کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شه‌وانه‌ له‌ ئوتێل ئه‌زمه‌ڕ پاڵاس چه‌ند کچێکی رووسی‌و ئۆکرانی‌و تورکی، به‌ جلی نیوه‌ رووته‌وه‌ سه‌مای تێداده‌که‌ن

Thursday, 05/11/2009, 12:00


داهاته‌که‌ی بۆ ئیداره‌ی گشتی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه‌

* لیژنه‌ی باڵای فتوا ده‌ڵێن ئاگایان له‌ کردنه‌وه‌ی دیسکۆ نییه‌ له‌ سلێمانی

پاره‌ی هه‌ریه‌کێک له‌و ژنانه‌، مانگانه‌ (3500) دۆلاره‌
به‌ ده‌رچوونت له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ باكووردا به‌ره‌و شاخی‌ ئه‌زمه‌ڕ، گردێك دێته‌ سه‌رڕێت، ئه‌م گرده‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ شوێنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ سۆزانییه‌كان له‌ شار ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌ ژێر دره‌خت‌و داروو به‌رده‌ ئاڵۆز و شاراوه‌كانی‌ ئه‌و گرده‌دا كه‌ له‌ناو خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌دا به‌ (گرده‌ مژه‌) ناسراوه‌ كاری‌ سێكسی‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ به‌پێی‌ ئاماری‌ به‌ڕێوه‌رایه‌تی‌ پۆلیس مانگانه‌ (40) كه‌س به‌تۆمه‌تی‌ له‌شفرۆشی‌ له‌ ناو شاردا ده‌ستگیرده‌كرێن.
له‌سه‌ر رێگای‌ ئه‌و گرده‌ هه‌تا ده‌گه‌یته‌ سه‌ر شاخی‌ ئه‌زمه‌ڕ، به‌ ماوه‌یه‌كی‌ درێژیش به‌مبه‌راوبه‌ری‌ جاده‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی‌ زۆر كه‌ له‌ رۆژانی‌ هه‌ینیدا ته‌نانه‌ت جێگه‌ی‌ رۆشتنیش نامێنێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر كه‌مێكی‌ دیكه‌ به‌ جاده‌كه‌ی‌ شاخی‌ ئه‌زمه‌ڕدا سه‌ربكه‌ویت، رێت ده‌كه‌وێته‌ ئوتێلێك به‌ناوی‌ (ئه‌زمه‌ڕ پاڵاس). ئه‌م ئوتێه‌له‌ له‌رۆژدا زۆر ئارام ده‌نوێنێت، ته‌نانه‌ت واده‌زانیت كه‌س نایه‌ت به‌لایدا‌و ده‌بێت خاوه‌نه‌كه‌ی‌ كه‌ كۆمپانیای‌ نۆكانه‌ پاش ماوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ له‌به‌ر بێبازاڕی‌ دایبخات، به‌ڵام له‌ سه‌رجه‌م شه‌وه‌كانی‌ هه‌فته‌دا ئه‌م ئوتێله‌ ده‌بێته‌ پڕ جوڵه‌ترین شوێنی‌ شاروو ئه‌وه‌ی‌ تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ڕووینه‌دابوو ئێستا هه‌موو شه‌وێك له‌و ئوتێله‌دا ڕووده‌دات‌و ده‌مانباته‌ دۆخی‌ شه‌وه‌كانی‌ له‌نده‌ن‌و رۆماو مۆسكۆ‌و پاریس‌و لاس ڤیگاسه‌وه‌، له‌ ئه‌زمه‌ڕ پاڵاسدا هه‌موو شه‌وێك دیمه‌نێكی‌ سه‌یر دووباره‌ده‌بێته‌وه‌.

دیمه‌نێكی‌ دووباره‌بووه‌وه‌
لیندا كچێكی‌ باڵابه‌رزی‌ روسی‌ قه‌د باریكی‌ 22ساڵه‌، له‌ گه‌ڵ هاوڕێ هاوپیشه‌كه‌یدا كه‌ كچێكی‌ ئۆكرانیه‌و ناوی‌ جۆرجیه‌‌و ته‌مه‌نی‌ (19) ساڵه‌ به‌ جلوبه‌رگێكی‌ نیمچه‌ رووته‌وه‌، كه‌ ته‌نها ستیانێك‌و ته‌نووره‌یه‌كی‌ زۆر كورتیان له‌به‌ردایه‌ به‌ ده‌وری‌ چه‌ند مێزێكدا كه‌ كۆمه‌ڵێك پیاوی‌ لێدانیشتووه‌و خه‌ریكی‌ خواردنه‌وه‌ن، له‌گه‌ڵ مۆسیقایه‌كی‌ ئه‌وروپیدا كه‌ له‌لایه‌ن پیاوێكی‌ عه‌ره‌به‌وه‌ لێده‌درێت‌و جاربه‌جار شێوازی‌ ئیقاعی‌ مۆسیقاكه‌ ده‌گۆڕێت، دانسده‌كه‌ن‌و جارجاره‌ش پیاوه‌ سه‌رخۆشه‌كان به‌خشیش له‌ (250) دیناره‌وه‌ تا (25)هه‌زار ده‌خه‌نه‌ ناو ستیان‌و شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ جه‌سته‌ی لینداو جۆرجیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستیان به‌ر سنگ‌و سمتیان بكه‌وێت، كۆمه‌ڵێك خزمه‌تكاری‌ عه‌ره‌بیش مه‌شروب‌و نێرگه‌له‌ی‌ زیاتر بۆ میوانه‌ سه‌رخۆشه‌كان دێنن.
هه‌ر له‌ناو هۆڵه‌كه‌شدا دوو كچی‌ دیكه‌ی‌ هاوپیشه‌ی‌ لیندا‌و جۆرجی‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پیاوی‌ كورددا دانسده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ دیمه‌نێكی‌ دووباره‌بووه‌وه‌ی‌ هه‌موو شه‌وێكی‌ ئوتێل ئه‌زمڕ پاڵاسی‌ شاری‌ سلێمانیه‌، كه‌ هێنده‌ نابێت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆركه‌س پێی‌ زانیبێت دیسكۆیه‌كی‌ تێداكراوه‌ته‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ مشتومڕێكی‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ ئایا شتێكی‌ باشه‌ دیسكۆ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بكرێته‌وه‌ یاخود نا، به‌ڵام سلێمانی‌ به‌ بێده‌نگی‌ دیسكۆیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ تێداكراوه‌ته‌وه‌و شه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك پیاوی‌ زۆر به‌مه‌به‌ستی‌ دانسكردن‌و خواردنه‌وه‌ی‌ مه‌شروب‌و بینینی‌ ئه‌و كچه‌ نیمچه‌ رووتانه‌ی‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ ئه‌وروپی‌ دانسده‌كه‌ن سه‌ردانی‌ دیسكۆكه‌ ده‌كه‌ن.
دیسكۆكه‌ له‌ هۆڵێكی‌ گه‌وره‌ پێكهاتووه‌و شه‌وانه‌ نزیكه‌ی‌ (30) بۆ (40) پیاو سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن، ته‌مه‌نی‌ ئه‌و پیاوانه‌ش له‌ نێوان (30) بۆ (40) ساڵدایه‌و به‌ده‌گمه‌ن گه‌نجانی‌ ته‌مه‌ن (20) بۆ (25)ساڵ له‌ دیسكۆكه‌دا ده‌بینرێن، ره‌نگه‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كیش بۆ ئه‌مه‌ گرانی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌و خواردنی‌ نێو دیسكۆكه‌ بێت. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌زمه‌ڕ پاڵاس دووره‌ له‌شاره‌وه‌و ده‌بێت به‌سه‌یاره‌ی‌ تایبه‌ت بۆی‌ بچیت.
چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ نێو ئه‌م دیسكۆیه‌ به‌ (30) هه‌زاری‌ دیناری‌ عێراقیه‌، خواردن‌و خواردنه‌وه‌ش له‌ناو دیسكۆكه‌دا نرخیان زۆرگرانه‌و بۆئه‌وه‌ی‌ شه‌وێك له‌م دیكسۆیه‌دا به‌سه‌ر به‌ریت لانیكه‌م (100) دۆلارت پێویسته‌، دیسكۆكه‌ له‌ كاتژمێر (9) بۆ (1)ی‌ شه‌و ده‌كرێته‌وه‌و نزیكه‌ی‌ هه‌شت كچی‌ رووسی‌‌و توركی‌‌و ئۆكرانی‌ به‌ جلوبه‌رگێكی‌ نیمچه‌ رووته‌وه‌ دانسده‌كه‌ن‌و له‌به‌رده‌م هه‌ر مێزێكدا كه‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ لێداده‌نیشێت ده‌وه‌ستن‌و ده‌ڕه‌قسن‌و پیاوه‌ كورده‌كانیش هه‌ڵده‌ستن‌و له‌گه‌ڵیاندا بایده‌ده‌ن، ناو به‌ناویش پشوویه‌ك وه‌رده‌گرن‌و جلوبه‌رگه‌كانیان ده‌گۆڕن‌و به‌ ستایلێكی‌ نوێوه‌ دێنه‌وه‌ بۆ به‌رده‌م میوانه‌كان‌و ده‌ستده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ دانسكردن. كارمه‌ندانی‌ دیسكۆكه‌ كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی‌ (10) كارمه‌نده‌ زۆربه‌یان عه‌ره‌بی‌ عێراقین‌و چه‌ند كوردێكیان تێدایه‌، ئه‌مانه‌ دیسكۆكه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
یه‌كێك له‌و كارمه‌ندانه‌ كه‌ نه‌یوست ناوی‌ ئاشكرا بكرێت به‌ لڤینی‌ نوێی‌ وت هه‌رچه‌نده‌ دیسكۆكه‌ بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زی‌ نێروو مێیه،‌ به‌ڵام ته‌نها ره‌گه‌زی‌ نێر دێته‌ ئه‌م دیسكۆیه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ ئه‌وروپیانه‌دا دانسده‌كه‌ن كه‌ له‌ دیسكۆكه‌دان، ئه‌و كچانه‌ش له‌ژێر چاودێری‌ وه‌زاره‌تی‌ گه‌شتووگوزاردا هاتوون‌و مانگانه‌ش (3500) دۆلاریان پێده‌درێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كاری‌ ئه‌مان ته‌نها دانسكردنه‌و به‌هیچ جۆرێك به‌مه‌به‌ستی‌ سێكسكردن به‌كارناهێنرێن.

له‌ نێوان دیسكۆو یانه‌ی‌ شه‌وانه‌دا
سواره‌ جه‌مال (31)ساڵ ناوی‌ خوازراوی‌ یه‌كێكه‌ له‌و گه‌نجانه‌ی‌ كه‌ سه‌ردانی‌ دیسكۆكه‌ی‌ كردووه‌، سواره‌ زۆر خۆشحاڵه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دیسكۆیه‌، چونكه‌ له‌م دیسكۆیه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار كچانی‌ نیمچه‌ رووت ده‌بینیت كه‌ دێنه‌ به‌رده‌مت‌و به‌تایبه‌ت دانست بۆ ده‌كه‌ن، بوونی‌ دیسكۆیه‌كی‌ له‌مشێوه‌یه‌ بۆ گه‌نجان زۆر گرنگه‌و هیوادارم كه‌ ژماره‌ی‌ دیسكۆكان زیادبكرێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌م دیسكۆیه‌ی‌ ئه‌زمه‌ڕ پاڵاس كه‌ تا راده‌یه‌ك له‌ شاره‌وه‌ دووره‌و گه‌نجانیش كاتێكی‌ خۆشی‌ تێدا به‌سه‌رده‌به‌ن.
كاروان جه‌زا ناوی‌ خوازراوی‌ كوڕێكه‌ كه‌ له‌ سویسراوه‌ هاتۆته‌وه‌ كوردستان بۆئه‌وه‌ی‌ دیسكۆیه‌ك له‌ شاری‌ سلێمانیدا دابنێت، به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌زموون سه‌ردانی‌ دیسكۆی‌ (ئه‌زمه‌ڕ پاڵاس)ی‌ كردبوو، كاروان ده‌یوت من له‌ سویسرا چوومه‌ته‌ دیسكۆوه‌ خاوه‌نی‌ دیسكۆكه‌ (40) فرانكیشی‌ له‌ كچان ده‌سه‌ند تا بێنه‌ دیسكۆكه‌وه‌و له‌گه‌ڵ كوڕاندا دانس بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م دیسكۆیه‌ی‌ ئێره‌ ته‌نها كۆمه‌ڵێك كچی‌ كه‌می‌ تێدایه‌ كه‌ به‌ده‌وری‌ پیاوه‌ سه‌رخۆشه‌كاندا دانسده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ یانه‌ی‌ شه‌وانه‌ ده‌چێت نه‌ك دیسكۆ، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و رۆشنبیرییه‌ دروستنه‌بووه‌ كه‌ كچان‌و كوڕان بێنه‌ دیسكۆوه‌و دانس بكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ ئه‌و كچانه‌ی‌ كه‌ له‌ دیسكۆكه‌ی‌ ئه‌زمه‌ڕدا بوون دیاربوو كه‌ زۆر ماندووبوون، یه‌كدوانێكیان هێنده‌ دانسیان كردبوو قاچان ده‌شه‌لی‌، كه‌ ئه‌وه‌ له‌ هیچ دیسكۆ و یانه‌یه‌كی‌ ئه‌وروپادا نییه‌.

چاره‌نووسی‌ ئه‌م دیسكۆیه‌
ئه‌م ئوتێله‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌كانی‌ كۆمپانیای‌ نۆكان‌و ئیداره‌ی‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و داهاته‌كه‌یشی‌ ده‌چێته‌ گیرفانی‌ ئیداری‌ گشتی‌ یه‌كێتیه‌وه‌، له‌ ئێستادا به‌ كرێ‌ دراوه‌ به‌ به‌رپرسێكی‌ باڵا بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌م دیسكۆیه‌ی‌ تێدا بكاته‌وه‌.
لڤینی‌ نوێ‌ زانیویه‌تی‌ كه‌ یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌ دیاره‌كانی‌ هه‌رێم له‌ پشت كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م دیسكۆیه‌و هێنانی‌ ئه‌و كچانه‌وه‌یه‌ له‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ده‌ستنه‌كه‌وتنی‌ به‌ڵگه‌ی‌ ته‌واوه‌وه‌ ناتوانرێت ناوی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ بڵاو بكه‌ینه‌وه‌.
وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف‌و كارووباری‌ ئاینیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌وان هه‌قیان به‌سه‌ر كردنه‌وه‌و نه‌كردنـــه‌وه‌ی‌ دیسكۆوه‌ نییه‌، ئه‌وه‌تا مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف ده‌ڵێت رێگه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ی‌ یانه‌ی‌ شه‌وانه‌ یاخود دیسكۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێمـــه‌دا نییه‌و له‌ رووی‌ ئاینیشه‌وه‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ فتوا لێی‌ به‌رپرسه‌، چونكه‌ ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف ته‌نها سه‌رپه‌رشتی‌ ئاینی‌ ئیسلام ناكه‌ین له‌ هه‌رێمدا، به‌ڵكو سه‌رپه‌رشتی‌ ئاینه‌كانی‌ دیكه‌ش ده‌كه‌ین.
لای‌ خۆشیه‌وه‌ یاسین ده‌روێش سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ فتوا له‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ ئاگاداری‌ كردنه‌وه‌ی‌ دیسكۆیه‌كی‌ له‌و شێوه‌یه‌ نین، گه‌ر به‌ڕاستی‌ دیسكۆ له‌ سلێمانیدا هه‌بێت ئێمه‌ هه‌ڵوێستمان ده‌بێت‌و فتوای‌ له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ین، دیاریشه‌ به‌پێی‌ ئاینی‌ ئیسلام كردنه‌وه‌ی‌ دیسكۆو یانه‌ی‌ شه‌وانه‌ كه‌ شونێی‌ خواردنه‌وه‌ی‌ مه‌شروب‌و دانسكردنی‌ كچان‌و كوڕانه‌ به‌هه‌موو جۆرێك حه‌رامه‌.
به‌ڵام د. فه‌رهاد پیرپاڵ مامۆستای‌ زانكۆ پشتگیری‌ له‌ كردنه‌وه‌ی‌ دیسكۆ ده‌كات‌و به‌ شتێكی‌ گرنگی‌ ده‌زانێت، پیرباڵ ده‌ڵێت خه‌ڵكی‌ ئێمه‌ ره‌شبه‌ڵه‌كی‌ به‌لاوه‌ ئاساییه‌، له‌كاتێكدا كوڕێك ده‌ستده‌خاته‌ ده‌ستی‌ كچێكه‌وه‌ كه‌ هه‌ر ناشیناسێت، ژن‌و پیاو شانیان له‌ شانی‌ یه‌كتر ده‌كوتن‌و هیچ عه‌یبیشی‌ تێدا نییه‌، به‌ڵام له‌ دیسكۆدا هه‌میشه‌ كوڕو كچێك ده‌چنه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتری‌‌و دانس ده‌كه‌ن كه‌ باش باش یه‌كترده‌ناسن، بۆیه‌ كردنه‌وه‌ی‌ دیسكۆ شتێكی‌ باشه‌ تا كوڕ‌و كاڵ‌و گه‌نج، كچ‌و كوڕ، كه‌پڵ‌و ده‌زگیران، قل‌و مل‌و ده‌نكه‌كان‌و ژن‌و مێرده‌كان شه‌وانه‌ بچن‌و دانسی‌ تێدابكه‌ن.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا هه‌تاوه‌كو ئێستا چاره‌نووسی‌ ئه‌م دیسكۆیه‌ نادیاره‌، چونكه‌ دیسكۆكه‌ی‌ ئه‌زمه‌ڕ پاڵاس یان ده‌بێته‌ ده‌سپێكی‌ كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ندین دیسكۆی‌ دیكه‌ له‌ هه‌رێمداو سه‌رۆكی‌ حزبه‌كان ناچار ده‌كات بۆ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن سه‌ردانی‌ بكه‌ن، یاخود وه‌كو كابینه‌كانی‌ هاوینه‌هه‌واری‌ سه‌رسه‌نگ له‌ پارێزگای‌ دهۆك كه‌ كاری‌ له‌شفرۆشی‌ تێدا ده‌كرا له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌سوتێندرێت‌و رێگه‌ به‌كردنه‌وه‌ی‌ دیسكۆ نادرێت.
تێبینی‌: به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ وێنه‌گرتن له‌ دیسكۆكه‌دا یاساغه‌، ئه‌م وێنانه‌ له‌ رێگه‌ی‌ مۆبایله‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ دیسكۆكه‌یان كردووه‌، دراوه‌ به‌ لڤینی‌ نوێ‌.
لڤین
29/10/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە