رێزلێنانەكەى وەزارەتى رۆشنبیریى بۆتە ئازاردان و گاڵتەجاڕیی

Monday, 10/10/2011, 12:00


نووسەران و هونەرمەندانى كوردستان، كە نزیكەى بیست بۆ سى و بۆ چل ساڵێك دەبێت نووسەر یان هونەرمەندن و لەبەرئەوەى هیچ مووچەیەكى دیكەیان نییە، بەهۆى ئەوەى نەهامەتى ژیان واى لێكردوون كە نە بتوانن بڕوانامەیەك وەربگرن و دواجار دابمەزرێن و وەكو خەڵكانێكى ئاسایى ببنە مووچەخۆر، یان بەهۆى ئەوەوەى كە خەریكى كاسبى و بژێوى پەیداكردن بوون بۆ ماڵ و مناڵیان، لەپاڵەوەش نووسین یان كارێكى هونەرییان ئەنجامداوەو وەكو هاوییەكى بێ شەهادەو بڕوانامە داهێنانیان ئەنجامداوەو و ئەسپى خۆیان تاوداوە..
هەندێكیان لەبەرئەوەى نەچوونەتە هیچ حزبێكەوەو لایەنگرى هیچ لایەنێك نین و وەكو نووسەر یان هونەرمەندێكى ئازادو سەربەخۆ ژیاون و پارەو مووچەیان لە هیچ حزبێك و لایەنێكى ئەم كوردستانە وەرنەگرتووە.. نەبوونەتە نووسەرێكى دەربارو لەبەر دەرگاى هیچ بەرپرسێك یان وەزیرێك و سكرتێرى هیچ حزبێك نەكەوتوون بۆ ئەوەى بیانژێنن و ئەوەیان بە زەلیلى و ریسوایى لە قەڵەمداوە..
بۆیە ناچارن بەو مووچە كەمەى كە ناوى لێنراوە: رێزلێنانەكەى وەزارەتى رۆشنبیرى حكومەتى كوردستان كە لە ڕاستیدا زۆر كەمترە لە رێزلێنانەكەى شارى سلێمانى كە جه‌لال تاله‌بانیخۆى بڕیارى لەسەرداوە. شایانى وتنە لە بەغداش مالیكى خۆى ئەو بڕیارەى داوە كە بۆ رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان رێزلێنانێك ببڕدرێتەوە كە مانگانە بریتییە لە 375 هەزار دینارى (بریمەر/یان چاپكراو).. كەواتە لێرەوە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت كە ئەو پێوەرەى وەزارەتى رۆشنبیرى كوردستان گرتوویەتییە بەر بەوەى كە ئەو نووسەرەى یان هونەرمەندەى كە نزیكەى بیست ساڵ خزمەتى هەیە، مانگانە 120 هەزار دینار وەربگرێت و بیستو پێنج ساڵ خزمەت : مانگانە 150 هەزار دینارى بدرێتێ.
بەڵام ئەوەى جێى داخە سەربارەى ئەوەى كە ئەم بڕە پارەیە ئەوەندەى مووچەى كەمئەندام و بێكاریش نییە، تەنانەت ئەوەندەى پارەى منداڵێكى دەستگێڕیش نییە كە بڕیارە وەزارەتى كارو كاروبارى كۆمەڵایەتى مانگانە بۆیان ببڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا كە بەو بڕە پارە كەمە رازین و شوكورانەى خودا دەكەن كە بە سواڵ و سەدەقە و سەرشۆڕى پەیداى ناكەن، مانگانە وەریناگرن و جاران بە سێ مانگ جارێك وەریان دەگرت.. كەچى ئەمساڵ لە مانگى سێ 3-2011 ەوە ئەو بڕە پارە هیچەش وەرناگرن..
ئەمڕۆ كە 9-10-2011 یە ، نزیكەى شەش مانگ زیاترە كە هیچ نووسەرو هونەرمەندێكى نووسراو لەو رێزلێنانەى وەزارەتى رۆشنبیرییەدا تاقە یەك فلسى سوورى وەرنەگرتووە.. بۆ نموونە لەم رۆژانەدا هونەرمەندى دێرین و دیار و ناسراو (عومەر چاوشین) ناڕەزایى خۆى دەردەبڕى كە ئەو لە گوزەرانێكى زۆر خراپدایە و ماوەیەك لەناو كەلاوەیەكدا ژیانى كولەمەرگى دەبردە سەر.. باسى ئەوەى كرد كە ئەگەر ئێمەومانان كاسبییەك نەكەین و چاوەڕێى ئەو رێزلێنانە بكەین ئەوا گەڕ و گوول دەبین. چونكە لە شەش مانگ تێپەڕ دەكات و كەس فلسێكى وەرنەگرتووە، بەڵام بەرپرس و كەسوكارو پاسەوان و خزمەتكارەكانیان بە ترێلەو بە لۆرى دۆلارى سەوز وەردەگرن و قەراغە كولێرەكەش بۆ ئێمەى بەشخوراو فڕێ دەدەن..
لەگەڵ ئەوەشدا، دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم، ئەى بەرپرسان و وەزیرو گزیرانى ئەم حكومەتە گەندەڵەى كوردستان:
ئەوانە نووسەر و هونەرمەندانى دەربارو سەرشۆڕ نین، كە مانگانە مووچەى كڕنۆش و ملكەچى وەربگرن.. یان بە واسیتە دابمەزرێن و دزىکردن و ماستاوچێتیی و سه‌رشۆڕیان قبوڵ بێت !!
ئەوان لەگەڵ ئەوەشدا كە بەو شێوە هەژارییە دەژین و مووچە كەمەكەى وەزارەتیش بە دەردەدڵ وەردەگرن، خاوەنى خانووى خۆشیان نین، زۆرینەیان كرێچین و نە زەوییان وەرگرتووە نە شووقەو نە خانوو، ئەوان هەرگیز سوودمەند نەبوون.. كەچى زۆرن ئەوانەى كە لافى نیشتمانپەروەرى لێدەدەن و رۆژانە هەویەو شوناس و كونییەكانیان لەم سایتە بوێرو ئازایەوە ((سایتى كوردستان پۆستى ئازاو ئازاد)) ەوە بۆ خەڵكى كوردستان ئاشكرا دەبێت..
ئەو نووسەرانەى جاران خەڵك واى دەزانى شۆڕشگێڕن و ئازادیخوازو سەرفرازى نەتەوەكەمانن و ئازاو بوێرو پاكو خاوێنن، كە هەرگیز سەرى بۆ ئەم نیشتمان فرۆشانە شۆڕ نەكردووەو تەنانەت ناشگەڕێتەوە بۆ وڵاتە فرۆشراوە هەتیوەكەى بۆ ئەوەى هیچ لەكەیەكى پیسى بەرنەكەوێت!!
بەداخەوە زۆرن ئەو نووسەرو هونەرمەندانەى خۆیان بۆ دەسەڵاتە دزەكەى كوردستان فرۆشتووە، لەشێوەى شێركۆ بێكەس و هیوا قادر (كە نێیرڤانى بینییوەو زەوى وەرگرتووە ئێستا مووچەى تایبەتى بۆ بڕاوەتەوەو لە دەزگاى سەردەمى یەكێتى دامەزراوە)) و دلاوەر قەرەداغى ((كە ئه‌میش نێچیرڤانى بەهۆى رێبوار سیوەیلییەوە بینییوەو مووچەى تایەتى هەیەو لە كەناڵى نالیاكەى یەكێتى مووچەى خۆڕایى مانگانە حەوت گەڵا وەردەگرێت و ((جەمال غەمبار كە مووچەى تایبەتى لە یەكێتى و هێرۆوە وەردەگرێت لە ئوسترالیاو سەفەرەكانى لەسەر حسابى یەكێتى و زۆنى سەوزە))و بەختیار عەلى ((كە حاكم قادر خۆى ژمارەى زەوییە 600 مەترەكەى لە چوارباغ بڵاو كردەوە كە ئەمڕۆ زیاتر لە 50 دەفتەر دۆلار دەكات و بە فەردە پارەى لە دەزگاى سەردەمەوە وەرگرت و ئاراس فەتاحیش بەهەمان شێوەى بەختیارى هاوڕێ و هاوبیرى خۆى ، شێرزاد حەسەنیش كە تاوەكو ئەمڕۆ مووچەى تایبەت لە سەردەمەوە وەردەگرێت و هامەرى لەژێردایە..
هەروەها رێبوار سیوەیلى كە بەرپرسى بەشى فەلسەفەى هەولێرە، هەروەها محەمەد عومەر عوسمانیش (پێش سەفەرەكەى بۆ لاى بێوەژنە کورده‌ سویدییه‌که‌، شووقە و پارەى تایبەتى لە دادە هێرۆوە وەردەگرت كە پێشتر فازڵ میرانى مانگانە پێنج وەرەقەى بۆ بڕیبووەوە.
دیارى قەرەداغیى برازاى ئەنوەر قەرەداغى و شوان عەتووف و ئیسماعیل خورماڵى كە تازە بە تازە و دواى خۆ پیشاندانەكانى بەردەركى سەرا هەر یەكەیان سەرو یەك شوقەیان لە دادە هێرۆوە وەرگرتووە، تەنانەت (محەمەد كەساس) ی شاعیریش ئێستاكە لە مەڵبەندى یەكى سلێمانى قسەكەرى دادە هێرۆیە و لەژێرەوە هەموو شتێك وەردەگرێت و دیوانى خۆى بە باشترین و گرانبەهاترین شێوە چاپ كردووە..
ئەمەو بێجگە لەو نووسەرو هونەرمەندە دەربارانەى كە لە هەندەرانەوە دەگەڕێنەوەو هیچیان پێنەماوە و لە یەكێتى نووسەران و سەندیكاو گەلاوێژو سەردەم و كەناڵى نالیاو .....تاد لە سلێمانى و لە هەولێریش بەهەمان شێوە خەریكى خۆ فرۆشتنن و بە زەوى و بە شووقە و بە خانوو بە مووچەى خۆڕایى سوودەمەند دەبن .
دواجاریش بە وەزارەتى رۆشنبیرى دەڵێم ئەو مووچە ریسوایەى ناوتان لێناوە رێزلێنان و هێندەى مووچەى كەمئەندام و بێوەژنانەش نین زیادى بكەن و مانگانەو لەكاتى خۆیدا بیدەن بەو هونەرمەندو نووسەرانەى سەریان بەرزەو هیچ داهات و دەرامەت و مووچەیەكى دیكەى سەرشۆڕى وەرناگرن.

سلێمانى 09-10-2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە