سەرنجێك لەسەر نوسینەكەى نەبەز گۆران
Tuesday, 16/06/2009, 12:00
رۆژگارێكى سەیر وسەمەرەیە وتا دێ شتى سەیرتر ئەبینى وئەبیستى .. لەم رۆژانەدا نەبەز گۆران كە ناسراوە بە نوسەرێكى رەخنە كارى ئازا لەگۆڤارى جیهان دا ، ژمارە (12) وتارێكى بەناونیشانى (چوار حزبەكە تیپیى هەڵبژاردەى ئێران) نوسیوە ، من لێرەدا لەسەر هەندێ لە برگەكانى ئەو وتارە دەوەستم و سەرنجى خۆم لەسەر گرنگترین خاڵەكانى وتارە دەرئەبڕم :
- نوسەر رەخنە لەسەفەرى سەركردەى چوار حزبى كوردستانى دەگرێ بۆ ئێران وەكو لەم وڵات وهەرێمەى ئێمەدا ئەمە یەكەم جار بێ بەرپرسى حزبەكان سەفەر بكەن بە تایبەت بۆ ئێران كە گشت حزبە كوردستانیەكان لەو ئێرانە ژیاون ووچان وكەمپوت وچەك وجبەخانەیان وەرگرتوە ولەپێش هەموشیانەوە پارتى ویەكێتى كە ساڵانێكى درێژ پێكەوە هاوسەنگەر وهاوسفرە بوون ..
- نازانم نوسەر خۆى لەگێلى داوە یا هەر بێ خەبەرە كە بۆنەى سەفەرەكە ساڵیادى كۆچى دوایى ئیمام خومەینى بوو ، وەساڵانە ئەم جۆرە سەردانانە بووە ، هەروەها وەفدى چەند حزبێكى تر لەوێ بووە ودەعوەت كراون وەكو وەفدى پارتی محمهدی مهلا قادرو قادر قادر و سهلاح دهلۆ و بزوتنەوەى ئیسلامى ..
- هەروەك باندێكى سیخوڕى ومادە بێهۆش كەرەكانى كەشف كردبێ هاوار بۆ وەزارەتى ناوخۆ دەبا وگلەیى ئەوەى لێ ئەكا كە چۆن ئیزنى داون وچۆن چاو پۆشى یان لێ ئەكا ودادگایى یان ناكا وسێدارەیان بۆ هەڵناخا ..
- گلەیى لە بەختى خۆى ئەكا وەكو رۆژنامە نوسێك كە بۆچى حكومەت لە مەڵاسدایە بۆ فاوڵێكى رۆژنامە نوسان كە چى ئاوا خەم سارد وبەلوتفە لەگەڵ چالاكى سیاسیەكان وپەیوەندى حزبەكان ..
- لەسەر ئەم خەمخۆرى وموزایەدەاتەى جەنابى نوسەر دەڵێم :
كاكە برا چى ئەم هەرێمە یاسایى ورێك وپێكە ورەچاوى مەسەلە نیشتمانى ونەتەوەیى یەكانى كردوە تا ئاوەها دەمت گەرم بێ لەسەردانێكى ئاسایى ئەو حزبانە .. داخۆ ئەوەندە بەگلەییت لە چوار حزب لەسەر سەفەرێك كەهۆكار و بۆنەى روونە ولەبەر چاوى راگەیاندن ولەرێگەى فەرمى یەوە ئەنجام دراوە ئەى رات چیە لەو هەموو سەفەرە بێ دەنگ وگوماناویانەى بەرپرسانى دوو حزبى دەسەڵات ، لەوە گرنگتر وهەستیار تر بزربونەكانى سەرۆكى حكومەت وبەرپرسى ئاسایشى هەرێم ووەزیرەكان كە جارى وا هەیە نزیكترین كەس لێ یانەوە هەواڵیان نازانێ وجارى واهەیە شەش مانگ ئەنجومەنى وەزیران كۆبونەوە ناكەن وكاتێكیش كە كۆدەبنەوە كەس ناوێرێ بپرسێ بەرێز لەكوێ بوى ..
ئەگەر ئەم نوسینەش لەو بیرۆكەیەوە سەرچاوە ئەگرێ كە حزبەكان دەبێ بەند وكۆتكرێن ووەكو ممنوع السفر وبەندكراو بە پرس وروخسەت بجوڵێنەوە ئەوە بیرۆكەیەكى نەزۆكە وهەرگیز لە دونیاى ئەمڕۆدا سەرناگرێ .. چونكە هەموو تاكێك وهەموو حزبێك لە چوار چێوەى یاسا ودەستورى وڵاتدا ئازادە و موزایەدات وتۆمەتبار كردن وخۆ سەپاندن وقۆرخ كردنى ئازادى ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ كوردستان وعێراقى نوێ ..
ئومێدەوارم سەرنجەكانم بەهەند وەرگرێ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست