كوشتنى كتێبفرۆشەكان
Sunday, 08/02/2009, 12:00
"لەهەڵمەتێكى بە جەرگانەى هێزەكانى ناوخۆو بەئامادەبوونى سەرۆكى حكومەتو بەرپرسو سەرجەم پیاوە بەرزەكانى حیزبو نزیكەى 101 ئەندام پەرلەمانى خەوتوو 42 وەزیرى بێئیش، رۆژى پێنج شەممە توانرا بە هێزێكى زۆرەوە كە پێكهاتبوو لە 100 دەبابەو زریپۆشو چوار فەیلەقى ئامادەباشو بەهاوپشتى هێزى تۆبخانەى شۆڕش سەرجەم كتێبفرۆشو رۆژنامەفرۆشەكان دەستگیركران كە ژمارەیان پێكهاتبوو لە 23 كتێبفرۆش لەبەردەم بەردەركى سەرادا خۆشبەختانە گولەباران كرانو بێئیش كران، سەرجەم كتێبو رۆژنامەكانیش فڕێدرانە حاویەكانەوە."
لەڕاستىدا ئەمە یەكەمجار نییە هێزەكانى ناوخۆو عەسابەكانى شارەوانى كتێبو تەماتەى رزیو لێكجیا ناكەنەوە، دیوانى مەحوىو كاڵەكى تەپیو لەیەكتر جیاناكانە هەر كامێكیان بەردەست بكەوێت هەڵیدەدەنەوە حاوییەو تەنەكەخۆڵەوە، ساڵى پار كۆمەڵێك رامبۆى شارەوانى هەستان بەدەركردنى كتێبفرۆشەكانو شەقهەڵدان لەكتێبو لێدانو تێهەڵدانى كتێبفرۆشێكى هەژارو بە ئەدەب ویستیان بەشقو زلە بیكوژن تەنها لەبەرئەوەى دەیەوێت كتێب بفرۆشیت، تەنها دەیویست لەگەڵ هاوڕێكانیدا وەك ئینسان ئیش بكەنو ئەو كتێبو رۆژنامەو گۆڤارە سەربەخۆیانە بفرۆشن كە هەزاران خوێنەریان هەیە، بەداخەوە ئێمە ئەوكاتە دەرهەق بەم كارە ناشارستانىو جاهیلانەیە سەرلەبەرى رێكخراوەكانى مافى مرۆڤو رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكانى (یونامى) لەعێراق ئاگادار كردەوە بەڵام كەس نەیتوانى ئەو عەسابانە راپێچى دادگا بكات.
حكومەتێك نەتوانێت لەماوەى 18 ساڵدا چەند كۆشكێكى بچوك دروستبكات بۆ كتێبفرۆشانو رۆژنامەفرۆشان، دەبێت چ حكومەتێك بێت، لەكاتێكدا بە ملوێنەها دۆلار سەرفكرا بۆ شەڕى ناوخۆو پیاوكوشتن، لەكاتێكدا ملوێنەها دۆلارى ئەم وڵاتە لەڕێى گەندەڵىو راوڕوتى حیزبىو بەرپرسسەكانە دیار نامێنێت هیچ بەرپرسێكى پایەبەز هیچ وەزێرێكى بە جەرگ هیچ پارێزگارو قایمقامێكى ئازا نەیانتوانى بڵێن ئیتر بەسەو لەداواكارى گشتى شكات بكەنو ئەو تەجاوزو پێشێلكاریانە ریسوا بكەن. بەڵام بەرامبەر رۆژنامەنوسانو كتێبفرۆشانو دەستگێرو رۆژنامەفرۆشەكان دەبن بە هێزى موداهەمەو پیاوى یاساو مولازم موحسین.
دەمێكە حكومەتو بەرپرسو حیزبەكانى دەسەڵاتو جوێنفرۆشەكانى حیزب پێانوایە خەڵك تەجاوزى كردووە، بۆ نمونە دەمێكە سەرقاڵى دۆزینەوەى یاسایەكى رۆژنامەگەرى بوون بۆ دەمكوتكردنو بێدەنگكردنو سەركوتكردنى رەخنەگرانو رۆژنامەنوسان، ئەمەش لەو ستراتیژە خەتەرناكەوە سەرچاوە دەگرێت كە پێیانوایە هەموو رەخنەیەك لەگەندەڵى تەجاوزەو دەبێت كۆتوبەنبكرێتو هەموو كەشفكردنێكى بابەتیانەى راوڕوتى بەرپرسو ناعەدالەتییەكانو پێشێلكارییەكان كۆمەڵێك تەجاوزنو دەبێت سنورێكى یاساى بەعسی بۆ دابنرێت. هاوكات دەمێكە بەرپرسو سەرۆكو جێنتڵمانەكان نیگەرانن بەرامبەر ئەو چەند كتێبفرۆش رۆژنامەفرۆشانەى كە داهاتى خۆیانو ماڵومنداڵیان لەسەر فرۆشتنى ئەو كتێبو رۆژنامە جیدیانەیە كە رۆژانە بە سەرماو بە گەرما لەژێر بارانو بەفردا دانیشتون بەدیار بڕێك قازانجى كەمەوە كە بەشى كرێ خانوو و ژیانى رۆژانەیان ناكات. بەداخێكى زۆرەوە بەرپرسو پیاوەكانى حكومەت پێیانوایە ئەو كتێبفرۆش رۆژنامەفرۆشانە تەجاوزیان كردووە لەشوێنێكى گشتیدا شت ئەفرۆشن، ئەى خۆ ناچنە سەحراوە. بەڵام ئەو بەرپرسو جێنتڵمانانە ئەو هەموو راوڕوتو گەندەڵییە بە تەجاوز حساب ناكەن، ئەى بۆ بەرزكردنەوەى ئەو هەموو كۆشكو تەلارەى كە لەسەر حیسابى گیرفانى خەڵك دروستكراون بۆ تەجاوز نییە، ئەى دیارە چاویان كوێر بووە بەرامبەر ئەو هەموو خانوو تەلارانەى كە مەسئولو ئەندامە بەرزو نزمەكانى حیزب داگیریان كردوونو وەك هارونەرەشید بوون بەخاوەنى بێشومار عەرزەو تەلارو گردو ناوچەى گەشتیارىو كۆمپانیاو بەنزینخانەو قومارخانەو تیاترۆخانەو معاشى زۆروزەوەندە، دیارە جەنابى قایقمام ئەوانە تەجاوز نین.
سەرۆكى حكوت دڵى ناسك بۆتەوەو بەرگەى ئەو هەموو رەخنەیە ناگرێت، بەڵام من حساب بۆ دڵى تۆ ناكەم، دڵى تۆ پڕە لەگەندەڵى حەشاردراو پڕە لەتیجارەتى لابەلاو پارە پەیداكردن پڕە لەمعاشى زۆرو بێئاگایى لەكۆمەڵگە، جەنابى سەرۆك بەخۆتو حكومەتو حیزبەكەت نەتانتوانى 25 كۆشكى زۆر بچوك بۆ كتێبو رۆژنامە فرۆشتنو دروستبكەن لەشارێكدا كە بۆ پۆز پێى دەڵێن پایتەختى رۆشنبیرى، سلێمانى پایتەختى رۆشنبیرى نییە بە وەهم، سلێمانى بووە بە پایتەختى ناعەدالەتییە گەورەكان، بووە بە پایتەختى نیزاعى هیچى حیزبایەتى، بووە بە شانشینى گەندەڵىو پۆزو فیزى بەرپرسسەكان، بووە بەلادێیەكى بچوك.
جەنابى سەرۆك دەستەكەو كەشفە بەڕێز ئەو شەڕى ناوخۆییەى كە جاران شەهیدەكانتان بۆ زۆر دەكردن، ئێستا تەلارەكانى بۆ بەرز دەكەنەوە سەرمایەى بۆ كەڵەكە دەكەن، من پێموایە ئەورۆكە شەڕى ناوخۆ گۆڕاوەو بەجۆرێكى دیكە دەكرێت، ئێستا لەبرى شەڕى دەستەویەخەو پیاوكوشتن شەڕێكى دیكە لەئارادایە شەڕێكى ئابورى گەورە لەئارادایە، شەڕى كردنى شارێك بە دوبەیىو شارێكى دیكە بەلادێ، شەڕى داگیركردنى سەرلەبەرى سەرچاوە ئابورییەكانو داگیركردنى وەزارەتو دەزگا رۆشنبیرىو فەرهەنگییەكان، شەڕى خۆكردن بە خاوەنى هەموو شتێك لەئارادایە. بەداخەوە ئێوەى مورتاح لەدیكتاتۆرەكان مەترسیدارترن، ئێستاكە هێزەكانتان یەكخستووە بۆ سەركوتكردنى ئازادى رادەربڕینو رۆژنامەو دەنگە سەربەخۆكانو تیرۆركردنى فەرهەنگو رۆشنبیریى سەربەخۆ.
هەندێك كەس هەر لەسەرۆكى حكومەتەوە تا بینەقاقاى مەسئولەكان تا قۆڕقوڕاگەى هەندێك نوسەرحیزبو رۆشنحیزبو رۆژنامەحیزب پێیانوایە دەبێت رەخنە بە زمانى گوڵ بێتو بنیاتنەرو ئامۆژگارى بێت، لەراستىدا ئەوەى ئێوە دەیخوازن رەخنە نییە، بەڵكە موجامەلەو پیاهەڵدانو ختوكەى حیزبییەو هیچى تر، لەراستىدا دەبێت رەخنە هەڵتەكێنەرو هەڵوەشێنەرى ئەو بونیادە كۆنكرێتىو ژەنگگرتووە بێت كە بێئەندازە تواناى ئەوەى هەبێت خەو و كیفو سەفاى ئەو بەرپرسو سەرۆكانە هەراسان بكاتو بێئەندازە بیان شڵەژێنێت، رەخنە یان كارى رۆژنامەگەرى دەبێت بێئەندازە هێزێك بێت بۆ قڵپكردنەوەى گەندەڵىو راوڕوتو كەشفكردنى دزىو ناعەدالەتى.
ئەوانەى بە دەڕاسەى حیزب بەختەوەرى دروێنە ئەكەن، ئەوانەى پێنوایە عاقڵترینو ژیرترین پیاوى دنیایانو هیچ پلانو پڕۆژەیەكى زیندویان نییە بۆ سازكردنى ناوەندێكى گفتوگۆو لێكحاڵیبوون، دەبێت دواجار لەوە تێبگەن كە كوشتنو خامۆشكردنى هەر گفتوگۆو دیالۆگێكى شارستانى، دەرەنجام دەكاتەوە كوشتنى روانینو دنیابینییە جیاوازەكانو زیندوكردنەوەى ئەو بەشە تاریكو پەنهانەى ستەمكارىو دیكتاتۆریىو تاكپەرستىو رەهاگەرایى، پێكڕا هەموو ئەمانە دەبنە هەوڵگەلێكى ترادسیۆنى بۆ خاڵیكردنەوەى كۆمەڵگە لەهەر ئەكتیڤیتىو بزاوتێكى پراكتیكىو بەتاڵكردنەوەى كولتور لەهەر خەمێكى مەعریفىو شارستانى.
ئازادى رادەربڕین پەیوەندییەكى قوڵو كاریگەرى هەیە بە كۆمەمڵێك تێزو چەمكى گرینگەوە، بۆنمونە بەبێ سەروەرى یاساو سەربەخۆیى دادگاو دەسەڵاتى دادوەرى گشتىو پەرلەمانێكى ئەكتیڤو گوێگر ئازادى رادەربڕین بوونى نابێت. وەكچۆن ئازادییە مرۆڤەكان پەیوەستە بە جۆرى بیركردنەوەى تاكەكانو كۆمەڵگەو جەبەروتى ئەخلاقو داخرانو كرانەوەى فەرهەنگى، ئاوەهاش ئازادى بیروڕاو رادەربڕین بێئەندازە پەیوەندییەكى فەرهەنگىو شارستانىو هەمەڕنگى هەیە بە سەرلەبەرى كایەو پێكهاتە ژیارىو گشتىو تایبەتەكانەوە.
بەڵام لێرەدا پێویستە ئەو دەرگا داخراوانە بخەینە سەرپشت كە تائەوڕۆكە كۆمەڵگەو كولتورە داخراوەكان بەداخراوى هێشتویانەتەوەو جێى بایەخو گرینگىو قسەكردن نیین، زۆرێك لەو رەهەندە گرنگانە بوونەتە سەرزەمینى حەرامو قەدەغەكراوو گوناهبار. بەرلەهەرشتێك ئازادى رادەربڕین بێئەندازە پەیوەندییەكى هەمەلایەنى هەیە بە ئازادییە سروشتییەكانى تاكەكەسەوە، كە بریتین لەئازادى كاركردنو هەڵسوكەوتو بیركردنەوەو روانینو دنیابینىو ئازادى ئاینو بیروڕوانینو كۆڕوكۆبونەوە، ئازادى سەفەركردنو ئازادى فەرهەنگىو رۆشنبیرىو كۆمەڵایەتىو سیاسىو ئابورىو ئازادى چاپو بڵاوكردنەوەو نوسینو ئازادى قەڵەمەكان.
دەستگیركردنو هەڕەشەكردنو لێدانى كتێبفرۆشەكان بیێجگە لەئەخلاقێكى بەعسیانە هیچى تر نییە، بێجگە لەعەنتەریاتێكى كوێرانە هیچى دیكە نییە، دەركردنى كتێبفرۆشو رۆژنامە فرۆشەكان واتە دەركردنى نوسەرو رۆژنامەنوسەكان، واتە ئیهانەكردنى هەموومان، ئەم فیعلە ناشرینە تەنها لەئێوە دەوەشێتەوە.
لەراستىدا هیچ جیاوازییەكى ئەوتۆ نییە لەنێوان گولەبارانكردنو بێئیشكردنى كۆمەڵێك گەنج، بەعسییەكان دەهاتن كۆمەڵێك گەنجیان دەگرتو لەشوێنێكى گشتىدا بەبەرچاوى خەڵكەوە گولەبارانیان دەكردن، ئێستاش عەسابەكانى حكومەتى هەرێم كۆمەڵێك گەنجى بێتاوان دەگرنو بە بەرچاوى خەڵكەوە بێئیشیان دەكەنو سەرجەم كتێبو رۆژنامەكانیان فڕێدەدەنە حاویەكانەوەو هەڕەشەى ئەوەیان لێدەكەن كە ئیتر نابێت كتێب بفرۆشن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست