مافیا و حیزب
Sunday, 11/12/2011, 12:00
جیاوازى گەورە هەیە لەنێوان مافیا و حیزبدا، كە رەنگە هەمومان ئەو جیاوازییە بزانیین، بەڵام مەترسیدارترین ساتەوەخت ئەوكاتانەیە كە حیزب دەبێت بە مافیا..یان كاتێك حیزب دەقاودەق وەك مافیاكان رەفتار دەكەن، مافیاكان ئیشایان چییە؟ كوشتنى ئینسان بە نهێنى، سوتاندنى موڵك و ماڵى نەیارەكانیان، دزینى پارەو موڵك و ماڵى گشتى، رفاندن و ونكردنى ئەو كەسانەى دەبنە رێگر لەبەردەم مەرامەكانیان، هاوكات مافیاكان كۆمەڵە بازرگانو مشەخۆرێكن كە لەسەر كۆمەڵگەو خەڵك دەژین وەك ستەمكارو هێزێكى كوشندە...بێگومان ئێستا پارتى دیموكراتى كوردستان وەك حیزبێكى مافیایى كوشندە بووەتە هێزێكى مەترسیدارو دەرەبەگێكى راستەقینە، سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتوو و موڵك و ماڵى هاوڵاتیان و سوتاندن و تاڵانكدنى مەكۆكانى گۆڕان هەر لەم ساڵدا و تێرۆركردنى سۆران مامە حەمەو سەردەشت عوسمانو شەهیدەكانى 17ى شوبات خۆپیشاندانەكانى ئەم ساڵە كۆمەڵە بەڵگەیەكى حاشاهەڵنەگرن كە پارتى حیزبێكى تیرۆریست و كوشندەو ئافاتێكى گەورەیە بۆ كۆمەڵگەو ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامەنووسان.
كولتورى سوتاندن و تاڵانكردن و وێرانكردن و كوشتنى نهێنى و كارى مافیایى لەكولتور و نائەخلاقیاتى ئەو حیزبە كوشندانەوە سەرچاوەى گرتووە كە سەركوتكردنى كۆمەڵگە یەكێكە لە مەهامە وەحشیگەرییەكانیان.
هەڕەشەو گوڕەشەكانى هێزى كوشندەى میلیشیایى تەنها دەرخەرى قەبارەو دەستكراوەیى ئەو حیزبە ناگەیەنێت، بەڵكە چەند هەوڵێكى كوشندەیە بۆ دەمكوتكردنو سەركوتكردنى خەڵك، هێندەش بەرنامەو پیلانگێرییەكى حیزبییە بۆ كۆنترۆڵكردنو ترساندنى كۆمەڵگە. كاتێك حیزب هەڕەشە دەكات لەحیزبو گروپو بزوتنەوە جیاوازەكان، واتە ئیتر ئەو حیزبە وەك هێزێكى مافیایى و مەترسیدار رێ بەخۆیى و هەوادارانى دەدات دڕندەتر و وەحشیئاساتر شەقامەكانو شوێنە گشتى و تایبەكان بسوتێنن و كاولى بكەن.
دەمێكە من باسم لەوە كردووە حیزب و دەسەڵاتى كوشندە خاوەنى هێز و دەزگاگەلى كوشندەن، خاوەنى میدیاى كوشندەو خاوەنى زمانحاڵ و بەرپرس و هێزى میلیشیایى كوشندەن، چۆن خاوەنى دەزگاى نهێنین بۆ تیرۆركردن و ترساندنى خەڵك ئاوەهاش خاوەنى بەرپرسى جوێنفرۆش و بێ مەعریفەتن، چۆن خاوەنى مەلاو بێژەرى كوشندەو رۆژنامەنوسى كوشندەن ئاوەهاش خاوەنى پلان و سیناریۆى كوشندەن.
لەپشت هەموو حیزبو تاقمێكى سیاسى كوشندەوە هەمیشە كۆمەڵێك پیاوكوژى كرێگرتەو مورتەزەقەو مافیا حازرو ئامادەكراون بۆ بەرپاكردنى كەشێكى تۆقێنەرو كوشندە بۆ كوشتنو كاولكردنى هەرچى جیاوازىو هەمەڕەنگىو رەخنەو دنیابینییەكى جوانە. ئەو پیاوكوژە ئاشكرایانە روخسارو چڕوچاوى پڕ مەرگیان ناشارنەوە كاتێك پەلاماریى قوربانییەكان دەدەن، لەشوێنێكى هێندە باڵادەستەوە نێردراون كە هەرگیز سڵ لەخەڵكو نیشتیمان ناكەنەوە، ئەو بەرپرسە نەخۆشانە هێندە كارى ناڕەوشتىو نائینسانىو مەرگهێنیان پێڕاسپاردوونو ئەنجامیان داوەو كەس نەیتوانیوە لەگوڵ كاڵتریان پێبڵیتو لەبەرامبەر هەر كارێكى تاوانكاریاندا پاداشتى خەیاڵى كراون.
هاوكات ئەو ئەنداسەسازییە نامەعریفىو نالۆژیكییەى تائەوڕۆكە وەك نەخشەیەكى ناشرینى سیاسىو حیزبىو كارگێرىو رۆشنبیریى كارى لەسەردەكرێت بریتییە لەبەرجەستەكردنى كۆمەڵگە لەناو كایەكى بچوكو هەزیلى وەك حیزبدا، ئەم كڵێشەسازییە نائینسانىو ناشارستانییە درێژكراوەى ئەو ستەمكارییە مێژووىو حیزبگەراییەیە كە بەرهەمى بەلشەفیزمو ستالینیزمو نازیزمو شۆفێنیزمو بەعسیزمو رژێمە تۆتالیتارىو دیكتاتۆرییەكانە، ئەوڕۆكە ئەم بەرهەمە ناشارستانىو ستەمگەراییە بە میرات بۆ دەسەڵاتە حیزبگەراو خێڵەكىو بنەماڵەپەرستو عەشرەتپەرستو ستەمكارەكان بەجێماوە. ئەم میراتە پێكڕا گەنجینەیەكى گەورەوگرانى ئەو كەرەستەو لۆژیكانەیە كە تائەندازەیەكى بێ ماناو بێ سنور لەتوانایدایە كۆمەڵگەو سەرلەبەرى پێكهاتە زیندووەكانى كۆنترۆڵو مۆنۆپۆل بكات.
لەڕاستىدا سەیركردنى كۆمەڵگە بە دیدو دنیابینییەكى حیزبیانە، واتە سەیرنەكردنى كۆمەڵگەو نابینایى بەرامبەر خودى ئەو پێكهاتە گەورەیەى كە حیزب تیایدا بێجگە لەیەكەیەكى بچوكى هەڵتۆقیو هیچى دیكە نییە. لەكۆمەڵگە زیندووەكاندا كۆمەڵگە حیزب كۆنترۆڵ دەكات، بەڵام لەو كۆمەڵگایانەدا كە حیزب دەسەڵاتى موتڵەقە یان لەژێر دەسەڵاتێكى دیكتاتۆریى یان مەزهەبگەراییدان، كۆمەڵگە وەك كیانێكى سەربەخۆو زیندوو بوونى نییەو حیزبى حاكمو داگیركاریى موتڵەقى كۆمەڵگەو سەرلەبەرى سەرچاوە شارستانییەكانە.
لەژێر دەسەڵات و هەمەجیەتى حیزبگەراییدا كۆمەڵگە وەك كیانێكى سەربەخۆو زیندوو وجودى نامێنێت، سڕینەوەى كۆمەڵگە یەكێكە لەمەهامە هەرە گرنگو بنچینەییەكانى دەسەڵاتە موتڵەقو دیكتاتۆرو دیماگۆجەكان، ئەم پڕۆسەى سڕینەوەیە تەنها بریتییە نییە لەسڕینەوەى شوناسو زیندوێتى كۆمەڵگە وەك رووبەرێكى بەرهەمهێنو كاریگەرو پەیوەندیدار، نەخێر ئەم پڕۆسەیە بریتییە لەگۆڕینى شوناسو مەهامى كۆمەڵگە لەسەربەخۆییەوە بۆ وابەستەییو پاشكۆیى، لەروبەرێكى زیندووەوە بۆ پانتاییەكى مردوو، لەكۆمەڵگەیەكى خۆژێنەوە بۆ كۆمەڵگەیەكى بەكاربەرو موحتاجو موچەخۆر، گۆڕینى كۆمەڵگە لەپێكهاتەیەكى فرە جومگەو فرە رەنگەوە بۆ كوتلەیەكى كۆنكرێتى بێقسەو بێدەنگو خامۆش.
كولتورى سوتاندن و كاولكردن ئەو رووداوەى بادینان تەنها رووداوێكى دیاریكراو نییە، بەڵكە سەربارى ئەوەى رووداوێكى پڕ گرێ و سیناریۆ و درۆى گەورەیە، هێندەش رووداوێكى مەترسیدار و كوشندەیە لەئاستى حیزبى و كۆمەڵایەتى و كولتورى و ئاینییەوە. پەیامێكى حیزبى ناشارستانى و نائەخلاقییە كە پێمان دەڵێت ئاسانترین كردە سوتاندنى دوكان و بازارەكانە، گرتێبەردانى بارەگاو ناوەندە حیزبییەكانە، كاولكردنى شەقام و پشێوى و دروستكردنى رق و بوغزى حیزبى و كۆمەڵایەتییە.
ئەم پەیامە پێماندەڵێت حیزبە كوشندەكان ئەگەر نەتوانن شەڕى ناوخۆ هەڵگیرسێننەوەو شەڕى جەبهە بكەن بەرامبەر بە یەكتریى، بەڵام دەتوانن رێكخستنەكانیان كۆبكەنەوەو بارەگاو مەكۆى حیزبەكانی دیكەیان پێ بسوتێنن و شەقامەكان گرتێبەردەن، دەتوانن دوكانەكانى مەیفرۆشتن و شوێنە بازرگانی و كۆمەڵایەتییەكان گرتێبەردەن و تاڵانى بكەن.
ئەم پەیامە هێندە ترسناكە كە قوڵدەبێتەوە بۆ ئاستێكى ناتەندروستى حەماس و دەمارگیرى خەڵك و هەوادارە كوێرەكانى حیزب بۆ كوشتنى جیاوازى و گرتێبەردانى هەر نەیار و ئۆپۆزسیۆنێك، هاوكات فەتوابێژى حیزب و ئوستادەكانى جەهل و حیزبە خێڵەكى كوشندەكان پێكڕا لەتوانایاندایە لەیەك چركەدا شارێك بسوتێنن، ئاسانترین شتگەلێك لەو سەرزەمینە خنكاوەى كوردستاندا پیلانگێرى و سیناریۆى كوشندەیە بۆ قوربانییەكان و كردە نائەخلاقى و وەحشیگەرییەكان، لەمە مەترسیدارتر ئەوەیە ئەم پەیامە پێماندەڵێت حیزبە پیاوكوژ و ناڕەزایى كوژو خۆپیشاندان كوژ، سوتاندنى شار و شەقامەكان لەلایان لەئاو خواردنەوە ئاسانترە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست