کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڤایرۆسى حزبایه‌تی له‌ دام و ده‌زگا حكومیه‌كان -

Friday, 18/12/2009, 12:00


سایتی یه‌كگرتوو ده‌ست تێوه‌ردانى حزبى له‌ دام و ده‌زگاكانى حكومه‌تدا بۆته‌ سیماى حكومه‌ت و ده‌سه‌لاَتى كوردى , له‌ مێژه‌ به‌هۆى نارِه‌زایى زۆرى لایه‌ن و رِێكخراوو رِۆشنبیرانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و دوو حزبه‌ باس له‌ جیاكردنه‌وه‌ى حزب له‌ حكومه‌ت ده‌كرێت , له‌و نێوه‌نده‌شدا (جلال تاڵه‌بانى) سكرتێرى گشتى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان پرِۆژه‌یه‌كى به‌ ناوى پرِۆژه‌ى جیاكردنه‌وه‌ى حزب له‌ حكومه‌ت له‌ ماوه‌ى رِابردوودا پێشكه‌ش كرد , به‌لاَم وه‌ك وترا و باسكرا ئه‌و پرِۆژه‌یه‌ تائێستاش به‌ ڤایرۆسى هه‌ردوو حزبه‌كه‌ توشى ئیفلیجى بووه‌ و نه‌چۆته‌ بوارى جێ به‌جێ كردنه‌وه‌.!

ده‌ست تێوه‌ردانى كۆمیته‌و لقه‌كانى ئه‌و دوو حزبه‌ (یه‌كێتى و پارتى) ته‌نگى به‌ كارى ئاسایى دام و ده‌زگا حكومیه‌كان به‌ تایبه‌ت ناوه‌نده‌كانى خوێندن و په‌روه‌رده‌ هه‌ڵچنیووه‌ . رِۆژانه‌ لێره‌و له‌وێ ده‌بیستین كه‌ كۆمیته‌و لقه‌كان فۆرِمى حزبه‌كانیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌ندانه‌دا دابه‌ش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر فه‌رمانبه‌رو مامۆستایه‌ك خۆى یه‌كلایى بكاته‌وه‌ سه‌ر به‌چ لایه‌نێكى سیاسیه‌ ؟

ماوه‌یه‌كه‌ كۆمیته‌كانى یه‌كێتى له‌ ناوچه‌ى شارباژێرِى سلێمانى له‌ رِێگه‌ى به‌رِێوبه‌رى قوتابخانه‌ى چه‌ند گوندێكه‌وه‌ فۆرِم دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر مامۆستایانى ئه‌و قوتابخانانه‌دا تا خۆیان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌ سه‌ر به‌ چ لایه‌نێكى سیاسین ، هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ی رابردوویشدا له‌ زۆرێك له‌ قوتابخانه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر ، هه‌روه‌ها قوتابخانه‌كانی ده‌ڤه‌ری ئاكرێ و زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی بادینان فۆرمی لقه‌كانی پارتی بۆ مامۆستایان ده‌نێررێت ، ئه‌م ره‌فتاره‌ حیزبیه‌ نایاساییه‌ هه‌موو سالێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌و حیزب ده‌ستی ده‌خاته‌ ناو كاروباری قوتابخانه‌ .

ئه‌مه‌و سه‌ره‌رِاى ئه‌وه‌ى رِۆژانه‌ له‌ چه‌ندین شوێنى جیاواز ئه‌م دیارده‌یه‌ باس ده‌كرێت هاوچه‌شنى ڤایرۆسى نه‌خۆشیه‌كانى تر له‌ دام و ده‌زگا حكومى و په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا بلاَوده‌كرێته‌وه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئاسایشی هه‌ردوو حزب له‌ رێگه‌ی موختاره‌كانه‌وه‌ وه‌یان به‌ شێوازی تر ، له‌ سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كاندا ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات ..



مامۆستایه‌ك : له‌ كۆمیته‌وه‌ فۆرمێك هاتووه‌ بۆ قوتابخانه‌كان كه‌ مامۆستایان لایه‌نی سیاسی خۆیان دیاری بكه‌ن



له‌و باره‌یه‌وه‌ مامۆستایه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌ى گوندێكى ناوچه‌ى شارباژێرِ به‌ سایتى یه‌كگرتووى رِاگه‌یاند :\"ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌م له‌مه‌وبه‌ر به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌مان چه‌ند فۆرمێكى هێنا دابه‌شى كرد به‌سه‌رماندا و داواى لێ كردین كه‌سه‌ر به‌ چ لایه‌نێكى سیاسین له‌و فۆرمه‌دا بینوسین و ئاماژه‌ى پێ پێبده‌ین.

ئه‌و مامۆستایه‌ بۆ سایتى یه‌كگرتوو ئاشكراى كرد : كه‌ ئه‌و فۆرمانه‌ له‌كۆمیته‌كانى یه‌كێتیه‌وه درابونه‌ به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌مان.

وتیشى:به‌داخه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ هه‌ر له‌و قوتابخانه‌ى گونده‌كه‌ى ئێمه‌ نه‌بووه به‌ڵكو چه‌ند مامۆستایه‌كین كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ین هه‌ر یه‌كه‌مان ده‌چینه‌ گوندێكى سه‌ر به‌ناوچه‌ى شارباژێر ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه باسیان له‌و فۆرمانه‌ كردووه كه‌ دابه‌شكراون له‌قوتابخانه‌كانى ئه‌وانیشدا.



په‌روه‌رده‌ : حزبایه‌تی له‌ سنوریی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كاندا قه‌ده‌غه‌یه‌ ، هه‌ركه‌سێك ئه‌و كارانه‌ بكات رێ وشوێنی یاسایی له‌به‌رامبه‌ر ده‌گرنه‌ به‌ر

سایتى یه‌كگرتوو به‌ مه‌به‌ستى به‌ دواداچون و وه‌رگرتنى وته‌ى به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندى كرد به‌ به‌رِێز (شێخ حسین شێخ مسته‌فا) به‌رِێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى شارى سلێمانى , له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رِێزیان تایبه‌ت به‌ سایتى یه‌كگرتووى رِاگه‌یاند :\"

هه‌موو دابه‌شكردنێكى ئه‌وجۆره‌ فۆرمانه‌ له‌سنورى په‌روه‌رده‌كه‌ى ئێمه قه‌ده‌غه‌یه‌و رێ پێ نه‌دراوه.. ناوبراو بۆ سایتى یه‌كگرتوو راشیگه‌یاند: من وه‌ك به‌رێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى له‌سنورى هه‌ر یازده‌ په‌روه‌رده‌كه‌ى ئێمه‌ به‌ره‌سمى حزبایه‌تى كردن و به‌یاننامه‌ى حزبى له‌ناو هه‌موو قوتابخانه‌كاندا قه‌ده‌غه‌یه‌ ، رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ بریارى ئێمه‌ و حكومه‌تیشه.

‏(شیخ حسین شیخ مسته‌فا) بۆ سایتى یه‌كگرتوو دوپاتیكرده‌وه هه‌ركه‌س ئه‌و جۆره‌ فۆرمانه‌ دابه‌ش بكات ، ئیمه‌ إجرائاتى یاسایى ده‌گرینه‌ به‌ر ، له‌به‌رامبه‌ری .

وه ‌به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان خۆیان ئه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ش بێت كه‌ به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌ سه‌ر به‌و لایه‌نه‌یه‌.

له‌كۆتاى لێدوانه‌ تایبه‌تیه‌كه‌یدا بۆ سایتى یه‌كگرتوو به‌رێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلیمانى(شیخ حسین شیخ مسته‌فا) جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه كه‌ هه‌ركه‌سێك ئه‌وجۆره‌كارانه‌ بكات رێ و شوێنى یاسایى پێویستى له‌ به‌رامبه‌ر ده‌گرنه‌ به‌ر.وه‌ هه‌ر لایه‌نێكیش بێت ئه‌وا له‌رێگه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه رێگه‌ى لێ ده‌گیرێت.



په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتوو : دابه‌شكردنى فۆرم بۆ زانینى ئینتیماى حزبى مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌كاندا یه‌كێكه‌ له‌ ره‌فتار و پاشماوه‌كانى حزبى به‌عپى روخاو



په‌رله‌مانتارانى یه‌كگرتوو كه‌ بونه‌ته‌ پزیشك و توێژه‌رێكى دڵسۆز بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى ڤایرۆس ئاسا هه‌ناوى حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگاى تواندۆته‌وه‌ , ئه‌مجاره‌یان به‌ڵێن به‌ چین و توێژێكى گرنگى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌ركیان په‌روه‌رده‌كردن و دروستكردنى كه‌سایه‌تى نه‌وه‌ى داهاتووه‌ . كه‌ قوتاریان بكه‌ن له‌ چنگى ئه‌و دوو حزبه‌ به‌رِێگایه‌كى یاسایى له‌رِێگه‌ى دامه‌زراوه‌یه‌كى یاسایى كه‌ كێشه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ په‌رله‌مان .

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌رى خه‌ڵك و هه‌موو چین و توێژه‌كان له‌ په‌رله‌مان كار ده‌كه‌ن . به‌لاَم پێویستیان به‌ هاریكارى ئه‌وانه‌ له‌ رِێگه‌ى ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌وان تا ئه‌وانیش كێشه‌و داواكاریه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ په‌رله‌مان .

له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان (خاتوو ناسك تۆفیق) له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ سایتى یه‌كگرتووى رِاگه‌یاند :\" دیاره‌ ده‌ردێكى كوشنده‌یه‌ كه‌ ئه‌م كوردستانه‌ پێیه‌وه‌ ده‌نالێنى كه‌ ده‌ستێوه‌ردانى حزبه‌ له‌ناو دام ده‌زگاكانى حكومه‌ت ته‌نانه‌ت گه‌یشتوه‌ته‌ ناوه‌نده‌كانى په‌روه‌رده‌و فێركردن و ناوه‌نده‌كانى خوێندن كه‌به‌راستى ئه‌مه‌ دژى بنه‌ماكانى دیموكراسیه‌ت ومافى مروڤه‌ چونكه‌ كاریگه‌رى نێگه‌تیڤى ده‌بێ بۆ سه‌رپرۆسه‌ى خوێندن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو ئاماژه‌ى دا :\" ده‌كرێ رێكخراوه‌ خوێندكاریه‌كان راپرسى بكه‌ن له‌سه‌رئاستى خوێندن وپێویستیه‌كانى خوێندكاران وهۆشیارى بلاو بكه‌نه‌وه‌ له‌خوێندنگه‌كاندا بۆ دروست كردنى په‌یوه‌ندى به‌هێز له‌نێوان خوێندكاران وماموستایان و به‌رێوه‌به‌ره‌یاتى خویندنگاكاندا به‌لام دابه‌شكردنى فۆرم بۆ زانینى ئینتیماى حزبى مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌كاندا وه‌ خوینكارانى زانكۆ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ و لقه‌كانی حزبه‌كان ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ره‌فتار و پاشماوه‌كانى حزبى به‌عپى روخاو ئێمه‌ به‌دواداچونى بۆ ده‌كه‌ین نابێ به‌هیچ جۆرێ ئه‌م شتانه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندندا بمێنێ

(خاتوو ناسك تۆفیق) په‌رله‌مانتارى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو وتیشى :\" داواكارم له‌ هاولاتیان به‌گشتى وخوێندكاران به‌گشتى چاونه‌ترس بن هه‌ر سه‌رپێچییه‌كى له‌و جۆره‌ روده‌دات بیگه‌یه‌ننه‌ لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌و خوێندنى بالا یاخود كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن بۆئه‌وه‌ى ئیتر ئه‌م دیاردانه‌ به‌ره‌و بنبر كردن بروات

ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مرۆڤ ئازاده‌ بیرو باوه‌رِو لایه‌نگرى بۆ هه‌ر پارتێكى سیاسى هه‌بێت . جیاكردنه‌وه‌ى حزبیش له‌ حكومه‌ت له‌ كوردستان به‌ پرِۆسه‌یه‌كى گران ناو ده‌به‌ن به‌ هۆى ئه‌و جیاوازیه‌ى له‌ نێوان حزبى كوردى و حزبى ولاَتانى تر هه‌یه‌ . ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌ده‌ن كه‌ لایه‌نگرى بۆ حزبایه‌تى بكرێته‌ پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى تواناو ئاستى كه‌سه‌كان به‌ تایبه‌ت مامۆستایان



په‌رله‌مانتارێكی لیستی كوردستانی : له‌ مۆدێلى كوردیدا ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌ له‌ هه‌ناوى حزب له‌ دایك ده‌بێت به‌لاَم له‌ ولاَتانى تر حزب له‌ هه‌ناوى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت

له‌و باره‌یه‌وه‌ (د.عمر نوره‌دینى) په‌رله‌مانتارى لیستى كوردستانى ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ سایتى یه‌كگرتووى رِاگه‌یاند :\" به‌ بۆچونى من هه‌ر هاوولاَتیه‌ك ئازاده‌ انتماى بۆ چ لایه‌نێكى سیاسى هه‌بێت , چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ ئازادى سیاسى به‌شێكه‌ له‌ دیموكراتى سیاسى جا هه‌ر كه‌سێك بێت, مامۆستا- قوتابى هه‌ركه‌س .

ناوبراو وتیشى :\" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیم انتماى حزبى بكرێته‌ پێوه‌ر به‌وه‌ى كێ بكرێته‌ مامۆستا , چونكه‌ پێویسته‌ پێوه‌ره‌كان پێوه‌رى یاسایى رِه‌سمى بن نه‌ك پێوه‌رى حزبى .

نوره‌دینى رِونیشیكرده‌وه‌ :\" من وه‌ك مامۆستایه‌ك- وه‌ك پسپۆرِو شاره‌زایه‌ك له‌ بوارى زانسته‌ سیاسیه‌كاندا بۆچونى من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستاندا په‌یوه‌ندى نێوان حزب و حكومه‌ت تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌ من له‌گه‌ڵ جیاكردنه‌وه‌م . به‌لاَم كردارى جیاكردنه‌وه‌كه‌ بۆ خۆى هه‌ستیاره‌, پێویستى به‌ پلان و به‌رنامه‌و كات و به‌ دواداچون هه‌یه‌ . ئه‌بێت له‌ چوارچێوه‌ى دروشمى حزبه‌ سیاسیه‌كاندا بێته‌ ده‌ره‌وه‌ چونكه‌ له‌ مۆدێلى كوردى ئه‌مه‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌ له‌ هه‌ناوى حزب له‌ دایك ده‌بێت به‌لاَم له‌ ولاَتانى تر حزب له‌ هه‌ناوى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت .

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى فراكسیۆنى كوردستانى و ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان زیاتر بۆ سایتى یه‌كگرتوو وتى :\" پێویسته‌ شێوازى لێك جیاكردنه‌وه‌كه‌ بخرێته‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌موو مزایه‌ده‌یه‌كى سیاسى و دروشم و دروشم بازى و په‌یوه‌ستكردنى به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ , كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ى رِابردوودا ئه‌مه‌ له‌ بازارِى سیاسیدا ببووه‌ دروشمێك هه‌مووان به‌ هه‌رزانى ده‌مانهێناو ده‌مانبرد .

(د.عمر نوره‌دینى) ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ى په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لیستى كوردستانى له‌ كۆتایدا ئه‌وه‌شى بۆ سایتى یه‌كگرتوو دووپاتكرده‌وه‌ :\" من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م ده‌بێت سه‌ربه‌خۆیى له‌ بوارى په‌روه‌رده‌و خوێندن هه‌بێت , وه‌ ده‌بێت هه‌ر چه‌شنه‌ هه‌وڵێكیشمان له‌ ده‌ست بێت ئه‌نجامى بده‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.\"



پسپۆرێكی بواری په‌روه‌رده‌ : ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ وه‌ك جۆره‌ نه‌خۆشییه‌كى ده‌رونیه‌و پێویسته‌ ده‌سه‌لاَت خۆى بپارێزێت خه‌ڵك ئازاد بێت له‌ بیرو بۆچون

پسپۆرِان و شاره‌زایانى بوارى په‌روه‌رده‌ش ده‌ستێوه‌ردانى حزبى به‌ نه‌خۆشى ده‌رونى په‌روه‌رده‌یى- سه‌رده‌مى رِژێمى به‌عس ناوده‌به‌ن . مێژووى ئه‌و دیارده‌یه‌ش ده‌گێرِنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى رِژێمى به‌عس, پێیان وایه‌ كه‌ به‌ حزبى كردنى دام و ده‌زگا حكومیه‌كان به‌ تایبه‌ت دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان كاریگه‌رى نه‌ك به‌ ته‌نها بۆ خودى پرِۆسه‌كه‌ ده‌بێت , به‌ڵكو كاریگه‌رى نه‌گه‌تیڤى له‌سه‌ر ده‌رونى تاكه‌كان ده‌بێت به‌وه‌ى فێرى دوورِویى و نیفاقیان ده‌كات , به‌وه‌ى له‌سه‌سه‌ر ئه‌و فۆرِمانه‌ ناوى لایه‌نێك بنوسن به‌لاَم له‌ رِاستیدا سه‌ر به‌لایه‌نێكى تر یاخود بیرو باوه‌رِێكى تریان هه‌یه‌.

(مامۆستا نه‌شئه‌ت غه‌فور) سه‌رپه‌رشتیارو پسپۆرِو شاره‌زاى بوارى په‌روه‌رده‌یى له‌ وته‌یه‌كى تایبه‌تیدا بۆ سایتى یه‌كگرتوو وتى :\" من ده‌ستێوه‌ردانى حزبى به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان جا فۆرِم دابه‌شكردنه‌ یاخود هه‌ر شتێكى تر به‌ نه‌خۆشى ده‌رونى نه‌خۆشى رِژێمى پێشوو كه‌ له‌ ساڵى 1965 برِیارێكى ده‌ركرد كه‌وا په‌روه‌رده‌ داخراوو تایبه‌ته‌ بۆ حزبى به‌عس وه‌ هه‌ر كه‌سێكیش له‌ په‌روه‌رده‌دا كاربكات ده‌بێت به‌ شێوازێك له‌ شێوازه‌كان په‌یوه‌ندى هه‌بێت له‌گه‌ل حزبى به‌عسى ده‌سه‌لاَتدار .

ئه‌و پسپۆرِه‌ى بوارى په‌روه‌رده‌ باسى له‌ مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى فۆرِمى حزبى له‌ دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان كرد , :\" ئه‌زمونى فۆرِم دابه‌شكردن له‌ دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا ده‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ ساڵى (1979) كاتێك ئه‌وانه‌ى ده‌چون بۆ ئه‌و كۆلێژانه‌ى كه‌ له‌ دوایدا ده‌بونه‌ مامۆستا فۆرِمێكیان ده‌دانێ بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌ تا له‌ كۆلێژه‌كان وه‌ربگیرێن .

ناوبراو رِاشیگه‌یاند :\" ئه‌و ئه‌زمونه‌ تاساڵَى 1991 سه‌لماندى كه‌وا ئه‌مجۆره‌ فۆرِمى خۆ یه‌كلایى كردنه‌وانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى عیراقى هیچ ده‌ورێكى ایجابى نیه‌ , واته‌ جۆره‌ خۆخه‌ڵه‌تاندنێكه‌ بۆ خه‌ڵك تا خۆى بشارێته‌وه‌ نیفاق و دوورِوویه‌ك دروست بكات برِوا به‌ شتێك بكات و شتێكى تر بنوسێت ..

(م. نه‌شئه‌ت غه‌فور) بۆ سایتى یه‌كگرتوو وتیشى :\" من به‌رِاستى هه‌رگیز وه‌ك شاره‌زایه‌ك له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ ئه‌و جۆر كارانه‌م پێ وه‌ك جۆره‌ نه‌خۆشیه‌كى ده‌رونیه‌و پێویسته‌ ده‌سه‌لاَت خۆى بپارێزێت خه‌ڵك ئازاد بێت له‌ بیرو بۆچون و وه‌رگرتنى پرِۆژه‌ى په‌روه‌رده‌ .

رِونیشیكرده‌وه‌ :\" وه‌ك ئه‌زمونێك كه‌ ئه‌و فۆرِمه‌ى كه‌ پێشتر هه‌بوو (ارغب لا ارغب- انتخب لا انتخب) ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ى كه‌ بینیمان هیچ سودێكى نیه‌ وازى لێ بهێنن زۆر باشتره‌ كه‌ خه‌ڵكى پێ مه‌شغوڵ بكه‌ن , وه‌ سه‌رى خه‌ڵكى پێ بیه‌شێنن. چونكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ فێرى نیفاق و دوورِویى ده‌كات , خه‌ڵكه‌كه‌ فێرى ئه‌وه‌ ده‌كات شتێك بلێت له‌ جۆرى نوسین . واته‌ برِواى به‌ شتێك بێت له‌ ژێره‌وه‌ به‌لاَم شتێكى تر بنوسێت ..

سه‌رپه‌رشتیارو پسپۆرِى بوارى په‌روه‌رده‌ له‌ كۆتایى وته‌كانیدا بۆ سایتى یه‌كگرتوو ئاماژه‌ى دا به‌وه‌ى :\" كه‌س به‌و قه‌ڵه‌مه‌ى كه‌ ئاماژه‌ى پێ ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و فۆرِمانه‌ بۆ ناوى ئه‌و حزبه‌ یان ئه‌و لایه‌نه‌ بیرو بۆچون و رِه‌وشت و ئه‌زمونى خۆى ناگۆرِێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە