په‌یماننامه‌ی‌ ئاشتی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ڕاگه‌یە‌ندرا.......کام ئاشتی ؟

Saturday, 19/03/2011, 12:00


 
ئه‌مڕۆ نۆ (9)  پارت ‌و لایه‌نی‌ سیاسی كوردستان‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ كوردستان‌و شاری‌ سلیمانى‌ هاتوون کۆبوونه‌وه‌کیان کردووه‌، لایه‌نه‌کانیش پێكهاتبوون‌ له‌ (یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌، سۆسیالست دیموكراتی‌ كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌، حزبی‌ شیوعی‌ كوردستان ‌و زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان)، به‌ڕاستی مرۆڤ نازانێت ئه‌مه‌ به‌ کۆمیدا و گاڵته‌جاڕی بزانێت یان تراژیدیا و کاره‌سات!.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئاشتی له‌نێوان کێدا؟ ئه‌گه‌ر به‌ پێی ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ بێت ، هه‌ڵبه‌ته‌ چه‌ند ساڵه‌ که‌ باس له‌ یه‌کگرتوویی و یه‌ک ئیداره‌یی و ئارامی ده‌که‌ن له‌ هه‌رێمی کوردستان ته‌نها درۆیه‌کی ڕووت بوو.
په‌یمان به‌ستنی کۆمیدی له‌م چه‌شنه‌ ته‌نها هه‌وڵدانه‌ بۆ کۆنترۆڵ کردنی خۆپیشاندانه‌کان و به‌لارێدابردنه‌. ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ی ئه‌مڕۆی باشوری کوردستان بۆ نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ییه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حکومه‌ت و په‌رله‌مانه، نه‌ک بۆ ڕێکه‌وتن و په‌یمانبه‌ستن . ئه‌و حیزب و بزووتنه‌وانه‌ی که‌ ناوه‌کانیان هاتووه‌ له‌و په‌یمانه‌دا ، ئه‌وانه‌ هیچیان نوێنه‌ری خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوو نین و داواکاریی خه‌ڵک جیاوازه‌ له‌وانه‌ی که‌ به‌ ئۆپۆزیسیۆن داده‌نیشتن و په‌یمان ده‌به‌ستن. ئه‌مه‌ش مانایه‌کی دیکه‌ ده‌به‌خشێک که‌ ده‌یانه‌وێت وا رابگه‌یه‌نن که‌ ئێمه‌ نوێنه‌ری ئه‌و خه‌ڵکه‌ین که‌ له‌ به‌ر ده‌رکی سه‌را و شوێنه‌کانی تردا خۆپیشاندان ده‌که‌ن. ئه‌م حیزبانه‌ پێیان وایه‌ به‌م جۆره‌ رێککه‌وتنه‌ ده‌توانن سنورێک بۆ داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌ران دابنێن، یان ئاڕاسته‌که‌ی بگۆڕن. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تا پێش ماوه‌یه‌ک جیاتر له‌م حیزبانه‌ وا خۆی پیشان ده‌دات که‌ نوێنه‌ری ئه‌مانه‌یه‌، به‌ڵام ئیستا سه‌لمانی که‌ ئه‌مانیش نه‌ نوێنه‌ری ئه‌و  خه‌ڵکه‌ نیین و داخوازییه‌کانی جه‌ماوه‌ریان بۆ مه‌به‌ستی سیاسیی خۆیان قۆرخکردبوو، وا ئیستا رووی ئه‌مانیش بۆ خه‌ڵکی ده‌رکه‌وت.
بۆیه‌ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕوی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ خۆپیشاندانه‌کانیان تا هه‌موو داواکاریه‌کانیان جێ به‌جێ ده‌کرێت.
ئێمه‌ زۆر به‌ڕوونی داواکاریه‌کانمان ڕاگه‌یاندووه‌ و ده‌زانین چیمان ده‌وێت و داواش ده‌که‌ین له‌ هه‌موو لایه‌ن و حیزب و گروپێک به‌ ناوی ئێمه‌وه‌ په‌یمان و لێدوان نه‌دات ، گه‌ر ده‌تانه‌وێ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن ، وه‌رنه‌ به‌ر ده‌رکی سه‌رای ئازادی تا گوێتان له‌ داواکاریه‌کان بێت ، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئێوه‌ بڕۆن ، ئێوه‌ گه‌نده‌ڵ و نیشتمانفرۆشن ، ئیمه‌ ئاشتیه‌کمان ده‌وێت که‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت و هه‌موو که‌سێک خۆی به‌ هاووڵاتی بزانێت و سه‌روه‌ت و سامانی ووڵاته‌که‌مان بۆ هه‌موومان بێت و سیسته‌می بنه‌ماڵه‌یی له‌ کوردستاندا نه‌مێنێت ودادگای دزو گه‌نده‌ڵه‌کان و تاوانباران بکرێت ، به‌ کوردی و کورتی نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بارزانی و تاڵه‌بانی و مافیاکانیمان داواکاریی ئێمه‌یه‌.

به‌ڵی بۆ ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری
ده‌با نه‌ورۆزی ئه‌م ساڵ بکه‌ین به‌ ڕۆژی ئازادی مرۆڤی کورد له‌ ده‌ست هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی ڕه‌فتا به‌عسی بارزانی و تاڵه‌بانی

کۆمه‌ڵێک گه‌نجی به‌رده‌رکی سه‌رای ئازادی
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە