کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە 100 رۆژەى دیارنەمانی مەولوود ئافەنددا ئەو 18 راستییە بزانن

Monday, 17/09/2012, 12:00


- زیاتر لە 3 مانگ و 10 رۆژ بەسەر دیارنەمانی رۆژنامەنووس مەولوود ئافەند لە باشووری كوردستان تێپەڕ دەبێ پاش ئەوەى لە سەردانێكیدا بۆ شاری سلێمانی لە 2012.6.8 تا ئێستە بێ سەروشوێنە و لەوبارەیەوە هیچ كەس و لایەنێكی رەسمی خاوەنداریی لەو كەیسە نەكردووە. لەو ماوەیەدا وەك كەسانێكی نێزیك لە رووداوەكە سەرەتا هەوڵی جۆربەجۆر درا كە پێشوازیی باشی لێكرا، بەڵام دواتر بێدەنگییەكی تەواو زاڵ بوو، بۆیە وەك بەڕێوەبەری كەمپینی بەهاناچوونی مەولوود ئافەند بەپێویستم زانی لە 100 رۆژەی بێ سەروشوێن بوونی ئەو رۆژنانەنووسەدا زۆر بەڕاشكاوی و دیودەر بەكورتی لە 18 خاڵی جیاجیا و گرینگدا هەموو شتەكان وەك خۆیان روون بكەمەوە كە ئەو پرسە لە كوێیە و بەچی گەیشتووە، بەتایبەت كە زۆربەتان بەتامەزرۆیییەوە خوازیارن بزانن كەیسی مەولوود ئافەند پاش ئەو هەموو بێدەنگییە بەكوێ گەیشتووە:

1. بنەماڵەى مەولوود
تا ئێستەش كەسوكاری ئافەند لە رۆژهەڵاتی كوردستان وەك لایەنی هەرەگرینكی رووداوەكە هیچ جۆرە ئاگەداركردنەوەیەكیان لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە بەدەست نەگەیشتووە و وەك زۆربەی خەڵك بێ ئاگەن لەوەى نێزیكەى 3 مانگ و نیوە كوڕەكەیان لە كوێ بەسەر دەبا. دایك و براكەى مەولوود دەستیان بەهیچ شوێنێك ناگات و رێگەی هاتنە هەرێمی كوردستانیشیان لەبەر ئاسان نییە، بەتایبەت كە تا ئێستەش نازانن بێن لە هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوە كوڕەكەیان پەنا بۆ كێ ببەن، بۆیە هەروا چاوەڕێن بزانن دواجار بەچی دەگات. لە دوا پێوەندیدا پێش ئامادەكردنی ئەو راپۆرتە كەسێكی خێزانەكەیان گوتی "لەو رۆژانەدا دایكی مەولوود خۆی سەردانی كوردستان دەكا و لە كوڕەكە دەپرسێتەوە".


2. حكوومەتی هەرێم
ئاسایشی هەرێمی كوردستان زیاترین چاوەڕوانیی لێ دەكرا، بەڵام تا ئێستە هیچ جۆرە كار و هەڵوێستێكی رەسمی بۆ كەیسی مەولوود ئافەند لێ بەدی نەكراوە. هەرچەندە لێژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندبوو بۆ چارەنووسی مەولوود ئافەند كۆبوونەوەى خۆیان دەكەن و هەڵوێستی رەسمیی رادەگەیەنن، بەڵام بێدەنگی لە كەیسەكەدا پەرلەمانی كوردستانیشی گرتەوە. بێجگە لە وەزارەتی ناوەخۆ و شوێنەكانی تری سەر بەحكوومەتی هەرێم كە خۆیان لەو رووداوە بەخاوەن نەكرد. تەنانەت ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش كە كارتی ئیقامەى سیاسی بە مەولوود بەخشیوە لەوبارەیەوە ئەگەریش بۆ پاراستنی شەڕەفی سیاسی و یاساییی خۆی بێ لە چارەنووسی مەولوودی نەپرسییەوە.
تەنانەت نامەیەكی كەمپین بۆ ئەو مەبەستە بۆ نازم عومەر نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە تاران بێ وەڵام مایەوە.


3. دەزگای ئیسرائیل كورد
پێش دیارنەمانی مەولوود، دەزگاكە لە هەڵوەشان نێزیك بوو، چونكە داوود باغستانی وەك سەرۆكی دەزگا پێش رووداوەكە لە كوردستان نەمابوو و ئەوانەى لە دەوروبەری دەزگا مابوون تەنیا وەك ستافی گۆڤار بوون، بەڵام گۆڤاریش بەهۆی كێشەى دارایی و نەبوونی بەرنامەیەكی پتەو كاراییی خۆی لە دەستدا بوو. هەر بۆیە لەگەڵ دیارنەمانی مەولووددا ئەو دەزگایەش نەیتوانی كاریگەرییەكی هەبێ و تەنانەت بەسەر 2 لایەنی ناوەخۆ و دەرەوەى كوردستان دابەش بوو كە لێدوان و هەوڵەكانیان دژبەری یەكتری بوون، لە ئەنجامدا ئەو دەزگایەى مەولوود ئافەندی پێ ناسرابوو نەك هەر نەیتوانی بەهانای مەولوود بگا، بگرە لە بواری مەعنەوییی زیانێكی زۆری بە كەسایەتیی مەولوود و گۆڤار و دەزگا و رابردووی هەمووان گەیاند. جگە لەوەى پێشتریش دەزگا مۆڵەتی رەسمیی نەبوو و تەنیا مۆڵەتی سەندیكای رۆژنامەنووسان بۆ گۆڤاری "ئیسرائیل-كورد"ی هەبوو كە ئەویش بە هەوڵی (فەرهاد عەونی) سەرۆكی ئەوكاتی سەندیكا و یاسای رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان دەرچووبوو، ئەگینا ئەو پرسەش چەندان مشتومڕی لێ كەوتەوە.


4. لایەنی ئیسرائیلی
چاوەڕوان دەكرا ئیسرائیل ئەگەریش بەڕەسمی نەكرێ ئەوە بە ناڕاستەوخۆ و ناڕەسمی لە كەیسی مەولووددا رۆڵی خۆی هەبێ و رێگە نەدات كەسێكی كە لە هەرێمی كوردستان توانی سەرپەرشتیی گۆڤارێك بەناوی "ئیسرائیل-كورد" بكا و سەرەڕەای ئەو هەمووە مەترسییانەی لە هەرێمەكەدا هەیە بەردەوام بێ و پەیامەكەشی ئەوە بێ كە "پێوستیە كورد و ئیسرائیل دۆست و هاوپەیمان بن"، بەوشێوەیە بێ سەروشوێن بێ یان بەلایەنی كەمەوە تواناكانی خۆی بۆ روونكردنەوەى راستییەكانی ئەو رووداوە بەكار بخات، بەڵام لە چەند بەدواداچوون و پێوەندییەكدا بۆ ئەو مەبەستە وەك دواتر ئاگەدار كراینەوە لایەنی ئیسرائیلی بەهیچ شێوەیەك خۆی لەو رووداوە نەدا و رایگەیاند "مەولوود خۆی چووەتە سلێمانی و پێویستە خۆی بگەڕێتەوە". دوور نییە ئەو بێ بایەخییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە پێشتر دەزگای ئیسرائیل-كورد لە ئیسرائیل شوێنی خۆی جێگیر نەكردبووبێ.
هاوكات راگەیاندنەكانی ئیسرائیلی تا رادەیەك زیاتر گرینگییان بەو پرسە دا و زیاتر لە 20 هەواڵ و راپۆرتیان لەسەر دیارنەمانی مەولوود كرد كە ئەویش خێرێكی بۆ چارەنووسی مەولوود نەبوو، جگە لەوەى دۆستان و هاوڕێیانی ئاساییی مەولوود لە ئیسرائیل لەوبارەیەوە ئەوەی بۆیان كرا درێخیان نەكرد.


5. ئێران و دان پێدانەكانی چەند كەسێك پێویست بە كوردستان و ئیسرائیل لە میدیای ئێرانی چی بوون؟
وەك بینیمان لە ماوەى رابردوودا فیلمێكی 39 خوولەكی لە كەناڵەكانی رەسمیی ئێرانی بڵاو كرایەوە كە تێیدا كەسانێك باس لەوە دەكەن لەسەر راسپاردەى ئیسرائیل و لە وڵاتێكی "دەوروبەر" ئەركی "تیرۆركردنی زانا ئەتۆمییەكان"ی ئێرانیان ئەنجام داوە، لەوانەی قسەیان كرد ژنێك بەناوی "مریم" هەبوو كە ئەوە ئەڵقە و بەڵگەیەكی زیندووە لەوەى مەولوودیش لەو سیناریۆیە وەگلاوبێ. ئەو مەریەمە لە پرسی دەزگای ئیسرائیل-كورد و گۆڤارەكەیدا كەسێكی نوێ نییە و پێشتریش ناوی ئەو مریەمە لە مەولوود بیستراوە. جگە لە مازیار ئیبراهیمی كە كوردێكی رۆژهەڵاتی و دانیشتووی سلێمانی بووە و بەنیاز بووە كاری گەورەى ئابووری ئەنجام بدات، بەڵام ئەویش لەو فیلمەدا باس لەوە دەكات "پێوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەبووە تا زانا ئەتۆمییەكانی ئێرانی تیرۆر بكرێن".
بۆیە لە دان پێدانانەكانی مەریەم و مازیاردا دەردەكەوێ كە ئەگەر مەولوود تا ئێستە لەژێر شكەنجەكانی ئەوانەى لە سلێمانی دەستبەرسەریان كرد و دواتریش گواستنەوەی بۆ ئێران گیانی لە دەست نەدابێ، چاوەڕوان دەكرێ مەولوود لەسەر كەناڵەكانی ئێرانی ئامادە بكرێ و چەندان لێدوانی سەیر و سەمەرەى پێ بگوترێ كە هەموویان دروستكردنی بەڵگەی دەستكردە بۆ ئەوەى "هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە هەولێر دەستی لەگەڵ ئیسرائیل تێكەڵ كردووە" و بەوجۆرە لایەنی ئێرانی پاساوی زیاتر بۆ هەموو جۆرە دژایەتی و هەڵبەزینەوەیەكی سیاسیی خۆی لە ناوچەكە دێنێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەمنستی ئینتەرناشناڵ /لێبووردنی ناودەوڵەتی/ بەتوندی رەخنەى لە بڵاوكردنەوەى دان پێدانەكانی پێوەست بەو كەسانە لە كەناڵەكانی ئێرانی گرت و رایگەیاند كە "هیچ بەڵگەیەك نییە ئەو كەسانە لە كورستانی عێراقەوە پێوەندییان بە تیرۆركردنی زانا ئەتۆمییەكانەوە هەبووێ".


6- دادگە و كەمپینی بەهاناچوونی مەولوود
هەر لە رۆژانی یەكەمی دیارنەمانی مەولوود ئافەنددا، كەمپینی بەهاناچوونی بۆ راگەیەنرا كە بە نێزیكەى 210 ئیمزا لەلایەن هەڵسووڕاوانی مافی مرۆڤـ، چالاكانی سیاسی و رۆژنامەنووسان پاڵپشتیی لێ كرا و دواتر بە هەوڵی هاوڕێیانی دڵسۆز توانرا سكاڵایەك لە سلێمانی دژی بەرپرسانی ئاسایشی ئەو شارە بەرز بكرێتەوە، دادگە سەرەتا كارەكانی زۆر بەباشی كردن تا ئەو جێگەى گەیشتە داواكردنی كەسێك لە هەولێر، بەڵام ئەو كەسە كە هاوڕێی نێزیكی مەولوود بوو ئامادە نەبوو بچێتە بەردەم دادگە لە سلێمانی، دواتریش كە بێدەنگییەكی زیاتر بەسەر پرسەكەدا هات و پشتگیرییەكی رژد لە كەیسەكە نەبوو، بەناچار دۆسیەكە راگیرا. چاوەڕوان دەكرێ لەگەڵ سەردانی بنەماڵەى مەولوود بۆ باشوور ئەو فایلە دیسان بەگەڕ بخرێتەوە.


7. پارتی دیموكرات
بەپێچەوانەی ئەوەى دیارە، پارتی دیموكرات زۆر بەو رووداوەوە خەریك و دڵگران بووە، گرینگیی رووداوەكە بۆ پارتی زیاتر لە2 شتدا بوو. یەكەمیان ئەوەى بەشێك لە دیارنەمانی مەولوود وەك ستافی كار لە دەزگای ئیسرائیل-كورد بۆ فشارهێنانی زیاترە بۆ سەر پارتی كە ئێران بەردەوام پێیوایە "پارتی پردی پەڕینەوەی ئیسرائیلە بۆ هەرێمی كوردستان". دووەمیان كە پارتی بۆی گرینگە بزانێ كێ لە پشت ئەو جۆرە رووداوانەیە و دڵنیایە لەوەى دیارنەمانی مەولوود ئافەند بەرنامەی لە پشت بووە و بەڕێوەبردنی هەر بەرنامەیەكیش كەس یان كەسانێكی پێویستە، لێرەشدا باس لە كەسانێكە باوەڕپێكراوی كۆماری ئیسلامین و یەكێتین كە هەردووكیان بۆ بەشی هەواڵگریی پارتی وەك نەیار و هەستیار هەژمار دەكرێن.
لە بواری هەڵوێستەوە، سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی لە ناوچەى ژێر دەسەڵاتی پارتی بە كەمپینی بەهاناچوونی مەولوود ئافەندی راگەیاند، "لەو پێوەندییەدا سەرەداوی زۆر باشمان لەبەردەستدایە، چاودێریی گرووپێك دەكەین كە پێوەندییان بە دیارنەمانی خەڵكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی رۆژهەڵاتەوە هەیە و دەبێ بزانین ئەوان چۆن دەستیان لە كەیسی مەولووددا هەبووە، لەوبارەیەوە سەرەداو و بەڵگەی باشمان بەدەستەوەیە و ...".


8. یەكێتیی نیشتمانی
چاوەڕوان دەكرا یەكێتی لەبارەى چارەنووسی مەولوودەوە خێراتر لە پارتی بجووڵێتەوە، بەڵام تا ئێستە ئەو بێدەنگییەی هەر بەردەوامە. لەوبارەیەوە وەك كەمپین راستەوخۆ پێوەندیمان بە خسرۆ گوڵ محەمەد سەرۆكی دەزگای زانیاری كردووە، بەڵام وەڵامەكەى تەنیا ئەوە بوو كە "دەبێ لە رێگەى سكرتێرەوە پێوەندیم پێوە بكەی"، دواتریش ئەو پێوەندییە هەر نەكرا.
هەروەها لەبارەى بەڕێوەبەرابەتیی ئاسایشی سلێمانی چەندان پێوەندیی ئێمە بێ وەڵام مایەوە و هەرجارە بیانوویەك وەك "هەبوونی كۆبوونەوە" یان "پێوەندیكردن لە كاتی تر و كەسی تر"دا هەوڵ درا وەڵامی ئەو پرسیارە نەدرێتەوە كە مەولوود لە سلێمانی بێ سەروشوێن بووە ئێوە چیتان هەیە بۆ گوتن؟
گلەیی لە یەكێتیی نیشتمانی زیاتر ئەوەیە كە نەبوونی وەڵام گومانەكان زیاتر دەكا كە لە كەیسی مەولوود ئافەنددا دەستی باڵای هەبووبێ، چونكە رووداوەكە لە حەوشەى ئەواندا رووی داوە.


9. حزب و لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان
بەو پێیەی مەولوود ئافەند كوردێكی رۆژهەڵات و وەك حزبەكان پەڕیوەی باشوو بوو، چاوەڕوان دەكرا حزب و لایەنەكانی ئەو پارچەیەی كوردستان لە دیارنەمانی ئەو رۆژنامەنووسەدا تواناكانی خۆیان بەكار بخەن تا چارەنووسی دیار بێ، بەڵام بێ هەڵوێستیی ئەو حزب و لایەنانەی رۆژهەڵاتی گەیشتە ئەوپەڕی خۆی، بەشێوەیەك كە تەنانەت ئامادە نەبوون لە دیدارەكانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سیاسیی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لایەنی یەكێتیی نیشتمانیدا بەشێوەى لاوەكیش باسی مەولوود و چارەنووسەكەى بكەن. حزبەكانی رۆژهەڵات لە پرسی مەولووددا تاقیكردنەوەیەكی گەورەیان دۆڕاند ئەویش ئەوەى لاوازن تا بەرگری و خاوەندارێتیی لە یەك رۆژهەڵاتی بكەن، نەخاسمە هەموو گەلی كورد لە رۆژهەڵات!


10. پژاك
مەولوود كە 4 ساڵ ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان بووە، دوور لە چاوەڕوانی نەبوو كە میدیای ئەو حزبە بەرگرییەكی باشتر لەوانی تر لە كەیسەكەی بكا كە تا رادەیەكی باش ئەو كارەى كرد. هەر لە رۆژە سەرەتاكانی دیارنەمانی مەولوودا بە چەندان شێوە لە ئاستی سەركردایەتییەوە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی مەولوود كرا و ئامادەیی هاوكاری پێشان درا. دواتریش لە كەناڵەكانی راگەیاندنی ئەو پارتە بەتایبەت (نەورۆز تیوی) زیاتر لە 10 جار بەهەموو شێوەیەكی هەواڵ، راپۆرت و بەرنامە كاری لەسەر كرا، بەڵام بەو پێیەی پژاك لەگەڵ باشووری كوردستان بەتایبەت لایەنی یەكێتی كە جەرگەى رووداوەكە بوو پێوەندییەكی باشی نییە، وەك دواتر هەست كرا لە بواری سیاسی و رەسمییدا هیچ كارێكی بۆ نەكراوە و وەڵامی نەدراوە لەوەى بەڕاستی مەولوودی گەریلای دوێنێی پژاك كە بەرۆژنامەنووسی لەسەر گۆڤاری ئیسرائیل-كورد لە سلێمانی بێ سەروشوێن بوو چی بەسەر هاتووە؟



11. رێكخراوەكانی كۆمەڵگەى مەدەنی
باشووری كوردستان هەرچەندە بە درانگەوە بەپیل رووداوی مەولوودەوە هات، بەڵام پاش نێزیكەى 2 مانگ دەنگی ناڕەزایییان هەڵبڕی و لە كۆبوونەوەیەكیان كە بەشێكی زۆریشیان راستەوخۆ بەشدار نەبوون بەیاننامەیەكیان دەركرد و بەتوندی رەخنەیان لە دیارنەمانی مەولوود كرد، هەروەها داوایان كرد لایەنە ئەمنییەكان بەكار بكەون. دواتر دەنگێكی ئەوتۆ لەسەر كەیسی مەولوود نەبیسرا.


12. لە ئاستی دەرەوەى كوردستان
هەوڵی زۆر درا سەرنجی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، هیومەن رایتس وۆچ و چەند رێكخراوێكی دیكەى ئەوروپایی بۆ كەیسی مەولوود رابكێشین، بەڵام ئەوان دەستبەجێ داوای بەڵگەی وەك چۆنیەتیی دیارنەمان، راگەیەنراوی حكوومەتی هەرێم لەوبارە و شتی پێوەندیدار بەبەڵگەیان دەكرد، بەڵام وەك باس كرا لە نەبوونی رەسمی و بەهێزی دەزگای ئیسرائیل-كورد و سەرۆكەكەى لە دۆخێكی ئەوشێوەدا زیانی زۆر بە هەوڵەكان لە دەرەوەى وڵات گەیشت. لە راستیدا لە دەرەوە بۆ كەس دیار نەبوو دەبێ پاڵپشت بە كێ و كام بەڵگە و لە بەرامبەر كێ بوەستنەوە، بەڵام بەوجۆرەش پەیامنێرانی بێسنوور بە راگەیەنراوێك نیگەرانیی خۆیان لەو رووداوە پێشان دا و داوایان لەلایەنی ئەمنی كرد لەوبارەیەوە بەرپرسیارێتیی خۆیان وەربگرن.
هەروەها لە نوێترین رووداودا رۆژنامەنووسێكی فەرەنسی بەناوی "ئارتۆر كینیە" بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسی مەولوود ئێستە بە سەردانێك لە هەرێمی كوردستانە و چاوەڕوان دەكرێ جووڵەیەكی راگەیاندنی لە كەیسەكەدا دروست بكاتەوە.


13. میدیاكان
میدیا حزبییەكان لە هەموو كوردستان بەپارێزەوە خۆیان لە پرسی مەولوود داوە، تەنانەت میدیای رۆژهەڵاتی كوردستان وەك هەواڵیش گرینییگەكی وایان پێ نەدا، زۆرجار لە گەرمەى هەوڵدان بۆ زانینی چارەنووسی مەولوودا رووماڵی كەناڵەكانی كوردیی رۆژهەڵاتیم كردوون كە بزانم ئەوان چۆنی باس دەكەن، بەڵام باسی هەواڵەكانی هەموو دنیایان دەكرد جگە لە مەولوود لە باشووری كوردستان. تەنانەت لەگەڵ بڵاوبوونەوە و راگەیاندنی كەمپینی بەهاناچوونی مەولوود ئافەنددا كە چاوەڕێ بووین میدیاكان رەنگدانەوەى پێ بدەن.
جگە لە چەند كەناڵێكی وەك NRT و نەورۆز تیوی، هەروەها لە بڵاوكراوەكی تر وەك گۆڤاری سڤیل و رۆژنامەكانی رووداو و باس، هەروەها سەنتەری میترۆ بۆ بەرگریكردن لە رۆژنامەنووسان، ئەوانی تر ئامادە نەبوون لە جیاتی هەواڵێكی وەك راكردنی چەند مەیموونێك لە باخچەى ئاژەڵانی ئەفریقیا، هەواڵی گرتنی رۆژنامەنووسێكی رۆژهەڵاتی لەلایەن چەند نامەیموونی سیاسی و ئەمنیی كوردەوە لە باشووری وڵات بڵاو بكەنەوە!


14. پیلانگێڕی
بەردەوام هەوڵی ئەوە هەبووە كەیسی مەولوود وەك خۆی دیسان پیلانگێڕی لە هەمبەر بكرێ كە لەوانەدا میدیای ناسراو بە ئەهلی ئەگەریش هاوكار نەبووبن ئەوە ئاسانكار بوونە! میدیاكانی باشووری كوردستان ئەوانەی لە گەرمەى رووداوەكەدا بێدەنگ بوون دوایە بە نامەیەكی ساختەكراو ویستیان وای باس بكەن كە مەولوود لە "كەمپی ئەشرەف بووە و دەستی بە ئینتەرنێت نەگەیشتووە و ئێستە سەلامەتە"، لەگەڵ ئەوەى هیوادار بووین ئەو دەنگۆیە راست بێ، بەڵام دواتر دەركەوت ئەوە هەر قسەیەكی لاوەكییە و كەناڵەكانی راگەیاندنی بەناوی ئەهلی لە باشووری كوردستان تەنیا وەك هەوڵێك بۆ تەواوكردنی پرسی مەولوود و دەربازكردنی تۆمەتەكانی سەر ناوچەى سلێمانی ئەو كارەیان كردووە، لەگەڵ گەیشتنی هەر هەواڵێك ئەوە بە وردی بەداواداچوونمان دەكرد كە دواتر هەموویان ناڕاست دەردەچوون، تا ئەوەى گەیشتینە ئەو راستییەی كە هەندێك لایەن لە باشووری كوردستان و ناوەخۆی ئێران لەسەر راسپاردەی ئیتلاعات هەوڵی بێ بڕواكردن، لاڕیدابردن و سووككردنی رووداوەكە دەدەن تا ئەو خاڵە رەشە لەسەر روومەتی ئێران و دەست و پێوەندەكانی نەمێنێ.
پیلانگێڕییەكان زۆرجار مەبەستیان ئەوە بوو ناكۆكی بخەنە ناو ئەوانەی بەدوای كەیسی مەولوودەوەدان، بۆ ئەو مەبەستە تۆمەتی ناوازە و جۆرەوجۆریان بڵاو دەكردەوە. بۆ نموونە، "مەولوود لە ئیسرائیلە"، "مەولوود كاری بۆ دەزگە هەواڵگرییەكان كردووە"، "مەولوود لە سەفەری ئوروپایە"، "مەولوود لە بولگاریایە"، "مەولوود لە توركیایە"، "مەولوود بەخۆشی لە تاران دەژی"، "مەولوود ......" .
بۆ هەركام لەوانە و شتی دیكەش بەڵگەیەك نەبوو تا رووی بكەین و كەیسی مەولوود بۆ هەمووان یەكلا بێتەوە، ئەوە باشترین بەڵگەیە كە مەولوود لە دەستی كۆماری ئیسلامیدایە و ئەوانەی لە تەلەڤزیۆنی ئێرانیدا قسەیان كرد هەم لە بواری شوێن و هەم كارەوە زۆربەیان بازنەی مەولوود بوون!


15. دڵسۆزان و هاوڕێیانی ئافەند
ئەوەى بۆ مەولوود كرا و گوتراوە تەنیا لەلایەن كەسانێك بووە كە بێ بەرژەوەندییەكی تایبەت و تەنیا وەك هاوڕێیەكی ئاسایی یان رۆژنامەنووس یان ئەمەكدارییەكی رۆژانی پێشووتر بۆیان كردووە، كە ئەوانیش زیاتر سەربەخۆ و تواناكانیان سنووردار بووە و لە ئاست گەورەییی رووداوەكەدا نەبوونە، ئەو رووداوەی پیلانگێڕییەكی گەورەی تێدا دەبنیرێ.


16. مەولوود كوژراوە؟
هەواڵێكی بە پەلە هات كە مەولوود لە ئاسایشی سلێمانی كوژراوە، بەڵام هەر ئەوكات پێوەندیمان بە لایەنی بەرپرس كرد و ئاگەدار كراینەوە لەوەى هەواڵی وا دوورە لە راستی، بەڵام بنەمای ئەو هەواڵە چی بوو؟
ئەگەر مەولوود كوژرابێ یان لە داهاتووشدا بكوژرێ، ئەوە لەژێر شكەنجەى كۆماری ئیسلامی یان راسپاردەكانی كوژراوە و بەنیازن لە رێگەی كوژرانییەوە رووداوەكە هەر لە هەرێمی كوردستان بەكۆتا بێنن، بەڵام بەپێی نیشانەكان وادیارە مەولوود هێشتە لە ژیاندا مابێ. ئەو كەس یان لایەنەی هەواڵی وای بە كەناڵێكی راگەیاندن داوە، هەرچەندە ئەو كەناڵە دەتوانێ بڵێ ئێمە تەنیا هەواڵەكەمان گواستووەتەوە، بەڵام پێویست بوو ئەوانیش لە هەواڵی وا هەستیاردا بەدواداچوونی وردتر بكەن تا زیاتر پیشەیی بجووڵێنەوە.


17. بۆچی رای گشتی بەگەرمی خۆی لە كەیسی مەولوود نادا؟
فایلی مەولوود تێكەڵەیەك بوو لە راگەیاندن، ئەمنی، سیاسی كە هەندێك لای بۆ رای گشتی نادیار بوو. ئەوانەی بەجۆرێك خۆیان لەو كەیسە دەدزییەوە و هەوڵی خۆیان بۆ دۆزینەوەى چارەنووسی مەولوود درێخ دەكرد پێیان وابوو چونكە ناوی دەزگای ئیسرائیل-كورد لە ئارادا هەیە ئەوە پرسێكی مەترسیدارە و وا باشترە سەری خۆی پێ نەئێشێنن، یان بەشێك پێان وابوو شتەكە زۆر ئاڵۆزە و وا باشترە زیاتر بینەر بین نەك یاریزان! هەروەها نەبوونی یەكدەنگییەك لە دەزگای ئیسرائیل-كورد و پەرتەوازییەك لەوانەی بەرگرییان لە مەولوود دەكرد وای لە رای گشتی كرد بگاتە ئەو بۆچوونەی كە "مادام دەزگا و هاوڕێیانی مەولوود خۆیان ساخ نەبوونەتەوە چ باسە و چ رووی داوە، بۆچی لەخۆوە تێكەڵ بەو كێشە ناڕوون و پڕ گومانە بكەن".
پێویستە لە وەڵامی ئەوانەدا بڵێم هەرچییەك بێ پێویستە ئێمە بەرگری لە رۆژنامەنووسێكی رۆژهەڵاتی بكەین كە هەڵگری ئیقامەى ئاسایشی هەرێم بووە و لەو هەرێمە 100 رۆژە بێ سەروشوێنە، دواتریش ئەگەر چارەنووسی دیار بوو دەكرێ هەموو تۆمەت و گومانەكانی ساخ بكرێنەوە و بەدڵنیایییەوە ئەوكات بەرگری لە ناهەق ناكەین، ئەگینا ئێستە زۆر ئاسانە بەوجۆرە بیانووانە خۆمان لە ویژدان بدزینەوە و خۆمان فێری بێدەنگی بكەین.


18. چاوەڕێی چی دەكرێ؟
مەولوود لە پرسێكی گەورە و ترسناكی وەك ئێران-كوردستان و ئیسرائیل وەگلاوە و لایەنی ئێرانی وەك بەڵگەی زیندوو بۆ بردنەسەری تۆمەتەكانی خۆی دژی كورد بەكاری دەبا، جگە لەوەى لەناوبردنی مەولوود وەك رۆژنامەنووسێك كە پێشتر گەریلای پژاك بووە و دواتر لە سۆنگەى سەرنووسەریی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد و رۆژنامەنووسێكی ئازاد دەیان و سەدان كاری راگەیاندنی دژی كۆماری ئیسلامی كردووە بۆ ئێران گرینگ و مەبەست بووە. چاوەڕێ دەكرێ كۆمەڵێك تۆمەتی هەستیار بەزاری مەولوود بڵاو بكرێنەوە كە مەبەستی هەموویان لەو رستەیەدا كۆ دەكرێتەوە، "كورد دژی ئێران پەنای بۆ ئیسرائیل بردووە"، هەروەها پژاك و هێزەكانی دیكەی كوردی رۆژهەڵاتیش لەو پرسە وەگلێنن تەنیا بۆ ئەوەى لایەنی ئێرانی بۆ هەرجۆرە كردەوەیەكی دژە كورد لە ئاستی ناوەخۆ و دەرەوەی وڵات پاساوێكی دەستكردی لە دەست بێ و فشارەكانی بۆ سەر كورد زیاتر بكا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە