كڵاوێكى لەسەر نەنرێت. بۆیە هەمیشە لەلاى دۆست و بێگانە و لە بەغدا و لە شوێنى دیكەش بووینەتە پەند و پێمان پێدەكەنن و كە بەرپرسێكى بەغدایى دێتە لامان پێش هەموو شتێك پێمان دەڵێ: (كردى.. ما یفتهم). ئەمجارەیان كڵاوى ئەنفالكراوەكانە. ئێسك و پرووسكى 150 ئەنفالكراو لە باشوورى بەغدا دۆزرایەوە و لەبەر ئەوەى هەر ئەو كەسانەى كە خۆیان لەناویان بردبوون و زیندەبەچاڵیان كردبوون، هەر ئەوان دەست نیشانیان كردن بەناوى وەزارەتى مافى مرۆڤەوە، بۆیە یەكسەر چوونە سەر شوێنەكە و 150 كەسیان بە ژمار دەرهێنا و رادەستى حكوومەتى هەرێمیان كردنەوە. حكوومەتى هەرێمیش بۆ ئەوەى بەرپرسەكان لە وەزارەتى شەهید و ئەنفالكراوەكان بۆ خۆیان نانێكى پێ بخۆن، بڕیاریان دا جارێ بمێننەوە تا ئەو كاتەى (مەراسیمێكى شایستەیان بۆ دەكرێ) و بەو هەنجەتەوە فڕێیان دانە ناو هۆڵێكى نەخۆشخانەى رزگارى و تەسلیم بە گورگێك كران كە بەناو پزیشكە و ناوى یاسین كەریمە و پسپۆڕە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان...! با بێینە سەر باسى ئەم یاسینە. هەموو ئەوانەى دەیناسن و لەخوێندن لەگەڵى بووینە دەڵێن: ئەمە كاتى خۆى بە وەرەقەى شەهیدى قادسیە لە كۆلیجى پزیشكى وەرگیراوە و لەبەر ئەوەى نەیتووانیوە دەرچێ، لە مووسڵ فەسڵكراوە، بەڵام لەسایەى سەرى راپەڕین و ئەو بەرەڵاییەى كە دواى 1991 پەیدا بوو، مەسئوولێكى پارتى ناردیە كۆلیجى پزیشكى هەولێر و لەوێ كردیان بە سیاسى و شەهادەیەكیان بۆى دروست كرد و بوو بە دكتۆر. ئەم دكتۆرەش كە بەكراسى بەرى هاتە هەولێر لەگەڵ چەند بەرپرسێكى گەندەڵى وەكو خۆى لەهەر شوێنێك بووایە دەیدزى و ئێستا خاوەنى مۆنیكا و باڵەخانەیە. ئەو كارمەندانەى كە لە بنكەى تەندروستى گوڵانى سەر بەپارتى كاریان لەگەڵدا كردووە دەڵێن هەرچیەكى وەرى گرتبا لە ئامێر و دەرمان بە ئوتومبێلى دوو پۆلیسى پاسەوانى ئەو بنكەیە دەیانبردە بازاڕ و دەیان فرۆشت، تا جارێكیان هەردوو پۆلیسەكە بەو شتانەوە دەگیرێن و لە دادگاى هەولێر بە كەفالەت بەردەدرێن و یەكسەر بۆ لاى یەكێتى رادەكەنە سلێمانى. بۆ بەڵگەش دەتوانن ئەوراقى ئەو دوو پۆلیسە و كەیسەكەیان ئێستا لە دادگاى هەولێر بدۆزنەوە. ئا ئەم بەناو دكتۆرە لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى شەهید و ئەنفلكراوەكان ماوەى نزیكەى ساڵێكە پارە بەو رووفاتانەوە دەخۆن، گوایە كاریان لەسەر دەكەن. تا گەیشتە ئەو رادەیەى بەو 150 رووفاتە نەوەستن كردیانن بە 187 رووفات...! بەڵام سەیر ئەوەیە تا ئێستا كەسێك لەو حكوومەتە نەیگوت: ئەرێ ئەو ئێسكوپرووسكانە چۆن زاوزێیان كرد و بوونە ئەوەندە؟ ئەرێ نەدەكرا شارەزایەك لە ئێسكوپرووسك لە وڵاتێك بانگ بكەن بۆ ئەوەى هەر نەبێ ئێسكى بەنى ئادەم لەهى گیاندارانى دیكە جیا بكاتەوە یان ژن و وپیاو و منداڵ لێك جیا بكرێنەوە؟ ئەرێ نەدەكرا هەندێكیان بناسرێنەوە؟ باشە چۆن حكوومەتى بەغدا و كۆمەڵگەى نێو دەوڵەتى بڕوا بكات كە خۆمان نەزانین چەندمان لێ ئەنفال كراوە؟ بۆچى بەرپرسەكانمان بۆ سەرئێشەیەك دەچنە وڵاتانى دەرەوە، بەڵام بۆ دەست نیشانكردنى ئێسكوپرووسكى شەهیدانمان ناتوانن شارەزایەك بانگ بكەن؟ بە چ رووێكەوە تەماشاى كەسوكارى ئەو ئەنفالكراوانە دەكەن، ئێوە نانى پێوە دەخۆن و مۆنیكاى پێ دەكڕن و بەشى ئەوانیش قژڕنانەوەیە؟ ئەوان ئەنفال بكرێن و بێچووە بەعسیەك بە دەفتەر دۆلارى پێ وەربگرێ؟ ئەرێ ئەو وڵاتە هیچ زانا و شارەزایەكى جگە لەو (یاسینە) تێدا نەبوو كەمێك كار لەسەر ئەو ئێسكوپرووسكانە بكات و لەجیاتى ئەوەى لەناو توورەگە بكرێن، لێكیان هەڵاوێرێ و بزانێ كامەى پیاوە و كامەى ژنە، هەر یەكەى بەچى مردووە و چەند گوولەى پێ كەوتووە..؟ حەیف و مخابن كە ژیانى خۆمان خستە مەترسیەوە و شەهید و ئەنفالمان دا بۆ ئەوەى بگەینە ئەم رۆژە، كەچى ئێستا بێچووە جاش و بەعسى دەیخۆن...!

سوید
16ى نیسانى 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە