گەمەی سەرۆک جاشەکان لە پێناوی چی!
Friday, 02/09/2011, 12:00
دەمێکە پرسی ڕادەستکردنی کۆمەڵێک سەرۆک جاش بە دادگای تاوانەکانی ئێراق لە ئارادایە. ئەم سەرجاشانە بەوە تۆمەتبارکراون کە دەستیان هەبووە لە ئەنفالکردن و کوشتاری خەڵکی کوردستاندا. بەلام تا ئێستا حزبەکانی کوردستان ئەو تۆمەتبارانە داڵدەدەن و ئامادە نین ڕادەستیان بکەن. ئەو حزبانەیش تەنها حزبە حوکمڕانەکان نین، بەڵکو لەو حزبانەیشیان تێدایە کە ئۆپۆزسیۆنن و بە قسەی خۆیان دەیانەوی بیگۆڕن و ژیانێکی باشتر بۆ ئەو خەڵکە هەژارە فەراهەم بکەن.
ئاشکرایە ئەم تۆمەتربارانە سەردەمی ڕژێمی پێشوو لەبەر دەسەڵات و پێگەی خێلەکییان کراونەتە سەرجاش و ئیتر کەوتوونەتە گرتنی قولەپێی خەڵکی بێ دیفاع. لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991یش هەر ئەوان پێشەنگی سوودمەندەکان بوون و، نەک هەر ڕۆژیان بە تەنکە تەمێکیش نەگیراوە، بەڵکو بەردەوام لە هەڵاتن و درەوشانەوەدا بوون. من بەش بەحاڵی خۆم لاریم لەو لێبوردنە گشتیەی ئەوسای بەرەی کوردستانی نییە و بە پێویستیەکی مێژووی و بڕیارێکی ژیرانەیشی دەبینم، چونکە ئەگەر لێبوردنێکی لەو جۆرە نەبوایە، ئەوا ڕەنگبوو بەلەمی ڕاپەرین نەگەیشتایەتە کەناری ئارامی و سەرکەوتوو نەبوایە. بەڵام حزبە کوردستانیەکان دەبوو ڕێگا نەدەن ئەو تۆمەتبارانە پلەو ئیمتیازاتی حزبی و حکومی وەرگرن و تەنانەت لە عەشیرەتەکانیشیاندا ببنەوە خاوەن دەسەڵات. ئەو سەرجاشانە دەبوو بە ئاشکرا داوای لێبوردنیان لە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری قوربانیەکانیان بکردایە، نەک تا ئێستا، لە پەناو پاساری ئەم حزب و ئەو بزوتنەوەدا داکۆکی لە تاوانەکانیان بکەن. ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینین ململانێی نادروستی حزبە سیاسیەکان لە لایەک و کێبرکێی نا بەرپرسانەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن چۆن درێژە بە مانەوەی ئەم تاوانبارانە دەدەن. میدیای نابەرپرس، بێ گوێدانە بەها مرۆییەکان و هەستی دایک خوشکی جگەرسوتاوو منداڵی قوربانیەکان، چیلکە وەردەداتە پاشەڕۆکانی حزب و ناو بەناو ئەم دێنێتە سەر شاشەو ئەودەکاتە بابەتی سەرەکیی ڕۆژنامەو گۆڤارەکەی. ئەم سەرجاشانە، بە پشتیوانیی حزبەکان و ئەو میدیا بۆگەنانە، ئێستا گەیشتوونەتە ئاستێک بە ئاشکرا سووکایەتی بە خوێنی قوربانیەکان و هەستی کەسوکاریانەوە دەکەن. پرسی ئەم سەرۆک جاشانە کۆمەڵێک پرسی تا ئێستا بێ وەڵام دەوروژێنن.
ئاخر لە غیابی دادگایەکی ئاشکرادا، میدیا جگە لە وروژاندنی کۆمەڵێک پرسی هەستیارو مەترسیدار و قووڵکردنەوەی ململانێکان، چ دەستکەوتێک لە چاوپێکەوتن و بڵاوکردنەوەی بابەت و وتاری ئەم سەرجاشانە بەدەست دێنێ؟! ئەی ئەو سەرجاشانە بۆ سەری خۆیان کز ناکەن وهێندە ساویلکانە خۆیان دەکەنە پارووی ئەم میدیا بێ سەروبەرانە؟! ئەی لێبوردنی گشتیی ئەگەر تاوانەکانی پێشووی بەخشیبێ، دەسەڵاتی کوردی بە نیازە تاکەی سنوورێک بۆ ئەم سوکایەتییانەی دوای ڕاپەڕینی ئەو سەرجاشانە دانەنێ؟! ئەی دەسەڵاتدارانی حزبەکان کە ئێستا ئەم سەرۆک جاشانە تۆمەتباریان دەکەن بە ئاگاداربوون لە کاروکردەوەکانیان، بۆ لە جیاتی هاندانی کەسوکاری قوربانیەکان، نایەن و ڕاستەوخۆ لە میدیاکانەوە ڕووبەڕووی ئەم سەرجاشانە ببنەوە؟! ئەی کاتێ داواکراوی وەکو قاسم دڕەیی و خالیی خولە سوور و چەندینی تر خۆیان دەدەنە پاڵ پارتی و یەکێتی و گۆڕان، بۆچی ئەم حزبانە بە ڕەسمی وەڵام بۆ ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان نادەنەوە؟! ئاخۆ کێ ڕاستیەکان بۆ خەڵک ئاشکرا دەکات؟! ئایا هەرکەس سەرجاش بوو، یان خاوەن فایل بوو ئیتر تاوانبارەو دەبێ دادگایی بکرێ؟! ئایا تا چ ڕادەیەک دەکرێ پشت بەو بەڵگەنامانەی سەردەمی ڕژێم ببەسترێن کە ئەو تۆمەتبارانەیان لە تاوانەکانەوە گلاندوە. ئەگەر ئەو سەرۆک جاشانە تاوانبارن و وەکو خۆیان ئیدیعا دەکەن حزبەکانیان ئاگاداربوون، ئیتر ئەو حزبانە لە کوێ کوردایەتییان کردوە؟! ئەگەر حزبە موحافیزکارو حوکمڕانەکان نایانەوێ عەشیرەتەکان لە خۆیان بتۆرێنن، ئەی حزبە ئۆپۆزسیۆن و نوێخوازەکان بۆ دەستیان گرتوە بەسەر هەندێ، خالیدی خولە سوور وتەنی "ڕیشسپیی هۆزەکان"دا؟! کەواتە جیاوازیی حزبەکانی دەسەڵات و ئەوانی ئۆپۆزسیۆن لەم ڕوەوە کامەیە؟! کێ خۆی بە بەرپرس دەزانێ بۆ ڕاگرتنی ئەم گەمەی سەرهەڵدانەوەی برینانە؟! کەی ئیتر واز لە یاریکردن بە هەستی خەلک و قوربانیەکان دێنن؟!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست