کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆمەڵگەى زیندوو، دەسەڵاتى مردوو

Tuesday, 15/03/2011, 12:00


پەیامى ئاسۆ جەبار
سڵاو و پشتیوانیم بۆ ئێوەى ئازیز....
بەسەرچوو تاڵانکردنى بودجە و داهاتى نیشتیمان، بەسەرچوو ئەو رۆژانەى سوتەمەنیان ئاودیو دەکرد و کەس قسەى نەدەکرد، بەسەرچوو رفاندنى خەڵک و گۆڕونکردنى قوربانییەکان، بەسەرچوو داگیرکردنى زانکۆ و خوێندنگە و مزگەوت و شوێنە گشتییەکان، چیتر خەڵک چەپڵە بۆ دیکتاتۆرەکان و ئینسانکوژەکان لێ نادەن، بەسەرچوو چەواشەکردنى خەڵک و جیهان لەڕێى میدیا درۆزنەکانتانەوە.
ئێوە تەنها نین، ئێستا هەموو دنیا سەیرى ئێوە دەکات، سەرجەم رێکخراوە جیهانییەکانى مافى مرۆڤ و بەرگریکاران لەماف و شکۆمەندى ئینسان پشتیوانتانن، یاداشت و ناڕەزاییەکانى ئێوە گەیشۆتە هەموو دنیا.
کۆمەڵگەى زیندوو، واتە شارى زیندوو و شەقامى زیندوو. بەبێ رەخنە و روانین و دنیابینى نوێ کۆمەڵگە زیندوو نابێتەوە. بەبێ گفتگۆ و قسەکردن و ململانێى شارستانى و فەرهەنگى و ئابورى و سیاسى، کۆمەڵگە و شەقامەکان خاڵى دەبنەوە لەژیان و گۆڕانکاریى و گفتوگۆ.
داخستنى دەرگاى گفتوگۆ لەخەڵک، چارەنوسى دیکتاتۆرەکان دژوارتر و ناشرینتر دەکات، هەڕەشەکردن لەهاوڵاتیان ئاستى ژیاندۆستى و قبوڵکردنى جیاوازییەکان زەربى سفر دەکات. ئەو هێزانەى پێیانوایە لەڕێى هەڕەشە و تۆقاندنەوە شەقامەکان چۆڵ دەکەن و رۆشنبیران و هاوڵاتیان دەترسێنن، بێ ئەندازە کاڵفامن بەرامبەر ئەو غەزەبە شارستانى و زیندووەى کە شەقامەکانیان پڕ کردووە لەهاوار و رەخنە و گفتوگۆ.
کۆمەڵگەى زیندوو سەربارى ئەوەى کۆمەڵگەیەکى قسەکەرە، کۆمەڵگەیەکى رەخنەگر و فشاردروستکەر و هەمەڕەنگە لەرووى فەرهەنگى و دنیابینى و رۆشنبیرییەوە، هاوکات کۆمەڵگەیەکیشە لەسەر کەمترین بڕ لەمافەکانى خۆى دەنگى بەرزدەکاتەوە، کۆمەڵگەى مردووش کۆمەڵگەیەکە کە لەسەر پێشێلکردنى سەرلەبەرى مافەکانى و چەوسانەوەى ئابورى و رۆشنبیرى و ژیان لەرووبەرێکى گەورەى گەندەڵخۆرى و عەنتەریاتخانەى حیزبى و بەڕەڵاخانەیەکى ئابورىدا دەنگى لێوە نایەت.
جیاوازى گەورە هەیە لەنێوان کۆمەڵگەى زیندوو و کۆمەڵگەى مردوودا، هەر لەرووى فەرهەنگییەوە تادەگاتە مۆرال و تادەگاتە روانین و دنیابینى و هەست و درک و خەون و چەشەى کولتورى و ئیستاتیکى و تادەگاتە فەنتازیا و بیرکردنەوە و گۆڕان و وەرچەرخانى گەورە. کۆمەڵگەى زیندوو کۆمەڵگەیەکى پڕ لەگۆڕانکارى و کار و کاریگەریى هزر و روانینە ناکۆک و تەبا و جیاوازەکانە، واتە کۆمەڵگەیەکى فرە روانین و فرە جیهانبینییە، هاوکات لەو کۆمەڵگایەنەشدا کە گەندەڵى و راوڕوتى حیزبى و عەنتەریاتى مافیاگەریى حیزبى دەگاتە دوا ترۆپکى چێژى داگیرکردن و دەرەبەگخوازى و پاڵەوانبازیى ناعەدالەتى تائەوپەرى دامرکانەوەى زەوقى دەرەبەگخوازى حیزبى و بەتاڵکردنەوەى ژیان لەبەها و نرخە مرۆیی و شارستانى و روحییەکان، دەرەنجام خولقاندنى کۆمەڵگەیەکى مردووە، واتە خولقاندنى رووبەرێکى گەورە لەبێبایەخى و کوشتنى گۆڕانکارى و ئیرادە و دنیابینییە جیاوازەکان، روبەرێک لێوانلێو لەکۆنخوازى، بەڵام خاڵى لەگۆڕانکارى نوێ و وەرچەرخانى فەرهەنگى و گەشەى شارستانى.
دەسەڵاتى مردوو، داگیرکارێکى راستەقینەى سەرلەبەرى سەرچاوە ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەکانە، دەسەڵاتێکە تاسەرئێسک گەندەڵ و ناعادیل و تاڵانخۆر و وێرانکارە، بێ ئەندازە کار لەسەر خامۆشکردنى کۆمەڵگە و ناشرینکردنى نیشتیمان دەکات، هەڕەشەیەکى گەورەیە بۆ سەر ژیانى هاوڵاتیان و رۆژنامەنوس و رۆشنبیران، هێزێکى مردووە بۆ گفتوگۆ و دنیابینى نوێ، بەڵام هێزێکى کوشندەیە بۆ کوشتنى جیاوازى و ناڕەزاییەکان.
دواجار کۆمەڵگەى زیندوو هێزێکى شارستانییە بۆ لێپێچینەوە لەدیکتاتۆر و گەندەڵکار و نائینسانەکان، ئەو دەسەڵاتە وەحشیگەرانەى کە ڕووبەڕووى ئەو هێزە شارستانیە دەبنەوە مەرگى خۆیان خێراتر دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە