بهپهله بهیاننامهی پهژاك بۆ ڕای گشتی
Wednesday, 27/07/2011, 12:00
لە رێكەوتی 16ی مانگ كۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی شەڕ لە دژی PJAK هێرشی سەر هەرێمە سنووریەكانی باشووری كوردستان كرد و بە دەیان هەزار هێز و چەكی قورسی لەم هەرێمانە بە جێ كرد و هێرشی سەر هێزەكانی پارتیمان لە هەرێمە سنووریەكان کرد. لە ئاكامدا ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە كە شەڕ و پیكدادانێكی گران لە نێوان هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران و گەریلاكانی پارتیمان دا دەركەوتووە و بەگشتی هەرێمە سنووریەكانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان و بە تایبەت گوند و هەرێمەكانی خواكورك، خنێرە و قەندیل بە خەستی توپباران دەكرێت و گوندنشینانی هەرێمەكە مەجبور ماون جێ و رێی خۆیان بە جێ بهێڵن. لە ئەمجامدا هەتا ئێستاكە بە سەدان كەس لە هێزەكانی رژیم كوژراو و بریندار بوون و هەشت گەریلای پارتیمان شەهید بوون.
بێگومان بە پێی كەش و هەوای زاڵ بە سەر هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە هەرێمەكەدا ڕوو دەدەن، كۆماری ئیسلامی ئێران بەم هێرشە دەیهەوێت ئامانج گەلێكی بەرفراوان بپێكێت.
1- بە پێی هەبوونی نارەزایەتی ناوخۆیی و دەرەكی لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران و دەستپێكردنی قۆناخی سەرهەڵدانی گەلان، كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئاستەنگ كردنی نارەزایەتی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەكی هەوڵ دەدەات شەڕ بەرەو دەرەوەی سنوورەكانی خۆی راكێش بكات.
2- گەلی كورد لە هەرێمەكەدا خاوەن ئیرادەیەكی سیاسی بەهێزه وهەنووكە رۆڵی پێشەنگایەتی تێكۆشانی ئازادیخوازانەی لە هەرێمەكەدا دەبینێ و كۆماری ئیسلامی ئێران بە جێی چارەسەر كردنی كێشەی گەلی كورد و سەقامگیركردنی دیموكراسی ، گەلی كورد وەك هێزێكی مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێ و هەوڵی پاكتاوكردن و لەناو بردنی گەلی كورد و دەستكەوتە نەتەوەییەكانی كوردان دەدات.
3- كێشەی كورد و حاكمیەت لەسەر كوردان بكات بە خاڵی بازەرگانی سیاسی لە هاوسەنگیە ناونەتەوەیەكان و بە تایبەت بۆ هاوپەیمانیەتی كردن لەگەڵ دەوڵەتی توركیا و یاخود بێ كاریگەر كردنی توركیا لە دەستێوەردانی دەرەكی لە بەرامبەر خۆی شەڕ لەگەڵ گەلی كورد وەك تاكە خالی هاوبەش لەگەڵ توركیا بە كار بهێنێت.
4- لە قۆناخێك دا كە دەنگۆی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئێراق هەیە و وێرای هەوڵدانی بەرفراوانی كۆماری ئیسلامی ئێران، هەتا ئێستا ئەم دەوڵەتە نەیتوانیوە بە تەواوی لەسەر ئێراق و بە تایبەت حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر بكات. بۆیە بە سازكردنی حاكمیەت لەسەر قەندیل، مكانیزمی زەخت و گوشار لەسەر ئێراق و حكومەتی هەرێم ساز بكات و ئەم لایەنانە تەسلیم وەربگرێت.
5- بە لەناو بردنی PJAK و لاوازكردنی گەلی كورد، ورەی تێكۆشان لەناو ئازادیخوازانی تری ئێران بشكێنێت و گەلی كورد بكات بە قوربانی چاوترسێن كردنی هەموو گەلانی ئێران.
6- پارچە كردنی كوردان و سازكردنی ناكۆكی لە نێوان هێزە كوردیەكان و ئاستەنگ كردنی یەكێتی نەتەوەیی لە نێوان لایەنە كوردیەكان.
7- سازكردنی بەرەیێكی نێوان دەوڵەتە دیكتاتۆرەكان و بەتایبەتی ئەم دەوڵەتانەی كە هەمان چارەنووس بۆ ئەوانیش چاوەرێ دەكرێت بە مەبەستی لەناو بردنی نارەزایەتی گەلانی هەرێمەكە.
لەسەر ئەم بنەمایە هێرش كردن بۆ سەر باشووری كوردستان و قەندیل لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە بیانووی PJAK دوورە لە راستی. ئەمە لە حالێك دایە كە پارتیمان PJAK ماوەی سالێكە كە جیا لە هەندێك چالاكی وەڵامدانەوە، هیچ چەشنە چالاكی لەشكەری لە ئێراندا بەڕێوە نەبردووە و پەرەی بە خەباتی سیاسی و رێكخستنی لە رۆژهەڵاتی كوردستانی داوە و هەركات بانگەوازی بۆ چارەسەر كردنی كێشەی كورد بە رێبازی دیالۆگ و ئاشتیانەی كردووە. بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران وەك هەرجار نارەزایەتی كوردانی وەك بەكرێگیراوی ئەمریكا و رۆژئاوا بەناو كرد و پارتیمان PJAK وەك پارتێك كە لەلایەن ئەمریكاوە دامەزراوە، ناوزەد دەكات. بێگومان ئەمانە چەواشەكاریە. پارتیمان PJAK پارتێكی سەربەخۆیە و تەنانەت بەر لە قۆناخی دەستێوەردانی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و لە ئەنجامی بۆشایی سیاسی دەیەی حەفتا لە ئێران و بەهۆی بێ عەداڵەتی و زوڵم و زۆریەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراوە و لە ساڵی 2000 ەوە لە ژێر ناوی بزاڤی یەكێتی دیموكرات دەستی بە خەبات و تێكۆشان كردووە. لە راستیدا ئەوەی لە هەر لایەنێك خزمەتی بە ئەمریكا و سیاسەتی دەرەكی كردووە، كردەوەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ خۆی بووە و چارەسەر نەكردنی كێشە ناوخۆییەكان زیاتر لە هەر لایەنێك رێگە خۆشكەرە بۆ موداخەلەی دەرەكی لەسەر ئێران بكات. PJAK لە پێناو چارەسەر كردنی كێشەی كورد و سەقامگیركردنی دیموكراسی هەركات رێبازی دیالۆگی بەبنەما وەرگرتووە و بۆ ئەم مەبەستەش هەم لەگەڵ دەوڵەتی ئێران و هەم لەگەڵ هەر دەوڵەتێكی دیكە ئامادە بوونی خۆی بۆ وتووێژ و دان و سەندن راگەیاندووە. وەك پارتێكی سەربەخۆ مافی دیپلۆماسیمان لەگەڵ هەر لایەنێك هەیە.
وەك PJAK رێگە بە هیچ لایەنێك نادەین كە دەستكەوتەكانی كوردان بەرەو مەترسی ببات و هێرش بكاتە سەر گەلی كورد و هاوكات بازهرگانی بە كێشەی كورد و گەلی كوردەوە بكات.
بێگومان هەروەك كە هەتا ئێستا كە پارتیمان و گەریلاكانی هێزی رۆژهەڵاتی كوردستان HRK لەبەرامبەر ئەم هێرش و هێرشی هاوشێوە بەرخۆدانیمان بە بنەما وەرگرتووە و لەمە بەدواش لەبەرامبەر داگیركاری و زوڵم و زۆری بێدەنگ نامێنێت و و بە باشترین شێوە وەڵامی هێرشەكانی كۆماری ئیسلامی و داگیركارانی دیكە دەداتەوە.
لەسەر ئەو بنەمایە بانگ لە هەموو لایەنە كوردیەكان بەتایبەت پارت و رێكخراوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و باشووری كوردستان دەكەین كە بە هەڵوێست و كردەوە بەرەنگاری ئەم هێرشانە ببنەوە و بەتایبت هەنگاوی كرداری بەرەو یەكێتی نەتەوەیی ئەم گەلەكۆمەیە پووچەڵ بكەنەوە.
هاوكات بانگ لە هەموو بەكرێگراوان و ئەو كەسانەی كە كەتوونەتە خزمەت بەڕێوەبردنی سیاسەتەكانی رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین كە بە هیچ شێوازێك بەشداری ئەم شەڕە نەبن و چیتر خزمەتی داگیركاری، زوڵم و زۆری لەسەر گەلەكەیان نەكەن و بگەرێنەوە باوەشی گەلەكەیان.
لەكۆتاییدا هەموو شەهێدانی قۆناخی بەرخۆدانی نەتەوەیی و ئەو كەسانەی كە لە ئەنجامی تۆپبارانەكانی رژیمدا شەهید بوون بە بیردێنینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی كورد و سەرجەم بنەماڵەی ئەم شەهید قارەمانانە دەكەین و بانگ لە هەموو گەلەكەمان لە هەرچوار پارچەی كوردستان دەكەین كە بە چالاكی جیاواز جیاواز یەكگرتووانە لەبەرامبەر هێرشی داگیركاران نارەزایەتی دەرببڕن و بەتایبەت لەبەرامبەر هەرچەشنە كردەوە پرۆاكتیوانە دەوڵەت بە مەبەستی پێكهێنانی كردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوە لە ناوخەلكی سڤیل و مەدەنی هۆشیارانە هەڵسوكەوت بكەن. پێویستە لە هەموو گۆڕەپانەكانی خەبات، تێكۆشان گۆڕتر بكرێت و وەڵامێكی شیاو بە داگیركاران بدرێتەوە.
كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK
27.07.2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست