کورته باسێک ده‌رباره‌ی سیسته‌می خوێندن له سوێد
Tuesday, 08/05/2012, 12:00
ووته‌یه‌کی پێویست له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا ده‌نگۆی هێنانی سیسته‌می خوێندنی سوێدی بۆ کوردستان و پیاده‌کردنی له قوتابخانه‌کاندا ته‌واوی میدیاکانی کوردی ووڕوژاند، هه‌ر له ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ تاداگاته سایتهههواڵهکانی ئینته‌رنێت، مزگێنی به‌هه‌شتی خوێندنیان به‌شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رانه به‌خشی. مێزگردی سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆکان ڕاوێژی هه‌مه‌جۆریان له‌نێوان ئاڵا هه‌ڵگرانی ئه‌و سیسته‌مه و نه‌یارانی به‌توندی هیانه یه کایه‌وه و تائێستاش هه‌ر به‌رده‌وامی هه‌یه. نایشارمه‌وه من وه‌ک که‌سێکی کوردی به‌تاسه‌وه بۆ په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنی سیسته‌می خوێندن له کوردستان، هه‌نگاو به هه‌نگاو، به خرۆشه‌وه به‌دوداچوونم له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌کرد. ئه‌وه‌ی که منی له زۆر که‌سی تر جیاده‌کرده‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ دوو هۆ:
یه‌که‌میان من وه‌کوو هه‌موو کوردێکی تر له تاراوگه هه‌میشه خۆزگه‌ی ئه‌وه‌م خواستوه که ڕۆژێک له ڕۆژان سیسته‌می خوێندن له کوردستان پێشبکه‌وێ. شێوه‌ی ده‌رسگوتنه‌وه‌ی حوجره‌ی مزگه‌وت به‌جێ بهێڵێ و پێ بنێته قۆناخێکی هاچه‌رخ. وه‌کوو سیسته‌مێک سوود له ئه زموونی ووڵاتانی تر وه‌ربگرێ. دوه‌میشیان من یه‌ک له‌وانه‌م که له‌خۆم ڕاده‌بینم بڵێم، ده‌توانم به‌ڕاشکاوی باسی سیسته‌می خوێندن له سوێد بکه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رچووی کۆلیژی په‌روه‌رده‌م له زانکۆی ستۆکهۆڵم و زیاتر له دوانزه ساڵیش ده‌بی له قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی له شاری کاترینه‌هۆڵم، که‌به دووری 120کم ده‌که‌وێته باشووری شاری ستۆکهۆڵم، ده‌رسی ته‌کنیکی کۆمپیوته‌ر وپه‌ره‌دان به‌سیسته‌م له پرۆگرامی ناتوور (به‌شی زانستی) ده‌رس ده‌ڵێمه‌وه. له‌پاڵ ده‌رسگووتنه‌وه خه‌ریکی تۆژینه‌وه‌م له بوواری زانستی ده‌رسگوتنه‌وه (دیداکتیک) له زانکۆی ستۆکهۆڵم. ئه‌وه‌ش وایکردووه که من له‌و که‌سانه‌بم که به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی سه‌رئه‌نجامی ئه‌و پڕۆژه‌یه بم که منداڵانی وڵاته‌که‌می پێ په‌روه‌رده بکری، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ به چاوی ڕاخنه‌گرتنه‌وه لێی ووردببینه‌وه‌و ده‌رئنجامه‌که‌شی بکه‌ینه ئه‌زموونیک بۆ هه‌نگاوی ئایندهی باشتر.
ئه‌وه وای کرد که له‌هه‌ندی لاوه داوام لێبکرێ که‌م یا زۆر به‌شداریه‌ک له‌و باس و ڕاوێژانه دا بکه‌م. یان به‌لای که‌می ڕای خۆم ده‌رببڕم، به‌ڵام من خۆم ده‌بوارد، چونکه هه‌ستم ده‌کرد زۆربه‌ی ئه‌و باسانه‌ی که ده‌کران پڕ به پێستی خۆی نه‌بوون یان باشتر بڵێم به‌باشی ئاگاداری سیسته‌می خوێندن له سوێد نه‌بوون. له کۆتایی دا برای دڵسۆزم به‌ڕێز دکتۆر جاسم تۆفیق خوشناو پێی لێداگرت و پێی وابوو هه‌رچۆنی بێ باسێک بنووسم سوودبه‌خش ده‌بێ. یان به‌لانی که‌م ڕووناکی ده‌خاته سه‌ر هه‌ندێ لایه‌نی کێشه‌که.
من لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بۆ خوێنه‌ری به‌ڕێز ڕوون بکه‌مه‌وه، که ئه‌م نووسینه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک باس له ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌و سیسته‌مه له کوردستان ناکات، به‌ڵکوو به‌هۆی ناڕه‌زایی قوتابییان و مامۆستایانی کورد له قوتابخانه‌کانی کوردستان، له‌م ماوه‌ی دوواییدا دژی ئه‌و سیسته‌مه نوێیه، هاته ئاراوه، به باشم زانی زۆر به‌کورتی باسێک له‌سه‌ر شێوه‌ی پراکتیزه کردنی خوێندن،له ڕێگای ئه‌و سیسته‌مه‌و مێتووده‌کانی دهرسگوتنهوهى سوید بکه‌م. ئه‌و خاڵانه بخه‌مه ڕوو که من پێم وایه کۆڵه‌گه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی خوێندنن له ووڵاتی سوێد. هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من خۆم مامۆستای ئاماده‌ییم و زیاتر شاره‌زاییم له قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی هه‌یه هه‌ر بۆیه‌ش باسه‌که سه‌باره‌ت به قوتابخانه‌ی ئاماده‌ییه، به‌ڵام له‌هامانکاتدا بۆ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایش ده‌گونجێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مان هه‌ڵومه‌رجی سیاسی و ئابووری له‌به‌ڕێوه‌بردن ده‌یگرێته‌وه. هه‌وه‌ها باسه‌که بریتیه له‌و خاڵانه‌ی که من پێموایه به باشی یان خراپی ستوونی ڕاگرتنی سیسته‌مه‌که‌ن. جا دوای ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی ته‌واو بوو خۆی سه‌رپشکه له بڕیار دان.
خوێندن وه‌ک سیمایه‌کی هاوچه‌رخ له‌و سه‌رده‌مه‌دا خوێندن بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک وزه‌ی پێشکه‌وتنه. به‌دڵنیایه‌وه ئاستی پێشکه‌وتنی تاکه‌کانی کۆمه‌لگه‌یه‌ک به‌ستراوه‌ته‌وه به ئاستی خوێنده‌واری و به‌شداربوونیان له بنیاتنانی به‌یانیه‌کی رووناکتر. هه‌ر بۆیه خوێندن ڕه‌نگدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه. ئاستی خوێندنیش به‌رانبه‌ره به ئاستی تێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵگه له گرنگی خوێندن و سیسته‌می پێکه‌وه ژیان. شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردن بنچینه‌یه بۆ چۆنییه‌تی شێوه‌ی خوێندن. واته دیارده‌کانی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی دیاریکه‌ری چۆنییه‌تی سیسته‌می خویندنن وئاڕاسته‌ی په‌رسه‌ندن و پێشکه‌وتنیه‌تی.
سیسته‌می خوێندن له ووڵاتی سوێد سیسته‌مێکی زیندووه‌و هه‌میشه له‌گۆڕاندایه. ههرپێشکهوتنێک له کۆمه‌ڵگه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر قوتابخانه‌و کاروباری خوێندن هه‌یه. سیسته‌می سیاسیی و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له سوێد له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیموکراتی دامه‌زراون. بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له سیسته‌می خوێندن تیبگه‌ین ده‌بێ له نزیکه‌وه سه‌رنج بده‌ینه په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی سوێد، چۆنیه‌تی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوندیانه له ناو سیسته‌می خوێندن، هه‌ربۆیه‌ش ئاسان نییه گواستنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه به شێوه‌ی کۆپی له ووڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر و ده‌توانم بڵێم ئه‌سته‌مه بتوانێ سه‌ربکه‌وی.
خوێنه‌ری به‌ڕێز به‌رله‌وه‌ی بچمه نێو باسه‌که‌م ده‌مه‌وێ چه‌ند خاڵێکی گرنگ بخه‌مه ڕوو، ئه‌و خاڵانه له سه‌رتاسه‌ری سوێد به بێ ڕه‌چاوکردنی شار و ناوچه و چینه‌کانی کۆمه‌ڵ گرنگیه‌کی زۆریان هه‌یه بۆ ستروکتور و به‌ڕێوه‌چونی خوێندن.
خوێندن به‌خۆڕایی خوێندن له ته‌واوی قۆناخه‌کانی خوێندنی سه‌ره‌تایی، ئاماده‌یی و زانکۆ له سوێد به‌خۆڕاییه. هه‌ر شاره‌وانییه‌ک به‌رپرسیاره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خوێندن بۆ ته‌واوی منداڵ و گه‌نجان دابین بکات. ئه‌وه نه‌ک هه‌ر له‌قوتابخانه‌کانی سه‌ر به شاره‌وانی، به‌لکوو ئه‌گه‌ر قوتابیه‌ک بیه‌وێ له قواتبخانه‌یه‌کی ئازاد یان له شارێکی دیکه بخوێنێ شاره‌وانی ده‌بێ کرێی قوتابخانه‌و کرێی گواستنه‌وه‌شی بۆ دابین بکات.
خوێندن به خورتیه (ئیجباری) به پێی یاسای قوتابخانه گشت منداڵانی سوێد له‌سه‌ریانه 9 ساڵ به‌خورتی له قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی بخوێنن. واته له‌ته‌مه‌نی نێوان 7 تا 16 ساڵ. ئه‌و 9 سال ده‌کرێته سێ قۆناخ:
قۆناخی نزم پۆلی 1-3
قوناخی ناوه‌ند پۆلی 4-6
قۆناخی به‌رز پۆلی 7- 9
دوای ئه‌و 9 ساڵه قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی ده‌ست پێده‌کات که ئازاده، ئه‌و کاته خێزان خۆی بڕیار ده‌دات.
به‌خۆڕایی که‌ره‌سته‌ی خوێندن که‌ره‌سته‌ی خوێندن بۆ قوتابیان وه‌ک کتێب و ئامێری ژمێریاری و...هتد ده‌بێ قوتابخانه دابینی بکات. له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی هه‌ر کۆرسێک قوتابخانه گشت که‌ره‌سته‌کانی پێویست بۆ قوتابیان ده‌کڕێت. قوتابیان به‌پێی گرێبه‌ستێک به‌قه‌رز ئه‌وکه‌ره‌ستانه وه‌رده‌گرن، دوای کۆتایی هاتنی کۆرسه‌کان ئه‌و که‌ره‌ستانه به‌پێی ئه‌و کۆنتراکته‌ی مۆرییانکردوه دهگهڕێێننهوه.
ڕۆڵی دایک و باوک له خوێندنی قوتابی په‌یوه‌ندیه‌کی به‌هێز له نێوان قوتابخانه‌و ماڵه‌وه دا هه‌یه. به پێی یاسای قوتابخانه تا ئه‌و کاته‌ی قوتابی ته‌مه‌نی ده‌گاته 18 ساڵ دایک و باوک مافیان هه‌یه له گشت ڕوداو، هوڵسوکه‌وت و چۆنیه‌تی باری خوێندنی قوتابی به‌نامه یان به بانگهێژکردن بۆ قوتابخانه ئاگاداربکرێنه‌وه. دایک و باوک چاڵاکانه به‌شدارده‌بن له پلاندانان و شێوه‌ی خوێندنی منداڵه‌کانیان بۆ سه‌رکه‌وتنیان له خوێندن یان له چاره‌سه‌رکردنی گیر‌و گرفتیان.
له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات کۆمه‌ڵه‌ی قوتابخانه و ماڵ هه‌یه که به‌فه‌ڕمی له‌گه‌ڵ قوتابخانه کۆده‌بنه‌وه. به زۆری باس له ئه‌و گیروگرفتانه ده‌که‌ن که کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌وتی خوێندنی قوتابخانه و فێربونی قوتابیان هه‌یه. ئه‌و گیروگرفتانه‌ى سه‌باره‌ت به مامۆستا‌و که‌موکوڕی له ده‌رسدانه‌وه تا ده‌گاته باری ئابووری قوتابخانه و چاڵاکیه هاوبه‌شه‌کانی تر وه‌ک سه‌فه‌ری خوێندن و ..هتد.
به شێوه‌یه‌کی گشتی دایک و باوک هه‌م ڕۆڵی گرنگیان هه‌یه و هه م کاریگه‌رییه‌کی به هێزیان له‌سه‌ر کاروباری چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی قوتابخانه‌دا هه‌یه.
كاتی خوێندنی گه‌ره‌نتی کراو بۆ هه‌ر کۆرسێک کاتێکی دیارکراو وه‌ک گه‌ره‌نتی هه‌یه، که‌ده‌بێ قوتابی له‌خوێندن مامۆستای هه‌بێ. ئه‌م کاته
کاتی خوێندنی گه‌ره‌نتی کراوی پێی ده‌گوتری. Garanterad undervisningstid
بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک به‌شێوه‌یه‌ک کاره‌که‌ی چاره‌سه‌رکردووه. بۆ نموونه له هه‌ر بابه‌تێک مامۆستایه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه، به شێوه‌ی یه‌ده‌ک کۆنتراکت ده‌کری. ئه‌و مامۆستایه له‌کاتی ئاماده‌نه‌بوونی مامۆستای پۆل، جا به‌هه‌ر هۆیه‌ک بێ، وچانی وه‌رگرتبێ، نه‌خۆش بێ یان کاره‌ساتێکی به‌سه‌رهاتبێ. ئه‌وا مامۆستای کۆتراکت کراو ده‌بێ له ماوه‌یه‌کی کورت بگاته قوتابخانه تا قوتابیان ده‌رسیان له‌ده‌ست نه‌چێ. ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک، جارێک ئه‌و کاره سه‌ری نه‌گرت ئه‌وا ده‌بێ قوتابخانه کاتێکی تر به‌هۆی مامۆستای ده‌رسه‌که خۆی یان مامۆستایه‌کی تر که شاره‌زایی له‌بابه‌ته‌که هه‌بێ، ئه‌و کاته بۆ قوتابیان قه‌ره‌بوو بکاته‌وه.
قوتابخانه وه‌ک داموده‌زگایه‌کی ده‌وڵه‌تی قوتابخانه له سوێد، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، سه‌ر به ده‌وڵه‌ته. هیچ قوتابخانه‌ی ئه‌هلی به‌مانا کۆنه‌که‌ی نیه که ده‌وڵه‌مه‌ندان به پاره منداڵه‌کانی خۆیانی تێدا په‌روه‌رده بکه‌ن. به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ساڵانی 1990 په‌رله‌مانی سوێد بڕیارێکی په‌سه‌ندکرد. له بڕیاره‌که‌دا ڕێگا ده‌دا (قوتابخانه‌ی ئازاد) بکرێته‌وه. به‌و مانایه کۆمپانیای بازرگانی ده‌توانێ قوتابخانه‌ی ئازاد بکاته‌وه. ئه‌م شێوه قوتابخانه‌یه هه‌مان هه‌ڵومه‌رجی یاسایی و کارگێڕی وه‌ک قوتابخانه‌کانی سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی به‌سه‌رداده‌سه‌پێ. واته به هه‌مان شێوه‌ی قوتابخانه‌کانی شاره‌وانی پابه‌ندی گشت بڕیاره‌کانی شاره‌وانی و ده‌سته‌ڵاتداریه ناوه‌ندیه‌کانن. مه‌رجه‌کانی وه‌رگرتن له‌و قوتابخانانه‌دا هه‌مان مه‌رجی قوتابخانه‌ی سه‌ربه‌شاره‌وانین. واته هیچ قوتابخانه‌یه‌ک بۆی نیه به هه‌ر هۆیه‌ک بێ نکۆڵی له وه‌رگرتنی قوتابی بکات. شاره‌وانی ئه‌رکی کرێی خوێندن له‌و قوتابخانانه ده‌گرێته ئه‌ستۆ، واته قوتابی و خێزانه‌که‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ک بارگرانی خوێندنیان ناکه‌وێته ئه‌ستۆ. ئه‌وه‌ش وای کردووه که له سه‌رتاسه‌ری سوێد، ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌یه‌کیش نه‌بێ که ته‌نیا بڵیمه‌ت و به‌هره‌مه‌ندان تێیدا بخوێنن. چونکه به‌پێی سیسته‌می دیموکراتی و یه‌کسانی نێوان که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه ئه‌و جۆره قوتابخانانه ته‌نیا ئامرازی هه‌ڵاواردنن (دیسکریمینه‌یشن) له‌نێوان ڕۆڵه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا. بۆیه بوونیان دژی سیسته‌می دیموکراتی و یه‌کسانیه. به‌م چه‌شنه قوتابی بواری ئازادی هه‌ڵبژاردنی قوتابخانه‌ی بۆ فراوانتر بووه. جا چ له شاره‌که‌ی خۆی یان له شارێکی تر، جا شێوه‌ی قوتابخانه ده‌وڵه‌تیبێ یان ئازاد، خۆی بڕیارده‌دات، نه‌ک قوتابخانه. ئه‌و قوتابخانه ئازادانه‌ش هه‌ر به‌خۆڕاین واته قوتابی و خێزانه‌که‌ی پاره ناده‌ن به‌ڵکو ئه‌و خه‌رجیه ده‌کوێته سه‌ر ئه‌ستۆی شاره‌وانی.
قوتابی به‌هۆی که‌م ئه‌ندامی یان سه‌ختی فێربوون له پۆل جیاناکرێته‌وه سیسته‌می خوێندن له سوێد به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگای جیاکردنه‌وه‌ی قوتابی له پۆل نادات. قوتابی که‌م ئه‌ندام یان ئه‌و قوتابیانه‌ی که له‌ده‌رس لاوازن، له پۆلی ئاسایی ده‌خوێنن زۆر جار هاریکار (ئه‌سیسته‌نت) له‌گه‌ڵ قوتابی ده‌چێته ژووری ده‌س بۆ کۆمه‌ککردنی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه له هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک شوێنێکی تایبه‌تی هه‌یه که مامۆستای پسپۆر یارمه‌تی ئه‌و قوتابیانه ده‌دا که له ده‌رسه‌کانیان لاوازن، یان پێڕاناگه‌ن. ئه‌وه ئه‌و قوتابیانه‌ش ده‌گرێته‌وه که به ئاره‌زووی خۆیان بۆ بێده‌نگی و دوور له هه‌ڵڵا بۆ ده‌رسخوێندن ده‌چنه ئه‌و شوێنه تایبه‌تیه.
تاکه مه‌رج بۆ جیاکردنه‌وه‌ی قوتابی له پۆل بوونی ڕاپۆرتی پزیشکیه. قوتابی جیاده‌کرێته‌وه به‌مه‌رجێ ڕاپۆرتی پزیشک پێ له‌سه‌ر ئه‌وه دابگرێ که ئه‌و قوتابییه له‌به‌ر هۆی ده‌روونی یان نه‌خۆشیه‌کی تر ناتوانێ له پۆلی ئاسایی بخوێنێ. بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ش قوتابجانه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه که دوای ڕاپۆرتی پزیشک
قوتابی وه‌رده‌گرێ ئه‌و قوتابخانه‌یه ناوی قوتابخانه‌ی جیاکراوه Srskolan.
خوێندن به ئامانج به‌ستراوه‌ته‌وه له ووڵاتی سوێد خوێندن به ئامانج به‌ستراوه‌ته‌وه، واته بۆ ههرکۆرسێکی خوێندن ئامانجێکی دیاریکراو هه‌یه. ئه‌و نمره‌یه‌ی که قوتابی له‌ده‌رسێک وه‌ریده‌گرێ به‌ستراوه‌ته‌وه به به‌راوردکردنی ئاستی زانیاری قوتابی به ئه‌و خاڵانه‌ی که له پلانی کۆرسی ده‌رسه‌که دیاری کراون که ده‌بێ قوتابی بیگاتێ و له به‌رزی یان نزمی نمره‌کانی ڕه‌نگ بداته‌وه. ئه‌وه‌ش وایکردووه که به‌پێی یاسای قوتابخانه و پلانی خوێندنی ئاماده‌یی قوتابی شوێنی ناوه‌ندی پێبدرێ. قوتابخانه گشت ئاماده‌کاریه‌کی له‌خزمه‌ت داده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئامانجی دیاریکراوی ناوه‌رۆکی خوێندن که له پلانی کۆرس مه‌رجی بۆ دانراوه.
تا چ ڕاده‌یه‌ک هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک له کاروباره‌کانیدا سه‌رکه‌وتووده‌بی، بۆ چه‌ند هۆکارێکی ده‌ره‌کی و ناوه‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه که بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئاڕاسته‌ی قوتابخانه ده‌ده‌ن.
یاساکانی هه‌ڵسوڕاندنی کاروباری قوتابخانه قوتابخانه به‌پێی یاسا ناوچه‌یه‌کی ئۆتۆنۆمه (سه‌ربه‌خۆ). کام مێتوود له کاروباری هه‌ڵسووڕاندنی قوتابخانه هه‌ڵده‌بژێرێ ئازاده، به‌مه‌رجی له کاروباره‌کانی کارگێڕی و ده‌رئه‌نجامی خوێندن و فێربوون پابه‌ندی ئه‌و یاسایانه بێ که په‌یوندیان به قوتابخانه‌وه هه‌یه، ئه‌م یاسایانه‌ش بریتین له:
یاسای قه‌تابخانه skollagen: ئه‌و یاسایه له سه‌رتاسه‌ری سوێد هه‌ر له باخچه‌ی ساوایان تاده‌گاته ئامادیی، گشت قوتابخانه‌کان به‌بێ ڕه‌چاوکردنی شوێن و فۆرم ده‌بێ خاڵ به‌خاڵ پابه‌ندی به‌نده‌کانی یاسای قوتابخانه‌بن. هه‌ر بڕیارێک که قوتابخانه له‌سه‌ر هه‌ر کاروبارێک ده‌یدا ده‌بی له‌گه‌ڵ به‌نده‌کانی ئه‌م یاسایه یه‌ک بگرێته‌وه. یاسای قوتابخانه یاسایه‌کی سه‌رتاسه‌ری و گشتیه، بۆیه ده‌بێ به‌نده‌کانی به یاسای تر له فۆرمی قوتابخانه‌کان شیبکرێته‌وه‌و وورده‌کاریی تێدابکرێ وله‌گه‌ڵ هه‌ڵومه‌رجی شێوه‌ی قوتابخانه بگونجێندرێ.
یاسای قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی rordningenGymnasief: یاسایه‌کی تایبه‌تیه به قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی. ئه‌و یاسایه زیاتر قووڵبونه‌وه‌ی یاسای قوتابخانه‌یه و به‌شیوه‌یه‌کی ورده‌کاریانه بۆ هه‌ڵومه‌رجی قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی گونجێندراوه. هه‌ڵبه‌ته هه‌موو به‌نده‌کانی یاسای قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی ده‌بێ له‌گه‌ڵ یاسای قوتابخانه یه‌کبگرنه‌وه. واته هه‌ردوو یاسا له‌یه‌کتر ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بێ.
پلانی خوێندنی ئاماده‌یی Plf: بریتیه له دیاریکردنی ئه‌رکه‌کانی خوێندن وپه‌روه‌رده له قوتابخانه‌کانی ئاماده‌یی. پلانی خوێندنی ئاماده‌یی گرنگی به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌کانی له‌چوارچێوه‌ی کاروباری قوتابخانه‌دا تێدا ڕوونکراوه‌ته‌وه. به کورتی پلانی خوێندن ڕێنیشانده‌ری قوتابخانه‌ی ئاماده ییه چ له‌باری ئاڕاسته‌ی خوێندن و چ له ئاستی به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌کان که کو‌لتوور و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تیه باوه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه. ئه‌وه‌ش هه‌لسوکه‌وتی قوتابیان، مامۆستایان و گشت ئه‌و که‌سانه‌ی که‌له قوتابخانه کارده‌که‌ن، هه‌م به‌رامبه‌ر یه‌کتری هه‌میش به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگا، ده كریته ئه ستۆ.
قوتابخانه وه‌ک داموده‌زگایه‌کی فه‌ڕمی ده‌وڵه‌ت قوتابخانه وه‌ک داموده‌زگایه‌کی فه‌ڕمی ده‌وڵه‌ت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و یاسا ناوه‌ندیانه‌ی سه‌ره‌وه که ڕاسته‌وخۆ ئاڕاسته‌ی کاروبار و ئاستی خوێندن دیار ده‌که‌ن چه‌ند فاکته‌رێکی تریش هه‌ن که ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ریان له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتوویی کاروباری خوێندن له قوتابخانه‌دا هه‌یه. من لیره‌دا چوار فاکته‌ری ده‌سته‌ڵات باسده‌که‌م که هه‌ریه‌ک له‌و فاکته‌رانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وه‌خۆی له‌سه‌رکاروباری قوتابخانه‌و خوێندن هه‌یه.
فاکته‌ری سیاسی، فاکته‌ری ئابووری، فاکته‌ری کارگێڕی و فاکته‌ری په روه‌رده‌یی.
فاکته‌ری سییاسی گرنگترین فاکته‌ره‌و بریتیه له‌وه‌ی که کام پارتی سیاسی ده‌سته‌ڵاتداره له شاره‌وانی. ئه‌و پارته چی و کام کاروبار به گرنگتر ده‌زانێ له‌وانه قوتابخانه، سه‌رپه‌رشتی پیروپه‌ککه‌وته، ڕێگاوبان یان مه‌سه‌له‌ی خانوبه‌ره بۆ نیشته‌جێ بوونی دانیشتووان و هتد. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر شاره‌وانیه‌ک ئۆتۆنۆمی خۆی هه‌یه له داڕشتنی بوودجه‌ی ساڵانه‌و چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی ئیتر چاره‌نووسی سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندن ده‌که‌وێته ژێر ڕه‌حمه‌تی ویست و خواستی ده‌سته‌ڵاتداری سیاسیی زۆرینه له شاره‌وانی. به‌پێی سیسته‌می دیموکراتی پارتی ده‌سته‌ڵاتدار (زۆرینه) خۆی بڕیار له‌سه‌ر دابه‌شکردنیی بوودجه ده‌دات و کام داموده‌زگا یا خزمه‌تگوزاری چه‌ندپشکی له بوودجه به‌رکه‌وێ.
فاکته‌ری ئابووری هه‌ر شاریک ده‌بێ خۆی خۆی به‌خێو بکات. ده‌وڵه‌مه‌ندی یان هه‌ژاری شاره‌وانیش به‌ستراوه‌ته‌وه به ئه‌و باجه‌ی که شاره‌وانی له کارگه‌و کارخانه‌کان و هه‌موو دانیشتوونی شار وه‌ری ده‌گرێ. شاره‌وانی ده‌وڵه‌مه‌ند توانای باشتر بۆ داموده‌زگاکانی شار ده‌ڕه‌خسێنێ. ئه‌نجومه‌نی شاره‌وه‌نی ده‌توانێ باشتر به هانای خزمه‌تگوزاریه‌کانی هه‌مه‌جۆری شاره‌وانیه‌وه بێت (ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌له ژێر فاکته‌ری سییاسی باسکران). په‌ره‌دان به کاروباری قوتابخانه‌کان، بێجگه له ده‌وڵه‌مه‌ندی شاره‌وانی، ئاره‌زوی سیاسیشی ده‌وی بۆ به گرنگ هه‌ڵگرتنی خوێندن و قوتانخانه.
فاکته‌ری کارگێڕی قوتابخانه وه‌ک هه‌ر داموده‌زگایه‌کی تری ده‌وڵه‌تی بریتیه له هه‌ڕه‌می کارگێری. به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه به‌رپرسیاری یه‌که‌مه، هه‌م به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵاتی سیاسی شاره‌وانی، واته ڕاپه‌ڕاندنی خواستی پارتی ده‌سته‌ڵاتدار له شاره‌وانی. هه‌میش به‌رامبه‌ر مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی دیکه‌ی قوتابخانه که به‌په‌رۆشی پێشخستن و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندنن له قوتابخانه‌دا. ئیتر هه‌ر له دامه‌زراندنی مامۆستا ودابینکردنی خانووبه‌ره‌ی قوتابخانه تا ده‌گاته که‌ره‌سته‌ی ده‌رسدانه‌وه. به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه له‌لایه‌ک ئازاده له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاردان له هه‌ڵسوڕاندنی کاروباری قوتابخانه،له‌لایه‌کی تر به‌رپرسیاره له‌به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدارانی شاره‌وانی بۆ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و ئاستی ده‌رسوتنه‌وه، ئاماده‌کاری و کارئاسانی بۆ مامۆستایان، که له‌هه‌ر پۆلێکدا چه‌ند قوتابی هه‌بێ و هه‌ر ماموستایه‌ک له ساڵێکدا چه‌ند کاتژمێر ده‌بێ ده‌رس بڵێته‌وه و پلانی قوتابخانه بۆ کاتی تانگه‌تاوه‌و ...هتد.
فاکته‌ری په‌رورده‌یی فاکته‌ری په‌روه‌رده‌یی، فاکته‌ری بنه‌ڕه‌تیه و ده‌رسدانه‌وه تاکه ئه‌رکی قوتابخانه‌یه له کۆمه‌ڵگه‌دا. که‌چی چاره‌نووس و چۆنیه‌تی ئاستی ده‌رسدانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه به توانا‌و ئاره‌زوی هه‌رسێ فاکته‌ره‌کانی تر. دامه‌زراندنی مامۆستای به‌توانا، که‌می ژماره‌ی قوتابیان له هه‌ر پۆلێکداو کڕینی که‌رسته‌و ئامیری ده‌رسدانه‌وه‌ی هاوچه‌رخ، وه‌ک سمارتبۆرد و ئامێری تری گرانبه‌ها که ئاستی ده‌رسدانه‌وه به‌رزده‌که‌نه‌وه. هه‌روه‌ها ئازمونگه‌ی مۆدێرن بۆ فیزیا‌و کیمیاو و بایۆلۆجی، یان کڕینی ئامێری کۆمپیووته‌ری به‌هێز وه‌ک سێرڤه‌ر بۆ به ڤیرتوێلکردنی قوتابخانه‌و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن وبه گڵوباڵکردنی مه‌یدانی ده‌رسدانه‌وه. واته ڕه‌خساندنی مه‌یدانی گه‌وره‌تر بۆ قوتابیان و کاریگه‌ری له‌سه‌رئاره‌زوی فێربوونیان. بینایه وخانوی باش و مۆدێرن بۆ قوتابخانه بنچینه‌یه بۆ ته‌ندرووستی قوتابیان و فه‌رمانبه‌ران، وا له قوتابی ده‌کا به‌دڵخۆشی و پڕئاره‌زووه‌وه بێته قوتابخانه‌و له خوێندن و خۆفێرکردن چاڵاکانه به‌شداربی. هه‌ڵبه‌ته پێشتر باسی ئه‌وه‌کراوه که ئاره‌زووی فاکته‌ری سیاسی ده‌توانی ئه‌و توانایه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه بڕه‌خسێنێ، ئه‌گه‌رنا بۆ به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستا ئه‌سته‌مه بتوانن کاره‌کانی قوتابخانه به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوانه ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌و فاکته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه وای کردووه که ستانداردێک بۆ باری ئابووری و ئاستی قوتابخانه‌کانی سوێد نه‌بێ. باری ئابووری قوتابخانه له شارێکی ده‌وڵه‌مه‌ند زۆر باشتره تا شارێکی که‌م ده‌رامه‌ت. زۆرجار بۆ کڕینی ئامێر‌و که‌ره‌سته‌ی گرانبه‌ها که زیاتر لهبوودجهی قوتابخانه‌ی پێده‌وێ شاره‌وانی دێته ناو و کۆمه‌کی ئابووری قوتابخانه‌کان ده‌کات. هه‌روه‌ها بوودجه‌ی شاری ده‌وڵه‌مه‌ند ڕێگای زیاتر ده‌ستفراوانی له مووچه‌ی مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رانی دیکه‌ی قوتابخانه ده‌دات، بۆ نموونه مووچه‌ی مامۆستا له شارێکه‌وه بۆ شارێکی دیکه ده‌گۆڕێ، مامۆستایک له ستۆکهۆڵم 6000 کرۆنی سوێدی زیاتر له مامۆستایه‌ک، که به‌هه‌مان پله‌ی خوێندن، له شاری ئوپساڵا وه‌رده‌گرێ. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاری ئوپساڵا شارێکی زانكو و خوێندکاریه‌و هه‌ژاره که‌چی شاری ستۆکهۆڵم شارێکی هه‌م پیشه‌سازیه‌و هه‌م ناوه‌ندی کارگێڕی و بازرگانیه له ووڵات. شاری ده‌وڵه‌مه‌نده توانای باشتری هه‌یه و ده‌توانی مامۆستای باش و به ئه‌زموون په‌یدا بکات چ له ڕووی مووچه‌ی به‌رز و چ له‌ڕووی پێداویستیه‌کانی ده‌رسدانه‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش مامۆستای باش و به ئه‌زموون له ستۆکهۆڵم وه‌گیر ده‌که‌وێ تا شارێکی تری که‌م ده‌رامه‌ت.
سه‌رپه‌رشتی و به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه بۆ به‌باشی به‌ڕێوه‌چوونی کاروباری قوتابخانه‌کان له سوێد سێ (3) ده‌ستاڵاتداریه‌تی ناوه‌ندی هه‌ن، ئه‌م ده‌سته‌ڵاتداریانه هه‌م خه‌ریکی لێتۆژینه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی خوێندنن و هه‌م چاوه‌دێری و پشکنینی قوتابخانه‌کان ده‌که‌ن. ئه مه ش به مه‌به‌ستی ڕاگرتنی ئاست و ئاڕاسته‌ی خوێندن و په‌ره‌پێدان و باشترکردنی ده‌رسگوتنه‌وه له قوتابخانه‌کان و ڕاگرتنی ستانداردی خووێندنه له سه‌رتاسه‌ری ووڵات. ئه‌و ده‌سته‌ڵاتداریانه‌ش بریتین له:
ده‌سته‌ڵاتداریه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه‌کان Skolverket ئه‌م ده‌سته‌ڵاتداریه‌تیه به‌رپرسیاره له به‌رنامه‌ی خوێندن و پلانی بابه‌ته‌کانی ده‌رسدانه‌وه، ده‌رکردنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی به‌رده‌وام، کردنه‌وه‌ی کۆرسی تایبه‌تی بۆ مامۆستایان و به‌ڕێوه‌به‌رانی قوتابخانه، هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌رئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌و ئاماره‌کانی له‌سه‌ر قوتابخانه‌کان ده‌کرێن و پلان بۆ دواڕۆژی خوێندن داده‌نێ. ئه‌م ده‌سته‌ڵاتداریه ئۆرگانی ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌و خوێندنه له سه‌رتاسه‌ری سوێد،
ده‌سته‌ڵاتداریه‌تی په‌ره‌پێدانی قوتابخانه‌کان Skolutvecklingen ئه‌و ده‌سته‌ڵاتداریه‌تیه به‌رپرسیاره له پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر بۆ په‌ره‌پێدان و باشترکردنی خوێندن و فێربوون. ئه‌و ده‌سته‌ڵاتداریه هاوکاریه‌کی پته‌وی له‌گه‌ڵ ووڵاتانی ئه‌ڕوپایی و ده‌ره‌وه هه‌یه، بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و ئه‌نجامگیری لێتۆژینه‌وه و پلاندانان. هه‌ره‌ها سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونی یه‌کتری. هه‌ر بۆیه‌ش خوێندن له سوێد کاریگه‌ریی به‌هێزی ئه‌زموونی جیهانی ب،ه‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو، له‌سه‌ره و به هه‌مان شێوه خوێندنی سوێدیش کاریگه‌ری له‌سه‌ر سیسته‌می ووڵاتانی تر هه‌یه.
ده‌سته‌ڵاتداریه‌تی پشکنینی قوتابخانه‌کان Skolinspektionen ئه‌م ده‌سته‌ڵاتداریه پێشتر به‌شێک بوو له ده‌سته‌ڵاتداریه‌تی قوتابخانه‌کان. له 1 ئۆکتۆبه‌ری 2008 به‌شێوه‌یه‌کی فه‌ڕمی جیاکرایه‌وه‌و بوو به ده‌سته‌ڵاتداریه‌کی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌م ده‌سته‌ڵاتداریه ئه‌رکی سه‌ره‌کی چاوه‌دێری قوتابخانه‌کانه. به‌رپرسیاره له ئاستی ده‌رسدانه‌وه‌و چۆنیه‌تی په‌یڕه‌وکردنی یاساکانی قوتابخانه‌و پلانی خوێندن. ده‌سته‌ڵاتداریه‌تی پشکنینی قوتابخانه‌کان به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام، به‌مه‌به‌ستی پشکنین، سه‌ر له شاره‌کان ده‌دات. له‌کاتی پشکنین له ئاستی خوێندن، شێوه‌ی کارگێڕی و چۆنیه‌تی باری ئابووری و چۆنیه‌تی خه‌رجکردنی بوودجه ده‌کۆڵێته‌وه. به پله‌ی یه‌که‌م ئامۆژگاری له‌سه‌ر که‌م و کوڕیه‌کانی قوتابخانه ده‌دات. ده‌سته‌ڵاتداری چاوه‌دێری و پشکنین ده‌سته‌ڵاتێکی به‌رفراوانی هه‌یه. ده‌توانی له باری هه‌ڵومه‌رجی تایبه‌تی هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک که له یاسا لایدابێ، ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک که کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاستی خوێندن و فێربون یان ته‌ندروستی قوتابیان هه‌بی، ئه‌وا سزا به‌سه‌ر قوتابخانه یان شاره‌وانی ده‌چه‌سپێنێ. سزادانه‌که‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چۆنیه‌تی له یاسا لادانکه. یان کێ به‌رپرسیاره له لادانه‌که، قوتابخانه یان شاره‌وانی.
پرۆگرمه‌کانی قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی پرۆگرامه‌کانی قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی له سوێد به‌سه‌ر 18 پرۆگرامدا دابه‌شکراون. به‌گشتی پرۆگرامه‌کان ده‌بنه دوو به‌ش، به‌شی یه‌که‌م پرۆگرامه‌کانی ئاماده‌کردن بۆ خوێندنی باڵا که بریتین له 6 پرۆگرام، به‌شی دوو ه م پرۆگرامه‌کانی ئاماده‌کردن بو مه‌یدانی كار که پێیان ده‌گوترێ پرۆگرامی پیشه‌یی، پرۆگرامی پیشه‌یی بریتین له 12 پرۆگرام. هه‌ر پرۆگرامێکیش له‌ناوخۆی ده‌بێته چه‌ند لقێک که زیاتر به‌ره‌و خوێندنێک یان پیشه‌یه‌کی دیاریکراو قوتابی ئاماده ده‌کات.
پرۆگرامه‌کانی ئامه‌ده‌کردن بۆ خوێندنی باڵا ده‌رسه‌کانیان زیاتر تیورین که قوتابی بۆ زانکۆ ئاماده ده‌که‌ن ئه‌و پرۆگرامانه‌ش بریتین له:
پرۆگرامی ئابووری
پرۆگرامی هونه‌ره‌جوانه‌کان
پرۆگرامی وێژه‌یی
پرۆگرامی زانستیه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان
پرۆگرامی زانستیه‌کانی سرووشت
پرۆگرامی ته‌کنیک
هه‌روه‌ها 12 پرۆگرامه پیشه‌یه‌کانیش که قوتابیان بۆ مه‌یدانی کار ئاماده‌داکه‌ن به‌شی هه‌ره زۆری ده‌رسه‌کانیان پراکتیکین. بۆ ئه‌و مبه‌سته‌ش په‌یوه‌ندیه‌کی پته‌و له‌نێوان بازاڕی کار‌و ئه‌و پرۆگرامانه‌دا هه‌یه. قوتابیانی ئه‌و پرۆگرامانه له پۆلی دووه‌م و سێیه‌می ئاماده‌یی هه‌ر ساڵه 15 هه‌فته له کارگه یان کارخانه‌یه‌کدا کارده‌که‌ن. ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی ئاشنا بوونیان به کار‌و کولتوور‌و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی بازاڕی کار. ئه‌و به‌رنامانه‌ش بریتین له:
پرۆگرامی منداڵ و کاتی ئازاد
پرۆگرامی دامه‌زراوه‌و بنیاتنان
پرۆگرامی کاره‌باو ووزه
برۆگرامی ئوتومبێل و گواستنه‌وه
پرۆگرامی بازرگانی و کارگێڕی
پرۆگرامی پیشه‌ده‌ستکرده‌کان
پرۆگرامی هۆتێل و به‌ڕێوه‌بردن
پرۆگرامی پیشه‌سازی
پرۆگرامی کشتوکاڵ
پرۆگرامی خۆراک و ڕێستورانت
پرۆگرامی سیسته‌می گه‌رمکردنی ئاووهه‌وا
هه‌روه‌ها پرۆگرامی ئاگالێبوون و به‌خێوکردن (ده‌رچوانی ئه‌و پرۆگرامه به‌زۆری خزمه‌تی پیرو په‌ککه‌وته‌و نه‌خۆشان ده‌که‌ن).
ئابووری پرۆگرام ئابووری هه‌ر پرۆگرامێک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژماره‌ی قوتابیان که‌له‌و پرۆگرامه ده‌خوێنن. ژماره‌ی ئه‌و قوتابیانه له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی سه‌رجه‌می قوتابیانی پرۆگرامه‌کانی تری قوتابخانه دیارده‌کرێ. ئه‌و بوودجه‌یه‌ی که پرۆگرام وه‌ریده‌گرێ ده‌کرێته دوو به‌ش:
بودجه‌ی خه‌رجی به‌کاربردن، واته کڕینی که‌ره‌سته‌ی به‌کاربردن وه‌ک کتێب، ده‌فته‌ر، پێنووس و وورده ماتریالی ڕۆژانه. ئه‌و بوودجه‌یه ده‌سته‌ی مامۆستایانی پرۆگرام خۆیان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.
بوودجه‌ی درێژخایه‌ن، بریتیه له کڕینی ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ی وه‌ک مێز، کورسی و ئامێری ئه‌لکترۆنی گرانبه‌ها بۆ ئه‌زمونگا که بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن ده‌مێننه‌وه. بۆ خه‌رجکردنی ئه‌و بوودجه‌یه ده‌بێ پلانێک دابنرێ ئه‌گه‌ر له توانای پرۆگرام ده‌رچوو ئه‌وکاته به‌یارمه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه ڕێگه‌چاره ده‌دۆزرێته‌وه‌و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێ.
هه‌ر شاره‌وانیه‌ک خۆی بڕیار له‌سه‌ر سنووری نێوان ئه‌و دوو بوودجه‌یه ده‌دات. بۆ نموونه ئه‌و شاره‌ی که‌من لێی کارده‌که‌م بوودجه‌ی خه‌رجی به‌کار بردن تا 20000 بیست هه‌زار کرۆنی سوێدیه. ئه‌گه‌ر له‌وه زیاتربوو ئه‌وا ده‌که‌وێته خانه‌ی بوودجه‌ی درێژخایه‌ن و ده‌بی به‌ڕێوه‌به‌ر بڕیاری له‌سه‌ربدات. زۆر جار واڕێده‌که‌وێ که به‌پێی پێویست پاره له پرۆگرامێک بۆ یه‌کێکی تر ده‌گواسترێته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌و کاته‌ی پرۆگرامێک ده‌یه‌وێت ئامێریکی گه‌وره‌و گرانبه‌ها بکڕێ که بوودجه‌ی پرۆگرامه‌که به‌ته‌نیا به‌شی ناکات. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی قوتابخانه به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام بوودجه‌ی خۆی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، و چاوه‌دێری ئه‌وه ده‌کات. له‌لایه‌ک ئابووری قوتابخانه به باشی به‌ڕێوه بچێ، له‌لایه‌کی تر هاوسه‌نگیه‌ک له نێون پرۆگرامه‌کانی دروستبکا که ئاستئ قوتابخانه به‌گشتی به‌به‌رزی ڕابگیرێ.
پلانی خوێندن به‌پێی سیسته‌می خوێندن ده‌بێ هه‌موو توانایه‌ک له خزمه‌تی قوتابی دابی، بۆ ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی خوێندن سه‌رکه‌وێ.
بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ردوو پلانی خوێندنی 1994 و 2011 به شێوه‌یه‌کی دیار قامک ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌وه‌ئ که له خوێندن ده‌بێ مامۆستا هاوسه‌نگیه‌ک له نێوان تیووری و پراکتیک دروست بکات تا بتوانێ مه‌یدانی خۆفێرکردنی چاڵاکانه بۆ قوتابیان بڕه‌خسێنێ، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ مامۆستا ووتنه‌وه‌ی ده‌رسه‌کانی له‌گه‌ڵ پێداویستیی، ئاره‌زوو، ئه‌زموون و شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی تاکی قوتابی بگونجێنێ. له هه‌ردوو پلانی خوێندندا ئه‌رکی مامۆستا به‌شێوه‌یه‌کی ڕوون دیارکراون. مامۆستا ده‌بێ هه‌موو ڕێگایه‌ک بگرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هانی قوتابی بدات بۆ خۆفێرکردن و گه‌شه دان به زانیاری خۆی. به‌ڵام ئه‌و ئه‌رکه هه‌م زانیاری بابه‌تی ده‌وێ و هه‌م پێویستی به زانیاری په‌روه‌رده‌یی هه‌یه. به‌و مانایه‌ی که چۆن ده‌توانی ده‌رسه‌کانی والێبکات که سه‌رنجی قوتابی رابکێشێ. له‌لایه‌ک به شوه‌یه‌کی ڕه‌وانبێژانه بتوانی ده‌رسه‌کانی بڵێته‌وه، دوای ئه‌وه له‌و ژینگه‌یه‌ی که قوتابی پێی ئاشنایه نموونه‌ی به‌رجه‌سته بێنێته‌وه. ئه‌وه‌ش تا ئاسانکاری بۆ تێگه‌یشتنی قوتابیان دروستبکات، لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ، که مامۆستا ته‌نیا به ده‌سته‌ڵاتشکانی به‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ی خۆی دا هیچ گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ی نیه که مامۆستایه‌کی سه‌رکه‌وتووبێ. هه‌ر که‌سێک ئه‌گه‌ر بیه‌وێ مامۆستایه‌کی سه‌رکه‌وتووبێ، بێجگه له‌و بابه‌ته‌ی که خۆی لێی پسپۆره ده‌بێ زانیاری گشتی له بابه‌ته‌کانی تریش دا هه‌بێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌بێ شاره‌زابێ له چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا هه‌بێ. تا به‌م شێوه‌یه بتوانی له قوتابیان تێبگات و بزانێ چۆن فێرده‌بن و چاڵاکانه به‌شداری له گفتووگۆی نێو ده‌رس و ڕاهێنانه‌کاندا بکه‌ن. مامۆستای سه‌رکه‌وتوو ئه‌وه‌یه که‌درک به‌وه بکات چۆن قوتابیان بیرده‌که‌نه‌وه‌و ڕێگه‌چاره‌ی فێربوون ده‌دۆزنه‌وه. جا له‌وێ ده‌روازه ی زانیاریان له‌سه‌رئاوه‌ڵه بکات و به‌شێوه‌یه‌کی هوشیارانه به‌هاو گرنگیه‌کانیی زانیاریان بۆ ڕوونبکاته‌وه. زانیاری شتێکی بێلایه‌ن نییه به‌ڵکو چمکی زانیاری له کات و ڕێکه‌وت و هه‌ڵومه‌رجی ده‌ربڕینیی د‌رکی پێ ده‌کرێ. هه‌میشه به‌گۆڕانی کات و هه‌ڵومه‌رج مانا‌و ناوه‌رۆکی زانیاریش شێوه‌ی تر به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ. ئه‌وه‌ش له هه‌ردوو پلانی خوێندنی 1994 و 2011 پێی له‌سه‌ر داگیراوه. مامۆستاش وه‌ک به‌رپرسیاره‌ک له فێربوونی قوتابیان ده‌بی به‌باشی ڕه‌چاوی بکات.
تیووریه‌کانی فێربون سیسته‌می خوێندن له سوێد ڕێگا به قوتابی ده‌دا که‌ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر پلانی ده‌رسه‌کانی و دواڕۆژی خۆی دا هه‌بێ و به‌شێوه‌یه‌کی چاڵاکانه به‌شداری له پلانی خوێندن و دواڕۆژی دا بکات. واته به‌شداری چاڵاکانه‌ی له ئه‌نجامدانی ده‌رسه‌کانیدا هه‌بێ.
ڕێنمایی و شێوه‌ی ده‌رسدانه‌وه له سیسته‌می خوێندن له سوێد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پلانی خوێندن و مێتووده‌کانی ده‌رسدانه‌وه که له بنچینه‌دا له‌سه‌ر سێ تیووری فێربوون داڕێژراون. واته سه‌رچاوه‌ی مێتووده‌کانی خوێندن بۆ سێ تیووری فێربوون ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و سێ تیووریه‌ش پێکه‌وه پڕۆسه‌ی خوێندن به شێوه‌یه‌کی دیار و هه‌مه‌لایه‌نه بنیات ده‌نێن.
ئه‌و سێ تیووریانه‌ش کۆنستروکتیڤیزم، سۆسیۆکه‌لچراڵ و پراگماتیزم، ئه‌و سێ تیووری فێربوونه هه‌رچه‌نده باوه‌ڕیان به ڕێبازی جیاواز بۆ فێربوون هه‌یه به لام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رسێ تیووری له ناو بۆته‌ی خوێندن له سوێد یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن. به شێوه‌یه‌ک که‌سیسته‌می خوێندن ده‌توانی له سێ مه‌یدانی جیاواز له یه ك کاتدا هه‌م ته‌واوکه‌ری یه‌کتری بن و هه‌میش کاریگه‌ریه‌کی به‌هێزیان هه‌بی له پڕۆسێسی فێربوونی تاکی کۆمه‌ڵ. بۆیه تێگه‌یشتن له‌و تیووریانه یارمه‌تیمان ده‌دا قووڵتر بچینه ناو خوێندن و فێربوون له‌و سیسته‌مه‌دا.
کۆنستروکتیڤیزم: وه‌ک تیووریه‌کی فیربوون باوه‌ڕی به چاڵاکی قوتابی هه‌یه له فێربووندا، ئاره‌زووی خودی قوتابی وه‌ک چه‌قی پرۆسیسه‌که ته‌ماشاده‌کری. به هاوکاری له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری دا، به پرۆسیسی هاوته‌ریب زانیاری نوێ وه‌رده‌گرێ. ئه‌و زانیاریه نوێیه له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاریه‌ی که پێشتر قوتابی له بۆنه‌ی تر وه‌ده‌ستی هێناوه ده‌بێته مایه‌ی بنیات نانی زانیاری و ئه‌زموونی نوێ. ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای سه‌رنج ڕاکێشانه هه‌موو پرۆسێسی فێربوون له خودی قوتابی و ئاره‌زوه‌کانی ده‌ست پێده‌کات.
تیووریی و کاره‌کانی زانا‌و فه‌یله‌سووفی فه‌ره‌نسی ژان پیه‌ژێ (1896-1980) ڕۆڵێکی بنچینه‌ییان له دروستبوونی ئه‌و تیووریه دا هه‌یه. به‌پێی تیووری پیه‌ژێ زانیاری کۆپی کردنی ده‌وروبه‌ر نیه، به‌ڵکوو سه‌رله‌نوێ له بیری قوتابی به‌شێوه‌یه‌کی ده‌گمه‌ن و تایبه‌تی بنیات ده‌نرێته‌وه. هه‌ر بۆیه پیه‌ژێ پێی وایه که ده‌بێ هه‌ر له ته‌مه‌نی زووه‌وه ڕێگا به‌قوتابی بدرێ که چاڵاکانه به‌شداری کاری پراکتیکی و تیووری بکات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌ن پراکتیک و تیووری پێکه‌وه ئاسانکاری بۆ فێربوونی قوتابی ده‌ڕه‌خسێنن، یارمه‌تی قوتابی ده‌ده‌ن. له خۆڕایی نه‌بوو پیه‌ژێ خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌خواست که ڕۆژێک له‌ڕۆژان مامۆستا وازی له فه‌رماندان به قوتابی بهێنابایه. له‌جیاتی فه‌رمان پێکردن هه‌وڵیان بدابایه یارمه‌تی قوتابی بده‌ن، بۆ ئه و شتانه‌ی که خۆیان ئاره‌زویان لێیه فێری ببن.
سۆسیۆکه‌لچه‌راڵ: ئه‌و تیووریه له‌لایه‌ن فه‌یله‌سووفی رووسی لێڤ س ڤیگۆتسکی (1896-1934) به‌ناوی مێژووی کولتوری دامه‌زراو و دواتر ناوه‌که‌ی کرایه سۆسیۆکه‌لچه‌رال، واته کولتوری کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و تیووریه باوه‌ڕی وایه که فێربوون شتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووریه. فێربوونی تاک به‌ستراوه‌ته‌وه به کو‌لتوور له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌و نه‌ریته باوه‌کانی سه‌رچاوه ده‌گرێ. بۆیه پڕۆسه‌ی فێربوون به‌ستراوه‌ته‌وه به چه‌ندیه‌تیی هه‌ستکردنی تاک به به‌شداریکردنی له چاڵاکییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. هاوکاری تاک له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری دا دیدێکی پۆزه تیڤی لای دروست ده‌کات. سه‌رئه‌نجام ده‌بێته هانده‌ر بو خۆ فێرکردن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون. له دیدی سۆسیۆکه‌لچه‌رالدا دینامیکیه‌تی کۆمه‌ڵگه، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر فێربوونی تاک (قوتابێ). به ئاسانی فێری ئه‌و شته نوێیانه ده‌بی که له ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ن، جا کولتووری یان شتی زانستی تر، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی هه‌ستکردنی به سوودبه‌خشیان.
به پێی تیووری سۆسیۆکه‌لچه‌رال زانیاری له‌ڕێگای وتووێژ و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا به‌شێوه‌ی چاڵاکانه له نێوان مامۆستا‌و قوتابی ده‌بی. هه‌ر له‌ڕێی گفتوگۆشه‌وه زانیاری په‌ره‌ده‌ستێنێ و شێوازی نوێ و دیارده‌ی جیاواز له بۆچوونه‌کان دروست ده‌کا، له‌لایه‌ک ده‌روازه بۆ هه‌نگاوی تر ده‌کاته‌وه و له‌لایه‌کی تر قوتابی خۆی به خاوه‌ن بۆچوونی خۆی ده‌زانێ و خواست و ئاره‌زووی خوێندنی به‌هێزتر ده‌کات.
به کورتی ئه‌م تیووریه پێی وایه که نه مامۆستا زانیاری پێیه و نه قوتابیش . به‌ڵکوو زانیاری و چمک و ناوه‌رۆکی به‌ستراوه‌ته‌وه به ئه‌و دیالۆگ وهاوکارییهی نێوان لایه‌نه‌کانی گفتوگۆ (مامۆستا و قوتابی). چه‌ندیه‌تی کارله‌یه‌ک کردنی لایه‌نه‌کانی گفتوگۆ بۆ بنیاتنانی زه‌مینه‌ی زانیاریه‌ک که ئاستئ هوشیاری قوتابی و مامۆستا پێکه‌وه به‌رزکاته‌وه.
پراگماتیزم: وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی خوێندن له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی 18 به‌دیارکه‌وت. پراگماتیزم به مانای ئه‌وه دێ که قوتابی له‌ڕێی کارکردنه‌وه فێری شت ببێ. ئه‌م تیووریه له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر ژۆن جیوی (1859-1952) فه‌یله‌سووفی ئه‌مریکی په‌ره‌ی پێدراوه. جیوی پێی وابوو که مرۆڤ له‌ڕێگای ئه‌نجامدانی کار ئه‌زموون دروست ده‌کاو به‌باشی فێر ده‌بێ (فێربوون له‌رێگه‌ی کردن). جیوی پێی وایه پراکتیک باشترین ڕێگایه بۆ په‌یداکردنی زانیاری. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ مه‌یدان بۆ قوتابی بڕه‌خسێ، ئه‌و مه‌یدانه له‌شێوه‌ی ئه‌زموونگه یان پڕۆژه‌ی تایبه‌تی که‌له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆکی ده‌رس بگونجێ. له‌و ڕێگایه‌وه قوتابی ده‌توانێ زانیاری بابه‌تی له‌سه‌ر شته‌کان به قووڵی تێبگات و به ئاسانیش په‌ره‌ی پێ بدا‌و له هه‌ڵومه‌رجی تردا بیگونجێنێ.
یه‌ک له خاڵه گرنگه‌کانی خوێندن له ووڵاتی سوێد ئه‌وه‌یه که بۆ گشت ده‌رسه زانستیه‌کانی وه‌ک کیمیا، فیزیا، بایۆلۆجی و کۆمپیووته‌ر ئازموونگه‌ی تایبه‌تی مۆدێرنی هه‌یه که نوێترین ئامرازی میکانیکی و ئه‌لکترۆنی تێدایه، ده‌تووانرێ ئه‌و تێکسته تیووریانه‌ی که به ئه‌سته‌نگ قوتابی لێی تێده‌گات به‌کرده‌وه له ئه‌زموونگه ئه‌نجامی بده‌ن. دوای ئه‌نجامدانی ده‌بێ قوتابیان ڕاپۆرتێکی زانستی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی کاره‌که‌یان بنووسن. به‌و کاره‌یان دوو ئامانج ده‌پێکن، یه‌که‌م فێربوونی پڕۆسه‌ی کارله‌یه‌ککردنی توخمه‌کان و وه‌رگرتنیی بیرۆکه له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی سرووشت و په‌یوه‌ندی توخمه‌کان، له هه‌مان کاتدا ده‌بی ئه‌و شته‌ی فێری ده‌بن به ڕاپۆرتێکی فه‌ڕمی ڕوونی بکه‌نه‌وه. ئه‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه هه‌رله بیرۆکه بنچینه‌یه‌که‌وه تاده‌گاته به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌که‌و کۆتایی و ئه‌نجام گیریی. دوایی ڕای تایبه‌تی قوتابیان خۆیان که چی فێر بوون، سه‌ختیه‌کان و ئاسنکاریه‌کانی که تووشیان هاتووه،
تاقیکردنه‌وه ونمره دانان له سیسته‌می هه‌ڵسه‌نگاندن و نمره‌دانان له سوێد چه‌ند ڕێگایه‌ک هه‌یه. ئه‌و ڕێگایانه‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شێوه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی که ده‌خوێندرێ. کام ڕێباز باشه‌و ده‌گونجێ بو هه‌ڵسه‌نگاندن و نمره‌دانان. به‌گشتی سێ شێوه‌ی هه‌ڵسه‌گاندن هه‌یه بۆ دیاریکردنی ئاستی زانیاری قوتابی:
تاقیردنه‌وه‌ی نیشتیمانی (سه‌رتاسه‌ری) له قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی سێ ده‌رس هه‌ن که ده‌بێ تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتمانیان له کۆتایی هه‌ر کۆرسێکدالێ بکرێ:
ئه‌و ده‌رسانه‌ش زمانی سوێدی یان سوێدی وه‌ک زمانی دووه‌م (بو ئه‌و قوتابیانه‌ی که سوێدی زمانی زکماکیان نیه)، ئینگلیزی و بیرکاری. ئه‌و سێ ده‌رسه له‌دوای هه‌ر به‌شێک تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌کرێ و له کۆتایی ته‌واوبوونی کۆرس دا تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتیمانی ده‌کرێ. ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه له‌سه‌رتاسه‌ری سوێد له یه‌ک کاتدایه‌و پرسیاره‌کانیش نهێنین. ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه تا ده ساڵ وه‌ک دۆکوومێنتێکی گرنگ له قاسه‌ی تایبه‌تی هه‌ڵ ده‌گیرێ. هه‌رکاتی ده‌سته‌لاتدارییه‌تی پشکنین سه‌ردانی قوتابخانه بکات، ئه‌وه له به‌خت چه‌ند تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌کاته‌وه بۆ کۆنترۆل کردن و دڵنییابوون له دروستی ده‌رئه‌نجامه‌کانی. ئه‌وه‌ئ لێره‌دا جێگای سه‌رنج دانه، هه‌مان مامۆستای که ده‌رسه‌که‌ی گوتۆته‌وه تاقیکردنه‌وه‌که‌ش ڕاستده‌کاته‌وه (تێحیح). مه‌به‌ستیش له‌م شێوه‌یه ئه‌وه‌یه که هیچ تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ناتوانێ به‌ته‌نیا ببێته پێوه‌ری زانیاری قوتابی. مامۆستا به درێژایی پرۆسه‌ی خوێندنی کۆرسه‌که ڕۆژ به‌ڕۆژ تێبینی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئاستی هه‌ر قوتابیه‌ک نووسیوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تاقیکردنه‌وه‌ی ناوبه‌ناوی له دوای هه‌ر به‌شێکی کتێبی ده‌رسدا داکردووه، نمره دانانه‌کانیشی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌لایه‌ک ته‌قیکردنه‌وه‌ی نیشتیمانی و له‌لایه‌کی تریش هه‌لسه‌نگاندنی زانیاری قوتابی به درێژایی پڕۆسه‌ی خوێندنی کۆرسهکهو ده‌بێته نمره‌یه‌ک که بتوانی ره‌نگدانه‌وه‌ی توانای قوتابی بێ. هه‌ر بۆیه زۆرجار قوتابی ئه‌و نمره‌یه وه‌رناگرێ که له تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتیمانی وه‌ریگرتووه. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئاستی زانیاری قوتابیه‌که ئه‌وه نییه که له تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتیمانی نیشانی داوه.
تاقیکردنه‌وه‌ی خۆجێیی ئه‌و تاقیکردنه‌وانه له زۆربه‌ی ده‌رسه‌کاندا ده‌کرێن و مامۆستاى ده‌رس خۆی بڕیارده‌دا به‌چ شێوه‌یه‌ک بێ، چه‌ند جار له کۆرسێکدا بکرێ. زۆر جار مامۆستا به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ قوتابیان رێکده‌که‌ون که چه‌ند و چۆن تاقیکردنه‌وه‌کان بکه‌ن. ئه‌نجامی ته‌واوی تاقیکردنه‌وه‌کان له‌گه‌ل تێبینی مامۆستا له پڕۆسه‌ی خوێندنی کۆرسه‌که‌دا ده‌بنه بنه‌مای نمره‌ی کۆتایی ده‌رسه‌که. له ده‌سته‌ڵاتداریه‌تی قوتابخانه‌کان بانکی پرسیاری تاقیکردنه‌وه له ته‌واوی بابه‌ته‌کانی قوتابخانه هه‌یه، مامۆستا ده‌توانێ به کۆدی تایبه‌تی له ئینته‌رنێت ئه‌و پرسیارانه‌ی بۆ ئه‌و به‌شه‌ی که تاقیکردنه‌وه‌ی لێده‌کرێ داببه‌زێنێ. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له بانکی پرسیاری تاقیکردنه‌وه ئه‌وه‌یه که ستانداردیک بۆ ئاستی تاقیکردنه‌وه‌کان و ئاستی زانیاری قوتابیان هه‌بێ.
شێوه‌ی سێیه‌می کۆرس و تاقیکردنه‌وه به شێوه‌ی پڕۆژه‌یه هه‌ندێ ده‌رس هه‌یه مامۆستا ده‌توانێ له ڕێگای پڕۆژه‌وه زانیاری قوتابیان هه‌لسه‌نگێنێ. ئه‌م شێوه پڕۆژانه له‌لایه‌ک قوتابیان ده‌بێ کاریك به‌شێوه‌ی پڕۆژه ئه‌نجام بده‌ن، له‌لایه‌کی تر کتێب و ئه‌ده‌بیاتی پێویست که کاری پڕۆژه‌که پێویستی پێیه‌تی بخوێننه‌وه.
ئه‌و شیوه پڕۆژانه وه‌ک هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی تر هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌بێ، بۆ نموونه چه‌ند قوتابیه‌ک بڕیار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک ده‌ده‌ن. یه‌که‌م هه‌نگاو ده‌بێ به پێشنیارێک بۆ مامۆستای سه‌رپه‌رشتاری پڕۆژه‌که بیرۆکه‌ی پڕۆژه‌کایان ڕوونبکه‌نه‌وه. دوای ئه‌وه‌ی که مامۆستا ڕه‌زامه‌ندی ده‌رده‌بڕی، ئه‌وا قوتابیه‌کان پلانی پڕۆسه‌ی پڕۆژه‌که به نامه‌یه‌ک ڕوونده‌که‌نه‌وه . دوای ئه‌وه‌ی گشت دۆکوومێنته سه‌ره‌تایه‌کان ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌درێ ئه‌وا قوتابیه‌کان ده‌ست به‌کار ده‌بن . هه‌ر هه‌نگاوێک و هه‌ر هه‌فته‌ی جارێک له‌گه‌ڵ مامۆستا ڕێكدهکهون که به نامه (لۆگ بووک) ڕوونی بکه‌نه‌وه چیانکردووه، به چ ئه‌نجام گه‌شتوون . هه‌ڵبه‌ته ئه‌و نامانه هه‌ریه‌ک له ئه‌ندامانی به‌شدار له پڕۆژه ده‌بێ به‌ته‌نیا بنووسێ و باسی ئه‌وانی تریش بکات که چیان کردووه. له کۆتایی پڕۆژه‌که‌دا ده‌بێ ڕاپۆرتی کۆتایی بنووسن. ته‌واوی ئه‌و دۆکوومێنتانه‌ی که مامۆستا ده‌ستی پێڕاده‌گات له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می پڕۆژه‌دا ده‌بنه بنچینه بۆ نمره دانان. نه‌بوونی یا نه‌ناردنی هه‌ر دۆکوومێنتێک ده‌بێته هۆی دابه‌زینی نمره.
له تاقیکردنه‌وه‌و نمره دانان مامۆستا هه‌میشه ڕه‌چاوی چۆنیه‌تی زانیاری قوتابی ده‌کا له‌پڕۆسه‌ی ته‌واوی خوێندن و چاڵاکی قوتابی له پۆل و جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی خوێندن، تاقیکردنه‌وه به‌هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه ته‌نیا پاڵپشته بۆ مامۆستا. ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی زانیاری قوتابی و بتوانێ نمره‌ی دادپه‌روه‌رانه بداته قوتابی. به‌ڵام مامۆستا بۆی نیه ئاکار‌و هه‌ڵسوکه‌وت و چۆنیه‌تی هاتنه قوتابخانه‌ی قوتابی یان گێره‌شێوێنی له‌گه‌ڵ قوتابیانی تر‌و مامۆستا ڕه‌چاوبکات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسای قوتابخانه مامۆستا ته‌نیا بۆی هه‌یه زانیاری قوتابی هه‌ڵسه‌نگێنێ نه‌ک ئاکار‌و کرداری. له قوتابخانه کۆمیته‌ی تری به‌رپرس هه‌یه بۆ ئه‌و کاره، ئه‌و کۆمیتانه ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وه‌یان پێدراوه له ئاکار‌و ڕه‌فتاری قوتابی بپێچێته‌وه.
هه‌روه‌ها تاقیکردنه‌وه‌ی تایبه‌تیش هه‌یه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه زانیاریان له بابه‌تێک وه‌ده‌ستهێناوه. ئه‌و قوتابیانه بۆیان هه‌یه به‌بێ کۆرسى خوێندن تاقیکردنه‌وه‌بکه‌ن و ده‌ربچن، نمره له‌و ده‌رسه وه‌ربگرن. ئه‌و بابه‌ته قوتابی زیره‌کیش ده‌گرێته‌وه که‌به ماوه‌یه‌کی کورتترله هاوڕێکانی کۆرسێک ته‌واو ده‌کا. ئه‌و قوتابیانه هه‌ڵی ئه‌وه‌یان بۆ ڕه‌خساوه که تاقیکردنه‌وه بکه‌ن و بچنه کۆرسێکی به‌رزتر. من خۆم قوتابیم بینیوه که له قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی هاتووه‌ته ئاماده‌یی هه‌ر دوای ماوه‌یه‌کی که‌م داوای تاقیکردنه‌وه‌ی کردووه. دووای ده‌رچوونی له کۆرسی به‌رزتر ده‌ستی به‌خوێندن کردووه.
هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی زانیاری و نمره‌دانان له‌سیسته‌می خوێندن هه‌میشه پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گیرێ که مامۆستا ده‌بی دوو جۆر هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌بێ. یه‌که‌میان هه‌ڵسه‌نگاندنی ناوبه‌ناو، واته هه‌نگاو به هه‌نگاو (فۆرم) شێوه و ئاستی زانیاری قوتابی به درێژایی کۆرسه‌که هه‌ڵده‌سه‌نگێنی. ته‌واوی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه ده‌بنه بنچینه‌یه‌ک بۆ هه‌لسه‌نگاندنی کۆتایی. هه‌ڵسه‌نگاندنی کۆتایی بریتیه له کۆی ته‌واوی هه‌ڵسه‌گاندنه‌کانی ناوبه‌ناو، له‌گه‌ڵ تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی ته‌واوی کۆرسه‌که به‌شێوه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌ن و به ڕه‌چاوکردنی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی ناوبه‌ناوی تر ده‌بنه بنچینه بو نمره دانان.
نمره‌دانان به‌شێوه‌یه‌کی دادوه‌رانه ههلبهته مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی زانیاری قوتابی و نمره‌دانان له خوێندن ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین مه‌حاڵه ئه‌وه زۆر سه‌خته. ئه‌سته‌مه مرۆڤ بتوانێ بڵی نمره‌ی تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک له سه‌داسه‌د دادوه‌رانه بووه. جا که‌م مامۆستا هه‌یه ڕۆژێک له ڕۆژان له هه‌ڵسه‌نگاندن و نمره‌دانان وویژدانی ئازاری نه‌دابێ. له سیسته‌می خوێندن له سوێد ئه‌و گرفته هه‌ر له زووه‌وه د‌رکی پێکراوه‌و بۆیه هه‌میشه هه‌وڵ ده‌درێ مامۆستا له‌وه ئاگادار بکرێته‌وه که له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی زانیاری هیچ کات ناتوانی لێی دڵنیابیت.
له سیسته‌می نمره‌دانان له سوێد دوو هه‌نگاو هه‌یه که ده‌بێ هه‌ر مامۆستایه‌ک بۆ نمره دانان ڕه‌چاویان بکات.
Rttsskerhet دڵنیایی له دروستی نمره : مانای وایه هه‌ر مامۆستایه‌ک ده‌بێ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی تاقیکردنه‌وه ئاگای له پلانی
کۆرسی ده‌رسه‌که‌بێ. له پلانی کۆرسی هه‌ر ده‌رسێکدا هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی تێدایه که قوتابی له‌دوای ته‌واو کردنی کۆرس ده‌بێ به‌لای که‌می بیزانی. هه‌روه‌ها له کۆتایی پلانی کۆرس مه‌رجه‌کانی نمره‌دانان به جوانی ڕوونکراوه‌ته‌وه، ئاستی زانیاری به‌رامبه‌ر به‌و پله‌یه‌ی که قوتابی ده‌بێ بیگاتی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و نمره‌یه.
Likvrdighet هه‌نگاوی دووه‌م یه‌کسانی و هاوبه‌هایی نمره‌دانان : له هه‌ر شارێک به‌لای که‌می دووجار له یه‌ک وه‌رزی خوێندن (ته‌رمین) دا گشت ئه‌و مامۆستایانه‌ی بابه‌تێک ده‌ڵێنه‌وه کۆده‌بنه‌وه و گفت و گۆ له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن و نمره‌دانان ده‌که‌ن. وه‌ک ستاندارد له سنووری شار له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه ڕێک ده‌که‌ون که ده‌بێ هه‌ر مامۆستایه‌ک له‌کاتی نمره‌دانان ڕه‌چاویان بکات. ئه‌وه‌ش واده‌کات که ئاستی هه‌ڵسه‌نگاندن و نمره‌دانان له سنووری شاردا یه‌کسان بێ و به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه له‌گه‌ل زانیاری قوتابی دابکرێ. هه‌رچه‌ند ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین که سه‌ره‌ڕای ئه‌و دوو هه‌نگاوه‌ش هه‌ر مامۆستایه‌ک ئازاده له‌وه‌ی چۆن پلانی کۆرس لێکده‌داته‌وه،له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی له‌سنووری شاره‌وانی ده‌کری ته‌نیا ئامۆژگاریه، هه‌رچه‌نده به‌گرنگ هه‌ڵده‌گیرێت به‌ڵام وه‌ک دۆکوومێنتێکی بڕیارده‌رنیه‌و مامۆستا ناچارنیه په‌یڕه‌وی بکات.
ڕه‌تبوون ڕه‌تبوون (عبور) له سیسته‌می خوێندنی سوێدی به‌پێی یاسا قوتابی ده‌توانێ له‌ده‌رسێک ڕه‌تببێ و ده‌ست به کۆرسێکی به‌رزتر بکات. جا مه‌رج نییه له‌و کۆرسه سه‌رکه‌وتوبێ یان نا. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ش لاوازیه‌که له سیسته‌می خوێندن. له‌به‌رئه‌وه‌ی له هه‌ر کۆرسێک دیاریکراوه بۆ خوێندنی کۆرس ده‌بێ قوتابی چه‌ند زانیاری پێشوه‌ختی پێبێ. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بیرکارى 2 بخوێنی نووسراوه قوتابی ده‌بێ کۆرسی بیرکاری 1-ی ته‌واو کردبی یان زانیاری به‌قه‌د بیرکاری یه‌ک پێبێ. بۆیه قوتابی له کۆرسی دوو ئه‌سته‌نگیه‌کی زۆری ده‌بێ ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین مه‌حاڵه. قوتابی هه‌یه له بایۆلۆجی 1 و 2 که‌وتووه‌و ده‌ستی به بایۆلۆجی قوول کردووه. هه‌چه‌نده مامۆستا ئامۆژگاری کردووه که شتی وانه‌کا، له جیاتی ئه‌وه خه‌ریکی ئه‌وه‌بی له 1 و 2 ده‌ربچی به‌ڵام قوتابی گوێی نه‌داوه‌تێ. به‌پێی یاساش مامۆستا ناتوانێ له ئامۆژگاری زیاتری بکات.
گرفتی دووه‌م ئه‌وه‌یه، هه‌ر قوتابیه‌ک له‌و سێ ساڵه‌ی له قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی ده‌خوێنی ده‌بێ 2500 خاڵ بخوێنی. دوای ته‌واوکردنی ئاماده‌یی ده‌بێ قوتابی به‌لای که‌مێ 2250 خال له‌ده‌رسه‌کانی سه‌رکه‌وتووبێ، ئه‌وسا مافی هه‌یه داخوازی بۆ خوێندن پێشکه‌شی زانکۆ و خویندنگاکانی به‌رزی تر دابکات. واته ئه‌گه‌ر قوتابی له سێ کۆرسی 100 خاڵی که‌وتبێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لێوه‌شاوه نییه بۆ زانکۆ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش قوتابیان ناچارن دوای قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی کۆرسه‌کانیان له قوتابخانه‌ی گه‌وره‌ساڵان بخوێنن، پاره قه‌رز بکه‌ن بۆ بژێوی کاتی خوێندن، جا زۆربه‌ی ئه‌وانه ئه‌وکاته په‌شیمانی خۆیان ده‌رده‌بڕن. سیسته‌می ڕه‌تبوون له خوێندن ناکۆکی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌یه‌و به‌زیانی قوتابی ته‌واو ده‌بی، هه‌ر بۆیه‌ش له‌نێو کۆڕی مامۆستایان ده‌مێکه هه‌ستی پێکراوه. ناڕه‌زایی مامۆستایان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌و سیسته‌مه یارمه‌تیده‌ری قوتابی نیه‌و دژیه‌تی. ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ده‌کرێ که ئالترناتیڤێکی بۆ بدۆزرێته‌وه.
میکانیزمی ده‌رسگووتنه‌وه و دیداکتیک هه‌ڵبه‌ته قسه‌کردن له‌سه‌ر خوێندن و فێربوون له قوتابخانه‌دا کارێکی ئاڵۆزه‌و ناتووانرێ به وه‌ڵامێکی ئاسان و راسته‌وخۆ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ببی یا به‌شێوه‌یه‌کی دیاریکراو ڕوونی بکه‌ینه‌وه. بۆیه ده‌بێ په نا بۆ زانستی تایبه‌تی ببه‌ین که یارمه‌تیمان بدات بۆ دۆزینه‌وه‌و یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که زێده گرنگن بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌و میکانیزمه، له پڕۆسه‌ی ده‌رسدانه‌وه‌و فێربوون. ئه‌و زانستیه‌ی که ده‌توانی به‌لای که‌می په‌رده له‌سه‌ر لایه‌نه شاراوه‌کانی ده‌رسدانه‌وه‌و فێربوون هه‌لبداته‌وه زانستی (دیداکتیک)ه.
دیداکتیک دیداکتیک له ووشه‌ی (دیداکتیکۆ) ی یۆنانییه‌وه هاتووه‌و مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیکه‌ی 400 ساڵ پ.ز. دیداکتیک به مانای هونه‌ر یان زانستی ده‌رسدانه‌وه دێ. له‌سه‌رده‌می یۆنانی کۆندا دوو ئاڕاسته‌ی دیداکتیک هه‌بوون. یه‌که‌میان سۆفیسته‌کان که پێیان وابوو دیداکتیک ده‌رسدانه‌وه‌یه بۆ ڕازیکردن به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رانه. لێره‌دا ڕه‌وانبێژی ده‌بێ ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی هه‌بێ. ئاڕاسته‌ی دووه‌م له‌لایه‌ن سوقرات و ئه‌فلاتوون په‌یڕه‌وی ده‌کرا، لێره‌دا دیداکتیک زیره‌کی مامۆستا ده‌گرێته‌وه له چۆنییه‌تی ده‌رسدانه‌وه‌و گه‌یاندنی زانیاری به قوتابیان، وایان لێبکات که خۆیان بیربکه‌نه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆ به‌دوای زانیاری‌دا بگه‌ڕێن و په‌ره‌ی پێ بده‌ن.
دیداکتیک به‌و شێوه هاوچه‌رخه‌ی که ئێمه ئێستا به‌کاری دێنین بۆ یه‌که‌م جار له‌لاین وۆلفگه‌نگ ڕاتکه (1571-1635) به‌کار هات. ڕاتکه له ساڵی 1612دا پێشنیارێکی له‌سه‌ر ڕیفۆرمی ده‌رسدانه‌وه له قوتابخانه‌کانى ئه‌ڵمانیا پێشکه‌شی کۆبوونه‌وه‌ی میره‌کانی ئه‌ڵمانی له شاری فرانکفۆرت کرد. پێشنیاره‌که بریتی بوو له شێوه‌یه‌کی نه‌ریتی و باهای زانیاری بۆ خوێندن به هیوای ئه‌وه‌ی که ته‌واوی پرسیاره‌کانی خوێندن بگرێته‌وه. پێشنیاره‌که بریتی بوو له پلانی خوێندن و هه‌ڵبژاردنی ناوه‌رۆکی گونجاو بۆ ده‌رسدانه‌وه. دوای ڕاتکه، یۆهان ئامۆس كۆمێنیووس (1592- 1670) هات که له نێوان ساڵه‌کانی 1628تا ساڵی 1630به زمانی چیکی کتابیکێ نووسی به‌ناوی (دیداکتیکا ماگما) که له‌سالێ 1657 به زمانی لاتینی بڵاوکرایه‌وه. ئه‌و بڵاوکردنه‌وه‌یه ناوه‌رۆکی کتێبه‌که‌ی به خوێنده‌واری جیهانی ناساند. کتێبه‌که‌ی کۆمێنیووس دیداکتیک وه‌ک تیووریه‌ک بۆ هونه‌ری ده‌رسدانه‌وه ده بینێ که سه‌رتاسه‌ری خوێندن ده‌گرێته‌وه.
له نێوان سه ده‌کانی 17 و 18 دیداکتیک وه‌ک زانسته‌ک چاوى لێنه‌ده‌کرا به‌ڵکوو به به‌شێک له په‌روه‌رده داده‌نرا. ئه و بۆچوونه وا به‌خۆڕایی نه‌بوو، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌بوو که زانیاری به‌پێی دیدی ئه‌وده‌مه‌ی ئاینی و کولتووری بخوێندرێ. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌وه وه‌ک زانستیه‌کی سه‌ربه‌خۆ سه‌یرنه‌ده‌کرا. باله‌بیرمان نه‌چێ که چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک پێشتر گالیلۆ و كۆپهرنیکۆس و دواتریش نیووتن زانیاری سرووشتیان به ئاقارێکی وادابردبوو که به‌ته‌واوی دژی بۆچوونه‌کانی که‌نیسه بوو. هه‌ربۆیه که‌نیسه‌ش ده‌یه‌ویست خوێندن له‌م بیرۆکانه دووربخاته‌وه.
دیداکتیک له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا شێوه‌یه‌کی نه‌ریتی هه‌یه‌و به‌به‌رده‌وامی وه‌ڵامی سێ پرسیار ده‌داته‌وه که ڕۆژانه له قوتابخانه‌کاندا هه‌میشه دووباره ده‌بنه‌وه:
چۆن: چۆن ده‌رس ده‌گوترێته‌وه؟ ئایا مامۆستا کام ستراتیجی ده‌گونجێنێ؟
چی: قوتابی چی فێرده‌بێ؟ کامه ناوه‌رۆک ده‌کرێته ده‌رس بۆ قوتابییان؟
له‌به‌چی: له‌به‌ر کام هۆ ئه‌و ده‌رسه ده‌گوترێته‌وه؟ ناوه‌رۆکی ئه‌م ده‌رسه چ کاریگه‌ری زانیاری هه‌یه بۆ قوتابی؟
ئه‌و سێ پرسیاره ره‌نگه ته‌واوی کێشه‌ی خوێندن و ڕوونکردنه‌وه‌کانی بگرێته‌وه و مامۆستا ده‌توانی له‌سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه پلانی ده‌رسه‌کانی دابڕێژێ. قوتابیانیش له‌سه‌ر بنچینه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه خۆزگه‌و چاوه‌ڕوانی خویان بنیات بنێن و پلانی ده‌رس خوێندنیان دابڕێژن.
دیداکتیک له‌م ڕۆژگاره‌دا زۆر به‌رفراوانبووه‌و تا دێش فراوان تریش ده‌بێ. به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی دیداکتیک ده‌کرێته سێ به‌ش: دیداکتیکی بابه‌ت، دیداکتیکی پیشه و دیداکتیکی گشتی.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسی له‌سه‌ر ده‌کری دیداکتیکی بابه‌ته. واته زانستی ده‌رسگووتنه‌وه له بابه‌تێکدا، هه‌ر بابه‌تێکیش دیداکتیکی خۆی هه‌یه واته ده‌کرێ بڵێین دیداکتیکی کیمیا، دیداکتیکی بیرکاری و ..هتد. به‌ڵام به شیوه‌یه‌کی گشتی سێ فاکته‌ری هاوبه‌ش هه‌یه که کۆڵه‌گه‌ی بنیاتنانی دیداکتیکن له‌هه‌موو بابه‌ته‌کانی ده‌رس ووتنه‌وه، به پێی بابه‌ت و شێوه‌ی گوتنه‌وه سیمای ئه‌و فاکته‌رانه‌ش ده‌گۆڕێ. ئه و سێ فاکته‌رانه‌ش پێکه‌وه ده‌رس پێکدێنن و پێیان ده‌گوتری سێگۆشه‌ی دیداکتیک و ده‌بێ مامۆستا له‌ده‌رس ڕێکخستن و ووتنه‌وه زۆر به هوشیارانه مه‌مه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدابکات.
سێگۆشه‌ی دیداکتیک (سه‌یری فیگوری خواره‌وه بکه) له ناوه‌رۆکی ده‌رس، قوتابی و مامۆستا پێکدێ. بۆ هاوسه‌نگی شێوه‌و ناوه‌رۆکی ده‌رسدانه‌وه ده‌بێ هه‌میشه ڕه‌چاوی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان هه‌رسێ گۆشه‌ی سێگۆشه‌که بکرێ. ئه‌وه‌ش چ له خۆ ئاماده‌کردن بۆ ده‌رسدانه‌وه، له‌کاتی ده‌رسدانه‌وه و یان له دوای ده‌رسدانه‌وه ده‌بێ مامۆستا وانه‌که هه‌ڵسه‌نگێنێ و پریسیار له‌خۆی بکات، ئه‌رێ وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی دیداکتیکم داوه‌ته‌وه تا بیانکه‌مه ئه‌زموون ده‌رسه‌کانی داهاتوو؟
ناوه‌رۆکی ده‌رس: هیچ ده‌رسێک به‌ته‌نیا ناتوانی سه‌رتاسه‌ری ئه‌و زانستیه بگرێته‌وه که ده‌رسه‌که له‌باره‌وه‌یه‌تی. بۆیه ئه‌و کتێبه‌ی که ده‌خرێته به‌رده‌ستی مامۆستا به‌شێکی دیاریکراوی هه‌ڵبژێردراوه له زانست. جا ئه‌و زانسته فیزیا بێ یان کیمیا ..هتد. له کاتی ئاماده‌کردن و نووسینه‌وه‌ی کتێبه‌که‌دا ڕه‌چاوی ئاستی زانیاری قوتابی، چه‌ندی ئه‌وکاتژمێرانه‌ی ده‌رسی تێداده‌گوترێته‌وه و که‌رسته‌ی ئاسانکاری بۆ ده‌رسگوتنه‌وه به‌گشتی کراوه. ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و خاڵانه‌ی که له پلانی کۆرسی ده‌رسه‌که دیاری کراوه. بۆ نموو کۆرسێکی 100 خاڵ 80 کاتژمێری بۆته‌رخانده‌کرێ (چوار هه‌فته) ئه‌و کاتژمێرانه به‌سه‌ر ته‌واوی هه‌فته‌کانی ساڵ که‌ده‌رسی تێدا ده‌ووترێته‌وه دابه‌شده‌کرێن. جا هه‌ر هه‌فته 150 خوله‌کی به‌رده‌که‌وی و ده‌کریته دوو ده‌رس له‌یه‌ک هه‌فته‌دا. لێره‌دا گرفتێک هه‌یه، هه‌ر کۆرسێک بریتیه له ناوه‌رۆکێکی دیاریکراو بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو، نه له پلانی ده‌رسدانه‌وه نه له‌کاتی دیاری کاردنی ده‌رسه‌که له‌سه‌ر ئاستی قوتابخانه باسی ژماره‌ی ئه‌و قوتابیانه ناکرێ که به‌شدار ده‌بن له‌ده‌رس خوێندن. ئه‌گه‌ر ده‌رسێک 75 خوله‌ک بێ هه‌ڵومه‌رجی ده‌رس ده‌گۆڕێ کاتی له‌جیاتی 20 قوتابی ببێته 30 قوتابی. لێره‌دا ڕۆڵی قوتابخانه‌و مامۆستا ده‌بێ ئه‌و گیروگرفته چاره‌سه‌ر بکه‌ن، چی له‌ڕێگای ئاسانکردنی به‌هۆی ئامرازی مۆدێرن که ده‌خرێنه به‌رده‌ستی مامۆستا یانیش له ڕێگای دۆزینه‌وه‌ی مێتوودی نوێی ده‌رسگووتنه‌وه که که له‌گه‌ڵ سیمای ده‌رس و پڕۆسه‌ی ده‌رسگووتنه‌وه ده‌گونجێن.
ئه‌و زانیاریه‌ی که له‌ناو کتێبی بابه‌ت داهه‌ن ته‌نیا وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ زانیاری سه‌یر ناکرێت. كتێب و زانیاریه‌کانی بابه‌ت وه‌ک نه‌ریت بۆ مانا و به‌های زانیاری سه‌یرده‌کرێ. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هه‌وێنی دروستکردنی بیری ڕه‌خنه‌گرانه له‌لای قوتابی، بۆ خوڵقاندنی بیرۆکه‌ی به سوودی چی و چۆن فێرببن.
ناوه‌رۆکی تێکستی کتێب به‌شێوه‌ی ههمهجۆر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیارده‌ی زانیاری دا ده‌کات. ئه‌وه‌ش دیار ده‌کات چۆن بۆچوونمان بۆ زانیاری و ده‌ربڕینی بنیات بنێین. گرنگی ئه‌وه‌ش له‌وه‌دایه که ئه‌و شتانه‌ی قوتابی فێری ده‌بی یان ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ی لێده‌کرێ فێرببێ ده‌بێ به ژیانی ڕۆژانه‌ی ببه‌سترێته‌وه،له بۆنه‌ی دیاریکراو که قوتابیان به ئاسانی بیناسنه‌وه، لێی تێبگه‌ن و هه‌ستی پۆزاتیڤیان له‌لا دروست ببێ. به‌گشتی مێتوودی ده‌رسگووتنه‌وه ده‌توانێ جێگره‌وه‌ی فاکته‌ری کات بێ، ئه‌وه‌ش چی له‌ڕێگای ئامرازی نوێ یان به‌توانایی مامۆستا له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و چۆنیه‌تی تواندنه‌وه‌ی زانستی له کاروباری ڕۆژانه‌دا. واته زانیاری له بوواری ههمهجۆر که بتوانی له ده‌رسدانه‌وه به شێوه‌یه‌کی ساده سوودی لێوه‌ربگرێ. بابه‌ته‌که‌ی خۆی له‌گه‌ڵ به‌راورد بکاو نموونه‌ی گونجاو بۆ قوتابیان بێنێته‌وه.
قوتابی قوتابیان ده‌چنه قوتابخانه به‌مه‌به‌ستی خۆفێرکردن و په‌ره‌سه‌ندن. هه‌ر ئه‌وانیشن له‌جه‌قی ڕووداوه‌که‌و وه‌رگری زانیارین. ئه‌وانن که لێیان جاوه‌ڕوان ده‌کرێ دوای ته‌واو بوونی هه‌ر کۆرسێک به ئۆخژنه‌وه بڵێن ئه‌وا شتیکی نوێ فێربووین. زۆر لێکۆڵینه‌وه ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه که كرفتی گه‌وره‌ی ده‌رسدانه‌وه‌ی مامۆستا‌و پڕۆسه‌ی فێربوونی قوتابی له دوو جیهانی زۆر له‌یه‌ک دوورن. زۆر جار قوتابیان له مامۆستا تێناگه‌ن. مێتوود و شێوه‌ی ڕوونکردنه‌وه‌ی مامۆستا و تێگه‌یشتنی قوتابیان له‌یه‌ک دوورن. هه‌ر بۆیه‌ش لێکدانه‌وه‌و بیرۆکه‌ی شیکردنه‌وه‌ی پرسه‌کان له‌لایه‌ن قوتابیان زۆر له‌وه دووره که مامۆستا چاوه‌ڕوانیه‌تی، بۆیه مامۆستا ده‌بێ هه‌میشه چه‌ند پرسیارێکی بنچینه‌یی بوڕوژێنێ ، بۆ نموونه قوتابی کێیه؟ چه‌ند ده‌زانی؟ پله‌ی خوێنده‌واری ماڵه‌وه‌یان چه‌نده‌و به چ شێوه‌یه‌ک خۆی فێرده‌کات و ئایا ڕێگه‌ی باشتر هه‌یه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی فێربوونی؟ هه‌میشه هه‌وڵ بدات مێتوودی جۆراوجۆر به‌کاربێنێ تا ئه‌و مێتووده ده‌دۆزێته‌وه که له‌گه‌ل شێوه‌ی ده‌رسخوێندن و فێربوونی قوتابی ده‌گونجێ.
مامۆستا: گۆشه‌ی کۆتایی سێگۆشه‌ی دیداکتیک مامۆستایه. وای دابنێ که له هه‌ر پۆلێک نزیکه‌ی 30 قوتابی دانیشتوون، کاتی خۆیان ته‌رخان ده‌که‌ن و واز له‌گرنگترین ئاره‌زوو دێنن به چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی دوای ده‌رس شتێکی نوێ فێربووبن. بۆیه زانیاری مامۆستا له‌و بابه‌ته‌ی که ده‌رسی لێ ده‌ڵێته‌وه، ئه‌زموونی ده‌رس ووتنه‌وه‌ی له بابه‌ته‌که‌ی دا به دڵنیایه‌وه کۆڵه‌گه‌ی بنچینه‌ین، بۆ زاڵبوونی به‌سه‌ر ده‌رسدانه‌وه، ئه‌زموونی له ده‌رسدانه‌وه و شێوه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ قوتابیان، به‌چاوی نه‌ک ته‌نیا قوتابیه‌ک به‌ڵکوو هاوڕێیهک ته‌ماشایان بکا. ئه‌وه‌ش ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی قوتابی متمانه‌یه‌کی به‌هێزی له‌سه‌ر مامۆستا لا دروست ببێ، به ئاره‌زوو و خرۆشه‌وه له‌ده‌رسه‌کان ئاماده ببێ و پڕ به‌ئاره‌زووه‌وه هه‌وڵی خوێندن بدات. بۆیه پڕۆسه‌ی ده‌رسدانه‌وه پێویستی به به‌توانایی له چه‌ند بواریه‌که‌وه هه‌یه. زیره‌کی له‌په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ڕووخۆشی و بێ فیزی به‌رامبه‌ر قوتابیان، هه‌میشه گه‌ڕانی به‌دوای شێوه‌ی نوێ له‌لایه‌ک بۆ ڕوونکردنه‌وه، له‌لایه‌کی تر به‌ستنه‌وه‌ی زانیاری کتێب به ژیانی ڕۆژانه‌ی قوتابیان. هه‌میشه پرسیار له‌خۆی بکات ئایا ئه‌و شێوه‌یه‌ی که من ڕوونم کرده‌وه باش بوو؟ ئایا شێوه‌یه‌کی باشتر نییه؟ شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی قوتابی و فێربوونی فاکته‌ری هه‌ره گرنگن بو ئه‌وه‌ی فێرببێ. هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر مامۆستا توانای به‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ی دابشکێ به لام به‌بێ بوونی مێتوودی گونجاو سه‌خته بتوانێ قوتابی تێبگه‌یه‌نێ و هانی بدا به خرۆشه‌وه ده‌رسه‌کانی بخوێنی. تا ئێستا به‌ده‌گمه‌ن مامۆستا هه‌یه که له خۆی بپرسێ ئه‌رێ ده‌بێ شێوه‌ی ڕوونکردنه‌وه‌ی من ڕاستبێ. زۆر ئاسانه قوتابی به ته‌مبه‌ڵ و نه‌زان دابنرێ به‌ڵام ئه‌سته‌مه مامۆستایه‌ک به‌سه‌رخۆی دابچێته‌وه‌ۆ که‌وتنی قوتابیه‌ک بخاته ئه‌ستۆی خۆی.
بۆیه له زانکۆ بۆ پێگه‌یاندنی مامۆستایان به توندی پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن په‌یوندیه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی مامۆستا بنچینه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی والێبکرێ که بێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی خوێندن شتێکی به به‌هایه. خوێندنی تیوورییه‌کانی فێربوونیش که مامۆستا له ناو پۆل هه‌میشه له‌مێشکی دان و ههڵاوگێڕیان پێده‌کات تا ئه‌و شێوه‌یه ده‌دۆزیته‌وه که قوتابی لێی تێبگات و به ڕاده‌یه‌ک که بڵێ (ئه‌ها ئه‌وهایه) و به دڵه‌وه سوپاسی کۆششی مامۆستا بکات. سیسته‌می ده‌رسدانه‌وه‌ی مامۆستا‌و فێربوونی قوتابی وه‌کوو دوو ڕووی پاره وان له‌یه‌ک جیانابنه‌وه‌و هه‌میشه به‌رانبه‌ری یه‌کترن و یه‌کتریش نابینن، ته‌نیا ده‌توانن له سێبه‌ری پرسیار‌و ڕوونکردنه‌وه‌دا پرسه‌کان لێکبده‌نه‌وه‌و (تفسیر) پرسیاری تریان لا دروست بکات که ببێته بنچینه‌یه‌ک بۆ فێربوون و گه‌شه‌کردنێان.
پڕۆژه‌ی یه‌ک بۆ یه‌ک 1-1 پێشتر له‌م نوسینه باسی ئه‌وه کرا که ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌کی فێربوون له قوتابخانه له‌وه گه‌وره‌تربوو که بوودجه‌ی قوتابخانه له هه‌قی بێ ئه‌وا خودی شاره‌وانی ئه‌و ئه‌رکه ده‌گرێته ئه‌ستۆ و له بوودجه شوێنی بۆ ده‌کاته‌وه. له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا دیارده‌یه‌کی نوێ له قوتابخانه‌و خوێندن له سه‌رتاسه‌ری سوێد به‌دیارکه‌وت، ئه‌ویش شاره‌وانیه‌کان ده‌ستیان کردووه به پڕۆژه‌ی 1-1. ئه‌و پڕۆژه‌یه گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی قوتابخانه‌یه که تائێستا له سوێد ئه‌نجام درابێ و بوودجه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ی بۆ ته‌رخانکراوه.
پڕۆژه‌ی 1-1بریتیه له‌وه‌ی هه‌ر قوتابیه‌ک که له قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی ده‌خوێنێ ده‌بێ کۆمپیوته‌رێکی به‌بێ به‌رامبه‌ر پیبدرێ. ته‌واوی قوتابخانه‌ش به تۆڕی ئینته‌رنێتی بێ وایه‌ر ئاماده‌ده‌کرێ تا هه‌ر قوتابیه‌ک له‌هه‌ر کوێیه‌کی قوتابخانه‌بی په‌یوه‌ندی به ئینته‌رنێته‌وه هه‌بێ. ئه‌و کۆمپیوته‌ره هه‌موو ئه‌و پرۆگرامانه‌ی تێدایه که قوتابی پێویستی پێان هه‌یه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش قوتابخانه‌ش پلاتفۆڕمێکی ئینترنێتی هه‌یه بۆ به‌یه‌ک گه‌یشتنی قوتابی و مامۆستا بۆ هه‌ڵسووڕاندنی کاروباری ده‌رس و کارگێڕی تر. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌ی قوتابی له ئاماده‌یی وه‌رده‌گیرێ کۆدی چوونه‌ژووری پێده‌درێ له‌گه‌ل لینکی ته‌واوی ئه‌و ده‌رسانه‌ی که ده‌بێ له‌و ساڵه‌دا بیانخوێنێ. به هۆی ئنته‌رنێت، کۆمپیوته‌ر و پلاتفۆڕمی قوتابخانه قوتابی ده‌توانی له‌هه‌ر شوێنێ بێ له گه‌ڵ مامۆستا‌و هاوڕێ قوتابیه‌کانی به چات و ئیمهیل په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی هه‌بێ. بۆ نموونه مامۆستا ده‌توانێ ئه‌رکی ڕۆژی دواتر به دۆکوومێنت له‌سه‌ر ئینته‌رنێت دابنێ قوتابیان دایده‌به‌زێنن و خۆیان بۆ ده‌رس ئاماده‌ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ش به گوێره‌ی ده‌رس ده‌گۆڕێ. مامۆستا بۆ ئاسانکاری ده‌توانی فیلم یان لینک بۆ فیلمێک له یووتوب دابنی و هانی قوتابیان بدا که سه‌یری بکه ن و بۆ ڕۆژی دواتر پرسیار ئاماده بکه‌ن. ئه‌و پلاتفۆڕمه شه‌ووڕۆژ کراوه‌یه‌و قوتابی ده‌توانی هه‌رکاتێ بیه‌وێ پرسیار ئاڕاسته‌ی مامۆستا یان هاوڕێیه‌کی قوتابی بکات. ئه‌گه‌ر قوتابیه‌ک له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک له‌ماڵه‌وه ئینته‌رنێتی نه‌بێ، به‌تایبه‌تی ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی شار دێن، قوتابخانه ئینته‌رنێتی مۆبایلیان به‌قه‌رز پێده‌دا، تا ئه‌وکاته‌ی قوتابخانه ته‌واوده‌که‌ن. مامۆستایانیش هه‌ر هه‌موویان، بێجگه له قوتابخانه، ئینته‌رنێتی مۆبایلیان پێدراوه که ده‌توانن له‌کاتی سه‌فه‌ر یان له‌ده‌ره‌وه‌ی مال به ئینته‌رنێت به‌سترابنه‌وه. جا بۆیه قوتابی و مامۆستا له‌کاتی دیاریکراودا له‌هه‌رکوێ بن ده‌توانن له ڕێگای ڤیدیۆکۆنفرانس یان به چات ده‌رس بخوێنن. دوای ئه‌وه هه‌ر قوتابیه‌ک له کاتی دیاری کراو وه‌ڵامه‌کانی که مامۆستا دایناوه له‌سه‌ر پلاتفۆرم بۆ مامۆستا داده‌نێ. ئێستا له قوتابخانه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی سوێد پلاتفۆرم هه‌یه‌و مامۆستا‌و قوتابی ده‌توانن به‌یه‌کتریه‌وه په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ڵام تائێستا پڕۆژه‌ی 1-1 ده‌ستی پێ نه‌کردووه، به پێی مه‌زه‌نده‌ی دهستهڵاتداریهتیهکانى په‌روه‌رده‌و خوێندن له 10 ساڵی داهاتوودا هه‌موو قوتابیانی قوتابخانه‌کانی سوێد، له قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کان وه‌ک ئاماده‌یی ده‌بێ کۆمپیووته‌ری خۆی هه‌بێ. ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن. قوتابخانه چه‌کێکی کاریگه‌ر ده‌داته ده‌ستی قوتابیان بۆ گه‌ڕان به‌دوای زانیاری و په‌یوه‌ندی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی سنووری قوتابخانه. ئینته‌رنێت و کۆمپیووته‌ر دیواره‌کانی قوتابخانه ده‌شکێنن و قوتابیان ده‌که‌نه بوونه‌وه‌ری سایبه‌ر و جیهانیش مه‌یدانی خوێندن. به‌م شێوه‌یه قوتابیان جیاوازیه‌ک له‌نێوان کتێب و کتێبخانه‌ی قوتابخانه‌یان، کتێبخانه‌ی کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریکا یان ڤاتیکان ناکه‌ن وزانیاری له هه‌رکوێیه‌ک بی، به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ مامۆستا، وه‌ده‌ستی بێنن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه زۆربه‌ی کتێبه‌کانی قوتابخانه بوونه‌ته کتێبی ئه‌لکترۆنی که قوتابی پێویستی نیه به‌کۆڵ ههڵییانبگرێت یان له شوێنێک له‌بیری بچن. کاتی مامۆستا ئه‌رکێک یان ڕاهێنانێک له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت داده‌نێ ئه‌وا قوتابی له‌هه‌ر شوێنێک بێت یه‌ک سه‌ر دیبینێ و ده‌توانێ ده‌ست به‌کاری خوێندن و خۆ ئاماده‌کردن بکات.
ده‌رئه‌نجام
خوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه بریتی بوو له ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر به‌کورتی له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه گرنگانه‌ی که به ڕای من بنچینه‌ن بۆ بنیاتنان و به‌ڕێوه‌چوونی خوێندن و کاروباره‌کانی قوتابخانه له سوێد. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و سیسته‌مه هه‌ر له دوای شه‌ڕی جیهانیێ دووه‌مه‌وه ده‌ستی پێکردووه‌و وه‌ک سیسته‌مێکی زیندوو هه‌میشه له گۆڕاندابووه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بێ. تا ئێستا چوار پلانی خویندن هاتوون 1962، 1980، 1994 و 2011. به بهراوردیکی سه‌رپێی بۆت ده‌رده‌که‌وی که گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه ڵایهتی و پێشکه‌وتنی زانستی له سوێد و ده‌ره‌وه له هه‌ر یه‌ک له‌وانه به شێوه‌یه‌ک ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه که لێره جێگای باسکردنی نیه. سیسته‌می فێربوون له سوێد بوودجه‌یه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ری له‌هه‌ر شاره‌وانیه‌ک بۆ داده‌نرێ. هه‌میشه له‌دوای هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌سه‌ر ده‌کرێ، خاڵه لاواز و به‌هێزه‌کانی دیارده‌کرێ، بۆ سوودوه‌رگرتن بۆ هه‌نگاوی ئاینده.
هه‌ر گۆڕانکاریه‌ک که له سیسته‌م ڕووده‌دا کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌رسدانه‌وه‌و په‌روه‌رده‌کردنی مامۆستا‌و دۆزینه‌وه‌ی مێتوودی نوێ هه‌یه. بۆ نموونه دوای پلانی خوێندنی 2011 زانکۆکانی سوێد گۆڕانکارییان له شێوه و ناوه‌رۆکی خوێندن له کۆلیژی په‌رورده‌دا کرد که تا ئێستاش به‌رده‌وامه. هه‌ر له زانیاری بابه‌ته‌کان تا ده‌گاته ئه‌و مێتووده نوێیانه‌ی تا ئێستا تۆژینه‌وه بۆ په‌روه‌رده‌کردنی مامۆستا پێی گه‌یشتووه. ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ش ده‌بێ ته‌واوی مامۆستایان بگرێته‌وه که زووتر زانکۆیان ته‌واوکردووه‌و ئێستا له قوتابخانه‌کان کار ده‌که‌ن، ده‌بێ به‌شداری له کۆرسی تایبه‌تی بکه‌ن بۆ فێربوونی ئه‌و شته نوێیانه‌ی هاتوونه‌ته نێو سیسته‌می خوێندن.
هاتنی کۆمپیوته‌ر و کاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێندن و فێربوون وای کرد که ساڵانه له سوێد بوودجه‌یه‌کی بێ ئه‌ندازه‌ی بۆ دابندرێ. دواترین پڕۆژه ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی 1-1 بوو که پێشتر باسم کرد.
که‌م و کووڕی له هه‌ر سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌و که به پێی تێپه‌ڕبوونی کات له چاڵاکیه‌کانی ڕۆژانه‌دا درکیان پێده‌کرێ. سیسته‌می خوێندنیش له‌وه بهدهرنییو ههلبهته که‌م و کوڕی تێدایه. به‌ڵام هه‌میشه به لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون له‌سه‌ر که‌م و کوڕیه‌کان ده‌توانری هه‌م قامک له‌سه‌ر ناکۆکیه‌کان دابنرێ و هه‌میش پلانڕێژی بۆ چاره‌سه‌رکردنیان بکرێ. هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین سیسته‌می خوێندن له سوێد سیسته‌مێکی زیندووه‌و هه‌میشه له په‌ره‌سه‌ندن دایه. سیسته‌می خوێندن له سالی 2011 چ له‌باری شێوه‌ی خوێندن و به‌ڕێوه‌برنی قوتابخانه‌و چ له ڕووی په‌روه‌رده‌کردنی مامۆستا پێی ناوه‌ته قۆناخێکی نوێتر، که باشتر له گه‌ڵ په‌روه‌رده‌و خوێندن له کۆمه‌ڵگه‌ی سوێد ده‌گونجێ. سوودوه‌رگرتن له‌و سیسته‌مه کارێکی باشه به‌ڵام وا ئاسانیش نیه، ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی به‌و کاره‌وه خه‌ریکن ده‌بێ:
1- شاره‌زایه‌کی قووڵیان له‌سه‌ر مێژووی په‌ره‌سه‌ندن و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کۆمه‌لگه‌ی سوێد هه‌بێ. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی به‌لانی که‌م تا بتوانن به شێوه‌یه‌کێ سه‌رکه‌وتووانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گونجاندنی دا بکه‌ن.
2- هۆیه‌کان و ده‌رئه‌نجامی چۆنییه‌تی خوێندن و شێوه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی و ره‌نگدانه‌وه‌ی دوو لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵ و خوێندن له‌یه‌کتری له به ر جا‌و بكرن.
3- شاره‌زایی له کولتوور‌و ئاستی ئاماده‌یی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری بۆ چۆنیه‌تی سوودوه‌رگرتن له‌و سیسته‌مه و پێداویستیه‌کانی له ڕووی ده‌روونی و شاره‌زایی بابه‌ته‌کان و په‌روه‌رده‌یی هه بى.
به کورتی ئێمه له‌سه‌رده‌می گڵوبالیزم داده‌ژین. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ یان نا کاریگه‌ری جیهانیمان له‌سه‌ره‌و مامۆستاش ئه‌رکه‌کانی سه‌ختتر بووه، ئینته‌رنێت وای کردووه، ئیتر مامۆستا تاکه سه‌رچاوه‌ی زانیاری نیه له‌ناو پۆلدا. هه‌ر بۆیه مامۆستا ده‌بی چاویک به خۆی و پیشه‌که‌ی دابخشێنێته‌وه و خۆی بۆ سه‌رده‌مێکی نوێ ئاماده بکات. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که هه‌ر سه‌رده‌مێک هه‌ڵومه‌رجی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ و مامۆستای باش و سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ ئه‌سپێ زانیاری و پێشڕه‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه نوێیه‌دا تاوبدات.
بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌م بابه‌ته سوودم له‌و سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه وه‌رگرتووه: Einarsson, Charlotta (2003) Lrares och elevers interaktion i
klassrummet. Betydelsen av kn, lder, mne och klasstorlek samt lrares uppfattningar om interaktion. Linkpings studies in aducation and psychology. No: 92. Linkping universitet.
Perkins, David (1998) What is understanding. In stone Wiske, Martha.
Teaching for understanding. (pp.39-57)
Lundstrm, Agneta (2008). Lrare och konflikthantering. Ume
universitet.
Slj, Roger (2008). Lrande i praktiken. Ett sociokulturellt perspektiv.
Norsteds Akademiska frlag.
Sjberg, Svein (2006) Naturvetenskap som allmnbildning- en kritisk
mnesdidaktik. Studentlitteratur. Lund.
Skolverket (1994). Bildning och kunskap. Srtryck ur lroplanskomittns
betnkande skola fr bildning. (SOU1992:94)
Skolverket.(2006) Lroplan fr de frivilliga skolformerna. AB Danagrds
grafiska. deshg.
Skolverket (2011)Lroplan examenml och gymnasiegemensamma
mnen fr gymnasieskola. (SKOLFS:2011:144) skolverket. Stockholm.
Uliens, Michael (2009) Didaktik. Studentlitteratur. Lund.
Wallin, Anita (2004) Evolutionsteorin i klassrummet. P vg mot
mnesdidaktiskteori fr undervisning i biologik evolution. Gteborg universitet, Studies in education sceinces 212
Vygotskij, Lev s (2007) tnkande och sprk. Tredje tryckningen. Udevalla
فه‌رهه‌نگۆک Mlrelaterad به ئامانج به‌ستراوه
Formativ bedmning هه‌لسه‌نگاندنی ناوبه‌ناو
Summativ bedmning هه‌ڵسه‌نگاندنی کۆتایی (دوایی)
تاقیکردنه‌وه‌ی نیشتیمانی Nationella provet
تاقیکردنه‌وه‌ی خۆجێی Lokala prov
یاسای قوتابخانه Skollagen
یاسای ئاماده‌یی Gymnasiefrordning
پلانی خوێندنی ئاماده‌یی pfL
Lroplan fr de frivilliga skolformerna
بلانی کۆرس Kursplan
ستروکتئرالیزم strukturalism
سۆسیۆلهلجهر Sociokulturell
پراگماتیزم Pragmatism
Learning by doing فێربوون به‌هۆی کردن
بوونه‌وه‌ری سایبه‌ر Cyber varelse
Comenius, Johan Amos (1592 1670
Dewey, John (1852 1959
Piaget, Jan (1896 1980
Ratke, Wolfgang (1571 1635
Vygotskij, Lev S (1896 1934
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست