کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لیژنەی لێكۆڵینەوە ئایا راستە سەردەشت تیرۆریستە!!

Wednesday, 22/09/2010, 12:00




ئیدیعای لیژنەی لێكۆڵینەوەی كەیسی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان، كە تۆمەتی تیرۆریستی دەخاتە پاڵ سەردەشت، لە كریاری تیرۆركردنەكە زۆر ئاڵۆزترە. وەك ئەوەی "عوزرەكە لە قەبەحەت گەورەتر" بێت وایە. بەڵێ گەورەترە، چونكە راگەیاندنی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەیسی تیرۆركردنی سەردەشت، لە جیاتی ئەوەی بەڵگەی عاقیلانە بخاتە ڕوو، دەرگایەكی تازە لە خودی كەیسە دەكاتەوە، بەبێئەوەی بیر لە پەلهاوێشتنی ئەنجامەكانی ئیدیعای تیرۆریستبوونی سەردەشت، بكاتەوە، پەردە لەسەر هەندێك كێشەیتریش هەڵدەداتەوە، كە مەترسی بۆ هەموو لایەك دروست دەكات.

بڕواناكەم لیژنەكە بەم شێوەیە بتوانێت ویژدانی رای گشتی ئاسوودە بكات، یاخود بەلای كەمەوە ئەو لایەنانەی كە شوێنهەڵگری ئەم كەیسەن، ناتوانن بە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكە قانع بن. ئەمە یەكێك لە هەڵەكانی لیژنەكەیە كە سەردەشت بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدات، بەبێئەوەی بەڵگەیەكی بەدەستەوە هەبێت. ئیدیعایەكەیان بۆ تۆمەتباركردنی سەردەشتە، نەك یەكلاكردنەوەی كەیسەكە، ئەو تۆمەتەش لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەی خۆیان لە بارەی سەردەشت بەدەستەوەیان نەهێناوە، بەڵكو لەسەر ئیعترافی كەسێكی تۆمەتباركراو لە رفاندنی سەردەشت، سەردەشت بە تیرۆریست تۆمەتبار دەكات، ئەمە كارێكی ناعاقیلانەیە، ئەمە گەمەیەكی زۆر ترسناكە.

پەیامی هەرە سەرەكیی لیژنەكە ئەوەیە: دەیەوێت بە خەڵكی كوردستان بڵێت سەردەشت لەسەر كاری رۆژنامەنووسی تیرۆر نەكرواە، خۆی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستیی ئەنسارولئیسلام بووە، لە سەر ئەوەش كوژراوە، كە بە ئەركی تیرۆریستی خۆی هەڵنەستاوە، بەڵام ئەم ئەركەیشی چییە، كە ئەنسارولئیسلام پێیسپاردووە، لیژنەكە دیاری نەكردووە. لیژنەكە بە خەڵك دەڵێت ئەگەر سەردەشت فەرمانی رێكخراوی تیرۆیستیی ئەنسارولئیسلامی جێبەجێكردبایە، ئەمڕۆكە وەكو هەموو قوتابی و رۆژنامەنووسەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان سەرگەرمی ئیشوكاری خۆی دەبوو و تیرۆر نەدەكرا!!!. عەجیب ئەو كارانەی ئەنسارولئیسلام بە سەردەشت راسپاردوون، چین. ئایا چەند كەسی دیكەی وەكو سەردەشت حالی حازر لە هەرێمی كوردستان هەن. ئایا ئەنسارولئیسلام داوای لە سەردەشت كردووە كە نووسینی /رەخنەگری و تەشهیرئامێز لەسەر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بنوسێت/ یان نا، كە سەردەشت ئامادەنەبووە /بنوسێت/ و دواتر بەهۆیەوە سەردەشت دەڕفێنن. یاخود داوای كاری تەقینەوەیان لێكردووە، یان كارەكەی ئەندامگیریی بووە بۆ ئەم رێكخراوە. دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە بە بەڵگەشەوە.

لیژنەكە، لەلایەك سەردەشت بە تیرۆریست تاوانبار دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە پاكانەی بۆ دەكات، كە گوایە فەرمانی رێكخراوی تیرۆریستیی پێكنەهێناوە، بۆیە رفاندوویانە و (شەهیدیان) كردووە. بەمە دەیانەوێت بە بەردێك سێ چۆلەكە بكوژن؛ یەك ئەوەیە كە سەردەشت تیرۆریستێكی گوێڕایەڵ نەبووە، بۆیە تیرۆركراوە، كوشتنەكەی هیچ پەیوەندیی بە كاری ئازادیی رادەربڕینەوە نییە، بەمە ئادرێسێك لەم تاوانە پیشان بدات، كە ئیدی رێگە لە هەموو نیقاش و لێكۆڵینەوەیەك دەگرێت، كە ئیدی كەس و لایەنێك بەدوای كەیسەكەدا نەچێت و كۆتایی بە كەیسەكە بێت. دووەم ئەوەیە دەیانەوێت هەندێكیش ویژدانی خەڵك ئاسوودە بكەن؛ كە گوایە سەردەشت تیرۆریستێكی نیشتمان پەروەر بووە!!!.. ئامادەنەبووە كاری تیرۆیستی بكات، بۆیە كوژراوە، ئەم حادیسە مەتەعەلق نییە بە مەسەلەی رۆژنامەنووسییەوە. سێیەم بە خەڵكی دەڵێت تەماشاكەن رۆژنامەنووسە رەخنەگرەكانی ئێوە كێن، سەر بە ئەنسارولئیسلام دەردەكەون.

ئەمەش لەسەر دانپێدانانی كەسێكی دەستگیركراوە، كە جارێك دیارنییە بە تەواوێتی ئەم كەسە كێیە. ئەمە بووەتە هۆی پرسیار و گومانی زیاتر و بێباوەڕی بە لێكۆڵینەوەی كەیسەكە، كە زەحمەتە بەم شێوەیە بگاتە ئەنجامێكی تەندروست.

ئەم مەوزوعە رێگە لەبەردەم نیقاشی تازە دەكاتەوە: سیستەمی پاراستنی ئاسایشی خەڵكی كوردستان دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. هەموو كەس دەزانێت سەردەشت بە رۆژ لە كاتی دەوامی زانكۆ لە زانكۆ رفێندرا. مادام وایە ئەوەی كە رفاندووە هەر كێیە زۆر گرنگ نییە.. گرنگ ئەوەیە چۆن رفێندرا، چونكە ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە زۆر پرسیار دەخاتەڕوو، مادام ئەنسارولئیسلام دەتوانێت بێت لەناو شاری هەولێر و لە زانكۆ ئەو كەسانەی تەعلیماتی ئەوان رەتدەكەنەوە، بۆ سزادان بڕفێنن و سزا بدەن، دیارە كە ئەوانیش دەتوانن لە هەرێمی كوردستان حكوم بگێڕێن. چۆنە ئەم ئەنسارولئیسلامە نایەت لە ناو جەرگەی هەولێر كاری تیرۆریستی ئەنجام نادات.. باشە ئەنسارولئیسلام بۆچی بە دەمانچە بە چەند گوللەیەك سەردەشت سزا نادات و نایكوژێت، بۆچی خەتەری رفاندنی دەخەنە بەرچاو.. ئایا ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە كاری خۆكوژی و تەقینەوەش دەكات، ئایا شێوازی كاری تیرۆریستیی ئەم رێكخراوە چۆنە، ئایا ئەنسارولئیسلام بوو تەقینەوەی تیرۆریستیی بەردەم وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام دا، ئایا بەر لەو تەقینەوەیە، یاخود لە دوای ئەم تەقینەوەیەیە سەردەشت پەیوەندی بە ئەنسارولئیسلامەوە كردوودە. باشە ئەگەر ئەنسارولئیسلام ئەوەندە بەهێزە تا لە موسڵەوە دەتوانێت بێت، سەردەشت بڕفێنێت و بكوژێت و دوای چەند رۆژێك هێزە ئەمنییەكان جەنازەكەی دەدۆزنەوە، بۆچی نایەت تەقینەوە ئەنجام بدات.. بێگومان هێزەكانی ئاسایش دەڵێن هێز و توانامان هەیە، دەتوانین پێش ئەوەی بێن تەقینەوە بكەن، ئاشكرایان بكەین و دەستگیریان بكەین. باشە بكرانی رفاندنی سەردەشت بۆچی ئاشكراتان نەكردن و بەدوایان نەكەوتن. ئەوانەی كە دەتوانن بێن گەنجێك بڕفێنن، زۆر بە ئاسانی دەتوانن سەیارەی بومبچێنراویش بێننە ناوەوە.

ببوورن، ئەم موعەمایە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی ئەم لیژنەیە هێزەكانی ئاسایش دەخاتەژێر پرسیارەوە. یا ئاسایشی هەرێمی كوردستان زۆر بێهێز و لاوازە، رێكخراوە تیرۆریستییەكان هەر كات بیانەوێت ئەتوانن لە هەرێم كاری تیرۆیستی بكەن.. خۆیان نایانەوێت كاری تیرۆریستی تێدا بكەن، بەڵكو هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی تر بەكار دەهێنن.. یا ئەوەتە موساومەیەكی زمنی لە نێوان ئاسایش و تیرۆریستەكان هەیە، بە یەكتر دەڵێن ئێوە توخنی ئێمە نەكەون، ئێمەش عیلاقەمان بەسەر ئێوەوە نییە. ئەم پرسیارە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكە دروست دەكات نەك تەحلیلی منە.

بێگومان رای گشتی بەو چەندە رازی نابێت. پێویستە كە لێكۆڵینەوەكە ئیدی لەسەر خودی سەردەشت بكرێت. نەك لەگەڵ ئەو كەسەی تاكو ئێستا ئیفادە و تۆمەتی تیرۆریستبوونی خستووەتە پاڵ سەردەشت، مادام لیژنەی لێكۆڵینەوەش قناعەتی ئەوەیە كە سەردەشت سەر بە ئەنسارولئیسلام بووە، دەبێ كاری لێكۆڵینەوە لەسەر سەردەشت بكرێت. لێكۆڵینەوە لەگەڵ رەفیقەكانی ئەو بكرێت. گشت نووسینەكانی ئەو كۆبكرێنەوە و هەڵبسەنگێندرێن. بە چەند كۆمپیۆتەر كاری كردووە و نووسیوە هەر هەموویان لەلایەن كەسانی پسپۆر و بێلایەنەوە بپشكێندرێن و گشت زانیارییەكان بگەڕێندرێنەوە. گشت سیمكارتە تەلەفۆنەكانی بپشكێندرێن، گشت ئاخافتنەكانی لە كۆمپیۆتەری تۆڕی هێڵە تەلەفۆنەكان بدۆزرێندرێنەوە و ئاخافتنەكانی لەلایەن كەسانی شارەزاو و بێلایەنەوە گوێی لێبگیرێت و هەڵبسەنگێندرێن. ئەو كەسانەی كە سەردەشت پەیوەندیی تەلەفۆنی و ئیمێلییان لەگەڵدا هەبووە كۆنتڕۆڵ بكرێن، ئایا ئەوانە هیچ پەیوەندییان لەگەڵ ئەنسارولئیسلام هەیە، یان نا... ئەگەر هەموو ئەمانە یەكلابوونەوە، لەلایەن لیژنەیەكی بێلایەنەوە سەلمێندرا كە سەردەشت سەر بە ئەنسارولئیسلامە، ئەو كات دەبێ هەر كەس ئەنجامەكە قەبووڵ بكات. نەخێر، ئەگەر هیچ پەیوەندییەكی سەردەشت لەگەڵ ئەنسارولئیسلام نەدۆزرایەوە، ئەو قناعەتەی لیژنەكە تەنیا ئیعترافی ئەم تیرۆریستە دەستگیركراوەیە، بەمە نەك قناعەت بۆ رای گشتی دروست ناكەن، بەڵكو شەرعییەتی ئاسایش و دەسەڵات و دادی هەرێمیش دەخەنە ژێر گومانەوە.

لێرەدا مادام سەردەشت بە تیرۆریست تۆمەتبار دەكەن، كە خۆی لە ژیاندا نەماوە، دەبێ كۆمەڵە پارێزەرێك كە ئەو بپارێزن شوێن كەیسی سەردەشت عوسمان بكەون، بۆ ئەوەی بڕیارەكان یەكلانە نەبێت، چونكە ئەو كەسە بە تۆمەتێكی زۆر گەورە تاوانبار دەكرێت. بۆ ئەمە دەبێ دادگاییەكی تایبەت پێكبهێرێت، لەبەرامبەر ئەم كەیسە پارێزەرانی سەردەشت عوسمانیش ئامادە بن و ئیمكانیاتی تەواوی پارێزەرییان بۆ فەراهەم بكرێت. ئەم پارێزەرانە لە لایەن نزیكترین كەسانی سەردەشت دەستنیشان بكرێن، بە هیچ شێوەیەك دەسەڵات و هێزە ئەمنییەكان پەیوەندییان بەم پارێزەرانەوە نەبێت، ئەمە كێ دەیكات نازانم، بەڵام گەر بێتو ئەم دۆسیە بەم شێوەیەی ئێستا بەڕێوەبچێت، عەیبێكی زۆر گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە