سید كامیل ئیمامی ... لوتكەى جوانى لە وەسفا

Monday, 23/01/2012, 12:00


عەبدوڵا پیرخدرى

سید كامیل ى ئیمامى ئاوات- ناوێكى دیارو بەرچاوە لە جیهانى شیعرو ئەدەبیاتى كوردیداو ئاوێنەى باڵانماى سروشتى جوان و دڵفڕێنى كوردستانە، شیعرەكانى نزیكە لە ڕەنج و مەینەت و هیواى نەتەوە ستەم دیدەكەى.
شیعرەكانى ئاوات پڕن لە ناوەڕۆكى جوان و ڕازاوەو، خەیاڵى تازەو نوێ، هەوێن و سەرچاوەى شعرەكانى ئاوات، ئاوى زوڵاڵى كوێستانەكانى كوردستانە، شنەى باى نەسیمى بەیانى بەهارانە، قاسپەى كەوى سەر شاخەكانە، گوڵ وگوڵزارو چەم و ڕەزو شیو و شاخ و پێدۆڵى كوردستانە.
ئەم شاعیرەمان ئەوەندە خەیاڵ و هەستێكى ناسكى هەیە كە باس ناكرێت لە وەێف و پیاهەڵداندا، كەم وێنەیە، شیعرەكانى لە ڕەوانبێژى و جوانسازى و، لێكچواندن و خواستن و داهێناندا، شاكارێكى ناوازەیە.
ئاوات تەنها لە وەێف و پیاهەڵداندا بەناوبانگ نەبووە، بەڵكو لە هۆنراوەى ئاینى و نەتەوایەتیشدا جێ دەستى دیارەو، عەشقى وڵاتەكەى واى لێكردووە كە یەكێك بووە لەو شاعیرە ئازایانەى كە لە هۆنراوەكانیدا بە ئاشكرایى لە چنگ زوڵم و ستەم وناعەدالەتى، هاوارى كردووەو بێدەنگ نەبووە، لەو پێناوەشدا چەند جار زیندانى كراوە.
شاعیرو زاناى گەورەو ناودارى نەتەوەكەمان مامۆستا هەژار لە وەێفى (ئاوات)دا ئاوا دەڵێ:
" هەركەس هەروا تۆزقاڵێك، بەقەد چاوى مێروولە، نرخى شیعرى هەبێ و ئەدەب ناس بێت ، دەزانێ (سیدكامیل)چۆن پەڕیوەتە سەر چڵەپۆپەو، لە گۆمى ئەدەبیاتى زمانى كورددا چۆن مەلەوانێكى تاقانەیە......
بە بڕواى من هیچ بوێژێكى كورد وەك (سید كامیل) ناتوانێ بەهارى كوردەوارى وێنە بگرێت... ئەگەر دەسەڵاتم بوایە حوكمم لێدەكرد بە لانى كەم هەموو بەهاران سەفەرێكى ناو هەوارو چیا بكات، وەكو مێشەنگوین شیلە لە گوڵان هەڵمژێ و بە هەنگوینى بمانداتەوە....."
ئەوەى سەرەوە پێناسەى (سید كامیل)و شیعرەكانى بوو كە مامۆستا هەژار لەسەر دیوانەكەى نووسیویەتى و لە كۆتایى نووسینەكەشیدا بەم شێوەیە تەعبیر لە خۆى دەكات: شاگردێكى بچووكى سید كامیل: عبدالرحمن هەژار-.
جا ئێستا كاتى ئەوە هاتووە چاوێك بە دیوانەكەى سید كامیل دا بخشێنین و لەهەرباخێكى گوڵێك هەڵبژێرین و مێشك و دڵمان لە سێبەرى باخە شعرەكانیدا بحەوێنینەوە.


دڵى وام ناوێ
دڵێكى وام ئـــــەمـــن نـــــــاوێ بە نــــــاڵەى بێدڵان نەگرى
وەكو شەونم لەسەر خونچەى گوڵان و بولبولان نەگرى
وەكــــــــو بولبول نـــەبێتــــە عاشقى گــوڵ، دڵ بەكــــار نایە
ئـــــــــــەگەر شێتانە سبحەینان نەچێتە سەر چڵان نەگـــرى
لـە بەهرەو شەوق و زەوق و خێرو خۆشى دورەماڵ كاول
دڵـــى وا بێ ئەویــــن جــــــارێك بەحــــاڵى عــــاشقان نەگــرى
شــــەوێ تـــــا ڕۆژ دەنــــاڵێنن لــــەگەڵ تــەیرى شەوا جوتـــن
دڵــى وام بــــــۆ چیە بــــۆ وان شەوێ تـــــا بـــەربەیــان نەگرى
شەوانـــە مـــەل دەخـــوێنن بــــۆ ئـــــەوانـــــەى دڵ بریندارن
دڵـــــم نــــــاوێ بـــە دەنگى پڕ لــــەسۆزى وان شەوان نەگرى
بـــە هات و چوونى شێت و پێتى دڵ با پێكەنین گەر، شەو
بــــە ئـــــامـــــۆژگــــارى زانــــایــــانى پیرو عـــاقــــڵان نــــەگـــرى
لــــــە مـــــاڵێ قــەت شەوانـــە ئۆقرە ناگرێ ناسرەوێ تــــاوێ
"ئیمامى" تــــا سبـەینێ زوو نـــەچــێتە نێو گـــوڵان نـــەگـــرى
دیوانى ئاوات: ل 21
سەیرى ئەو تابلۆیە بكەو بزانە چۆن وەێفى دڵى عاشق دەكات و چ دڵێكى دەوێت، دەریاى ڕۆح و هەستى ناسكى شاعیر شەپۆل ئەدات و ئەوەندەش شیعرەكانى سادەو بێگرێ و ڕەوانن، كە خوێنەر بەبێ هیچ خەیاڵ و بیرلێ كردنەوەیەك لە ماناكەى تێ دەگات.
وەك لە پێشەوە باسمان كرد شیعرەكانى سید كامیل ئاوات- لە وەێفا لە لوتكەدایە، جا با بزانین ئاوات چۆن وەێفى (شەو) دەكات، بێگومان زۆربەى شاعیرانمان وەێفى شەو و ڕازو نیازەكانى خۆیان لە شەودا كردووە، بەڵام ئەم وەێفەى سید كامیل لە چڵەپۆپەدایە، بۆیە زۆربەى گۆرانى بێژانیش كردوویانە بە گۆرانى.
شەو
نورى ڕوخسارت وەدەرخە دەردى بێ دەرمانە شەو
زوڵمەتى زوڵفت لەسەر ڕووتە لە ڕۆژ میوانە شەو
دوێ شوكور مەردانە من ڕێم بردە ناو زوڵفى ڕەشى
تا بزانن خەڵكى موڵكى دڵ، قەڵاى مێردانە شەو
هەر لە مەغریب تا بەیانى بێوچان دێت و دەچێ
هەر لە دووى خورشیدى خاوەر وێڵ وسەرگەردانە شەو
كوێرو نابینایە ئێستا ئەو لە داخى ڕۆژى ڕووت
بۆیە ڕەش پۆش و فەقیرو مات و بەستەزمانە شەو
قەدرى شەو چا بگرە چاوم، شەمع وپەروانە دەڵێن
سۆزو گریەى شەمع هەر شەو، سوتنى پەروانە شەو
عاشق و مەعشوق لە ڕۆژدا خۆ دەپارێزن لە خەڵك
گەر پەناى چاكت دەوێ بۆ ئەو دووە؟ بڕوانە شەو
هــەستە (كـــامیل) بەسیە بێدارى بڕۆ لێى وەركەوە
تـــــا وڵات بێدەنگ وباسەو تا لە ڕۆژ میوانە شەو
دیوانى ئاوات: ل 52
غەزەلەكانى مامۆستا كامیل ئاوات- هەست و سۆزێكى بەتینى تێدایە، لەگەڵ ناخى مرۆڤدا دەدوێن، بەو هەستە ناسكەوە توانیویەتى شارەزایى تەواوى هەبێت لە ئەوینى ڕاستەقینەو، دوور لە هەموو ڕق و كینەو خۆویستییەك.
سید كامیل لە بوارى پیتۆڵ وفەلسەفەو زانستى مەنتقدا شارەزاییەكى باشى هەبووە، جێگاى ئەو زانستانەى لە شیعرەكانیدا كردووەتەوە.
لە شیعرى (شارى دڵ) دا كە بەڕاستى شاكارێكى هەرە بەرزە، بەڕوونى ئەو ڕاستییە دەردەكەوێت، سەیرێكى ووردى ئەو گفتوگۆیە بكە بزانە چۆن وەستایانە ئەو گفتوگۆیەى لە نێوان (عەقڵ ودڵ)دا ڕێك خستووە.
شارى دڵ
من دەڵێم: شارى دڵم باغ وگوڵستانە دەچم
عەقڵ ئەڵێ: نا قەسەبەى شۆڕشى مەستانە نەچى
من دەڵێم: نوختەیى ئەو ڕەوزەیى ڕیزوانە دەچم
ئەو دەڵێ: نا ڕەشە جێ ڕاوگەیى شەیتانە نەچى
من دەڵێم: مەسكەن و ئارامگەیى جانانە دەچم
ئەو دەڵێ: سەر بەسەرى تێكچووەو وێرانە نەچى
من دەڵێم: جێگەیى هەر شێت و جنونانە دەچم
ئـــــــەو دەڵێ: نا زەدەیى پەنجەیى پەریانە نەچى
من دەڵێم: مەركەزى ئەسرارى حەریفانە دەچم
ئەو دەڵێ: جێ تەمەعى چاوى حەسودانە نەچى
من دەڵێم: وەختى خەتەر مەئمەن و قەڵغانە دەچم
ئەو دەڵێ: كونكونە جێگەى سەرە پەیكانە نەچى
لەم هەم و چوون و نەچوونە سەرى سوڕما كامیل
من دەڵێم جوانە بچم، ئەو دەڵێ وا جوانە نەچى
دیوانى ئاوات: ل 54

بەڕاستى شیعرەكانى ئاوات لێوان لێون لە جوانى و شەیدایى شیعرەكانى مەحوى و، خۆش خەیاڵى و ناسكى هۆنراوەكانى نالى و، شیرینى و ڕەوانى غەزەلەكانى حەمدى.
ئاوات وەك وێنەگرێكى كارامەو شارەزا بە جوانترین شێوە وێنەى تابلۆكانى بەهار دەكێشێت، كە بێگومان ئەمەش لە ئەنجامى تێكەڵ بوونى شاعیرە لەگەڵ دیمەنە دڵڕفێنەكانى كوردستان، لە هاژەى تاڤگەو قەڵبەزەو، قاسپەى كەو و چریكەى بولبول و، كانیاوى پڕ لە ئاوى جوان و، تریفەى مانگەشەو، پەلكەزێڕینەى پاش بارانى زۆر ..
ئەمانەو دەیان دیمەنى تر، واى لە شاعیر كردووە كە بەڕاستى وێنەكێشێكى كارامەى لێ دەربچێت و بە فڵچەى شیعرەكانى دەیان تابلۆى جوانمان بۆ بنەخشێنێت، سەیرى ئەم هۆنراوەیەى بكە كە لە وەێفى بەهاردا وتویەتى:
ئەمڕۆ بەهارە سەیرى چەمەن خۆشە خوارو ژوور
ڕازاوە بـــــــاغ بــــە سەرو چنارو گـــــوڵ و چــنوور
گیا سەوزو جۆگە سەوزو، گەڵا سەوزو، بێشە سەوز
دار سورو، لالـــە سورو، چــەمەن سورو، خـونچە سور
دیوانى ئاوات: ل25
ئێمە هەرچى دەربارەى ئاوات بنووسین، بەڕاستى هێشتا هەر كەمەو مافى خۆیمان نەداوەتێ، بۆیە لێرەدا بە پێویستى دەزانین كورتەیەك لە ژیانى ئەو كەڵە شاعیرە باسى بكەین:
سید كامیل ى ئیمامى نازناوى ئاوات- ى بۆخۆى هەڵبژاردووەو زۆرجاریش "كامیل" ى بەكار هێناوە.
ئەم شاعیرە لە ساڵى (1903) لە گوندى زەنبیل ى سەر بە ناوچەى موكریان چاوى بە دنیا هەڵهێناوە، لاى زانایانى ناوچەكەى خۆى دەستى كردووە بە خوێندن و هەر لە منداڵییەوە شیعرى نوسیوە، هاوڕێى گیانى بە گیانى (حەقیقى و هەژار)ى ڕەحمەتى بووە.
بەهۆى سەختى ژیانەوە وازى لە خوێندن هێناوە، بەڵام وازى لە شیعر نووسین نەهێناوەو بەردەوام شیعرى ئاینى و نەتەوایەتى و خۆشەویستى و عارفانەى نووسیوە.
چەند جارێك تووشى گرتن و زیندانى كردن و دوورخستنەوە هاتووە، پاش تەمەنێكى پڕ بەرهەم و ناسۆرو تاڵ و شیرینى ژیان، سەر ئەنجام لە ساڵى (1989) كۆچى دوایى كردووە.
لە پاش خۆى چەند بەرهەمە شیعرێكى لێ بەجێماوە كە زۆربەیان لە دیوانێكدا كۆكراونەتەوە لە چاپ دراون.

ئەدرەسى نووسەر: سلێمانى /مامۆستایان مامۆستاى دواناوەندیى عبداللە نجم الدین07701920902



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە