دەسەڵات و هۆکاری مانەوە
Friday, 02/05/2014, 12:00
ئەو بارودۆخە سیاسیەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزرێت بارودۆخێکە دەتوانرێت بە قۆناغەکانی بەر لە شۆڕشی ڕێنسانسی ئەوروپا مەزەنە بکرێت، ئەو کاتەی دەسەڵات ئاینی کردبووە چەکێک بۆ مانەوەو پیادەکردنی ئەو سیاسەتە تاکڕەویە ئەرستۆکراتیەی لەلایەن سەرە قۆرخچیەکانی دەسەڵاتدا قۆزرابووەوە؛ لەم هەرێمەدا ئەگەرچی تا ڕادەیەک ئازادی ئاینگەرایی و پاڵدانە لای لایەنە سیاسیەکان ڕێگەپێدراوە بەو مانایەی کە حیزبە باڵادەستەکان پێیان وایە و دەبێت بەو شێوەیە بێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ ئازادیەک بە مەفهوومە بنەڕەتیەکەی پیادە ناکرێت لەو سۆنگەیەوە، لێرەدا تیشک دەخەمە سەر چەند خاڵێک بۆ ئەوەی تاکێک بەر لەوەی بڕیار بدات پاڵبداتە چ لایەنێکی سیاسی و هەواداری بێت تا دواتر پاڵپشتی لێبکات بۆ سەرخستنی، ئایا ئازادیەکانی ئەم تاکە کە دەیەوێت بڕیار بدات بە چ شێوازێکە؟ ئایا تاک ئەو کاتەی پاڵدەداتە لایەنێک خاوەنی ئازادیەک بووە لە بیروڕای سیاسی یان وەکو بۆ سەندنی ئازادی خود پەنا دەباتە بەر ئەو لایەنە؟ ئایا تێگەیشتنی تاکی کورد بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەیە کە پیادە دەکرێت یان بیروڕای تاک و دەسەڵات تا چ ڕادەیەک لەیەکتر دوورن؟ ؛ سەرەتا با بزانین تاکی کورد بە گشتی چۆن دەڕوانێتە ئازادی و دیموکراسیەت وەک ئەوەی زۆرینە لێی تێ دەگەن.
ئەوەندەی کە لامان روون بێت دەزانرێت میللەتی کورد بە درێژایی مێژوو لە ژێر ستەم و داگیرکاری و چەندین قۆناغی سەختی پێشێلکاری مافەکانی ژیانی بردۆتە سەر، لەوەو بەر تەنها شتێک کە بۆ میللەتەکە گرنگ بوبێت بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و هاتنە دەرەوە بووە لە ژێردەستی ڕژێمە کولتور جیاوازەکاندا و خوازیاری دەسەڵاتێکی کوردی ڕەها بوون، لەم ڕوانگەیەوە دەشێت ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتاری یاخود ئاینی، چەپ، دیموکراسی، کۆماری پەرلەمانتاری یان هەر شێوازێک بێت بەڵام کوردی بێت و کورد بەڕێوەی ببات لە کاتێکدا نەخوزراوە ئەو دەسەڵاتە گەرچی دەقاودەق لەگەڵ بۆچوون و هەڵوێستی ئەواندا هاتوبێتەوە یەک بەڵام کوردی نەبێت جێگای نەفرەتە و ناویسترێت!.
دەشێت بوترێت دەسەڵاتێکی کوردی هەرچی چۆنێک بێت، هەر شێوازێک بێت لە پیادەکردنی سیستمی سیاسی، سەربازی، دارایی، ئاینی و سەرجەم بوارەکان گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە کە دەسەڵاتەکە کوردیە و ئەمە لای زۆرینەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەسە بۆ ئەوەی کە بوترێت بەڵێ تاک خاوەنی ئازادی رەهایە!
کاتێک تاک پێی وابوو کە خاوەنی ئازادیە گەر بەوجۆرەش نەبێت بەڵام پاش ئەوە چیتر بیر لە بەدەستهێنانی ئازادی ناکاتەوە! کەواتە قۆناغی بەدەستهێنانی ئازادی تێپەڕیوەو لە ئێستادا دەڕوانێتە بەدەستهێنانی فاکتەرەکانی بەڕێوەبردنی ژیان، ئەم فاکتەرانەش لە چەند شتێکی لاسایی و باوی ڕۆژانەدا خۆی دەبینێتەوە. بە نموونە زۆر کەمن ئەو کەسانەی گوێ نادەنە دەروبەر و بەو شێوەیە دەژین کە سروشت بۆی فەراهەم کردوون، دوور لەوە هەمیشە زۆرینە لە منافەسە و بەربەرەکانێی یەکتریدان و دەیانەوێت لەوی تر کەمتر نەبن و هەوڵی زیاترو زاڵتری دەدەن بەوەی کە پێی دەوترێ پۆز لێدان بەسەر دەوروبەرو زەویدا، ئەم سیفات و هەڵوێستە گەیشتۆتە ئاستێک گەر تاکێک خۆی بە باڵاتر زانی لەوەی تەنیشتی لە بواری ماددیدا یان تۆزێک دەست ڕۆشتیوویی لە دەسەڵاتدا و شتێک لەو بابەتانە، ئەوا پێی وایە چیتر دانامێنێ و لە چین و تەبەقەیەکی بەرزتردا دەڕوانێتە خۆی و خۆی دەبینێتەوە، دەسەڵاتیش بەوەی کە لەم جۆرە بیرو ئەفکارانە تێگەیشتووە بۆیە کەسانێکی زۆری بە بەڵێنی بەدەستهێنانی ئەو شتانە ڕاکێشاوە بەلای خۆیدا یاخود لای خۆی هێشتونیەتەوە، ڕوونتر بڵێم کە دەسەڵات خاڵی لاوازی کۆمەڵگای گرتووە بۆیە چیتر هیچ بیرو ئەفکارێکی نوێ بە مەترسی نازانێت بۆسەر خۆی و ئایندەی حیزب و حکومەتەکەی! کورد واتەنی: لەو سەری هاتۆتەوە!
بۆیە دەڵێین هەتا تاک دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندیە تاکخوازیە تاکگەرا دواکەوتووە نەبێت و گیانی قوربانیدان و ڕۆحی خزمەتکردن نەچەسپێت لە مێشکیاندا، هەرگیز کۆمەڵگا گۆڕانی بەسەردا نایەت و بەو شێوازەی کە ئێستا هەیە سەدان ساڵی تر بەردەوام دەبێت کە ئەگەری تێکچوون و خراپتر بوونی هەیە لە کاتێکدا هەرگیز هەنگاوێک بۆ پێشەوە بەرەو باشتربوونێکی چەسپاوی هەمیشەیی نزیک لە ڕۆژئاوا ناڕوات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست