(تیپی شانۆی تیشك) تیشكێكی دیكه له شانۆی كوردی هه‌ڵات
Wednesday, 23/12/2009, 12:00
دوابه‌دوای چه‌ندین ساڵ كاركردن له‌بواری شانۆدا، هونه‌رمه‌ندی شانۆكار رۆژگار كه‌ریم رۆژ هاوشان له‌گه‌ڵ ستافێكی ئه‌كادیمی تیپی شانۆی تیشكیان دامه‌زراند و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌ست به‌كار و چالاكییه‌كانیان ده‌كه‌ن. له‌مباره‌یه‌وه رۆژگار كه‌ریم رۆژی ده‌رهێنه‌ر گوتی: تیپی شانۆی تیشك جیا له‌هه‌موو تیپه‌كانی دیكه وه‌ك تیپێكی ئه‌كادیمی كه زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانمان خاوه‌ن باگراوندێكی رۆشنبیرین و ده‌رچووی په‌یمانگاو ئه‌كادیمیان، ئه‌م تیپه وه‌ك زه‌روره‌تێكی واقیعی و پێداویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی كه بۆشاییه‌ك هه‌یه له ئێستای شانۆدا دروست بوو، ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین كارێكی باش بكه‌ین و ئه‌م تیپه موڵكی هیچ لایه‌نێكی سیاسی نییه‌و هیچ لایه‌نێك هاوكاری نه‌كردووین، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌و تیپه تیشك بخه‌ینه سه‌ر هه‌موو كێشه‌و ئاریشه‌كانی جه‌ماوه‌ر به‌بێ جیاوازی له‌هه‌موو ئاسته‌كان، مۆڵه‌تی ره‌سمی ئه‌و تیپهشمان له مانگی 11دا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری پێدرا، ئێستا بنكه‌ی سه‌ره‌كیمان له‌شاری هه‌ولێره‌و په‌نا به‌خوا له داهاتووشدا له شاره‌كانی دیكه بنكه‌ی بۆ داده‌مه‌زرێنین. جێی ئاماژه‌یه له‌ماوه‌ی رابردوودا رۆژگار كه‌ریم رۆژ كاری ده‌رهێنانی بۆ شانۆگه‌ری كورسییه‌كان كرد‌و بۆ ماوه‌ی 2 رۆژ له‌هۆڵی گه‌لی شاری هه‌ولێر نمایشكرا، شانۆگه‌رییه‌كه‌ش پێشكه‌ش به‌رۆحی پاكی ئه‌رده‌لان به‌كر كرا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست