کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیرهابى شارستانى

Tuesday, 01/02/2011, 12:00


ئیرهاب تەنها كوشتنو تۆقاندنى ئینسانەكان نییەـ وەكچۆن ئیرهابێك هەیە بۆ كوشتنى ئینسان، ئیرهابێكى بێ ماناترو نامرۆڤانەترو رێكخراوتریش لەئارادایە بۆ كوشتنى یاساو ئازادى رادەربڕینو مافە شارستانىو ژیارییەكانى تاكەكەسو كۆمەڵگە. ئیرهاب تەنها سوتاندنى شەقامێك نییە بە ئینسانەكانەوە، چۆڵكردنى شەقامەكانو رێگرتن لەبەردەم هەر ناڕەزاییەكى شارستانى لەشەقامەكاندا جۆرێكە دیكە لەئیرهابى شارستانى.
ئیرهابى شارستانى بریتیە لەكوشتنو خامۆشكردنى هەر چالاكىو ئیرادەیەكى شارستانى، وەك رێگریى یاسایىو حیزبى لەبەردەم خۆپیشاندانو چالاكییە مەدەنییەكاندا، دژایەتیكردنو سەركوتكردنى كیانە رۆشنبیریىو كولتورییە سەربەخۆو شارستانییەكان، كوشتنى رۆژنامەنوسانو داخستنى دۆسیەكەىو كردنیان بە تیرۆریست، هاوكات نادادپەروەریى كۆمەڵایەتىو ئابوریىو سیاسى بێجگە لە ئیرهابگەلێكى وەحشیگەریى شارستانى هیچى دیكە نین.
گرنگ نییە سەرۆكێكى وەهمى ئیمزا لەسەر پڕۆژە یاسایەك دەكا یا نا، گرنگ ئەوەیە دەسەڵاتو هێزێكى ناشارستانىو نائینسانى لەئارادایە بۆ بە یاساییكردنو شەرعیەتدان بە هەر مەرامو حوكمو سەركوتكردنو ستەمكارییەك، هەمومان شایەتحاڵى ئەو ڕاستییەن كاتێك سەرۆك ئیمزا لەسەر پڕۆژەیاساى كارى رۆژنامەگەریى ناكاتو دەینێرێتەوە بۆ پەرلەمان، دوابەدواى ئەو مەهزەلەیە لەجاران زیاتر لەرۆژنامەنوس دەدرێتو دەكوژرێنو ئیهانەدەكرێن هەڕەشەیان لێدەكرێتو حیزبو حكومەت دەستكراوەتر بوون بۆ سزادانى رۆژنامەو رۆژنامەنوسان لەڕێى زەبرى غەرامەو ئیهانەكردنو هەڕەشەلێكردن، كەواتە گرنگ نییە سەرۆك بڕیار دەدات یان نا، گرنگ ئەوەیە ئەوڕۆكە لەكوردستاندا سیستمێكى ناشرینى حیزبىو ناشارستانى لەئارادایەو پێكڕا رێگرێكى راستەقینەن لەبەردەم هەموو هەوڵێكى شارستانیدا.
لەژێر دەسەڵاتو هەمەجیەتى حیزبگەراییدا كۆمەڵگە وەك كیانێكى سەربەخۆو زیندوو وجودى نامێنێت، سڕینەوەى كۆمەڵگە یەكێكە لەمەهامە هەرە گرنگو بنچینەییەكانى دەسەڵاتە موتڵەقو دیكتاتۆرو دیماگۆجەكان، ئەم پڕۆسەى سڕینەوەیە تەنها بریتییە نییە لەسڕینەوەى شوناسو زیندوێتى كۆمەڵگە وەك رووبەرێكى بەرهەمهێنو كاریگەرو پەیوەندیدار، نەخێر ئەم پڕۆسەیە بریتییە لەگۆڕینى شوناسو مەهامى كۆمەڵگە لەسەربەخۆییەوە بۆ وابەستەییو پاشكۆیى، لەروبەرێكى زیندووەوە بۆ پانتاییەكى مردوو، لەكۆمەڵگەیەكى خۆژێنەوە بۆ كۆمەڵگەیەكى بەكاربەرو موحتاجو موچەخۆر، گۆڕینى كۆمەڵگە لەپێكهاتەیەكى فرە جومگەو فرە رەنگەوە بۆ كوتلەیەكى كۆنكرێتى بێقسەو بێدەنگو خامۆش.
لەسایەى دەسەڵاتە حیزبگەراو موتڵەقو كۆنزێرڤاتیڤەكاندا، كۆمەڵگە تا ئەو شوێنە وجودى هەیە كە لەژێر كۆنترۆڵى حیزبدایە، لەدەرەوەى ئەم كۆنترۆڵكردنە، شتێك نییە بەناوى كۆمەڵگەوە، هاوكات هاوڵاتى وەك كەسایەتییەكى ئینسانى لەناو نەخشە سیاسىو ئابورىو شارستانییەكاندا وجودى نییە. ئەوكاتانەى كە تاكەكەس وەك كیانێكى سەربەخۆو خاوەن ئیرادە وجودى نەما ئیتر كۆمەڵگەش وەك پێكهاتەیەكى زیندوو و كاریگەر وجودى نامێنێت.
وەكچۆن دیكتاتۆرەكان لەخۆیانەوە دروست نابن، هاوكات ستەمكاریش رێكەوتێكى خێراو سەیروسەمەرە نییە، ستەمكارى تەنها بریتى نییە لەداپڵۆسینو كوشتنو وێرانكارىو پڕكردنەوەى زیدانەكان، ستەمكاریى جیهانبینییەكى جیاوازو پێكهاتەیى ئالۆزە لەسەر نەخشەیەكى شارستانىو كۆمەڵایەتى، كەواتە وەكچۆن ستەمكاریى جەستەیى لەئارادایە، ستەمكاریى مێژوویىو شارستانىو رۆشنبیرىو حیزبىو پەروەردەیىو ئابورىو سیاسىو دەروونىو بەڕێوەبردن پێكهێنەرى ئەو سیستامە نالۆژیكىو وێرانكارەیە كە وێرانكارو پێكهێنەرى كڵێشەیەكى دیاریكراوى كۆنترۆڵكردنو خاڵیكردنەوەى هەر پێكهاتەو دامەزراوەیەكە لەجیهانبینییە جیاوازو سەربەخۆكانو پڕكردنەوایان بە كەرەستەگەلێكى دیكتاتۆریىو نائەخلاقىو نالۆژیكى تائاستێكى قوڵى ستەمكاریى.
چۆن كۆمەڵگە هەیە بەرهەمهێنەرى دیكتاتۆرە راستەقینەكانن، هاوكات زۆركات یاسا دەتوانێت مەترسیدارترین سیستمى دیكتاتۆریى بخولقێنێت، زۆرجار مەزهەبێكى دیاریكراو یان دەسەڵاتێكى ئاینى یان هاوپەیمانیى حیزبىو نەتەوەیىو مەزهەبى پێكڕا دەتوانن بەرهەمهێنەرى زەبەلاحترین سیستمى دیكتاتۆریى بن، هەر لەدیكتاتۆرییەتى ئابورییەوە تادەگاتە دیكتاتۆریەتى كارگێڕىو سەربازىو دامودەزگایىو پۆلیسىو میدیایىو ئیستیخبارێتىو دیماگۆجى.
زۆر بەسادەیى، بۆنمونە پڕۆژەیاسایەك دەتوانێت لەیەكچركەى غافڵگیردا مەترسیدارترین دیكتاتۆرو مەزنترین فاشیستت بۆ دروستبكات، هاوكات پێبەندىو هوتافكێشانێَكى كوێرانە بۆ سەركردەیەكى شەڵاڵ لەگەندەڵو پێشێلكردنى مافى مرۆڤ دەكارێت بەرهەمهێنەرى دیكتاتۆرێكى راستەقینەو زیندوو بێت.
هەمیشە كۆمەڵگە بەرپرسیارە بەرامبەر درێژبوونەوەى تەمەنى دیكتاتۆرەكان، هاوڵاتى بەرپرسیارە بەرامبەر تێكشكانى ناعەدالەتىو بەرپاكردنى هێزێكى شارستانى دژى نائینسانیەتو گەندەڵىو راوڕوتو مافیاگەرى، وەكچۆن بەرپرسیارە بەرامبەر لێپرسینەوە لەبەرپرسو دەرەبەگە حیزبىو ستەمكارو ، هاوكات بەرپرسیارە بەرامبەر خولقاندنى هێزێكى شارستانىو رۆشنبیرىو كولتورى لەپێناو ژیانێكى شایستەو گەڕانەوەى بەها ئەخلاقىو ئینسانییەكان بۆ نێو ئەو رووبەرە كۆمەڵایەتىو رۆشنبیرییەى كە ئەوڕۆكە سەرلەبەرى بەها ئینسانییەكان لەژێر پێى ستەمكاریىو نادادپەروەریى كۆمەڵایەتىو زەبروزەنگى ئابورىو سیاسىو سایكۆلۆژىو كۆمەڵایەتیدا كاڵبوونەتەوە.
كۆمەڵگە بەرپرسیارە بەرامبەر گەورەكردنى رووبەرەكانى ئازادىو بچوكردنەوەى رووبەرەكانى حیزبو ستەمكارىو ناعەدالەتىو نائینسانیەت.
دەرەنجام كۆمەڵگە بەرپرسیارێكى راستەقینەو زیندووە بەرامبەر گۆڕانكاریى سیاسىو كولتورىو كۆمەڵایەتىو ئابورى، ئەو نائینسانیەتەى كە دەسەڵاتە دیكتاتۆرو ستەمكارەكان تاسەرئێسقان بەرگرى لێدەكەن، كۆمەڵگە دەتوانێت لەیەك چركەى شارستانىو ئیسانپەروەریدا تێكیبشكێنێت، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بێئەندازە وەستاوە لەسەر ئەو بەرپرسیارێتییە شارستانىو ئەخلاقىو كولتورییەى كە هەڵگرى كایەیەكى مەعریفى زیندووە بۆ پراكتیزەكردنى ئینساندۆستى لەرووبەرێكى زیندووى شارستانیدا. كەواتە ئایا ئێمە خاوەنى ئەو بەرپرسیارێتییە شارستانىو ئەخلاقىو كولتوریىو سیاسییەن بۆ رووبەڕووبونەوەو بەرپاكردنى سەرزەمینێكى كراوەو كاریگەرو یاسایىو سیاسى؟
هەمیشە پێویستە پرسیار لەوە بكەین، ئایا هاوڵاتیان دەكەونە كوێى هاوكێشە سیاسییەكانەوە؟ ئایا هاوڵاتى تەنها سەربازێكى بچوكى سەر ئەو رووبەرە گەورە شەترەنجییەیە كە هێزەكان دەیجوڵێنن...ئایا بەبێ ئەو سەربازە شەترەنج دەكرێت؟ ئایا هاوڵاتى تەنها بەرپرسیارە بەرامبەر یاسا یان پێكڕا بەرپرسیارە بەرامبەر چاودێركردنى دەوڵەتو رەخنەگرتنو بەدواداچونو دروستكردنى ئۆپۆزسیۆنو هەر دامەزراوەیەكى كولتورىو فەرهەنگىو سیاسىو شارستانى جیاواز..؟ لایەنى كەم بەرپرسیارە بەرامبەر وجودى خۆى وەك پەیكەرێكى زیندوو لەمافو داواكارىو ژیانێكى شایستە.
بێگومان لەسایەى دەسەڵاتە حیزبگەراو موتڵەقو كۆنزێرڤاتیڤەكاندا، كۆمەڵگە تا ئەو شوێنە وجودى هەیە كە لەژێر كۆنترۆڵى حیزبدایە، لەدەرەوەى ئەم كۆنترۆڵكردنە، شتێك نییە بەناوى كۆمەڵگەوە، هاوكات هاوڵاتى وەك كەسایەتییەكى ئینسانى لەناو نەخشە سیاسىو ئابورىو كولتورییەكاندا وجودى نییە.
بەڵام ئیرهابى شارستانى ئەو ماشێنە سیاسىو حیزبىو ئابورىو یاسایىو نائەخلاقىو نالۆجیكیەیە كە خاوەنى زیاد لەهێزو ئاڕاستەیەكە بۆ كۆنترۆڵكردنو تێكشكاندنو خامۆشكردنى ئەو رووبەرە شارستانىو رۆشنبیرىو ئینسانییەى كە دەبنە پێكهێنەرى كۆمەڵگەیەكى كراوەو زیندوو. بێگومان ئیرهابى شارستانى بەبێ جەبەروتى سەرۆكو هەژموونى ناشرینى حیزبىو دەسەڵاتى رەهاى نائەخلاقیاتى سیاسىو ئابورىو پۆلیسى وجودى نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە