کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


مه‌سه‌له‌ی شاجوانه‌كه‌مان

Friday, 29/06/2012, 12:00


مه‌جالی تیا نه‌ما، گه‌نده‌ڵی هه‌موو قوڕنێكی گرتۆته‌وه‌، شته‌كه‌ له‌ ده‌ست ده‌رچوو، هه‌موو گه‌نده‌ڵین، ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و راگه‌یاندن هه‌موو گه‌نده‌ڵ ده‌رچوون... شاجوانه‌كه‌شمان به‌ گه‌نده‌ڵ ده‌رچوو، ئه‌وه‌شی كه‌ ئه‌وی به‌ شاجوان دانا گه‌نده‌ڵه‌، جا ئه‌ی هاوار ئاوه‌ها و به‌و حاڵه‌وه‌ بڵێین كچی كافرۆش كورده‌، ئه‌ی هاوار سفر به‌ده‌سته‌وه‌.
پێوه‌ره‌كانی جوانی لای نه‌ته‌وه‌كان كه‌م تا زۆر جیاوازی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مووان بایه‌خێكی تایبه‌ت به‌ جوانی چاو ده‌ده‌ن، له‌ ئه‌ده‌بیاتی كۆن و نوێی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كاندا جوانی چاو بایه‌خی خۆی هه‌بووه‌ و شوێنی دیاره‌، ته‌نانه‌ت له‌ فیلمه‌ فه‌نتازی و خه‌یاڵییه‌ زانستییه‌ نوێیه‌كان و له‌ داستانه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كانیشدا جوانی چاو حسابی تایبه‌تی بۆكراوه‌. قه‌د و باڵاش به‌هه‌مان شێوه‌، جوانی كوڵمه‌كان و لێوه‌كان هیچ كات فه‌رامۆش نه‌كراون، گۆرانی شاعیر شێت و شه‌یدای ئه‌و جوانیه‌ بووه‌ و ده‌ڵێ:

قژ كاڵی لێو ئاڵی پرشنگی نیگا كاڵ
ئه‌ی كچه‌ جوانه‌كه‌ی سه‌ر گۆنا نه‌ختێ ئاڵ

به‌هه‌رحاڵ، كورد له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا هه‌ندێ شتی هه‌یه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتبێ خۆمان له‌ هه‌موو شتێك بده‌ین، نه‌وتمان هه‌یه‌؟ به‌ڵێ، له‌ چاو ناوچه‌كانی تری عیراقه‌وه‌ له‌رووی ئه‌من و ئارامیی و ئاوه‌دانییه‌وه‌ جیاوازین؟
به‌ڵێ، گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تین!
به‌ڵێ... ئه‌مانه‌ شتێكن ده‌بێت به‌ جیهانی بگه‌یه‌نین، به‌ڵام توخوا به‌ جیهان مه‌ڵێن ئه‌و خاتوونه‌ی دوێنێ له‌ هه‌ولێر به‌ شاجوانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا ئه‌وه‌ جوانترین خاتوونی كوردستانه‌، نا... ئه‌سڵه‌ن وا نییه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، قه‌د و باڵا و روخساری ئه‌و خانمه‌ هی ئه‌وه‌ نییه‌ پێی بڵێین شاجوان، پاشان. ئه‌گه‌ر كوردانه‌ش هه‌ڵی بسه‌نگێنین، نا هه‌رگیز ئه‌وه‌ كچه‌ كورده‌ نه‌شمیلانه‌كه‌ی خۆمان نییه‌، ئه‌وه‌ قژ كاڵی لێو ئاڵی پرشنگی نیگا كاڵ نییه‌، نا نا ئه‌وه‌ هه‌و نییه‌، توخوا به‌ جیهان مه‌ڵێن ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو خانمه‌كانمان جوانتره‌، نه‌وه‌ڵا ناچارم مه‌كه‌ن ..ئه‌گینا كچی جوانمان زۆرن..
باشه‌ ئه‌ی هاوار، هه‌لا ئه‌ربیل هه‌لا، چۆن هێشتتان ئاوا ئابڕومان بچێت، كوڕه‌ هه‌ی پیاو كه‌مێك ویژدانت بێ، ئه‌گه‌ر تۆ له‌وێ بوویت و ده‌نگت به‌وه‌دا كه‌ ئه‌وه‌ شاجوانی كوردستانه‌، به‌خوا ئیتر هه‌ر به‌و ده‌نگه‌ت سه‌لماندووته‌ كه‌ تۆ پیاوێكی زۆر بێ زه‌وقیت. كچێ هه‌ی ژن، ئه‌گه‌ر تۆ ژن بوویت و له‌وێ بوویت و ده‌نگت به‌و خاتوونه‌ داوه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌ شاجوان بزانیت، ئه‌وه‌ بزانه‌ كه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی ژن پڕاو پڕه‌ له‌ جوانی، تۆ له‌و كاته‌دا له‌وێ هیچ جوانییه‌كت تیا نه‌ماوه‌، تۆش جوان نه‌ماویت.
رێزم هه‌یه‌ بۆ ئه‌و خانمه‌ قه‌شه‌نگه‌، به‌ڵام له‌ منی قبوڵ بكه‌ كه‌ بڵێم تۆ شاجوان نیت. ده‌كرێت پێیت بڵێین تۆ خاتوونێكی جوان و قه‌شه‌نگی، به‌ڵام شاجوانی كوردستان نیت. به‌ڵام به‌خوا هیچ خه‌تای تۆی تیا نییه‌، نه‌وه‌ڵا تۆ هیچ عه‌یبت نییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ جوانیت به‌ڵام جوانترین كچی كوردستان نیت، به‌ڵام ئاخ له‌ گه‌نده‌ڵی.
هه‌لا ئه‌ربیل هه‌لا، سه‌لماندت كوردستان هێشتا ماویه‌تی، ده‌بێ جارێ كوردستان بوه‌ستێ و به‌ جیهانی نه‌ڵێین ئێمه‌ كێین، چونكه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ وامان لێده‌كات به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شته‌كان نیشانی خۆمان و بێگانه‌ش بده‌ین. ئێمه‌ گه‌نده‌ڵین، باش و خراپ، جوان و ناشیرین، گه‌وره‌ و بچوك و نێر و مێمان گه‌نده‌ڵین، هه‌ر به‌ گه‌نده‌ڵیش هاتین و وتمان ئه‌وه‌ ئێمه‌ش شاجوانمان هه‌یه‌، سه‌ره‌نجام شاجوانه‌كه‌مان ئه‌وه‌ ده‌رچوو..

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە