دادگایەكردنى جەلادەكان
Sunday, 20/02/2011, 12:00
بانگەواز: ئاسۆ جەبار
جەلادەكانى پارتى دیموكراتى كوردستان چۆن بێشەرمانەو وەحشیئاسا بە دەستڕێژى مەرگ كەوتنە وێزەى خەڵكى بێ تاوان لە سلێمانى، دەبێت خۆیانو سەرۆكو بەرپرسە مەڵاسخواردووەكانى ئەو كردە وەحشیگەرانەیە بدرێنە دادگایەكى سەربەخۆ كە نوێنەرى نەتەوە یەكگرتووەكانو رێكخراوەكانى مافى مرۆڤ بەڕێوەى ببەن.
رەوانەكردنى هێزى سەربازىو چەكو تفاقى ئینسانكوشتن بۆ شاری سلێمانى بێجگەلە عەنتەریاتى حیزبىو ترساندنى خەڵكى سیڤیل هیچى دیكە ناگەیەنێت، چۆڵكردنى شەقامەكانو خۆمەڵاسدانى ئاپورەى میلیشیاكانى حیزب، پیادەكردنى زەبروزەنگە بۆ سەركوتكردنو تۆقاندنى خەڵك.
بێگومان سەركوتكردن و داپڵۆسینى هەر چالاكى و بزوتنەوەیەكى شارستانى و فەرهەنگى و ژیاندۆستانە تەنها كردەگەلێكى نائینسانى و وەحشیگەریى سادە و ساكار نییە بۆ بەرپاكردنى فەزایەكى گەورەو گرانى پێشێلكردنى مافى مرۆڤو شەرعیەتدان بە توندوتیژىو سیستیماتیزەكردنى زەبروزەنگ لەئاستێكى باڵاى فەرمى و حیزبى دا، بەڵكە پێكڕا هەر كردەیەكى وەحشیگەرانەو نائینسانیانە دەرهەق بە هەر روانینێكى نوێو دنیابینییەكى جیاواز لەو سیستمە دیكتاتۆریى و سەركوتكارە راستەقینە ئاڵۆزەوە سەرچاوە دەگرێت كە هەر كردەیەكى زەبروزەنگئاساو هەر توندوتیژییەكى فەرمى دەبنە پێكهێنەرى ئەو شوناسە زەبەلاحەى كە خولقێنەرى شەرعیەتو سیستمو دامەزراوەگەلێكى نائاسایى و نابەرجەرستەیە. تائێرە ئیتر ئنسان ناتوانێت تاكە شوناسێكى دیاریكراو بدۆزێتەوە بۆ لێشاوێك لەكارى زەبروزەنگو كوشتنو ڕفاندنو زیندانیكردنو قەسابخانەى شەقامەكان و كۆنترۆڵكردنى كۆمەڵگە و خامۆشكردن و سەركوتكردنى عەقڵ و جەستە و رۆحى ئینسان.
راگرتنى بارودۆخەكە نەوەستاوە لەسەر سازكردنى قەسابخانەیەكى وەحشیگەریى لەسەر شەقامەكان و بێدەنگكردنى كۆمەڵگە، بەڵكە بە توندى پەیوەستە بە دادگاییكردنى سەرۆكو سەرانى هەڵگیرسێنەرى مەرگو كوشندەكانەوە.
دەبێت سەرۆكى پارتى و جەلادەكانى لقى چوارو بەرپرسە تێوەگلاوەكانى قەسابخانەكەى 17ى شوبات بانگبكرێنە پەرلەمان و بە ئامادەبوونى رۆژنامەنووسان و كەسوكارى قوربانیەكان لێپێچینەوەو دادگایی بكرێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست