بۆ سیاسیەكانمان خەریكی سیاسەتكردنن یان بسنزمانن؟!
Tuesday, 07/02/2012, 12:00
بەراستی كاتێك مرۆڤ ئاوڕ لەو قات و قڕیە دەداتەوە كە بە بۆنەی ئەو دوو حیزبەوە بەسەر ئەو خەڵكە هەژارەی كوردستاندا هاتووە، دەبێت سەركردەی حیزبەكان هەرگیز لە روویان نەهاتایە گیرفانی خۆیان لە گیرفانی هەژارێك جیا بكەنەوە، دەبوایە نانێكیان بخواردایەو دەی دیكەیان بكردایەتە سەدەقەی سەر هاوڵاتیانی كوردستان كە لە لایەك لەبەر هەژاری ئەقڵ و سۆزداریان بۆ خاك و گەلەكەیان، هەم ئەوانیان بە سەركردە پێ قبوڵ بوو و هەم بە ماڵ و گیانیان بوون و كران بە سووتەمەنی شۆڕش بۆ ئەوەی بگەن بە قۆناغی رزگاری، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو قوربانیانەی ئەوان نەبوو بە مایەی ئەوەی لە دەستی ستەمكاری رزگاریان بێت، بەڵكو لە دیكتاتۆرێكی بێگانە بە حوكمی ئەمریكا رزگاریان بوو و ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی دوو دیكتاتۆری كوردیدان، دوو دیكتاتۆر ئەگەر دەرفەتیان هەبێت بەعس دەئاخنێننە ناو لۆچی گیرفانیانەوە، چونكە راستە بەعس ستەمكار بوو، بەڵام بازاڕی بۆ خۆی قۆرخ نەدەكرد، یەك دانە بەعسی نەبوو لە پاڵ بەرپرسیارێتەكەیەوە بازرگانی بكردایە، بەڵام ئەوەی ئەوانەی خۆمان لە بەعسیەكان جیا دەكاتەوە، ئەمان سەرباری دەسەڵات دەیانەوێت لەرێی دەسەڵاتی پارەیشەوە بوونی خۆیان زیاتر بەسەر ئەو خەڵكە هەژارو لێ قەوماوەوە بسەپێنن، بۆیە ئەگەر كۆمپانیاكان بە ناوی خوازراوەوە دەربكەون و خەڵكانێك هەبن پارەیان بۆ سپی بكەنەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەوەی بەرپرسانی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار بە كوردستانەوە دەبەستێتەوە، دزینی موڵكی گشتیە، نەك كوردایەتی، كاری بسنزمانی و گەندەڵیە، نەك گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەكان، بۆیە كاتێك كوڕی خەڵكیان بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان بەسەر بستێك خاكی زیاتردا بشكێت، ئەوا ئێستا ئامادەن هەموو كورد بكەن بە قوربانی بۆ پاراستنی یەك كۆمپانیای دەرهێنانی نەوت، بۆیە كورد بەو شێوەیە حاڵی خۆشە، نابینین بەرپرسان سیاسەتیان خستۆتە پەراوێزەوەو خەریكی كاری قاچاخچێتین، 140 بۆیە وا هەتیو كەوتووە چونكە ئەوانەی ئەو داوەیان ناوەتەوە، دەزانن لەژێر ساباتیدا چی دەخۆن و چیش دەبەن، تا چارەنووسی كورد لە دەستی بەرپرسی بازرگان و گەندەڵ و درۆزندا بێت، كورد لەمە خۆشتری نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست