مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووى ئيسلامى نیگه‌رانه له داخستنى ده‌ته‌په و پێى وایه ئامانج لێ ى شكست پێ هێنانى پرۆسه‌ى كرانه‌وه‌ى دیم‌و�
Sunday, 13/12/2009, 12:00
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان
له كاتێكدا كه ئێمه‌و زۆر ناوه‌ند و هێزی تر به په‌رۆشه‌وه ده‌مانرِوانیه پرۆسه‌ی كرانه‌وه‌ی دیموكراسی له توركیا كه پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدار رابه‌رایه‌تی ده‌كرد و، چاوه‌رِوانی ئه‌وه بووین كه هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كان به ئاراسته‌ی دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌كی ئاشتیانه بۆ كێشه‌ی كورد له توركیا خێراتر و چرِتر بكرێته‌وه، كه‌چی به‌داخه‌وه هه‌واڵی داخستنی پارتی كۆمه‌ڵگای دیموكراسی له‌لایه‌ن دادگای باڵای ده‌ستوریی توركیاوه راگه‌یه‌نرا .
ئێمه له یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له كاتێكدا نیگه‌رانی خۆمان له‌م برِیاره راده‌گه‌یه‌نین پێشمان وایه مه‌به‌ست تیایدا پرۆسه‌ی كرانه‌وه‌و دژایه‌تی كردنی ره‌وتی ریفۆرمخوازی و گه‌شه‌كردنی زیاتری دیموكراسی و هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه له‌لایه‌ن حكومه‌ت و هه‌ندێ ناوه‌ندی تره‌وه له ئارادابوون، به مه‌به‌ستی كۆتایی هێنان به ده‌یان ساڵ له توند‌و تیژی و كوشتن و خوێنرِێژی و شه‌رِ و وێرانكاری و گێرِانه‌وه‌ی ئاشتی و برایه‌تی بۆ نێوان هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و تورك .... له رێی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورده‌وه كه هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆماری توركیادا وه‌ك زامێكی كراوه خوێنی لێ ده‌تكێ و له سایه‌ی سیاسه‌تی نكولی كردن له ناسنامه‌ی كوردیدا به چاره‌سه‌ر نه‌كراوی به‌جێ هێڵراوه.
ئێمه له یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان وه‌ك حیزبێكی نیشتمانی ئیسلامیی به په‌رۆش بۆ برایه‌تی و به‌یه‌كه‌وه ژیانی ئاشتیخوازانه له نێوان گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌رِاستدا به‌گشتی و له توركیا به تایبه‌تی داوا له پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانی حكومه‌تی ئێستای توركیا ده‌كه‌ین سه‌ره‌رِای هه‌موو ئه‌و كۆسپ و به‌ربه‌ستانه‌ی خراونه‌ته رێگه‌یان ئه‌م برِیاره‌ی دادگای ده‌ستووری له درێژه‌دان به پرۆسه‌ی كرانه‌وه له فۆرمی نوێ‌دا ساردیان نه‌كاته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌م پرۆژه‌و كاروانی ئاشتی و برایه‌تی و دیموكراسی ده‌گات به مه‌نزڵی خۆی و مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌و وڵاته‌دا به ده‌ستووری ده‌كرێن و كۆتایی به كێشه‌ی خوێناوی ده‌یان ساڵه‌ی كورد ده‌هێنرێت .
هه‌روه‌ها داوا له گه‌لی كورد له كوردستانی توركیا و سه‌ركرده‌كانی ده‌ته‌په ده‌كه‌ین برِیاره‌كه هه‌نگاوی به په‌له و حساب بۆ نه‌كراویان پێ نه‌نێت، به‌ڵكو سورتریان بكات له‌سه‌ر درێژه‌دان به خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌ی خۆیان و دامه‌زراندنی فۆرم و چوارچێوه‌ی نوێی سیاسی و سوود وه‌رگرتن له هه‌وڵه‌كانی رابردوو تا سه‌رخستنی یه‌كجاره‌كی ئیراده‌ی ئاشتی و به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد له كوردستانی توركیا .
مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست