بۆ شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمانی باوكم، باوكه‌ دوێنێ تۆم ناسی!

Wednesday, 29/06/2011, 12:00


زۆر له‌ مێژه‌ و ساڵه‌ هه‌ى ساڵه‌ تۆیه‌ك ده‌بینم كه‌ هه‌رده‌م مات و ماندووى له‌ به‌رده‌م قه‌ڵه‌مێكی مه‌زڵوم، له‌ 41 ساڵه‌ى ته‌مه‌نی رۆژنامه‌نووسیت فێرت كردم كه‌ پیشه‌كه‌ت چه‌نده‌ له‌لا پیرۆزه‌، جێگه‌ى داخه‌ كه‌ له‌ حیزبێكی وه‌كو پارتی دیموكراتی رێز له‌ قه‌ڵه‌می پڕ له‌ توانای تۆ ناگیرى، چونكه‌ نا حه‌قییان نییه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى لێده‌زانن و تێده‌گه‌ن، پێم سه‌یره‌ دواى بیست ساڵ له‌ خزمه‌تی پارتی و تالێنكردن و شه‌هیدكردنی براكه‌ت و ده‌ربه‌ده‌رى له‌ شه‌ڕی برا كوژى كه‌وا ئێستاش ده‌تبینم له‌ بچووكترین پۆستی نێو حیزبه‌ به‌مشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ، من نووسه‌رم نیم تاكو بتاوانم گوزارشت له‌ جوانی و توانای به‌هێزى تۆ بكه‌م، ده‌بوایه‌ ئه‌م چه‌ند دێره‌ به‌ قه‌ڵه‌مه‌ پیرۆزه‌کان بنووسرایه‌ نه‌ك من، كه‌ دوێنێ له‌ كه‌ناڵه‌ سه‌ركه‌تووه‌كه‌ى نالیا تۆم بینی له‌ پڕۆگرامی (تاوتوێ) باست له‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ و زوڵم و بۆگه‌نییه‌تی نێو رۆژنامه‌ى خه‌بات ده‌كردو باست له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ پیشه‌ى رۆژنامه‌نووسی له‌ پۆلیس و مامۆستای قوتابخانه‌ و ئه‌ندام ناوچه‌ و ئه‌ندام رێكخراو جیا ناكرێته‌وه‌ پێكه‌نین و گریانم تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتربوون، زۆر له‌ لام سه‌یربوو، بۆیه‌ ده‌ڵێم ئافه‌رین بۆ ئه‌و حیزبه‌ كه‌ دواى ئه‌و هه‌مووه‌ ساڵه‌ رێز له‌و قه‌ڵه‌مه‌ جوانه‌ى تۆ ناگرێت و مامۆستا ده‌كات به‌ سكرتێرى نووسین و ئه‌مه‌ش ره‌وشتییه‌تی كه‌ له‌ لێدوانه‌كاندا ده‌ڵێت شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان دۆڕاوه‌، زۆر راست ده‌كات كه‌ وا ده‌ڵێت، چونكه‌ وه‌ك خۆت وتت خۆى و سه‌رنووسه‌ره‌ فاشیله‌كه‌ى ئیستعابی هیچ گۆڕانكارییه‌ك ناكه‌ن، ئه‌وان هه‌روا راهاتوون به‌ به‌ڕێكردن و پڕكردنه‌وه‌ى به‌ قسه‌ى قۆڕ و دوور له‌ پیرۆزى پیشه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى رۆژنامه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌می خه‌ڵك، له‌ یه‌كێك له‌ وته‌كانیشت زۆر سه‌رنجی راكێشام ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌تووت زۆربه‌ى زۆرى ئه‌و براده‌رانه‌ى ئه‌وێ ئێستا سه‌رنووسه‌رن و له‌ شوێنی زۆر شیاو موماره‌سه‌ى كارى رۆژنامه‌گه‌رى ده‌كه‌ن، لێره‌وه‌ كه‌وتمه‌ خه‌یاڵێكی قوڵه‌وه‌ خۆم به‌ خۆمم ده‌گوت: منێك كه‌ ته‌مه‌نم ته‌نها 25 ساڵه‌ و ته‌مه‌نی كارى رۆژنامه‌نووسیم له‌ 5 ساڵ تێنه‌په‌ڕێووه‌ و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌یه‌ك و گۆڤارێك و جێگرى سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌یه‌كی دیكه‌م، كه‌ ته‌حه‌دا ده‌كه‌م هه‌موو راگه‌یاندنی پارتی ناتوانێ رۆژنامه‌یه‌ك له‌وانه‌ی من كارى تێدا بكه‌م ده‌ریكات، له‌ كاتێكیشدا به‌ كه‌مترین ئیمتیاز ده‌ریده‌كه‌ین و به‌ڕێز(فه‌رهاد عه‌ونی) شاهێدى ئه‌م قسه‌یه‌ی منه‌ و ئه‌گه‌ر باوه‌ڕییان به‌ خۆیان هه‌یه‌ وه‌ره‌ به‌ راپرسییه‌ك بكه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وان توانیان نیوه‌ى ده‌نگی ئێمه‌یان له‌ راپرسییه‌ك هێنا ئێمه‌ با به‌ دۆڕاو هه‌ژمار بكرێین، له‌وه‌ش كۆمیدی تر ده‌بینم نه‌ژاد عه‌زیزى سه‌رنووسه‌ر له‌ لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌ی باس ده‌ڵێت: ئێمه‌ له‌ راپرسییه‌ك یه‌كه‌ممان به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ كۆمپانیایی وشه‌ ئه‌نجامییداوه‌، بێگومان ئه‌و قسه‌یه‌ زۆر دووره‌ له‌ راستی، به‌لێم ئه‌گه‌ر واشبێت من به‌ سه‌رنووسه‌ر ده‌ڵێم: شانازى به‌چی ده‌كه‌ى له‌ ماوه‌ى 60 ساڵی ته‌مه‌نی رۆژنامه‌كه‌ت ته‌نها یه‌كجار له‌ راپرسییه‌ك براوه‌بی، من له‌و ماوه‌یه‌ى كه‌ گوێم له‌و سیناریۆیانه‌ى دلشاد وه‌سانی سكرتێر و ئه‌ده‌به‌ جوانه‌كه‌ى كه‌ریم قادر بوو دڵم به‌ خۆم ده‌سووتا نه‌ك باوكم كه‌ كه‌وتۆته‌ نێو چه‌ندین تیمساحی گه‌وره‌ و ده‌زگایه‌ك كه‌ پڕه‌ له‌ بۆگه‌نییه‌ت، دڵخۆشییشم به‌وه‌ى كه‌ تۆم بینی وه‌ك باوكێكی چاونه‌ترس له‌ پرۆگرامه‌كه‌ى كه‌ناڵه‌ جوانه‌كه‌ى نالیا به‌وپه‌ڕی جه‌ریئییه‌وه‌ بۆگه‌نییه‌تی ئه‌وانه‌ت به‌ خه‌ڵك ئاشنا ده‌كرد، ئیتر با پیرۆزییان بێت ئه‌و پۆسته‌ و رۆژنامه‌ قیزه‌وه‌، كه‌ كه‌س بێزى نایه‌ت تفیشی تیا بكات، گه‌وره‌یی تۆ له‌م بڕیاره‌ بوێرانه‌تدا ده‌ركه‌وت سه‌لماندت تۆ تاكه‌ رۆژنامه‌نووسی ناتوانیت له‌ راستییه‌كان خۆت به‌ دوور بگریت، 1000 جار ده‌ستخۆش بۆ ئه‌و وته‌ به‌پێزانه‌ى كه‌ ئێمه‌ى لاوى رۆژنامه‌نووسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ت فێره‌ ئه‌ده‌بیات و ره‌وشتی رۆژنامه‌گه‌رى كرد، ئه‌وانیش تا بمێنن هه‌ر ده‌بێ به‌ده‌م ئه‌و قه‌یرانه‌ى راگه‌یاندنه‌ لاوازه‌كه‌یانه‌وه‌ بناڵن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە